کورد.. ته‌نيا يه‌ک زمانی هه‌يه.
نووسینی: موحسين جوامێر وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بييه‌وه: د. ئيبڕاهيم ئه‌حمه‌د شوان
ده‌م نا ده‌مێک له لايه‌ن که‌سێک يان که‌سانێکی بێناوه‌وه، ياداشتێکم به ده‌ست ده‌گات وتێیدا داوام لێده‌کرێ که بۆیان مۆر بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ديالێکته‌که‌یان ببێته زمانى خوێندن و کارگێڕی له ناوچه‌ی وان‌دا، ئه‌مه‌ش ـ گوايا ـ له پێناو پياده‌کردنی مافی مرۆڤ و پاراستنی ئه‌و دیالێكته له له‌ناوچوون و بیرچوونه‌وه ..گوشاريش ده‌خه‌نه سه‌ر حکوومه‌تی کوردستان و په‌رله‌مان بۆجێبه جێکردنی داواکه‌یان و تۆمارکردنی له ده‌ستوری کوردستاندا.. زۆربه‌ی ئه‌م داوایانه‌ش له‌ده‌ره‌وه‌ى کوردستانه‌وه ده‌نێردرێن .
له سه‌ره‌تاوه حه‌ز ده‌که‌م به خاوه‌نى ئه‌م داوايانه بڵێم که ئه‌و ديالێکته‌ى من پێی ده‌دوێم وه‌کوو ديالێکته‌که‌ی وان وايه، جياوازيى له‌گه‌ڵ ئه‌و ديالێکته ڕه‌سمييه‌ی پێی ده‌نووسم و ده‌خوێنمه‌وه؛ هه‌يه.. وه‌ک هه‌ر مرۆڤێکيشم له سه‌ر ئه‌م زه‌وييه که به ديالێکتێ ده‌دوێ و به يه‌کێکی ديکه ده‌نووسێ.. وا دياره ئه‌وانه‌ی ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته ده‌که‌ن ته‌نيا لای ده‌ره‌وه‌ى مه‌سه‌له‌که ده‌بينن و چمکێکى لێ به‌دى ده‌که‌ن، ناشچنه قووڵاييه‌که‌يه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ڕاستييه‌که و بزانن ئه‌و جۆره هه‌وڵانه سه‌ره‌تايه‌کی ترسناکه ـ بۆ دابه‌شکردن و له‌تله‌تکردنی زمانی ميلله‌ته‌که‌یان.. ئه‌و زمانه‌ی هه‌ر له سه‌رده‌می شێخ مه‌حموودی حه‌فيد 1922 وکۆماری کوردستان 1946 به سه‌رۆکايه‌تیی قازی محه‌مه‌د و هه‌روه‌ها شۆڕشی ئه‌يلوولی 1961 به سه‌رۆکايه‌تیی خوالێخۆشبوو بارزانی مسته‌فاوه تاکوو سه‌رده‌می سه‌رۆکی عێراق مام جه‌لال و سه‌رۆکی کوردستان کاک مه‌سعوود و ده‌وڵه‌تی سه‌رۆک وه‌زيران کاک نێچيرڤان، يه‌کگرتوو بووه وهێشتا يه‌کگرتووه.
جێبه‌جێکردنی خوێندن به‌م ديالێکته ڕه‌سمييه‌ی هه‌نووکه له هه‌رچوارپه‌ڕی کوردستان له (1970)وه و له دوای به‌يانی يازده‌ی ئازار، سه‌لماندی که ده‌توانێ ببێته زمانی هه‌موو زانسته‌کان له هه‌موو ناوچه کوردييه‌کاندا، تا وای لێهات به هۆى ئه‌و هه‌موو وشه و زاراوانه‌ی که له ديالێکته‌کانی ديکه‌وه هاتنه ناوی، وه‌کوو ديالێکت سه‌يری نه‌کرێ و به شێوه‌يه‌کی فراوان په‌ره‌ی سه‌ند.
ڕه‌حمه‌تی خوا له شه‌هيد سامی عه‌بدوڕه‌حمان بێت که يه‌کێک بوو له‌و پێشه‌وایانه‌ی هه‌ميشه جه‌ختیان له‌سه‌ر ( يه‌کێتیی ديالێکت ) و پارێزگاريکردن له ( يه‌کێتیی نووسين ) ده‌کرد، ئه‌م هه‌ڵوێسته نيشتمانی و عاقڵانه‌شى له کۆنگره‌ی يه‌کێتیی مامۆستايانی کوردستان له شه‌قڵاوه له سه‌ره‌تاى حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا ده‌رخست، ئه‌و کۆنگره‌يه‌ی تێیدا هه‌موو مامۆستا و په‌روه‌ردياره‌کان کۆک بوون له‌سه‌ر به‌کارهێنانی زمانی ئه‌ده‌بیی یه‌کگرتوو.
هه‌روه‌ک چۆن خوای مه‌زن ( دوو دڵی نه‌داوه‌ته هيچ که‌س ) به‌مجۆره‌يش نابێ دوو ديالێکتی يه‌ک زمان ببنه دوو زمانی ڕه‌سمی له يه‌ک ده‌وڵه‌ت و بۆيه‌ک ميلله‌ت، بێ ئه‌وه‌ی چه‌نده‌ها کێشه‌ی وای لێ بکه‌وێته‌وه که هه‌رگیز خزمه‌تی نه‌ته‌وه ناکات و که‌لێن ده‌خاته ناو ئه‌و خه‌باته‌ی دڵسۆزانی ميلله‌ت ده‌يانه‌وێ پێيه‌وه بگه‌نه لووتکه.. له‌وانه‌يه ئه‌م گوته‌يه‌ی به‌رێ به‌ره‌و نائومێديمان ببات، وه‌لێ ئه‌گه‌ر زوو په‌نجه له‌سه‌ر ده‌رده‌که دابنرێ و به ڕوونى نه‌خۆشه‌که تێبگه‌يه‌نرێ ـ هه‌روه‌ک خده‌ی ئه‌وروپييه‌کانه ـ زۆر چاکتره له‌وه‌ی پياو به هیوای چه‌ند ئامانجێکی خه‌ڵه‌تێنه‌ر بێ و ئه‌نجامه‌که‌ی بگاته مردن يان به‌ڵا و نه‌زۆکى، به تايبه‌تی کاره‌که زۆر پێوه‌نده به داهاتووی گه‌لێک که نايه‌وێ لێک دابپچڕێ. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌يه‌نێ که ديالێکته‌کانی ديکه فه‌رامۆش بکرێن، چونکه هه‌موويان له شوێنی خۆيان پيرۆز و به‌که‌ڵکن تا ئه‌و ڕۆژه‌ی به ئيمانداران ده‌گوترێ ( ادخلوا الجنة أنتم وأزواجکم تحبرون ـ بڕۆنه به‌هه‌شت له ئێوه و هاوسه‌رانتان خاس ڕاده‌برێت ! ).
خۆ هاوخوێنه‌کانمان له بادينانی هێژادا که له حه‌فتاکانه‌وه به زمانی ئه‌ده‌بيى يه‌کگرتوو ده‌نووسن، هيچ کۆسپێکيان نه‌هاتۆته به‌رده‌م له نووسين يان تێگه‌يشتن ياخود گفتوگۆکردندا، بگره چه‌نده‌ها نووسه‌ر و کاديريان لیهه‌ڵکه‌وتووه، ئه‌مه‌ش چاکترين نموونه‌ی سه‌رکه‌وتنی خوێندنه به‌م ديالێکته. خۆ ئه‌گه‌ر پيلانه‌که‌ی ڕژێمی له‌نێوچوو نه‌بايه له‌سه‌ر زمانی کوردی و له‌وێ قه‌ده‌غه نه‌کرابايه، ئه‌وا کورد له‌و بواره‌وه گه‌لێ هه‌نگاوی گرنگی ده‌هاوێشت وگه‌لێ نووسه‌ری مه‌زن په‌يدا ده‌بوون له وێنه‌ی مامۆستا سه‌ربه‌ست بامه‌ڕنی و شه‌هيد نافیع ئاکره‌يى و مامۆستا هيشام ئاکره‌يیى سه‌رپه‌رشتياری گشتيى ماڵپه‌ڕی ده‌نگی کوردستان، هه‌روه‌ک پێشتر و دواتر له ناوچه‌کانی دى گه‌لێ نووسه‌ری به توانا؛ زمانى کوردييان به به‌رهه‌مه‌کانيان ده‌وڵه‌مه‌ند کرد، بۆ نموونه مامۆستايان : مه‌لا جه‌ميلى ڕۆژبه‌يانى، مه‌لا عه‌بدولکه‌ريمى موده‌ڕيس، حه‌مه‌ی مه‌لا که‌ريم، فاتيحى مه‌لا که‌ريم، سه‌لاحه‌ددين محه‌مه‌د به‌هائه‌ددين، حه‌مه‌که‌ريم هه‌ورامی، شێخ محه‌مه‌ده‌مينى کاردۆخى، کاميل به‌سير، فه‌له‌که‌ددين کاکه‌يى، فه‌همى کاکه‌يى..
ئه‌گه‌ر خۆشه‌ويستانمان له کوردانى باکوور ( تورکيا ) هه‌ندێ گرانى له فێربوونى ديالێکتى خواروو ده‌بينن، ئه‌وه له‌به‌ر قورسيى نييه ـ ئه‌گه‌رچى ئه‌م جۆره بۆچوونانه له ڕووى په‌روه‌ردييه‌وه له جيهانی فیربوون و فێرکردن‌دا په‌سند نييه ـ به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌يه له ئه‌نجامی چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ژادی و بێبه‌شبوون ـ ديالێکته‌که‌ی خۆشيان باش نازانن و زۆربه‌یان تورکی خاستر ده‌زان.. بۆ نموونه ئه‌وه‌ی سه‌ردانی شاری دياربه‌کر بکا، هه‌ست به‌وه ناکات که له کۆنترين شاری کوردانه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تورکی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو لايه‌نه‌کانی ژياندا گرتووه و کوردی بووه‌ته زمانێکی بێگانه، به‌ڵکوو به‌پێی ياسا قه‌ده‌غه‌يه.!
له هه‌مان کاتدا بادينانيیه‌ک نابينی ـ بۆ نموونه ـ که به‌لای که‌می له ديالێکتی ڕه‌سمی نه‌گات، هه‌روه‌ها گه‌لێ له کوردانی باکوور ياخود ڕۆژئاوای کوردستان ( سووريا ) که له ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپييه‌کاندا ده‌ژين.. به ڕاده‌یێ له سه‌ردانه‌کانی خۆمدا بۆ که‌ناڵی ڕۆژ ـ تیڤیی که پێشتر ناوی ميديا و مه‌دی هێژا بووـ که‌سیکم نه‌دی تیی نه‌گات ياخود نه‌يزانێت.
سه‌يری هه‌موو سه‌يران له‌وه دايه که هه‌ندێک فێربوونی زمانی خۆیان لا قورسه و زمانی بێگانه‌یان لا سانايه..! من له‌و باوه‌ڕه‌دا نيم که فیربوونی زمانی کوردی له خوارووی کوردستان سه‌باره‌ت به منداڵێکی کوردی باکوور ياخود ڕۆژئاوای کوردستان قورس‌تر بێ له‌وه‌ی که منداڵێکی توونسی يان جه‌زائيری يان مه‌غريبی يان مۆريتانی ياخود به‌ده‌وی يان به‌ربه‌ری فیری زمانی عه‌ره‌بيی په‌تی بێت. بۆ نموونه، مناڵێکی بێگانه‌ی تازه‌هاتوو له سوێد به ماوه‌ی يه‌ک ساڵ فێرى زمانی سوێدی ده‌بێت، بگره ته‌رجومانييش بۆ دايه و بابه‌ی ده‌کا.
ناشبێ و نابێ، نه لۆجيکييه و نه له‌گينه ديالێکتێکی ديکه له شوێنی يان له ته‌ک ديالێکتی ڕه‌سمیدا دابنرێت ـ که نزيکی سه‌ده‌يه‌که ـ بووه‌ته ديالێکتی ڕه‌سمی و توانای هه‌يه شان به شانی کاروباره تازه‌کانی ژيان بڕوا، دوای ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ری ڕاهاتوونه و له‌خۆوه وه‌کو زمانێکی په‌تی ناسيويانه، به بيانووی ئه‌وه گوايا زمانی زۆربه‌ی کورد نييه.. خۆ زمانی که‌مينه‌ی کورديش نييه.! ئايا هه‌موو زمانه ڕه‌سمييه‌کانی جیهان زمانی زۆرينه بوونه.؟ ياخود له هه‌ندێ باردا زمانی هه‌ڵبژارده‌و نوخبه يان پاشايه‌کان ياخود زمانی قه‌ده‌ر بوونه.؟
سه‌رم سوڕ ده‌مێنێ له‌وانه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن ـ به فشه و گاڵته و ده‌مه‌ته‌قێ و بێ ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی کار بگه‌ن ـ به‌ده‌ستی خۆيان ماڵه‌کانيان بڕمێنن و به کۆکردنه‌وه‌ی ئيمزا هه‌ره‌س به مه‌زنترين کۆشکی زمانه‌وانیی کوردی بهێنن، هيچ گومانم له‌وه‌دا نييه ئه‌وانه به‌م کاره‌يان چه‌ند زمانێکی تازه په‌یدا ده‌که‌ن که ته‌نيا زمانی کوردی نه‌بێت.. ئه‌وه‌ی داوا ده‌کات ديالێکته‌که‌ی له ته‌ک زمانی کورديی ڕه‌سميدا ببێته زمانی نووسين، ئه‌وا پاش ماوه‌يه‌کی دی ده‌بیته زمانێکی سه‌ربه‌خۆ و دنيا هه‌ڵبستێ ناتوانێ به‌ربه‌ستی بکات، ياخود ئه‌و که‌سه وه‌کوو ئه‌وه‌ی لێدێ عه‌ره‌ب واته‌نی ( هه‌ردوو ڕۆيشتنه‌که‌ی لێ تێک بچێ ) يا کورد واته‌نی ( له هه‌ردوو دينان ده‌بێت ). ناچێته عه‌قڵه‌وه هۆشمه‌ندانی کورد به‌م ئاژاوه ديالێکتييه قايل بن يان به‌خته‌وه‌ر، هه‌روه‌ها ناچێته عه‌قڵه‌وه سه‌رکردايه‌تیی کوردستان حه‌زی له‌وه بێت کوردستان بکرێته بازاڕی ديالێکتان.
له‌و کاته‌ی له نووسينگه‌ی خۆمدا له سوێد خه‌ريکی نووسینی ئه‌م وشانه‌ی سه‌ره‌وه بووم و کاتی خۆرئاوا و فتارکردنه‌وه بوو و زگم قۆڕه‌ی ده‌هات، ئا له‌و کاته‌دا گوێم له نازم غه‌زالی بوو که له گۆرانیی ( خايف عليها ) دا ده‌يوت : ( الوجه مبعث روح والصدر مرمر ـ ڕووی سه‌رچاوه‌ی ڕۆحه و سنگی ده‌ڵێی مه‌ڕمه‌ڕه )؛ له‌و باره‌دا وام هه‌ست کرد که وه‌سفی شيعر و ئه‌ده‌ب و زمانی شاعيرانی کورد ده‌کات نه‌ک ده‌م و چاو و سنگی مه‌ڕمه‌ڕیی ياره‌که‌ی.. ئه‌و خه‌وشانه‌یش که له سه‌رڕووی زمانی کورديمانه، لای من ـ له‌و کاته‌دا ـ له سنووری (خاڵی سه‌رڕوو )ی ياره‌که‌ی نازم غه‌زالی تینه‌ده‌په‌ڕی.. ( فتبارک الله احسن الخالقين ).!
2006
|