په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٢\٢٠١١

کۆبوونەوەی حیزبەکان و دووبارەبوونەوەی سیناریۆی شکستخواردووی تونس و میسر.


عەلی مەحمود محەمەد


بڕیار بوو ئەمڕۆ 5 حیزب لە شاری هەولێر کۆببنەوە ، دووی دەسەڵات و سیانیش بە ناو ئۆپۆزسیۆن بۆ گفت و گۆ کردن لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکان و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ شاری سلێمانی و دەورو بەری .


لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئایا ئەو لایەنانە مافی ئەوەیان پێدراوە کە لە بری خەڵک لە پشت مێزەکانەوە و لە ژورە داخراوەکان قسە بکەن لە سەر کێشەکان لە کاتێکدا خاوەند کێشەکان لە بەر لێزمەی بارانن و لە تاو بێکاری و برسێتی لە وتنەوەی درووشمەکان ماندوو نابن .


ئەم 5 لایەنە لە یەکەم چرکە ساتەکانەوە هەموو خۆیان بێ بەری کرد لە خۆپیشاندانەکە یاخود ئەوانە بوون بەرەو رووی بوونەوە بە ئاژاوەگێڕ و تێکدەر ناویانیان برد ، ئیتر بە چ ئابرووییەکەوە دێن لە بری ئەوان لە ژورە داخراوەکانەوە لە سەر مافەکانیان قسە دەکەن ، لە 17 ی مانگەوە بۆ ئێستا مێژووییەکی هێندە دوور نییە لە بیر بچێتەوە .


لە تونس و میسریش هەمان سیناریۆ بەردەوام دووبارە دەبوەوە ، بن عەلی و موبارەک بەردەوام لە گەڵ پارتە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان کۆ دەبوونەوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان ، بەڵام خەونەکانی شەقام بەو گفتو گۆیانە چارەسەر ناکرا ، خەڵک وێڵی ئازادی و دادپەروەری و کەرامەت بوو .


ئێمە هەموو لە گەڵ ئارامیداین ، نەفرەت لەوەی ئارامی دەشێوێنێت ، باش دەزانین مناڵی سەرکردەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە هەموو لە شوێنە ئارامەکان پارێزراون ، ئەوانەی دەکوژرێن بەچکەی هەژارن و جگەر گۆشەی ئێمەن ، ئەوەی ئەوان زیانی لێ دەکەن لە نا ئارامی بازاڕ و ئیمتیازات و دابەزینی نرخی سەروەت و سامانەکانیانە ، ئەگەر بە راستی دەتانەوێت کوردستان ئارام بێت ئەوا گوێ لە خەڵک بگرن ، کەرامەتیان مەشکێنن و برسیان مەکەن ، بنەماڵە لە دەسەڵات دوور بخەنەوە ، نان لە قورگی حیزب دەرکەن .... ئاخر ئێمە تاوانمان چییە لەوەتەی هەین هەر ئەو دەموچاوانە دەبینین شەڕمان پێدەکەن و مفاوەزاتمان لەسەر دەکەن ، ئێوە بەردەوام هاورێن ، یان دوژمن ، بە کوشتمان دەدەن ، دەمان خەنە بەر گازی خەردەل ، ئێمە بووینەتە رۆبۆت بۆ گەمە نا شەریفانەکان ئێوە دەبڕۆن نەتان بینینەوە ، قێزمان لەو چاوانە دەبێتەوە ئێوەی پێ دەبینین ، باسە گەمە شەرمەزارییەکانتان .


لە کۆتاییدا دەڵێین نەک 5 حیزب ، 500ی لەو جۆرەش کۆببنەوە تا چارەسەری کێشەی خەڵکی هەژار نەکەن ، ئەوا ئیتر ناتوانن لەسەر عەرشی دەسەڵات و سەرمایەکانتان پاڵ دەنەوە بە ئارامی ، کورسی بۆ کەس تا سەر نامێنێت ، تاکەی بۆ حەکایەتە دووبارەکان ئێوە ببین بە قوربانی ،ئەو کێشانەی ئێمە هەمانە لە برسێتی و هەژاری و بێکاری ، لە ئاوو و کارەبا ، لە کەرامەت و سوکایەتی پێکردن ..... کێشەی ئێوە نییە ، تەنها لە شاشەکانەوە دەیان بینن ، کێشەی ئێوە تەنها کێشەی گیرفانەکانتان و کورسییەکانتانە.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د