په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١٣

کۆنگرەی نەتەوەیی کورد،

یان کۆنگرەی بەشێک لە حیزبەکانی نەتەوەی کورد؟


سوورکێو زەکی     


زیاتر لە مانگێکە داوەتنامەی سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی (دوای هاڵاواردنی کۆمەڵیک لایەنی کوردستانی)، بۆ بەشێک لە حیزبەکانی کوردستان چووە و ئەمان لە هەولێر خەریکی دانووستان و لێژنە درووستکردن و پۆست دابەشکردنن و بەم هۆیەشەوە تا ئێستاش پرسی لایەنە بەشداربووەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی یەکلایی نەبۆتەوە و بەشی بەشداربووانی هەر بەشێکی کوردستان لە کۆنگرە دیاری نەکراوە.


سەرەتا ئەوەیکە بۆچی دوای ئەم هەموو کات بەفیڕۆدانەی لایەنە سیاسییەکان لە قۆناخە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ڕزگاریی خەڵکی کوردستاندا، ڕێک لەم ساتەوەختەدا و لە گەرمەی کێشەی ئۆپۆزیسیۆنی باشووری کوردستان و حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمدا لە لایەک و لەم مەرگەساتەی ڕۆژائاوای کوردستان و بە ناڕونیی بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتیی باکوور لە لایەکیتر و بۆ بەم پەلەپەلە و بەبێ هیچ ڕاوێژ و ئامادەکارییەک، بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییان ڕاگەیاند، ئەمە قسەی زۆری لەسەرە و لێرەدا ناچمە سەر ئەو باسە.


لێرەدا دوو شتی جێی سەرنج و دیار لە ڕوانگەی من ئەوانەن کە یەکەم هێژموونی پارتی دێموکرات و پارتی کرێکاران بەسەر کۆنگرەوە زۆر بەرچاوە و ئەمەیان لە کەس شاراوە نییە و کەسانیتریش قسەیان لەسەر کردوە. دووهەمیان کە لام وایە زۆر گرینگ و جێی ڕاوەستەلەسەرکردنە، ئەوەیە کە بەر لە گیرانی کۆنگرە و تێپەڕیینی پرۆسە و قۆناخی بەناو ئامادەکارییدا، لە ماوەیەکی کورتدا هەموو بەرپرسیارەتییەکان بەسەر حیزبە بەشداربووەکاندا دابەش بووە و لێژنەکانی کۆنگرە و سترۆکتوورەکەی بە هەر دوو لایەنی تیۆریی و پراتیکییەوە داڕێژراوە و هەڵچندراوە و هچیان بۆ خەڵکیتر نەهێشتۆتەوە کە بیگۆڕن یان قسەی لێ بکەن، کەچی دەڵێن ئێمە خەریکی ئامادەکاریین بۆ گرتنی کۆنگرەی نەتەوەیی و کاری ئێمە تەنیا ئامادەکارییە و هیچیتر!


گەلۆ ئەگەر کاری ئێوە تەنیا ئامادەکارییە، ئەم کێبەرکێ و کێ لەکوێیەتان لە چییە و ئەم پۆست و کورسی دابەشکردنەتان بەر لە بەشداریی هەموو ئەو کەسانەی دەبێ داوەت بکرین لەچی؟ تکایە بفەرموون کێ ئێوە و ئەندامانی ئەم حیزبانەی ئێوەی بۆ ئەم پۆستانە هەڵبژارد، لەکوێ و چۆن؟ ئەگەر ئەم کەسانە هەموویان بە لێژنەکانیشەوە ئامادەکارن، ئایا لە کۆنگرەدا دەنگیان بۆ دەدرێت؟ لە وەها ئەگەرێکدا ئەی ئەو خەڵکەی تا ئێستا پەراوێزتان خستوون هیچ مافێکیان نییە و ئەوەی ئێوە بڕیوتانە و درووتانە هەر ئەوەیە؟


وەک دەبینین تا ئێستا کۆمیتەی ئامادەکاری هەموو کۆمیسیۆنەکان، ڕاپۆرتەکان و هزر و رێڕەو و قەوارەی کۆنگرەکەی دیاری کردوون و حیزبەکانی ئامادەبوو لە دەستەی ئامادەکاریی کۆنگرەش زۆربەی کاتەکەیان بۆ دابەشکردنی پلە و پۆستەکانی کۆنگرە و کۆمیسیۆنەکانی تەرخان کردوە. کەچی ئەوەی بابەتی ئەوان و خەمی ئەوان نەبووە و نییە ئەوەیە کە لایەنەکانی کوردستان تەنیا ئەو لایەنانە نیین و بە دەیان لایەن و بە سەدان کەسایەتیی گرینگ لە هەموو بەشەکانی کوردستان پەراوێز خراون و ئاشکرایە ئەم هەڵاواردنەش هەر لە یەکەم ساتی داوەتکردنەکەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە چووە و درێژەی هەیە.

 
ئەم سیاسەتە قۆرخکاری و خۆسەپاندن و هەڵاواردنەی ئامادەکارانی کۆنگرە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە ئەم لایەنانە زۆر باش دەزانن کە ئەوان نوێنەری هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان نین و لەم کۆنگرەیەدا بێجگەلە لایەنی سیاسیی تر، جێی پسپۆڕانی سەربەخۆی ئاکادێمیک، یاساناسان، کۆمەلناسان، فەرهەنگیان، ڕووناکبیران، کەسایەتییە سەربەخۆکان، نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، نوێنەرانی کەمایەتییەکان، نوێنەرانی کوردەکانی دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان و هتد زۆر خاڵییە و ئەگەر تەنانەت سەرجەم حیزبە کوردستانییەکانیش بەشداری کۆمیتەی ئامادەکاریی بان، هێشتاش ئێوە سەهمی ٤٥ لە سەدتان بۆ حیزبەکان داناوە، کەوایە ئەم ٥٥ لەسەدەی کە لە کۆمیتەی ئامادەکارییدا پەراوێز خراون، لە کوێی ئەم کۆنگەیەن و چ حیسابێکیان بۆ کراوە؟ بەڵێ بێگومان وڵامەکە ئەوەیە کە جێی ئەم ٥٥ لەسەدەشتان بە ڕێکخراوەکان و کەسەکانی حیزبەکانی خۆتان پڕ کردۆتەوە، ئەی ئەوە نییە بە ئاشکرا ئەندامانی ئێوە ڕاستەوەخۆ تەواوی لێژنە و کۆمیسیۆنەکانیان گرتوون!


ئەم پەراوێزخستنە بەریینە لەکاتێکدایە کە پێویست بوو کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی وەک پرۆژەیەکی نیشتیمانیی درێژخایەن لە لایەن پسپۆڕان و شارەزایانی بێلایەن بەڕێوە چووبا و لایەنە سیاسییەکان تەنیا وەک هاوکار، یارمەتیی بەرەوپێشچوون و سەرخستنیان دابا.


ململانێی ئەو لایەنانەی هێژموونییان بەسەر کۆنگرەوە هەیە، بەر لەوەیکە لەسەر ئامانجەکانی کۆنگرە و چۆنییەتیی دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بێت، لەسەر دابەشکردنی کورسییەکان، قۆرخکاریی زیاتر و کێبەرکێ لەسەر هەرچی زیاتر دەستەبەرکردنی سەهمی حیزبە بەشدارەکانی کۆمیتەی ئامادەکارییە، هەر بۆیەش لەجیاتی ئامادەکارییەکی شەفاف، دیارییکردنی هەرچی زۆرتر و زووتری ئەو خەڵکانەی دەبێ داوەت بکرێن و هێنانیان بۆ پرس و ڕاگۆڕینەوە لەسەر کۆنگرە و سەرخستنی، ئەم پرۆسە ناشەفافە بە ململانیی لایەنەکانی کۆمیتەی ئامادەکاری بۆ سەرخستنی بەرنامە حیزبییەکانی خۆیان، داوەتکردنی هەرچی زیاتری ئەندامان و لایەنگران و ڕێکخراوەکانی خۆیان و تەنانەت کەسانی سەر وە خۆیان لەجێی کەسایەتییە سەربەخۆکان بەڕێوە دەچێت. گەلۆ ئەمە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە یان کۆنگرەی بەشێک لە حیزبەکانی نەتەوەی کورد؟ بێگومان درێژەدان و ئاکامی ئەم هەڵاواردن و خۆسەپاندنە نادێموکراتیکە لە پراتیکدا ئامانجە سەرەکییەکانی کۆنگرە بە گشتی بۆ چارەسەریی پرسی کورد دەباتە ژێر پرسیارەوە و ئەگەر ئەم لایەنانە هەر بەم شێوەیە درێژە بە کارەکانیان بدەن و کۆنگرە هەر بەم شێوەیە بەڕێوە بچێت، وێڕای تۆمارکردنی مێژوویەکی ناشیرین بۆ خۆیان و بۆ ئەم کۆنگرەیە، هیچ دەسکەوتێکیشی بۆ کوردستانی داگیرکراو و گەلە دابەشکراوەکەی بەدواوە نابێت و دوور یان نزیک، لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵک لەم لایەنانە بەرەوڕوو دەبێتەوە.


بەو هیوایەی ئەم لایەنانەی خۆیان بە هەمەکارە و کوێخای خەڵکی کورد دەزانن و خۆیان و پرۆسەکەیان لە دوورەوە نابینن، بێنەوە خۆیان، واز لەم دید و هەڵوێستە کلاسیکانە بێنن، سەر هەڵێنن، دوورتر بڕوانن، هەندێکیش گوێگر بن و بە دڵفراوانییەوە گوێ بۆ ڕەخنەگران بگرن و بە دڵسۆزییەوە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بگرنە بەر. لێگەڕێن با لانیکەم خەڵکی کوردستان خاوەنی تاقە یەک ئۆرگانی نیشتمانیی سەربەخۆ بن کە لەوێدا نیشتمان و وەدیهێنانی ئامانجەکانی گرینگ بن و حیزبەکان کەرستەی وەدیهێنان و سەرخستنی ئامانجەکانی ئەم نیشتمانە بن.

 


yeksani.org@live.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک