په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٧\٢٠١٣

تاکتیکی ئەرمەنەکان بەرامبەر بە کورد.

رەمەزان کەریم*      

- بەشی چواردەم -


لەگەڵ ھێرشی ئەمریکا بۆ سەر عیراق (٢٠٠٣)، کوردەکانی باشوور سەربەخۆییان بەدەستھێنا، لەباکووری کوردستانیش، بزووتنەوەی رزگاریخوازی لەڕووی سیاسی‌و سەربازییەوە گەیشتە لووتکەی ھێز. لەو ساڵانەدا کە ئەگەری «دامەزرانی دەوڵەتی کوردی» بەھێز بوو، کوردستانی سوور دەیتوانی ببێتە باشترین زەمینەی ھاوکاری نێوان کوردەکان‌و روسەکان. (٣) جگە لەمە، روسیا لەدژی سیاسەتەکانی ئەمریکا کە دەیویست بەسەر تورکیادا کاریگەری بخاتە سەر ئازەربایجان، جۆرجیاو چیچان، ھەروەھا لەبەر ئەوەی بەدەست تورکیاوە دەیناڵاند، ئاسایی بوو کە پێویستیان بەدۆستێکی وەفاداری وەکو کورد بێت. کوردەکان لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاست پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆوە دەبینی.


بەڵام کۆتایی ساڵی ١٩٩١، پێشکەوتنەکانی بەجیھانیبوون لەیەکێتیی سوڤێت‌و قەفقاس، دەرفەتی ئەوەی نەدا کە روسیا، کوردەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست‌و قەفقاس وەکو «فاکتەرێکی ھاوکار» بەکاربھێنێت‌و، نەیانتوانی سیاسەتە کرچ‌و کاڵەکانیان بەرامبەر بەکورد جێبەجێ بکەن.


لەساڵی ١٩٩٢شدا، ئەو پێشکەوتنانەی کە لەدەوروبەری کوردستانی سووردا ھاتبووە ئاراوە، وردە وردە رەھەندی جیاوازی بەخۆوەبینی. قەرەباغی شاخاوی ئازەربایجان، کوردستانی سوورو جوگرافیایەکی فراوان کە لەدەرەوەی ئەو ناوچانە مابوونەوە، ھەمووی یەک لەدوای یەک کەوتنە دەستی سوپای ئەرمەنستانەوە. ئیدی قەوارەیەک بەناوی «یەکێتیی سۆڤێت» نەمابوو. ھەرچەندە کۆمارەکانی قەفقاس لەلایەنگرانیشیان دابڕابوون، بەڵام لەناو ھەوڵێکی بێوێنەدا بوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەی کە لەگەڵ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆیاندا دەگونجا.


نەمانی یەکێتیی سۆڤێت‌و، دوای ئەوەی لە ١٧/٥/١٩٩٢ ناوچەی لاچین کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەرمەنەکانەوە، کۆمەڵی «یەکبوون» کە متمانەیان بەئازەرییەکان‌و بەئەرمەنەکانیش نەبوو، ئومێدی کوردستانی سووریان رووخا.


لەو قۆناغەدا، بەتایبەت دوابەدوای داگیرکردنی لاچین، بەپلانێکی وەزارەتی بەرگریی روسیاو حکومەتی ئەرمەنستان، ھەندێک کورد ویستیان ھەنگاوێک بەناوی «قەڵەمبازی لاچین» بنێن، ئەمەش نموونەیەکی سەرنجڕاکێش بوو لەو ھەوڵانەی کە چۆن کورد بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردێنن.


دوای ئەوەی لە ١٧ی ئایاری ١٩٩٢، ناوچەی لاچین لەلایەن ئازەرییەکانەوە رادەستی ئەرمەنەکان کرا، ئەرمەنەکان جگە لەقەرەباغی شاخاوی کە ھەموو دنیا بەخاکی ئەرمەنستانی دەزانی، دەستیانکرد بەداگیرکردنی یەکەم ناحیەی ئازەربایجان. ئازەرییەکان بەڕێنمایی تورکەکان ھەوڵیان دەدا ئەرمەنییەکان وەکو ھێزێکی داگیرکەر بناسێنن، ئەرمەنییەکانیش لەبەرامبەردا دەیانویست پاساوی یاسایی‌و مافی بۆ کردەوەکانیان بدۆزنەوە. کوردەکان باشترین ئامراز بوون بۆ ئەمە.


لەناوچەی لاچین، کە ھەموو دنیا دەیزانی شوێنی نیشتەجێبوونی کوردەکانە، کۆمارێکی کوردیی ساختە دادەمەزرێندراو، بەمەش بەرگێکی یاساییان بە بەر ئەو داگیرکارییەدا دەکرد. ئەرمەنەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، «ڤ. مستەفایێڤ» جێگری سەرۆکی یەکبوون‌و چەند رووناکبیرێکی کوردی ئەرمەنستانیان بەکارھێنا کە رێگەیان لە «م. بابایێڤ» سەرۆکی «یەکبوون» و ئەوانی تر جیا کردبۆوە.


پێش ئەوەی بچینە سەر وردەکاریی رووداوەکە، بەپێویستی دەزانم ئەو ھەڵوێستەی ڤەکیل مستەفایێڤ روون بکەمەوە کە کوردێکی وڵاتپارێز بوو. ئەو پیاوە کە پێشتر ئەفسەرێکی سوپای سوور بوو، توانای شیکردنەوەی ناوەڕۆکی پلانی ئەرمەنەکان‌و کارەکتەری سەرەکی پێشھاتەکانی ناوچەکەی ھەبوو. لەکاتێکدا بەڕاسپاردەی ھەندێک بەرپرسی وەزارەتی بەرگری روسیا، دەستی دابووە ھاوکاریکردنی ئەرمەنییەکان، بەڵام ھێشتاش متمانەی تەواوی بەڕوسەکان‌و ئەرمەنەکان نەبوو.

_______________
* کوردی سۆڤێتی پێشوو.

_______________________________________

بەشی سێزدەم: www.emrro.com/kurdistanisur13.htm

بەشی دوازدەم: www.emrro.com/kurdistanisur12.htm  

بەشی یازدەم: www.emrro.com/kurdistanisur11.htm

بەشی دەیەم: www.emrro.com/kurdistanisur10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/kurdistanisur9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/kurdistanisur8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/kurdistanisur7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/kurdistanisur6.htm 

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/kurdistanisur5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/kurdistanisur4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/kurdistanisur3.htm  

بەشی دووەم: www.emrro.com/kurdistanisur2.htm 

بەشی یەکەم: www.emrro.com/kurdistanisur.htm

 

٣٠\٧\٢٠١٣

ماڵپەڕی رەمەزان کەریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک