په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە خۆڕێکخستنەوە هەیه‌.


ستار محه‌مەد قادر


رەنگە زۆر کەس پێیان وا بێت کە کۆمەڵگەی کوردی لە سەردەمێک لە سەردەمەکاندا لە رووی چۆنێتی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە حاڵی حازر زۆر باشتر بوو بێت، بەڵام دەبێت ئێمە ئەوەمان لە بەر چاو بێت کە جیاوازی لە نێوان باش و باشتر و باشتریندا بکەین، چونکە حوکمدان لە سەر باشتر بوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە رابردوودا بە بێ هەڵسەنگاندنی چییەتی ئەو باش بوونە، ئەوا بێ گوومان دەکەوینە نێوان هەڵەیەکی کووشندەوەو روو بە رووی هاوکێشەیەک دەبینەوە کە تا ئەم ساتە وەختە لە واقیعدا بوونی نییە!


رەنگە ئێمە لە رابردوودا پەیوەندییەکانمان لە سەر بنەمایەکی تەندرووست بینا نەکردوو بێت، بۆیە لە ئێستادا تووشی داڕمان دەبین!


چونکە بە هیچ شێوەیەک ماقووڵ نییە میللەتێک خاوەنی رابردوویەکی پرشنگدار بووبێ و داهاتوویەکی رەش لە ئایندەیدا خۆی وێنا بکات؟!


بۆیە دەبێت زۆر بە راشکاوی دان بەو راستییەدا بنێین کە واقیعی ئەمڕۆمان بەری واقیعی تاڵی رابردوومانەو بە بێ سڵەمینەوە ئەوە بدرکێنین کە لە رابردوودا ئێمە تەنها لە رووی سۆزدارییەوە مامەڵەمان لە گەڵ کۆی شتەکاندا کردووە، نەک لە رووە مەعریفیی و ئەقڵانییەکەوە، یان رەنگبێت ئەو مامەڵە کردنە سنووردار بووبێ و لە جوگرافیایەکی تەسکدا پراکتیزە کرابێت، کە لە بارتەقایدا نییە لە فەزایەکی پان و بەریندا ئاسۆکانی دەر بکەون!
بۆیە پێویستە لە مەو دووا ئێمە بە شوێن میکانیزمی نوێ و سەردەمییانەدا بگەڕێین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان لە هەموو ئاستەکاندا لە سەر بنەمایەک درووست بکەین کە رەوڕەوەکە بەرەو پێش ببات نەک بەرەو دووا بیگەڕێنێتەوە!!


کەرکوک

 12/11/2008
star_qadr@yahoo.com