په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٩\٢٠١٢

کورد و فەیسبووک و سیاسەت و ئیسلامییەکان.


شاخەوان برایم عەبدوڵا  


هەرچەندە لە مانشێتی ئەم نووسینەدا کورد وەک رەگەزێکی سەرەکی دەرکەوتووە، بەڵام من لێرەدا نامەوێت پێناسەی کورد بکەم، چونکە زۆری لەبارەوە گوتراوەو بەلای منیشەوە گرنگ نییە کورد لە رابردوودا چی بووەو لە کوێ‌ هاتووەو چیکردووەو چی نەکردووە، هەڵبەت ئەمەش بێ بایەخ کردنی مێژوو نییە، بەڵکو بەپێچەوانەی زۆرێک لە هاوپیشەکانی خۆمەوە من هەمیشە دەمەوێت کورد لەمەودوا بەجیاواز لە رابردوودا میێژووێک بۆ بۆخۆی بنیات بنێت کە لەگەڵا بارودۆخ و هەلومەرجی ژیاری و هاوچەرخدا بگونجێت و لە رۆژهەڵاتی ناوەراستیشدا نموونەی پێکەوەژیان و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی تاک و رێزگرتن بێت لە رای بەرانبەر و کێشە دروست نەکردن بۆ لایەنی بەرانبەر و دراوسێکانی.


هاوشان لەگەڵا پەرەسەندنی بواری تەکنەلۆژیادا بەتایبەتی هۆکارەکانی وەک ئینتەرنێت و مۆبایل و رۆژنامەگەری ئەلیکترۆنی و دواتریش ئاشنابوونی کۆمەڵگەی کوردستانی بە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و بەکارهێنانی وەک پێویستییەک و لاساییکردنەوەیەک، ئەمەش جۆرێک لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی تارادەیەک نێگەتیڤی لەگەڵا خۆیدا هێناوەتە ئاراوە، هەڵبەت لە پاڵا هۆکارە پۆزەتیڤییەکەیدا، راستە فەیسبووک بە جۆرێک لە میدیای کۆمەڵایەتی دادەنرێت و دەرگەی بەرووی زۆر کەسدا واڵا کردووە لەوەی ئەوەی لەناو دڵیدایە بێ هیچ سانسۆرێک و بەشێوەیەکی خێرا لەرێگەی ئەم تۆڕەوە بە هاورێکانی و دواتریش بە کەسانی تریشی بگەیەنێت، بەڵام لەگەڵا ئەو لایەنە باشەیدا جۆرێک لە خراپەی لەگەڵا خۆیدا هێناوەتە ئاراوەو وایکردووە هەرکەسەو لەلای خۆیەوە وەک سیاسییەک یان وەک رۆژنامەوان و نووسەرێک شیکردنەوە بۆ پرۆسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و حیزبی و دیموکراسییەت بکات و ئەمەش بەبێ‌ رەچاوکردنی بێلایەنی و شارەزایی لە بوارەکەدا، واتە ئێستاکە فەیسبووک هۆکارێکی یەکجار سەرەکییە لەنانەوەی هەستی دووبەرەکی و ئاژاوە لەناو چین و توێژ و لایەنگرانی حیزبەکاندا کە ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری نێگەتیڤی بەسەر تاکی کۆمەڵگەدا جێهێشتووەو ئەمە سەرەڕای دروستکردنی زمانێکی زبر لەناو تاکی کورددا کە بەلای منەوە ئەمە مەترسیدارترین قەیرانە لەرووی سایکۆلۆژییەوە دووچاری کۆمەڵگە بۆتەوە، ئاخر کەی رەوایە هەرکەسەو لەلای خۆیەوە قسەی قەبە قەبە لە بارەی سیاسەت و پرۆسەی دەوڵەتدارییەوە بکات، خۆ من دەیان و سەدان دەناسم یەک دێڕ ناتوانن بخوێننەوە کەچی خاوەنی فەیسبووکن و بەس وێنەی سوکایەتی بەو سیاسی و بەم سەرکردە بڵاو دەکەنەوە، ئاخر خەریکە سیاسەت لەم وڵاتەدا وەکو پرۆسەیەکی زۆر شەرمەزارانەی لێ بێت بەهۆی ئەوەی هەرکەسەو خزمی سیاسییەک یان درواوسێی سیاسیۆکەیەک بوو یان خاوەنی فەیسبووکێک بوو ئیدی بە ئارەزووی خۆی لەبارەی سیاسەت و ئەو حیزب و ئەم حیزبەوە قسە دەکات و بەدڵنیاییەوە هەستی سەدان کەس کە وەک ئەو بیر ناکەنەوە زوویر دەکەن و ئەمەش کاردانەوەی خراپی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.


ئیسلامییەکانی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک خەریکە ئەم تۆڕە لە تەکنەلۆژیاوە وەک مزگەوت و بارەگەی حیزبی لێ بکەن، رۆژانە دەیان و سەدان وێنەی درۆینەو قسەی بێ‌ مانا بڵاو دەکەنەوە، ئاخر ماوەیەکە ئیسلامییەکان لەرێگەی هەستی ئایینییەوە دەیانەوێت لایک لەسەر بابەت و پەیجەکانیان بکەن، لەوەی بە بەکارهێنەران دەڵێن (بۆ خوا ئەمە لایک بکە، خێرتان دەگات ئەم پەیجە بڵاو بکەنەوە، ئەمە ناوی پێغەمبەرە لەناو نەخشەی جیهاندا دیارە، چەند لایک بۆ ناوە جوانەکانی خودا) ئەمانە و دەیان شتی تریش کە بەراستی شوێنی ئەوانە فەیسبووک نییە، بەڵکو ئەو جۆرە بیرکردنەوانەیە فەیسبووکیشی لەبەرچاوی هەندێ‌ کەس ناشیرینکردووە، ئیسلامییەکان هەمیشە دەڵێن ئایینی ئیسلام لە مەترسیدایە، بەڵام ئەمە هیچ راست نییە، چونکە ئەوە ئیسلامییەکانن رۆژانە هێرشی نارەوا دەخەنە سەر دەیان نووسەر و کەسایەتی عەلمانی و پروپاگەندەی پێوەدەکەن.


دەکرێت بگوترێت کەوا کورد لەپاڵا ئەوەی سوودی باشی لە ئینتەرنێت بە گشتی و بەتایبەتی فەیسبووک وەرگرتووە، هاوکات بەشێکی زۆریش لەوانەی ناو فەیسبووک زیانی گەورەیان بە هەست و هەلومەرج و باری سایکۆلۆژی تاکی کورد گەیاندووە، هەروەها فەیسبووک خەریکە کۆمەڵگەی ئێمە لە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بکاتە کۆمەڵگەی سیاسییە نەزانەکان و ئیسلامییەکانیش خەریکە لە مزگەوتەوە بیگوازنەوە ناو فەیسبووکەوە.

 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک