په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١٠\٢٠١٧

کورد و تەڵەی داگیرکەران.

محەمەد بەرزی     


بە درێژایی مێژوو کورد ، نە بە خۆیدا چۆتەوە و نە سودیشی لە هەڵە وشکستەکانی رابوردوی وەرگرتووە ،بەردەوامیش لە لایەن داگیرکەرانەوە تەڵە و تەپکەی بۆ نراوەتەوە و بە ئاسانی تەفرە دراوە. بۆ نزیکەی شەست ساڵدەچێت سەرکردەکانمان بە هەموو عەقڵیانەوە ویستویانە نۆکەری بۆ داگیرکەرێک بکەن ، تا بتوانن بەسەر داگیرکەرێکی تردا سەربکەون ،بێ ئاگا لەوەی بە درێژایی مێژوو ئامانجی هەموو داگیرکەرەکان بەرامبەر بە نەتەوەکەمان یەک ئامانجی نەگۆڕ بووە.لە دوای ڕاپەڕینەوە بارزانی وەک خاوە و سەرانەیەک دەرگای تاڵانکردنی سامانیوڵاتەکەمانی بۆ تورکیا خستۆتە سەر گازی پشت .وا خۆی نیشانداوە ، کە هەر ئەو دەتوانی ئەو سودە زۆرانە بە تورکیا بگەیەنێت ، کار گەیشتۆتە رادەیەک سوپای تورکیا بۆ پشتگیری لە کورسییەکەی و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی بهێنێتە ناو هەرێمەوە . بەمەش بارزانی هاوکێشەکەی لیێ تێکچووە و تورکیای بـە پشت و پــەنای خــۆی زانیوە . بێگومان لەگەڵ تورکیادا باسی ئامانجی ڕاستەقینەی ریفراندۆمی کردووە ، کە سەربەخۆیی نەبووە . ئۆردوگانیش ، کە بە ڕاستی بۆ بەرژەوەندی وڵاتی خۆی کاردەکات ، پلانێکی بە وردی بۆ بارزانی داڕشتووە ، کە بریتی بووە لە دوو ئاڕاستە . ئاڕاستەیەکیان بە سەرزارەکی پشتیوانی خۆیان بۆ ریفراندۆمنیشانداوە ، بەڵگەش بۆ ئەمە لە سەرەتای بانگاشەی ریفراندۆمەکەدا و لە ناو جەرگەی تورکیادا و بە بەرچاوی ئۆردوگانەوە ، سەدان کەس بە ئاڵای کوردستانەوە پشتگیرییان لە ریفراندۆم کردووە ، بە بێ ئەوەی ڕێگرییان لیێ بکرێت . ئەمەش نیشانەیە ، کە تورکیا بە سەرزاری لەگەڵ بارزانی دا لەسەر ریفراندۆم پێکهاتووە و پەیمانی کۆمەک و پشتگیریی ماددی و سەربازیشی پێداوە ،هەر ئەم پەیمانە درۆیەش بووە وای لە بارزانی کردووە ، خۆی لیێ بگۆڕێت و گویێ لە دەنگی ناوەوە و دەرەو نەگرێت و سوربێ لە سەر ریفراندۆم . لە هەمان کاتدا تورکیا بۆ شاردنەوەی مەرامە ڕاستەقینەکەی خۆی و بۆ لە خشتەبردنی ئێران و عیراق سەرزەنشتی ئەو پڕۆسەیەی کردووە . بەڵام لە ڕاستیدا خواستە ڕاستەقینەکەی تورکیا تەڵە نانەوە بووە بۆ بارزانی و بەکارهێنانی دۆزی کورد بووە بۆ دەسکەوتی زیاتر لە عیراقدا .ئەوەتا کاتێک بارزانی تەفرە دەدات و دەیکات بە تەڵەوە و ڕێگای دەرچوون و پاشگەز بوونەوەی بۆ ناهێڵێتەوە ، ئنجا ڕووی ڕاستەقینەی خۆی دەردەخات و دەکەوێتە هێرش و سوکایەتی کردن بە بارزانی .. بێگومان ئامانجی پیلانەکەی تورکیا بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە:


١- دوورخستنەوەی کورد لە شاری کەرکوک ، کە بە شارێکی تورکمانی و بەشێکی تورکیای دەزانێت و لەباربردنی بیرۆکەی سەربەخۆیی ، کە مەترسییە بۆ سەر وڵاتەکەی خۆی و پچوککردنەوەی ڕۆڵی کورد لە عیراقدا و گۆڕینی ناوی هەرێمی کوردستان بۆ باکوری عیراقی جاران.
٢- فشار خستنە سەر عیراق تا ڕازی بێت بە هەموو گرێبەستەکانی نێوان خۆی و حکومەتی هەرێم ، بە تایبەتی گرێبەستە پەنجا ساڵییەکەی.
٣- رێکەوتن لەگەڵ عیراقدا بۆ هاوبەشیکردنی کۆمپانیاکانی تورکیا لە ئاوەدانکردنەوەی شاری موسڵ و ناوچەکانی تری عیراقدا.
٤- ڕۆیشتنی نەوت و غازی عیراق بە ناو خاکی تورکیادا و ڕێگا نەدان بە گۆڕینی ئاڕاستەی ئەو بۆرییانە.
٥- رێکەوتن بۆ هاوبەشیکردنی عەبادی لە بەرەنگاربوونەوەی هێزە قارەمانەکەی پەکەکەدا.
٦- داخستنی سنوری نێوان هەرێم و کوردستانی ڕۆژئاوا لە لایەن سوپای عیراقەوە.

 
ئەوەی شایانی باسە ئەمڕۆ تورکیا باسی سەروەت و سامانی بارزانی لە ناو بانکەکانی تورکیادا دەکات و ڕووناکی دەخاتە سەر نهێنییەکانیان ، لە مەشدا مەبەستی ئەوەیە ، کە بە ئاشکرا بە عیراق بڵێت : ئەگەر بەو خاڵانەی سەرەوە قایل بیت ، ئەوا ئەو ( ٧٥ ) ملیار دۆلارەی بارزانیتان بۆ دەگەڕێنینەوە و هەموو ڕێگایەکیش بە ڕووی خەونی سەربەخۆی کورددا دادەخەین و بارزانیشتان لە کۆڵدەکەینەوە . سەرباری ئەمانەش رێکەوتنی تورکیا و عیراق دەرگایەکی فراوانتر لە رووی بەرژەوەندییەکانی تورکیادا دەکاتەوە . چونکە لە جیاتی ئەوەی بازرگانی لەگەڵ هەرێمێکی پچکۆلەی پێنج ملیۆنیدا بکات ، ئەوا ئەو کاتە لەگەڵ(٣٥ ) ملیۆن خەڵکی هەموو عیراقدا دەکات و لەمەشدا بارزانی بە هەڵەدا چووە . ئەوەی جێگای داخە هەرچۆن تورکیا بارزانی تەفرەدا ، ئێرانیش توانی زۆر بە باشی فێڵ لە باڵی بنەماڵەی تالەبانی بکات و وایان لیێ بکات خەنجەرێکی ژەهراوی لە پشتی بارزانی بدەن و هەقی ٣١ ی ئابی لێ بکەنەوە و تووشی ئەو شکستە کوشندەیەی بکەن ، لە هەمان کاتیشدا بە تەواوی یەکێتیش بخاتە ژێر دەستی بنەماڵەی تالەبانییەوە. بەڵام بە داخەوە هەردوو لایان بەبێ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی میللەتەکەمان لە بەرچاوبگرن ، سوپای عیراقیان هێنایەوە بۆ سەرخاکی پیرۆزی نیشتمانەکەمان ، ئەمە سەرباری شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە و ماڵوێرانی هەزاران خێزانی بێ پشت و پەنای بێ دەرەتان و شکاندنی شکۆی پێشمەرگە و ڕۆژی کوردیشیان گەیاندە ئەم ڕۆژە ناخۆشەی ئەمڕۆ ، کە بە گران لەسەرمان دەکەوێتەوە.


هەڵبەت هەموو سەرکردەیەکی هوشیار ، سیاسەت بۆ بەرژەوەندی میللەت و وڵاتی خۆیدەکات ، بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ سەرکردەکانی کورد ، هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانیان تەنها بەرژەوەندی خۆیان بووە و بیریان لە دواڕۆژی ئەو میللەتە کڵۆلە نەکردۆتەوە .ئەوەندی حەزیان لە کلکایەتی داگیرکەران و دنیای دەرەوە بووە ، نیو ئەوەندە لە خەمی میللەتی خۆیاندا نـەبوون . بۆ (٢٧) ساڵ دەچێت نەیانتوانیوە پایەکانی دەوڵەت دابمەزرێنن و تواناکانی خۆیان یەکبخەن ، بە هەموو قسە و تەفرەیەکی دۆست و دوژمن باوەڕیانکردووە . ئەمەش نیشانەیە ، کە ئەم سەرکردانە لە هونەری سیاسەتیان نە زانیوە ، ئەوەتا لە کاتێکدا ئەمڕۆ بۆ یارمەتیدانی کورد باسی کۆمەکی جوولەکە دەکرێت ، هەموو بە جارێک باوەڕدەکەین ، بەڵام بە چاوی خۆمان بینیمان سوپای عیراق دەستی بە سەر زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستاندا گرت، نەمانبینی جولەکەیەک بە هانامانەوە بێت . ئەو جموجۆڵەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ، کە گوایە دەیەوێت روسیا و وڵاتانی ئەمەریکا و ئەوروپا قایل بکات ،تا بە هانای کوردەوە بێن ، خۆی لە خۆیدا تەنها بەکارهێنانی دۆزی کوردە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی وڵاتی ئیسرائیل . سەرۆک وەزیرانەکەیان زیرەکانە دەیەوێت بەو جموجۆلانە فشار بخاتە سەر ئیران ، تا وای لێبکات یارمەتییەکانی بۆ حیزبوڵڵای لبنان ڕابگرێت، بەمەش ئیسرائیل لە مەترسییەکانی ئەو حیزبە بپارێزێت . بەڵام بە داخەوە چونکە ئێمە لە سیاسەت نەگەیشتوون و دووربین نین ، ئەوەتا کوێرانە و سۆزەکی چەپڵە و دەهۆڵیان بۆ دەکوتین و ئاڵاکەیان بەرزدەکەینەوە و خۆشمان بە تەنها لە ناو کۆمەڵگایەکی ناتەبای بێ بژێوی و دواڕۆژێکی نادیاردا ، بە خەم و ئازاری شکستە یەک لە دوای یەکەکانمانەوە دەتلێینەوە.


٢٣\١٠\٢٠١٧
mkbarzy@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک