په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٠\٢٠١٧

کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی و ره‌خنه‌ له‌ بۆلشه‌ڤیزم.*

 

 

کایۆ برێندل

وەرگێڕانی: هەژێن

(١)


"ئەگەر ئاوای دابنێین، کە ڕابه‌ریی نێوەندییانە دەتوانێت ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنراوه‌ دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌شبکات، کەتواری زاڵ‌ هەر ئاوا ده‌مێنێته‌وه،‌ که‌ به‌رهه‌مهێنه‌ران خاوه‌نی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان نین. ئه‌و ئامرازانه‌ هی ئه‌وان نین، به‌ڵکو سوود له‌و ئامرازانه وه‌رده‌گیردرێت، تاکو ئه‌وان بەکرێبگیردرێن. په‌یامی بێچه‌ندوچوونی ئه‌م پرسه‌ ئه‌وه‌یه‌، کۆمەڵە گروپێک‌ لەتەک ڕابه‌رایه‌تییەک کە هەیە نه‌یارییده‌که‌ن و به‌ڕێگه‌ی زۆرداری سه‌رکوتده‌کرێن. ده‌سه‌ڵاتی ئابووری نێوەندیی له‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌ دەبێت‌،که‌ هاوکات ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی به‌کارده‌به‌ن.هه‌ر نه‌یارێککه‌ به‌ جۆرێکی جیاواز له‌ باره‌ی پرسە ڕامیاریی و ئابوورییەکان بیربکاته‌وه‌، به‌ هه‌موو ئامرازێکی گونجاو و لەبار سه‌رکوتده‌کرێت. بەگوێرەی ئەوە‌ لەجیاتیئەوەی له‌سه‌ر پێناسەی مارکس، کۆمه‌ڵه‌ ئازاد و یه‌کسانه‌کانی به‌رهه‌مهێنه‌ران پێکبهێنرێن، کەچی (یانەکانی‌ تۆبە-پێکردن) له‌ئارادا ده‌بن،که‌ تاکو ئێستا‌ هیچکه‌س له‌ وێنه‌ی ئەوانەی نه‌دیتووه‌ " .

ئه‌م گوته‌-گێڕانه‌وه،‌ که‌ وه‌رگێڕدراوی ئازادی به‌شێک‌ له‌ ده‌قێکی حه‌فتا ساڵ له‌مه‌و‌به‌ره‌‌‌، ئەوەڕۆشنده‌کاته‌وه،‌ که‌ په‌یوه‌نییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له‌ ڕوسیه‌ی پاش ئۆکتۆبری ١٩١٧‌ به‌جۆرێک پەرەیانکرد، که‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌ ده‌رکی مارکس و ئینگلس له‌ کۆمۆنیزم نه‌بوو. سه‌رده‌مێک نامیلکه‌یه‌ککه‌ ئەو گوته‌ی سه‌ره‌وه‌ لە ئەو وه‌رگیراوه،‌ بڵاوبووه‌وه‌، ترس و تۆقی ده‌هه‌ی سی (٣٠) هێشتا ڕوینه‌دابوو. ئه‌و نامیلکه‌یه‌ به‌ته‌واوی لایه‌نی پێشبینیکه‌ری هه‌بوو. هیچ ڕوداوێکی ڕامیاریی نه‌بووبووه‌ هۆی ئاوا ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌ کۆمەڵی سۆڤیه‌تی، به‌ڵکو ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ له‌ شیکردنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئابوورییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یگرت. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌، ستالینیزمێککه‌ له‌ گه‌شه‌سه‌ندندابوو، به‌نیشانه‌ی ڕامیاریی سیستمێکی ئابووریی ناسێنرا،که‌ به‌به‌هره‌کێشی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تییه‌وه‌په‌یوه‌ستبوو، ئه‌وه‌ش ته‌نیا له‌سه‌ر ستالینیزم هەژمارناکرێت.

بایه‌خێکی پته‌و‌ که‌ ئه‌و ده‌قه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژەیپێدراوە به‌ده‌ستیهێنا، به‌رئه‌نجامی کاری گروپێک بوو و نووسه‌رانی سه‌ر به‌ ڕه‌وتێک بوون،که‌ له‌ ساڵه‌کانی پاش جەنگی یەکەمی جیهانی سه‌ریهه‌ڵدا. ئه‌و ڕه‌وته‌ به‌ ڕه‌خنه‌ی توند له‌ سۆشیال-دێمۆکراسی و بۆلشه‌ڤیزم ده‌رکه‌وت. ڕه‌وتێک بوو که‌ به‌ وردی ئەزموونەکانی ئەو ڕۆژانه‌ی چینی کرێکاری شیده‌کرده‌وه‌و هه‌ڵده‌سه‌نگاند، له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ بۆچوونی نوێی به‌ده‌ستهێنا. ئه‌و ڕه‌وته‌، سۆشیال-دێمۆکراسی و بۆلشه‌ڤیزمی وه‌ک "بزوتنه‌وه‌ی کرێکاریی کۆنه‌" ده‌بینی،که‌ دژه‌که‌ی "بزوتنه‌وه‌یه‌کی نوێی کرێکاران" بوو.

له‌ یه‌که‌مین نوێنه‌رانی ئه‌و ڕه‌وته‌، مارکسیسته‌ ئاڵمانی و هۆڵه‌ندییه‌کان بوون،که‌ هه‌رده‌م له‌ باڵی چه‌پی سۆشیال-دێمۆکراسیی بوون‌. له‌ ماوه‌ی ساڵانی دوورودرێژی تێکۆشانی هه‌میشه‌ییان دژی ڕیفۆرمیزم، له‌ هه‌مووان زیاتر بوونه‌ ڕه‌خنه‌گر له‌ سۆشیال-دێمۆکراسی. به‌ناوبانگترین ئه‌ندامانی ئه‌و ڕه‌وته‌ دوو که‌سی هۆڵه‌ندی به‌ناوی ئانتۆن پانەکۆک (١٨٧٢-١٩٦٠) و هێرمان گۆرته‌ر (١٨٦٤-١٩٢٧) و دوو که‌سی ئاڵمانی به‌ناوی کارل شرۆیده‌ر (١٨٨٤- ١٨٥٠) و ئۆتۆ ڕوهله‌ ( ١٨٧٤- ١٩٤٣) بوون. دواتر، پاول ماتیک(١٩٠٤- ١٩٨٠) کە زۆر لاوتر بوو،بوو به‌ یه‌کێک له‌ گرنگترین تیئۆریداڕێژه‌رانی ئه‌و ڕه‌وته‌.

که‌مێک پاش ده‌سپێکردنی سه‌ده [سەدەی بیست - و.ک]‌،بۆچوونه‌کانی پانەکۆک به‌هۆی هەندێکدووبارە‌ تیشکهاویشتنه‌وه‌ی مارکسیستییانه‌ به‌ڕووی فیلۆسۆفیکه‌وته‌به‌ر سه‌رنجان. ئەو ساڵی ١٩٠٦ تاکو ده‌ستپێکردنی جەنگی یەکەمی جیهانی له‌ ئاڵمانیاکاریده‌کرد. سه‌ره‌تا ساڵێکفێرکاری فێرگه‌ی پارتیی سۆشیال-دێمۆکراتی ئاڵمانیا (SPD) بوو، پاش هه‌ڕه‌شەلێکردنی به‌ ده‌رکردنی له‌ ئاڵمانیا، له‌ شاری برێمنکاریکرد و گۆتاری بۆ بڵاوکراوه‌ جۆراوجۆره‌ چه‌په‌کان دەنووسی. پانه‌کوک له‌ کاتی نیشته‌جێبوونیله‌ برێمن مانگرتنێکی نایاسایی و زۆر گرنگی کرێکارانی ڕاگواستنی (بارکردن‌وداگرتن) دیت. ئه‌وئەزموونه‌ کارایی له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی ئەو لەبارەیتێکۆشانی چینایه‌تی و تێگه‌یشتنی ئەو له‌ مارکسیزم دانا. له‌ ئه‌نجامی ئەوە، تیئۆرییه بۆلشه‌ڤیکییه‌کانی لەبارەی ڕێکخستن، ستراتیج و ڕێڕه‌وله‌ هه‌مان ڕۆژه‌کانی یه‌که‌مه‌وه‌ ڕه‌تکرده‌وه‌.

ئۆتۆ ڕۆله‌ هیچ کاتێک خۆی پابه‌ند به ڕه‌وتێک له‌نێو بزوتنه‌وه‌ی کرێکاریی ئاڵمانیا نه‌زانی، به‌ڵام هه‌رگیزیش به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی چینی کرێکاری نادیده‌ نه‌گرت. ئەویش وه‌کپانه‌کوک ده‌هه‌ی ١٩٢٠ بۆلشه‌ڤیزمیڕه‌تکرده‌وه‌ و له‌ یه‌که‌مین که‌سانێک بوو، چووه‌ سەر ئه‌و بابەت و لێدوانە‌،که‌ شۆڕشی پرۆلیتێرییبەته‌واوی لەشۆڕشی بۆرجوازی‌ جیاوازه‌؛ له‌و ڕوه‌وه‌، شێوه‌ ڕێکخستنی ته‌واو جیاوازی پێویسته‌. به‌و هۆیه‌وه‌، ئەو ئه‌و ناڕۆشنییه‌ی که‌ شۆڕشی پڕۆلیتێریی ده‌بوو پرسی پارتییەک بێت ڕه‌تکرده‌وه‌. "شۆڕش" بەگوێرەی گوته‌کانی ئەو "پرسێکی پارتیی نییه‌، به‌ڵکو له‌ڕووی ڕامیاریی‌ و ئابوورییه‌وه پرسی گشت چینی کرێکاره‌".

ئه‌و بۆچوونانەی‌ که‌ به‌ریناییه‌کی زۆرتریان به‌خۆوه‌گرت،دەرخەری تایبه‌تیی ڕه‌وتێک بوون،که‌ به‌ کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی/شورایی ناسرا. کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی له‌ هه‌مان سه‌ره‌تای ده‌هه‌ی ١٩٢٠ به‌و ئەزموونانه‌ی که‌ له‌ شۆڕشه‌کانی ڕوسیە‌ و ئاڵمانیابەدەستهاتن،‌ پشتئه‌ستوربوو وپشتیوانی له‌ دێمۆکراسی سۆڤیەتەکان کرد و ده‌سه‌ڵاتی پارتیی ڕه‌تکرده‌وه‌. ئه‌و ڕه‌وته‌ به‌دوای ئه‌وه‌وه‌ بوو، که‌ خۆی له‌ بۆلشه‌ڤیزم و بۆلشه‌ڤیکه‌کان و ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ کۆمۆنیست ناوده‌بران جیابکاته‌وه‌. وێڕای ئەوە‌ش له‌ سه‌ره‌تادا، دوورییه‌کی زۆری لەتەکتێڕوانینە‌ به‌ئاکام-گه‌ییشتووه‌کانیدواتری خۆی هه‌بوو.

(٢)

کۆمۆنیزمی سۆڤیەتی سه‌ره‌تالەتەکلێنینیزم‌ جیاوازییه‌کی ئاوای نه‌بوو. وێڕای ئەوە‌ش ڕوهله‌ پارتییه‌کانی نێونەتەوەیی سێیه‌می به‌ کۆمۆنیست نه‌ده‌زانی. چه‌ند ساڵ دواتر، کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان ناچاربوون به‌شێوە‌یه‌کی ڕۆشنتر خۆیان له‌ بۆلشه‌ڤیزم جیابکه‌نه‌وه‌. به‌واتای‌ شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر کۆتایی به‌ تزاریزم هێنا، بە په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌به‌گییه‌کانی کۆتاییهێناو ڕێگه‌ی بۆ په‌یوه‌ندییه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌کان خۆشکرد.

کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان له‌وه‌ واوه‌تر چوون. ئەوان په‌نجه‌یان بۆ ئه‌و کەتوارە‌ ڕاکێشا،ئابوورییه‌ک وه‌کئابووریڕوسیە،‌ که‌ له‌سه‌ر پایه‌ی کاری کرێگرته‌ - واته‌ ئابوورییه‌ککه‌ لەنێو ئەو هێزی کار کاڵایه‌- ڕاوه‌ستاوه‌، بێجگه‌ له‌ به‌رهه‌مێنانی زێده‌بایی و به‌هره‌کێشیی کرێکاران، شتێکی د‌یکەی ناوێت. جیاوازیشی نییه‌،که‌ ئه‌و زێده‌باییه‌ بۆ سه‌رمایه‌دارانی تایبه‌تی بێت یان به‌ر ده‌وڵه‌ت وه‌ک خاوه‌نی ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان بکه‌وێت. ئەوان په‌نجه‌یان بۆ ئه‌و کەتواره‌ ڕاکێشا،‌ له‌ ڕوسیە‌ به‌رهه‌مهێنان له‌ هه‌مان یاساکانی سه‌رمایه‌داری تایبه‌تیی کلاسیککه‌ ھەن په‌یڕه‌ویده‌کات. به‌هره‌کێشی(استثمار)، بەگوێرەیگوته‌ی مارکس، ته‌نیا کاتێک ده‌توانرێتبە ئەوە کۆتاییبێت،که‌ کاری کرێگرته‌ بوونی نه‌بێت. کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان، به‌ ئاماژەدانیان بۆ مۆسکۆ ، ڕۆشنیانکرده‌وه‌ که‌ کۆمۆنیزم شتێکی ئاوا نه‌بوو. به‌و شێوه‌یه‌ جیاوازی نێوان کۆمۆنیزمی سۆڤیەتیی و بۆلشه‌ڤیزم ڕۆشنتر و تەسەلتر بوو.

(٣)


نابێت له‌ ئەوه‌ی که‌ لە سەرەوە گوترا،ئاوا ئه‌نجامگیرییه‌ک بکرێت،که‌ کۆمۆنیزمی سۆڤیەتیی به‌شێوە‌یه‌کی تا‌یبه‌ت تەنیاڕه‌خنه‌گری ستالینیزم دەبێت‌، به‌ڵکو له‌ کەتواردابه‌شێوه‌یه‌کی گشتی ڕه‌خنه‌گری بۆلشه‌ڤیزم دەبێت‌. کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان ستالینیزم وه‌ک دژه‌شۆڕشێک نابینن،که‌ شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری له‌ به‌رەنجامی خۆی بێبه‌شکردبێت. به‌ڵکو به‌ به‌رهه‌می ئه‌و شۆڕشه‌ی ده‌زانن، شۆڕشێککه‌ له‌ ڕوسیە ده‌رگه‌ی به‌ڕووی سه‌رمایه‌داریدا کرده‌وه‌. ستالین میراتگری بۆلشه‌ڤیزم و شۆڕشی بۆلشه‌ڤیکی بوو. تەسەلتربوونی ئه‌و تیئۆرییه‌ هەر ‌وه‌ک پێگه‌یینی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌ هێواشی ڕویدا. کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان به‌درێژایی ژیانی خۆیان بۆچوون و کرده‌ی خۆیان گۆڕی. پارتییه‌کانی کۆمۆنیستی سۆڤیەتیی سه‌ره‌تا له‌ ئاڵمانیا و هۆڵه‌ند پێکهاتن، ئه‌و پرسه‌ لەتەکبۆچوونی که‌سانی وه‌ک ڕوهله‌ هه‌ر ئاوا کە باسکرا،ئاوایان دەبینی، پارتییه‌کان پرسی چینی کرێکار نین، ناته‌بابوو. ڕوهله‌ به‌هه‌ر بار ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی به‌شێوه‌ی کۆمەڵێک پارتیی "به‌ کڕۆکێکی ته‌واو نوێی پارتییه‌وه،‌ که‌ چیدیکە پارتیی نه‌بوو" ده‌دیت.

ڕوهله‌ چوار ساڵ دواترساڵی ١٩٢٤، به‌جۆرێکی دیکە ئاخاوت : " پارتییەک به‌ کڕۆکێکی شۆڕشگێڕانه‌وه‌ به‌واتای پڕۆلیتێرییواژەیه‌کی بێواتایه‌. کڕۆکی شۆڕشگێڕانه‌ی ته‌نیا به‌واتای بۆرجوازی بوونی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوی کاتێککه‌ پرسی گۆڕینی ده‌ره‌به‌گایه‌تی بۆ‌ سه‌رمایه‌داری هاتبێته‌ پێشه‌وه‌." ئەو ته‌واو ڕاستی ده‌گوت و ئه‌و شته‌ بێواتایانه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵ له‌سه‌ر شانۆی گفتوگۆ و لێدوانی پڕۆلیتێریی دیارنه‌مان. که‌مه‌ ناوازەییەک هه‌بوون و که‌مێک پاش جەنگی دووه‌می جیهانی، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ چیدیکە به‌کارنه‌هێنرا.

کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان هه‌ر ئه‌و‌ سه‌رده‌مه‌ گه‌شه‌یانکرد. بۆ ئەوان ده‌رکه‌وت،که‌ شۆڕشی ڕوسیە‌ شتێک بێجگه‌ له‌ شۆڕشی بۆرجوازیی وئابووریڕوسیە‌ شتێک زیاتر له‌ سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تیی به‌ولاوه‌تر نه‌بوو. ئەوان ده‌رکێکی دیاریکراوتریان لەبارەی‌ ئەو پرسانەهه‌بوو و‌ ئاماده‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی نوێ بوون. ئەو پرسانەیکه‌ پێشتر یه‌کاڵانه‌کرابوونه‌وه‌، هەنووکە‌ ڕۆشنتربوون.

گرنگترین شیکردنه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ له‌و زه‌مینه‌ له‌لایه‌ن پانەکۆک ساڵی ١٩٣٨ ئه‌نجامدرا. ئەو له‌باره‌ی فیلۆسۆفیی (لێنین) نامیلکه‌یه‌کی بڵاوکرده‌وه‌ ولێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی قوڵتری لەبارەی بۆلشه‌ڤیزم خسته‌ڕوو. پانەکۆک په‌نجه‌ی بۆ ئه‌و خاڵه‌ ڕاکێشا،که‌ مارکسیزمی لێنین له‌ ئه‌فسانه‌یه‌ک به‌ولاوه‌تر نه‌بوو و لەتەک مارکسیزمی کەتواریی ناکۆکبوو. ئەو هۆکه‌ی بەو جۆره‌ ڕۆشنکرده‌وه‌ : "له‌ ڕوسیه‌ تێکۆشان دژی تزاریزم له‌ زۆر ڕوه‌وه‌ هاوشێوه‌ی تێکۆشان دژی ده‌ره‌به‌گایه‌تی له‌ ئه‌وروپای هه‌ره‌ کۆن بوو‌. له‌ ڕوسیه‌کلیسا و ئایین له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وده‌م پشتیوانیانده‌کرد. به‌و هۆیه‌وه‌تێکۆشان دژی ئایین به‌ پێداویستییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی داده‌نرا. " له‌و ڕووه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ لێنین به‌ ناوی ماتریالیزمی مێژوویی بۆی ده‌چوو، وەک‌ماتریالیزمی بۆرجوازی فه‌ره‌نسه‌‌ سه‌ده‌ی هه‌ژدهه‌مدیاریده‌کرا، واته‌ ماتریالیزمێککه‌ ئه‌و کاته‌ وه‌ک چه‌کێکی هۆشیی له‌دژی کلیسا و ئایین به‌کارده‌برا. ده‌بێت بگوترێت که‌ هه‌ر به‌و ڕێگه‌یه‌ و به‌ ئاماژەدان بۆ هاشێوه‌بوونی نێوان په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ ڕوسیه‌ی پێش له‌ شۆڕش و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی فه‌ره‌نسه‌ی پێش شۆڕش، کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان بە ئه‌و کەتواره‌ ئاماژەیاندا،که‌ لێنین و ئه‌ندامانی پارتییه‌که‌ی ناوی ژاکۆبینه‌کانیان له‌ خۆیان ناوه‌. مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌ بوو،که‌ پارتییه‌که‌یان له‌نێو شۆڕشی بۆرجوازی ڕوسیه‌ هه‌مان کارکردی ژاکۆبینه‌کانی فه‌ره‌نسه‌یان هه‌بوو.

هه‌ر به‌وجۆره‌ی که‌ کۆمۆنیسته‌ سۆڤیەتییه‌کان گوتیان،ئه‌وه‌ سه‌ره‌نجامی لۆجیکیی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر بوو،که‌ بۆلشه‌ڤیزم مارچی ١٩١٨، واته‌ ته‌نیا پێنج مانگ پاش ئۆکتۆبه‌ری ١٩١٧، کە ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیەتەکانکه‌ له‌ ئاستێکی که‌مدا بوو، به‌زۆر له‌ چنگی سۆڤیەتەکان ده‌رهێنرا. سۆڤیەتەکان لەتەک سیستمێککه‌ سه‌رخانی ڕامیاریی په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی بوو، به‌یه‌کیان نه‌ده‌خوارد.

ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رهه‌ڵدانی کۆمۆنیزمی سۆڤیەتیی له کۆمۆنیزم ده‌گات، به‌ته‌واوی له‌و سیسته‌مه‌ جیاوازه‌. دیکتاتۆریی پارتیی لەتەک ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کاری کرێگرتە و کۆتاییهێنان‌ به‌ به‌هره‌کێشی کرێکاران پشتئه‌ستوورن، ناگونجێت. کۆمەڵێککه‌ لەنێو ئەوبه‌رهه‌مهێنه‌ران ئازاد و یه‌کسانن، ناتوانێت شتێکی جیاواز له‌ دێمۆکراسی به‌رهه‌مهێنه‌ران بێت.

_____________________________

* کایۆ برێندل لە ساڵی ١٩٩٩ نووسیویەتی. دەقی فارسیی ئه‌م گۆتاره‌ له‌ ماڵپه‌ڕی (www.kavoshgar.org) وه‌رگیراوه‌. ئەم وەرگێڕانە پێشتر لە نێو کەشکۆڵی دووەمی (خەونە یاخییەکان) بڵاوکراوەتەوە (www.bit.ly/2kZN3Kj).

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک