٥\٦\٢٠١٢
کۆماری ئیسلامیی
و کلتووری دەستدرێژیی.
- بە بۆنەی رووداوەکانی "بۆکان"ەوە -
فریشتە یەزدانپەنا
کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە تا ئێستا، یەکێک لە
سەرەکیترین سیاسەتەکانی بریتی لە دەستدرێژیکردن بۆسەر ماف و
ئازادییەکانی گەلانی ئێران و گەلی کورد بە تایبەتبتر بووە.
لەبیرمە کاتێک رژیمی پاشایەتی رووخا و کۆماری ئیسلامی هاتە سەر کار،
یەکێک لە سەرەتاییترین مافەکانی هەر مرۆڤێک کە بریتی لە ئازادیی
هەڵبژاردن بوو، بە خەڵکەکە نەدا.
لە ١٢ی خاکەلێوەی ١٩٧٩دا زۆر بە ئاسانی ریفراندۆمێکی (بەڵێ و نا) ی بۆ
کوێرکردنی چاووڕای ناوەندە جیهانییەکان بەڕێوەبرد کە تێیدا هاتبوو:
ئێوە دەبێ من هەڵبژێرن و ئەوەش نووزەی لێوە بێت، دەخنکێندرێت.
هەر ئەوەش بوو، لەدوای ریفراندۆمەوە و بۆ چەسپاندنی بنەماکانی کۆماری
ئیسلامی کە بریتی بوون لە زەوتکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئاسیمیلەکردنی
گەلانی بێجگە فارس و سڕینەوەی دەنگی هەر چەشنە سازێکی دژ بە ئاهەنگی
گەشەی حەزیای کۆماری ئیسلامی و بە گشتی پاکتاوکردنی بیری ئازاد و
جودابیری بوو بە سیاسەتی رۆژانەی کۆماری ئیسلامی.
ئاهەنگی گەشەی ئێرانی ئیسلامی بە دروستکردنی زیندانە سامناکەکان دەستی
پێکرد. بە دانانی میرغەزەب و جەللادەکان لەسەر پۆستە حکوومییەکان دەستی
بە چالاکییەکانی خۆی و دابەزاندنی سیاسەتەکانی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا کرد.
یانی هەر لە سەرەتاوە دەستدرێژیکردن بوو بە بنەمایەکی مافەکانی مرۆڤی
کۆماری ئیسلامی لە ئێران.
ژنان و تەجاوز لە زیندانەکاندا تا ئەتککردنی ئاشکرایان لە رووداوەکانی
بۆکان.
ژنانی ئێران یەکێک لە توێژە هەژار و بێدەرەتانەکانی کۆمەڵگای بندەستی
کۆماری ئیسلامین.
سەرەتای هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی بۆ ژنان پاشەکشەپێکردنی
بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنان بوو، بە تایبەت کاتێک
لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا و بە شێوەیەکی زەق و بەرچاو لە یاسای
دابەشکردنی میراتدا بە هەردوو ژن مافی پیاوێکیان پێدرا ئیتر زۆر بە
سانایی رێگایان بۆ بەزاندنی سنوورەکانی رێزگرتن لە ژنانی کۆمەڵگای
ئێران و بە تایبەت ژنانی کوردستان دەست پێکرد.
لەبیرم دێت ئەو زیندانییە سیاسییانەی کە هێشتا کچ بوون و لە لایەن
جەللادەکانی خومەینی یەوە سزای سێدارەیان بۆ بڕابووەوە بە گوێرەی
حوکمێکی شەرعیی سازێندراوی دەستی کۆماری ئیسلامی نەدەبوا بە پەردەی
کچێنی یانەوە بمرن و هەر بە زۆر لە زیندانەکاندا لە بەسیجییە پۆخڵەکانی
خۆیان مارەیان دەبڕین و دەیانکردن بە ژن، بە بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی
رازیبوونی خۆیان و بنەماڵەکەیانیان وەرگرتبێت. کە ئەمە بۆ خۆی هەر ئەو
دەستدرێژییەیە کە بوو بە میرات بۆ نەوەی تازەی لۆمپەنە بەسیجییەکانی
کۆماری ئیسلامی و لە کارەساتەکانی ئەمدواییەی بۆکاندا رەگیان دایەوە.
با ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە ئەم ئەتکەئاشکرایەی کۆماری ئیسلامی تەنیا
ژنانی نەگرتوەتەوە و پیاوانی ئەتککراویش لە ریزی ئەو مرۆڤانەدان کە
کەرامەتی ئینسانییان شکاندوون و لە زیندانەکانی کوردستانەوە تا
کەهریزەک دەستدرێژییان کراوەتە سەر.
ئیتر با ئەوەش بوەستێ، رۆژانە بە دەیان شێوەی جۆربەجۆری تازە بابەتەوە
دێنە ناو ماڵەکانی خەڵک ز مافەکانیان لێ زەوت دەکەن.
ruk.party@gmail.com
|