په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠١٨

كورسی بۆ فرۆشتن.


عەلی مەحمود محەمەد  


دەوڵەمەندەکان بەشی زۆریان لەو دیو پەردەوە کار دەکەن وەک لۆبی فشاری بەھێز, نایانەوێت راستەوخۆ دەربکەون, کەمایەتیکیشیان بەناوی گەلەوە حوکمە کەن یان رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕن, بۆ ئەوەی بەرژەوەندی خۆیان بسەپێنن و پارێزگاریش لە ھەبووەکانیان بکەن, تا دەزگا حکومیەکان لاواز بن, دەوڵەمەندەکان باشتر دەتوانن پارەکانیان بۆ ئاراستەکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکان بەکار بھێنن, بۆ ئەوەی بڕیارەکان لە بەرژەوەندیان دەربچێت, جیاوازییەکان لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا تەنھا سەروەت و سامان و داھات نییە, بگرە دەسەڵاتی سیاسیشە, تا دێت لە بەرز بونەوەدایە لە بەرژەوەندی قارونەکان, تا دێت لە رێگای پارەوە, بە بان پشتی پارەیا, بە پێپلیکانی سەروەت و ساماندا, دەوڵەمەندەکان دەچنە سەر بەرەو ترۆپکی دەسەڵاتداری و ھێزیان زیاتر دەبێت, ئەوان نەک حیزب و حکومەت دەکڕن بە پارەکانیان, بگرە دیموکراسیەتیشان لە زووەکەوە کڕیوە لە رێگای رۆڵی پارەکانیان لە ھەڵبژاردنەکانی وڵاتەکانیاندا, لە ئاراستەکردنی حیزب و رێکخراوەکاندا, خەریکە پەراوێزەکەش کۆتایی پێ دەھێنن بۆ گەل, مرۆڤ ناتوانێت ھاوکات خزمەت بە مرۆڤ و گیرفان بکات, بۆیە سەرجەم چونەتە بەرەی خزمەت بە پارەوە, ئەمڕۆ دەسەڵات لە خزمەتی گیرفانەکانیاندایە, باڵادەستی پارە بەسەر بڕیاری سیاسی و تەواوی جومگەکانی بڕیارداندا رێگرە لە بەردەم ھەموو دەستپێشخەریەکی پێشکەوتنخوازانەدا, ھەموو ئەو بڕیار و ھەنگاوانەی لە خزمەتی مرۆڤ و لە ئەنجامی قشاری ھێزی ھەژارانەوە لە دەیەکانی رابردوو بەدەست ھاتن, ھێزی ئەمرۆی پارە لە گۆڕی دەنێتەوە, گیرفان سەرکەوت بەسەر مرۆڤایەتی لەمڕۆدا.

لە ماوەی رابردوودا ٢٠٠ کۆنگرێسمانی پارتی دیموکرات لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سکاڵایان کرد, لەوەی ترامپ پۆستەکەی بۆ قازانجی شەخسی بەکار دەھێنێت, وەبەرھێنە چینیەکان لە میوانخانەی فۆرسیزۆنزی ھۆنگ کۆنگ کۆبونەوە, بۆ ئەوەی بە نیو ملیۆن دۆلار بەشداری بکەن لە پرۆژەی دروستکردنی دوو باڵاخانە لە ھەرێمی نیوجێرسی کە خاوەندارێتی بنەماڵەی جارید کۆشنەری زاوای ترامپە, تاکو مافی مانەوە لە ئەمەریکا بە دەست بھێنن, دەبینین چۆن دەسەڵاتی سیاساسی لە پێناو کۆکردنەوەی پارە بەکار دەھێنرێت, تەنانەت پێشێلی یاساکانی خۆشیان دەکەن, لەولاوە ھندۆراسی و (DACA) ەکان کە بە حالمین ناسراون بە کۆمەڵ دەردەکرێن یان بێبەش دەکرێن لە ئیمتیازاتەکانیان, تەنانەت ئەوانەی لە منداڵییەوە لە ئەمەریکان, لە بەرامبەردا لە خزمەت بنەماڵە مافی مانەوە دەبەخشرێت بەوانەی بەرتیل دەدەن, لەمەش خراپتر لە زەواجی دەسەڵات و پارە راوێژکاری ترامپ کیلیان کونوای ریکلامی بۆ بەرھەمی جل و بەرگی ئیفانکا ترامپ کرد لە تەلەفزیۆن, دەبینین راوێژکاری سیاسی رۆڵی نمایشی جلوبەرگی کچی خاوەند شکۆ دەگێڕێت, چۆن لە بەرژەوەندی بنەماڵە شکۆی پلو پۆستەکانیان دەھێننە خوارەوە, والتەر شوب بەڕێوەبەری بیرۆی رەوشتی حکومەتی ئەمەریکی لە ١٩ی تەموزی ٢٠١٧ دەستی لەکار کێشایەوە وەک ناڕەزایەتیەک لە ھەمبەر ترامپ کە بەرژەوەندی کەسی و حکومەتی تێکەڵ کردووە, پێشتر ئۆباما سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا جاین ھارتلی کردە سەفیری وڵاتەکەی لە فەرەنسا وەک پاداشتێک کە خۆی و پیاوەکەی نیوملیۆن دۆلار کۆمەکیان بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکەی کۆکردبوەوە, ھیچ ناڕونیەک نەماوە لەوەی دەسەڵاتی سیاسی نوێنەرایەتی تەواوی کۆمپانیا گەورەکان دەکەن لە ئەمەریکا, یاسای کەمکردنەەی باج لەو روانگەیەوەیە, کەمکردنەەی باج کە ترامپ دەریکرد لە بەرژەوەندی ١٪ی کۆمەڵگایە, پاداشت بوو درا پێیان لەبەرامبەر ئەو ھەموو پیتاکەی بەخشیان بە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ترامپ, کەمکردنەوەی باج بەشیان لە کۆی داھات لە ٢٢٪ەوە بەرز دەکاتەوە بۆ ٢٣٪ , وە ٠,٠١٪ی کۆمەڵگاش کە دەوڵەمەندە زەبلاحەکانن بەشیان لە داھات لە ٥,١٪ەوە بۆ ٥,٥٪ بەرز دەکاتەوە, ھەر بەم ھۆیەشەوەیە ٤٤٪ی ھاووڵاتیان پێیان وایە گەندەڵی لە کۆشی سپیدایە, ٨٪ زیاتر لە ئەنجومەنی پیران, واتا ٣٦٪ی ھاوڵاتیان پێیان وایە ئەنجومەنی پیران گەندەڵەو بڕیارەکانی لە خزمەت ۆڵ ستریتە, ئەمەو بە پێی راپرسی دەزگای بێوی ئەمەریکی کە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامدراوە ٨٠٪ی ھاووڵاتیان متمانەیان بە حکومەتی فیدراڵی نییە, ھەر ئەمەشە وا دەکات دەسەڵاتە سیاسییەکان لە ٢٠ وڵاتە بەھێزەکەی جیھان بەرەو ناسەقامگیری بچێت, ماوەی دەسەڵاتی سەرۆک لەم وڵاتانە لە ٦ ساڵی ١٩٤٦ ەوە دابەزێت بۆ ٣,٧ساڵ لە ئێستادا" التغلب علی قێر النڤر الدیمقراگی-Dambisa Moyo " .

پەرلەمانەکان کە بەرھەمی ھەڵبژاردنە ناھاوسەنگەکانن, لۆبی فشار بوونی ھەیە, بۆ داکۆکی لە بەرژەوەندییە ئابورییەکان, پاراستنی بەرژەوەندی ئەوانەی بەخششە زۆرو زەبەنەکانیان پێشکەش کردووە بە ئاشکرا یان لە تاریکیدا, ئەمەش وای کردووە شەفافیەت لە داھاتی پەرلەمانتاراندا نەبێت, زۆر لە پەرلەمانتاران بە وشە ئاگراویەکانیان شەڕی کۆمپانیاکان بە وەکالەت لەناو ھۆڵی پەرلەمان و بەناوی نوێنەرایەتی گەلەوە بکەن, بەرگی گەل بە شەڕی کۆمپانیاکانەوە بنێن, لە ھەندێک وڵات پەرلەمانتار بە ئاشکرا ئەم بەرگە لەبەر دەکات, لە سویسرا بە پێی یاسا, پەرلەمانتار بۆی ھەیە لە پاڵ کاری سیاسی کارێکی دیکەش بکات, بەمەش دەبێتە بەشێک لە بەرژەوەندی ئابووری و نوێنەرایەتی کۆمپانیاکان یان لە ئەنجومەنی کارگێڕی یاخود بەڵێندەری کار دەکات راستەوخۆ, پارێزەری بۆ ئەو بڕیارانە دەکات لە خزمەتی کۆمپانیاکاندایە, لە وڵاتانی دی لە رێگای ناڕاستەوخۆوە کارەکان دەکات, کەم نین ئەو پەرلەمانتار و سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار و راوێژکارو وەزیرو پلە باڵایانەی دوای خانەنشینیان لە کۆمپانیاکان پۆستی گەورەو گران بەھا وەردەگرن. سویسرا یەکێکە لەو وڵاتانەی شەفافیەتی لە پارە دان بە پارتی سیاسی و ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی تێددا نییە, بۆیە کەوتۆتە بەر رەخنەی نێو دەوڵەتی, ھێزەکانی ناو پەرلەمان بە تایبەتیش راستگەراکان چاکسازی لەم بارەیەوە رەت دە کەنەوە, پەرلەمانتاری وەک پیشەی سەربازی وایە لە سویسرا, لە بەرامبەریدا موچەی نییە, بۆیە سەرپشک کراون لە دۆزینەوەی کاری ئاشکرا, زۆربەی زۆری کارەکانیشیان بەتایبەت پارتە راستگەراکان شوێن گرتنە لە بڕیاردان لە کۆمپانیاکان, بەمەش پیشەکەیان لە نوێنەرایەتی گەلەوە راستەوخۆ بێ رتوش بۆتە نوێنەرایەتی کۆمپانیاکان.

لە سەدەی ھەژدە ئادەم سمیس ( ٥ یونیو ١٧٢٣ - ١٧ یولیو ١٧٩٠) وتویەتی (( ئەوانەی کە خاوەند کۆمەڵگان و سیاسەتەکانی دروست دەکەن, بازرگانان و پیشەسازکارانن)), کەواتە ھەر خۆشیان دەستوری بۆ دادەڕێژن و دەسەڵات لە خزمەت خۆیان بەکار دەھێننەوە, بۆ ئەم سەردەمە دەتوانین ئاوا رێکی بخەینەوە " ئەوانەی خاوەند دەوڵەتن و سیاسەتەکانی دادەڕێژن سەرمایەدارانن" ھەرچی بیرمەندی سیاسی ئەمەریکی رۆبەرت دالیشە گومانی ھەیە لە چوارچێوەی ئابووری بازاڕی ئازاددا یەکسانی ئابووری لە نێوان تاکەکان بەدی بێت, کە زۆرێک پێیان وایە تاکە رێگایە بۆ گەیشتن بە دیموکراسیەت, ناوبراو پێی وایە سەرمایەداری چۆن ناتوانێت یەکسانی ئابووری دابین بکات, بەھەمان شێوە ناتوانێت یەکسانی سیاسی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا دابین بکات.

ھەندێکیش پێیان وایە ئۆلیگارشیەکان لە بڕی حکومەتی دیموکراتی حکومەتی بلۆتۆقراتی لە بەرژەوەندی خۆیان دادەمەزرێنن, ھەمیشە سەرمایەداری و پارێزەرانی ئەو سستەمە ئابووری - سیاسییە لایەنگیری لەو چینە دەکەن کە نوێنەرایەتی دەکەن ئەویش چینی سەرمایەدارە, ئەوەش راستە دەوڵەت ئامرازێکە بەدەست چینێکەوە بۆ سەرکوتی چینێکی دیکە, قەت دەوڵەت لەسەروی چینەکانەوە نیە و نابێتە دەوڵەتی ھەمووان, ئادەم سمیس و دواتر لینینیش تەئکیدیان کردۆتەوە دەوڵەت چینایەتییە, بەڵکە دەوڵەت لە جەرگەی شەڕی چینەکانەو ئامرازێکی کاریگەری ململانێی چینایەتیە بۆ سەرکوتکردنی چینە نەیارەکانی.

لەبەر ئەوەی ھاووڵاتیان یەکسان نین لە روی ئابوورییەوە لە کۆمەڵگای چینایەتی سەرمایەداریدا , بۆیە لە روی سیاسیشەوە تاکەکانی کۆمەڵگا یەکسان نابن, ھەلی یەکسانیان بۆ فەراھەم ناکرێت, ئەم نا یەکسانیەش لە ھەڵبژاردنەکاندا بە زەقی چڕ دەبێتەوە لە بەرژەوەندی کەمایەتیەک کە ئێستا بە ١٪ی کۆمەڵگا لە چەمکە سیاسییەکان ئاماژەیان پێدەدرێت و ناوزەد دەکرێت, چینە باڵاکان بۆ ئەوەی رەوایەتی بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن کە نوێنەری زۆربەن, لە رێگای ھەڵبژاردنەوە دەسەڵاتی خۆیان دەسەپێنن بەناوی دیموکراسیەت و حوکمی گەلەوە, لە رێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە ٩٩٪ی کۆمەڵگا دەکەنە خزمەتکاری ١٪ی کۆمەڵگا.

پرۆسەی ھەڵبژاردن لە زۆر وڵات لە نێوان دوو توێژی یەک چینی کۆمەڵایەتی دەساودەست دەکات, ئەو چینەی پارەی ھەیە, پارە ھەموو پرۆسەی ھەڵبژاردن دەکاتە ژێر رکێف و باڵی خۆیەوە .دەوڵەمەندەکان پارەیان زۆرە بەھۆی بەخششەکانیانەوە ویستی خۆیان بەسەر کاندیدەکان دەسەپێنن, یان ئەوەتا راستەوخۆ دێنە مەیدان وەک ترامپ, زانای سیاسەت مارتن جیلنز لە زانکۆی برینستۆن و بنیامین بیجج لە زانکۆی نۆرس وینسترن پێیان وایە دیموکراسەتی ئەمەریکی لە پێناو ١٪ی ھەرە دەوڵەمەندەکانی کۆمەڵگا کاردەکات, لەبەر ئەوەی سەرمایەداری ئەمەریکی ئەوە دەکات, سەرمایەداری ئەمەریکی لە پێناو ١٪ی کۆمەڵگا کار دەکات, لەبەر ئەوەی دیموکراتی ئەمەریکی ئەوەی پەسەندە "عدم المساواە فی ڕمیرکا-تاریخ النشر: الجمعە ١٦ دیسمبر ٢٠١٦ -مات ڕوبراین: محرر الشۆون الاقتێادیە فی مدونە «وونکبلوج» ".

ھەڵبژاردنەکانی ئەمەریکای ساڵی ٢٠١٢ بڕی ٦ ملیار دۆلاری تێچوو, ١٣٪ زیاتر لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٨ ی ئەمەریکا, تەنھا ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بڕی ٢,٦ ملیار تێچوی بووە, کە ساڵی ٢٠٠٨ بڕی ٢,٨ ملیار تێچووی بوو, ھەڵبژاردنی ھیندستان لە دوای ئەمەریکا دووەم تێچووی ھەیە لە جیھاندا, بەھۆی شەڕی کارتلەکان بۆ بەدەستھێنانی کورسی, تێچوی نزیک ٥ ملیار دۆلار بوو, ٣ جار زیاتر لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ ی ھەمان وڵات, کەچی دوا ھەڵبژاردنی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٦ , ٧ ملیاردۆلاری تێچوو کە تیایدا ترەمپ بوو بە سەرۆک کۆمار. ئەم پارەیەش لای کرێکارێک یان گیرفان بەتاڵێک دەست ناکەوێت کە کاتژمێرێک بە ٧,٥٠ دۆلار کار دەکات, یان لە ھیندستان بە چەند سەنتێک رۆژانە زیاتر لە ١٠ کاتژمێر لەسەر کارە, بۆ گەڕان بە دوای ئەو ژمارەیە دەبێت بە دوای ناوەکانیان لە لیستی فۆربێسدا بگەڕێین, بۆ ئەوەی ئەوان لەسەر کاندیدەکانی خۆیان رێک بکەون تا بۆ ٤ ساڵ بەرژەوەندیەکانیان لە ھۆڵی پەرلەمان و لە ژێر چەتری شەرعیەتی گەل بپارێزێت, بە بەرز بوونەوەی تێووەکانی ھەڵبژاردن زیاتر پرۆسەکە دەبێتە دیلی سەرمایەداران, لەم نێوەشدا رۆڵی ئەوانە زیاترە بێت وەبەرھێنیان لە کەرتی راگەیاندن کردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا تیۆدۆر رۆزفڵد لە ساڵی ١٩٠٧ داوای کرد بودجە بۆ ھەڵبژاردن لە لایەن حکومەتەوە دیاری بکرێت بۆ ھەڵبژاردنەکان تا لەم پارە زۆر کۆکردنەوەیە ببینەوە, ھاوکات رۆزفۆڵت داوای کرد بەخششی کۆمپانیاکان قەدەغە بکرێت"الانتخابات وترشید التمویل-تاریخ النشر: الپلاپا‌و ٣١ مارس ٢٠١٥". ئەمەریکا نەک دوای ١١١ ساڵ ویستی رۆزفێڵدی جێبەجێ نەکرد, بگرە دادگای باڵای ئەمەریکی ساڵی ٢٠١٠ بڕیاری ھاووڵاتیان یەکگرتوون لانی زۆری بەخششی ھەڵگرت و بێسنوری کرد لە بەردەم ملیاردێرەکان بۆ ئەوەی ئازادانە دەستبخەنە ناو ھەڵبژاردنەکان, ئەمەش لە خزمەت دوبراکەی کۆکش بوو" david-h-koch , charles-d-koch ", ٤٠٠ ملیۆن دۆلاریان بەخشش دا بۆ ئەوەی ئۆباما دەرنەچێتەوە لە ساڵی ٢٠١٢, برایانی کۆکش بڕیاریان داوە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو ١ ملیار دۆلار خەرج بکەن .

٢٢ پەرلەمانتاری پارتی کۆماری داوایان کرد ئەمەریکا لە پەیماننامەی پاریس ی ژینگە بکشێنەوە,کە ھەموویان بەخششیان بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لە پیشەسازی نەوت و غازەوە وەرگرتبوو, بە تایبەتیش لە براکانی کوکشەوە, یاخود ناڕاستەوخۆ لە رێکخراوە سێبەرەکانیانەوە, لە ھەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمەریکا ٨٨٪ی بەخششەکانی پیشەسازی نەوت و گاز بۆ کۆمارییەکان رۆیشت, پارتی کۆماری پارتێکی ئاینی و یانەی گەورە دەوڵەمەندو ملیاردێرەکانە, بەھۆی کۆمەکی دەوڵەمەندەکانەوە لە کامپینی ھەڵبژاردنی ترەمپ حکومەتی ترامپ دەوڵەمەندترین کابینەیە لە مێژودا, ترامپ رایگەیاند بۆ پۆستە ئابورییەکان کەسی دەوڵەمەندم دەوێت.

برایانی کوک کە خاوەند ١٠٠ ملیار سەرمایەن, کە ئێستا دابەزیوە بەھۆی دابەزینی پشکی کۆمپانیاکانیانەوە, دەیان ساڵە کار بۆ ئەوە دەکەن دەست بەسەر سستەمی سیاسی ئەمەریکادا بگرن بە ھاوکاری خاوەند کۆمپانیا راستگەراکان "الدیمقراگیە المعگلە فی ڕمیرکا- Jeffrey D. Sachs ". تەنانەت ھەڵوەشاندنەوەی ئۆباما کیر لەسەر خواستی برایانی کوک و بەخششەکەرەکانی کۆمارییەکانە "الێمود ڕمام انھیار ڕمریکا السیاسی- Jeffrey D. Sachs".

ترامپ کاتی خۆی بەخششی جیمی کارتەر و ریگانی ھاوکات دەکرد, لای ئەو کێ بیباتەوە تا لە گەڵی رێکبکەوێت, ٦ جار بەخششی ھەڵمەتی ھیلاری کانتۆنی کردووە لە رابردوودا, کەچی بووە رکابەری ,ئێستا پێش ١٢٠٠ رۆژ بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی خولی داھاتوو, ترامپ دەستیکرد بە پیتاک کۆکردنەوە, راچێتەی نان خوادنی ئێوارە لە میوانخانەی ترامپ گەیشتە ٣٥ ھەزار دۆلار, ئەوشی ١٠٠ھەزار دۆلار پیتاک بدات دەبێتە بەخشەری شایستە. ئایا کۆمپانیاکان کۆمەڵەی خێرخوازین تا بەخشش بکەن و قازانج نەکەن و بەری بەخششەکانیان نەدورنەوە, کاریگەری کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکان چییە لەسەر پرۆسەی سیاسی؟؟ , دوای ئەوەی وردە وردە خەرجی ھەڵبژاردن دەچێتە سەر,تسۆنامی پارە کاندیدە گیرفان بەتاڵەکان رادەماڵێت و پەرلەمان دەبێتە جێگای کۆبونەوەی ملیاردێرەکان.

لە ھەمبەر ئەم دیاردەیەدا, بیرنی ساندەرز کاندیدی چەپگەرای خولی رابردووی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پێی وایە ھەڵبژاردن لە ئەمەریکا گەندەڵە بۆیە پێویستە ئەرکی یەکەم چاکسازی بێت لە سستەمی ھەڵبژاردنی ئەمەریکا, ساندەرز لە ٧٧٠ ھەزار بەخششەر ٢٥ ملیۆن دۆلاری کۆمەکی کۆکردەوە و بۆ پشتیوانی لە کەمپینی ھەڵبژاردنەکەی, ئەو ھانای بۆ بەخششەرە بچوکەکان برد لە بڕی وڵ ستریت, وەلی ھیلاری کلنتۆنی رکابەری پشتی بە گەورە ملیاردێرەکانی وەک جۆرج سیرۆس و وارین یافت بەست لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکەی,بە بڕوای بیرنی ساندەرزی سۆسیالستخواز بڕینی دەستی ملیاردێرەکان بە دیاریکردنی لانی زۆری بەخششەکان و قەدەغەکردنی بەخشش لە لایەن کۆمپانیاکان و دەستخستنە ناو کاروباری سیاسییەوە دەبێت لە لایەن ۆڵستریتەوە, بۆیە بیرنی ساندەرز ئەم چاکسازیانەی بە ئەرکی ھەنوکەیی زانی بۆ رزگار کرنی سستەمی سیاسی لە گەندەڵی جەماعەتی ۆڵستریت, لای خۆشییەوە ھیلاری کلینتۆن کاندیدی پێشووی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت: ئیتر کاتی ئەوەیە سیستمی ھەڵبژاردنی وڵاتەکەی بگۆڕدرێت.

زۆرجار دەبینین ھەڵبژاردنەکان بە تایبەتی لە وڵاتانی دواکەوتوو دەبێتە ململانێی نێوان جەمسەرە ئابوریەکان و جەمسەرە جیھانیەکان, بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکان زیاتر دیموکراتی لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان و زۆربە بێت, پێویستە دەستی وڵاتان و کۆمپانیاکان و دەوڵەمەندان لە رێگای یاساو بڕیارەوە کورت بکرێتەوە, ناڵێین کۆتایی پێ بھێنرێت چونکە لە چوارچێوەی سستەمی سیاسی ئابووری سەرمایەداریدا ئەمە محاڵە. تا ژینگەی ھەڵبژاردن دادپەروەر و ئازاد بێت, شەرعیەتی نوێنەرایەتی لە بان تر دەبێت,پارەدانی دادپەروەرانەی ھەڵبژاردن و ئاشکراکاری پێوەرە بۆ بوونی دادپەروەری زیاتر لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکە, بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵێک رێکار پێویستە بگرترێتە بەر, لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەیان پێ دەدەم:

-دیاریکردنی لانی زۆری خەرجی لە پرۆسەی ھەڵبژاردن ھەنگاوێکە بۆ بەرتەسکردنەوەی جیاوازییەکان, چونکە مەرج نییە ھەموو لایەنەکان توانای خەرجکردنی لانی زۆرەکەیان ھەبێت کە دیاریکراوە. لە زۆر وڵات بڕی پارەی دیاریکراو بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردن و سەرچاوەکانیشی بە یاسا رێکخراوەو لە لایەن دەزگا دیاریکراوەوە کۆنترۆڵ دەکرێت, لێرەدا چەند نموونەیەک دەھێنمەوە: لە بەنگەلادیش حکومەت بەخششی حیزبەکان ناکات, بەڵام حیزبی سیاسی مافی ئەوەی ھەیە کۆمپانیای ھەبێت و کاندید بۆی ھەیە لانی زۆر ٥٠٠ ھەزار تاک خەرج بکات, کە ھەر ٧٧,٥تاک دۆلارێکە. لە خولی پێشوی ھەڵبژاردندا, حکومەتی میسری لانی زۆری خەرجیەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنی کاندیدانی سەرۆک کۆماری لە خولی یەکەمی ھەڵبژاردندا لە ١٠ ملیۆن جونەیەوە زیاد کرد بۆ ٢٠ ملیۆن جونەیە, لە خولی دووەمی ھەڵبژاردنەکانیش لە ٢ ملیۆن جونەیەوە زیاد کرا بۆ ٥ ملیۆن جونەیە کە ھەر ١٧,٦٧ جونەیە دۆلارێکە, ئەم بڕیارەش لە بەرژەوەندی دەوڵەمەندان دەرکرا, وەلێ سنوورەکەی دیاریکراوە, لە جەزائیرش ٦٠٠ ھەزار دۆلار لانی زۆری خەرجی کاندیدی سەرەک کۆمارە, بە خولی دووەمەوە ٨٠٠ ھەزار دۆلارە,کە جەزائیر ١٣ جار دانیشتوانی زیاترە لە ھەرێمی کوردستان و خاکەکەشی زیاترە ٥٠ جار ھێندەی روپێوی کوردستانە بۆ ئەمسەرو ئەوسەر کردنی کاندیدان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و ھەڵمەتی ھەڵبژاردن. لە کۆماری ئیکوادۆریش بۆ ھەڵبژاردنی ٥٦٥١ سەرۆکی شارەوانی و ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی و پارێزگار و ... تەنھا ١٩ ملیۆن دۆلار لە لایەن حکومەتەوە تەرخانکرا, لەو بڕە پارەیە زیاتر نابێت پارەی دیکە ھەرچیەک سەرچاوەکەی بێت, بچێتە ناو پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە. لە وڵاتی بۆتسوانای ئەفریقیا کاندید بۆی ھەیە تا سنوری ٧٠٠٠ دۆلار خەرج بکات, لە وڵاتی بەنینیش ھەر لە کیشوەری ھەژاران کاندیدی پەرلەمان بۆی ھەیە تا ٣ ملیۆن فرەنکی ئەفریقی و کاندیدی سەرۆک کۆماری تا ١٥٠ ملیۆن فرەنکی ئەفریقی دوا سنوری خەرجکردنیەتی لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن, کە ھەر یەک فرەنک ٢,٤٥٠ دیناری عێراقییە. لە فەرەنسا کاندیدەکانی سەرۆکایەتی کۆمار لە خولی یەکەم بۆیان ھەیە تا ١٣,٧ ملیۆن ئیرۆ خەرج بکەن, لە خولی دووەم ١٨,٣ ملیۆن ئیرۆ , ھەر کاندیدێک ٥٪ی دەنگەکانی ھێنایەوە ئەوا نیوەی خەرجیەکانی بۆ دەگەڕێننەوە.لە نیوزلەندا رێگا دراوە ھەر پارتێکی سیاسی تا ١,١١٥,٠٠٠ دۆلار بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٧ خەرج بکات, کاندیدەکانیش دەتوانن ٢٦,٢٠٠ دۆلار خەرج بکەن, لە ئیتاڵیاش ھیچ کاندیدێک بۆی نییە لە ٥٢٠٠٠ ئیرۆ زیاتر خەرج بکات.

- دیاریکردنی لانی زۆری بەخشش لاینێکی دیکەیە بۆ کورتکردنەوەی دەستی سەرمایەداران لە ھەڵبژاردندا, رێگا دەگرێت لەوەی کاندید و پارتەکان خۆیان بە سەرمایەداران بفرۆشن و وەک پشکەکان لە ۆڵ ستریت مامەڵەیان پێوە بکرێت, بۆ ئەم مەبەستە چەندین رێگا گرتراوەتە بەر یەکیان دیاریکردنی لانی زۆری بەخششەکانە, لێرەدا چەند نموونەیەک دەخەمە روو: لە ٣٩ولایەتی ئەمەریکا ئاستێک دیاریکراوە بۆ پیتاکی تاک, لە فەرەنسا ھاووڵاتیان دەتوانن تا ٥٤٧٤ ئیرۆ بەخشش بدەن بە کاندیدەکان, ھەر بڕە کۆمەکێک لە ١٥٢,٥ ئیرۆ زیاتر بێت دەبێت لە رێگای چەکی بانکەوە وەربگرترێت, ھەموو پارەیەکی ھاتو و دەرچوو دەبێت لە رێگای ژمارە بانکییەوە بێت,لە کەنەدا بەخشش نابێت لە ١٥٧٥ دۆلار زیاتر بێت, لە ئیتاڵیا ھەر بەخششێک لە ٥٠٠٠٠ ئیرۆ ز یاتر بێت دەبێت ئاشکرا بکرێت, لە کوەیت پێویستە کاندید ھەژماری بانکی بەناوی ژمارەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بکاتەوە, ھیچ بەخششێک زیاتر لە ٢٠٠٠ دینار بێ شیک وەرنەگرترێت.

- لایەنێکی دیکە کۆمەکی کۆمپانیاکە بە پارت و ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنەکەی,لە زۆر وڵات کۆمپانیاکان بۆیان نییە پیتاک بدەن بە پارتەکان یان ھەڵمەتی ھەڵبژاردن, یان ھەندێک پارتی سیاسی خۆیان وەرگرتنی پیتاکی کۆمپانیاکانیان لە خۆیان حەرام کردووە وەک پارتی کۆمۆنیستی ژاپۆنی و پارتی مارکسی شیوعی ھیندی, لە کەنەدا یاساغە دەزگاو یەکێتی بازرگانیەکان بەخشش بە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بکەن, لە ئەمەریکا ٢٢ ھەرێم یاساغی کردووە کۆمپانیاکان بەشداری لە بەخشش بکەن, پارتی ئەحرار لە ئوسترالیا ٣,٣ ملیۆن دۆلار سزا درا بەھۆی ئەو بەخششەی بۆ ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١١ وەریان گرت لە نیو ساوس وێڵزی ئوسترالیا, کە دەزگای فری ئێنتربرئایزیان بەکار ھێنا بۆ شاردنەوەی کۆمەکی کۆمپانیای زەبلاحی خانوبەرە کە یاساغە بەخششی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بکات, لە فەرەنسا ھەموو کۆمەکێکی کۆمپانیان قەدەغەیە, حیزبی شیوعی ھیندی داوای تەمویلی ھەڵبژاردنی پاکژ دەکات, پێی وایە ململانێی ھەڵبژاردن خەریکە ببێتە پرۆژەیەکی بازرگانی, کە تەنھا دەوڵەمەندەکان دەتوانن بەشداری تێدا بکەن, پێویستە بەخششی کۆمپانیاکان قەدەغە بکرێت, چونکە دوای چۆنیان بوێت ئاوا ئاراستەی سستەمی سیاسی دەکەن.لە زۆر وڵات پارتە چەپەکان بەخشش لە کۆمپانیاکان وەرناگرن. ھەموو ئەمانەش بۆ رێگا گرتنە لەوەی سستەمی سیاسی لە وڵاتان وەک ئەلبانیای لێبێت , کە بۆتە دیلی قاچاخچییەکانی مادە ھۆشبەرەکان, چونکە لەو وڵاتە دەوڵەتی مادە ھۆشبەرەکان پارەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ئەلبانیا دابین دەکات, دوای ھەڵبژاردن کەس توخنی دەوڵەتی مادە ھۆشبەرەکان ناکەوێت و درێژە بەکارەکانیان دەدەن, ھەرچەندە لە بانگەشەکاندا ریشەکێشکردنیان دروشمی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە بۆ سەرجەم پارت و لایەنەکان.

- بەخششی وڵاتانی بێگانە بۆ پارت و ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن یەکێکە لە قەدەغە کراوەکانی زۆربەی وڵاتان, ئەگەر بۆ ئەوان مەترسی بێت ئەوا بۆ کوردستان لە لایەن وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە سەدان مەترسییە لە یەک کاتدا, ئەوان لە رێگای پیتاک و ھاوکارییەوە دەیانەوێت نوێنەران و لایەنگرانی خۆیان بەھێز بکەن, سەیر کەن یاسای ئەمەریکی یاساغی کردووە کاندیدانی پلە گشتییەکان کۆمەک لە لایەن و کەسی بیانی وەربگرن, بێگانەکە تەنانەت دانیشتووی ئەمەریکاش بێت و مافی مانەوەیان ھەبێت, ئەوانەی ناسنامەی ئەمەریکیان نییە ناتوانن بەخشش بکەن بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی سەرتاسەری و ھەرێمی, ٩ دادوەری باڵای وڵات مافی بەخششی بۆ دو کرێکاری بێگانە کەمافی مانەوەی کاتیان ھەبوو رەتکردەوە. سارکۆزی بە تۆمەتی وەرگرتنی بەخشش بۆ ھەڵبژاردن لە لیبیا لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٢ دۆڕاو ئەگەری ھەیە ١٠ ساڵیش بچێتە زیندانەوە, لە کەنەدا بیانییەکان یاساغە بەخشش بکەن بە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و پارتە سیاسیەکان, یاسای تەمویلی پارتە سیاسییەکانی ئیسپانی کە لە ساڵی ٢٠٠٧ دەرچووە , قەدەغەی کردووە پارتی سیاسی پارەی زیاتر لە ١٠٠ ھەزار ئیرۆ لە حکومەتی بێگانە وەربگرێت , سزاکەی ٤ ساڵ زیندانی و ٥ جار ھێندەی پارە وەرگیراوەکەیە, سەرۆکی کۆڵۆمبیا تۆمەتبارکرا ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکەی ملیۆنێک دۆلاری وەک بەرتیل لە گروپی ئۆدبرێشتی بەرازیلی وەرگرتبێت ,پارێزبەندی لەسەر سەرۆک کۆماری گواتیمالا ھەڵگیرا بەھۆی ئەوەی تەمویلی ھەڵبژاردنەکەی لە ساڵی ٢٠١٥ نایاسایی بووە ,حکومەتی فەڵەستینی پارەدانی بێگانەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یاساغ کردووە, ھاوکات حکومەت ھاوکاری ھەڵمەتی ھەڵبژاردن ناکات, تەنھا ھاووڵاتیانی فەڵەستینی ناوخۆ یان دەرەوە دەتوانن بەخشش بدەن, وەلێ سنوری خەرجییەکان دیارینەکراوە,لە کوەیت ھەموو بەخششێکی بێگانە یاساغە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت.

-لە کاتێکدا بەشی زۆری خەرجییەکانی ھەڵبژاردن بۆ ریکلام و راگەیاندن دەڕوات لەم سەردەمە, تەنانەت رۆژ لە دوای رۆژی پشکی لە کۆی خەرجییەکانی حیزب و ھەڵبژاردن دەچێتە سەر , کوردستان بۆتە مەزادخانەی راگەیاندن, کەس و پارتی وا سەدان کەناڵی راستەوخۆو سێبەری ھەیە, لە پاڵ ھەڵڕشتنی پارەی بێشومار بۆ ریکلام لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و تەرخانکردنی تیمی گەورەی ھونەری, ئەمەش وا دەکات ھەڵبژاردن راستەوخۆ ببێتە دیلی پارتە سیاسیەکان دەوڵەمەندەکان و ئەو دەوڵەمەندانەی خاوەند کەناڵی راگەیاندنن, پارتی سۆسیال دیموکراتی سوئیدی لە کۆی ١٠٠ ملیۆن کرۆنی تەرخانکراو بۆ ھەڵبژاردنی ئایندە ٧٠٪ی بۆ ریکلام داناوە, پارتی ناوەند لە کۆی ٧٠ ملیۆن ٥٠٪ی بۆ ریکلام داناوە, لە کاتێکدا راگەیاندن فراوانترە لە ریکلام و زۆر لایەنی دیکەش دەگرێتەوە, لە لوبنان بۆ یەک دەقە ریکلام ٦٠٠٠ دۆلار نرخەکەیەتی, ٢٤٠ ھەزار دۆلار نرخی بەشداری بەرنامەیەک بۆ کاندیدەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانە, بۆ رێگا گرتن لەم دیاردە ترسناکە کۆماری باشوری ئەفریقا ئەم ھەنگاوەی ناوە " لە باشوری ئەفریقیا قەدەغەیە حیزبێک لە تی ڤی کات بکرێت بۆ ریکلامکردن, تەنھا بەو بەشەی بۆی دیاریکراوە لە تەلەفزیۆنی فەرمی وڵات کە ھەلی یەکسان دەدات بە ھەمووان, پێویستە رازی بێت.".

دەبێت رێگا بگرترێت لەوەی راگەیاندن لە خزمەت کەمایەتی دەوڵەمەنددا بەکار بێت بەتایبەت لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا, بۆ ئەوەی کایەی سیاسی بە بەرژەوەندی خۆیان نەگۆڕن. کەمەیاتی فرە دەوڵەمەند راگەیاندن لە بەرژەوەندەی سیاسی خۆیان بەکار دەھێنن, بۆ مسۆگەرکردنی سەرچاوەی داھات و تاڵانی سەروەت و سامان, دواتر بەو دەستکەوتە کەناڵەکان بەڕێوە دەبەن, سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا برلسکۆنی لەوەدا کارامە بوو, ھاوکات نوخبەی دەسەڵاتداری ئەوروپای رۆژھەڵاتیش ھەمان کاریان کرد, دزی کەناڵی راگەیاندن بەرھەم دەھێنێت, دواتر کەناڵی راگەیاندنەکە لە خزمەت دەسەڵاتی سیاسی و بەردەوامیدان بە دزی بەکار دەھێنرێتەوە.

راگەیاندن چەندە مەترسییە لە دەست دەسەڵاتی ستەمکارو گەندەڵدا بێت, بەھەمان ئەندازە مەترسیدارە لە دەست ملیاردێرەکاندا بێت, ئەوانیش بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن نەک خەڵک. راگەیاندن بۆتە بەشێک لە بازرگانی سەرمایەدارەکان, لەوکاتەی کەوتە دەست سەرمایەدارەکان, سیاسەت دەبێتە بەشێک لە بازرگانی, پەیوەندی بە خزمەتی خەڵکەوە نامێنێت. پارە کە گەندەڵکاری یەکەمی ژیانی سیاسییە ,یەکێکە لە ھۆکارەکانی بردنەوە" دۆلارێک یەکسانە بە دەنگێک" لە پاڵ راگەیاندن کە ئەویش لە کوردستان حیزبی و بلۆتۆقراتییە سەرچاوەی داراییەکەی دیار نییە, سەرمایەداری ھژمۆنیای بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا کردووە لە رێگای کۆنترۆڵکردنی سامانی سروشتی, ھۆیەکانی بەرھەم ھێنان و ھۆیەکانی پەیوەندیکردن و دەزگاکانی راگەیاندن و ھێزەکانی سەربازی.

کۆنترۆڵکردنی راگەیاندن لە لایەن سەرمایەداران و پارتە سیاسییە سەرمایەدارە گەندەڵە ستەمکارەکان و پارەی کۆمپانیاکان و گەندەڵی و یاریکردن بە ئەنجامی ھەڵبژاردن و یاسای ناڕەوای ھەڵبژاردن وادەکەن سستەمەکە بە تەواوی بکەوێتە ژێر پرسیارەوەو بایکۆت و بەشداری نەکردن لە ھەڵبژاردن و بێئومێدی بچێتە سەر. دەسەڵاتداران دوو جومگەی گرنگیان کۆنترۆڵکردووە, ئەویش دەستگای ئاسایش و راگەیاندنە , لە پاڵ ھەندێک پوازی بچوک بۆ دەوڵەمەنەکان کە لە چوارچێوەی ھەمان سستەمی ئابوری کایەی سیاسی خۆیان دەبەنە پێشەوە. دەزگا زەبلاحە راگەیاندنەکان بە ئاشکراو لە تاریکیدا کاردەکەن بۆ ناشرینکردنی بزاڤی پێشکەوتنخوازی و چەپ و پەراوێزخستنیان بۆ ئەوەی کایەی سیاسی لە چوارچێوەی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی باوی ئێستادا بچێتە پێشەوە.

-راگەیاندنی پارەی تەرخانکراو بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لە لایەن پارتە سیاسییەکانەوەو سەرچاوەی پارەکەش دیاریبکرێت, لە بەشێک لە وڵاتان پارتە سیاسیەکان پێش ھەڵبژاردن بودجەی پارتەکەی بۆ ھەلبژاردن لە گەڵ سەرچاوەی داھاتەکان ئاشکرا دەکات, نموونە پارتی دیموکراتی کریستانی ئەڵمانی لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٧ ەدا بودجەی ھەڵبژاردنی خۆی بە ٢٠ ملیۆن ئیرۆ دیاریکرد پێش ٨ مانگ لە ھەڵبژاردنەکە بڵاوی کردەوە,حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی بودجەکەی ٢٤ ملیۆن ئیرۆ بوو , پارتی دیموکراتی ئازاد ٥ ملیۆن ئیرۆ..... .

-بۆ رێگا گرتن لە ھەموو ئەمانەی سەرەوە , پێویستە حکومەت خەرجییەکانی ھەڵبژاردن دیاریبکات و ھەلی یەکسان بۆ سەرجەم کاندیدەکان بۆ پێشبڕکێ دابین بکات, رێگا بگرێت لە دەوڵەمەند و کۆمپانیاو وڵاتان رۆڵ لە ئاراستەی ھەڵبژاردنەکان ببینن: لە مەغریب حکومەت ٣٠٠ ملیۆن درھەم بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری دەکات, لە ئوسترالیا ئەو پارتەی ٤٪ی دەنگەکان زیاتر بەدەست بھێنێت بە پێی یاسای ھەڵبژاردنی کۆمنۆلس کە لە ساڵی ١٩١٤ دەرچووە پارە وەردەگرن , ھەر دەنگێک ١,٩٧ دۆلار , بۆ ھەڵبژاردنی ٢٠٠٤ بڕی ٤٢ ملیۆن دۆلار تەرخانکرا, لە زۆر وڵاتی دیکە حکومەت خەرجییەکانی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەشی زۆری دیاریدەکات.

-پێویستە دوای ھەڵبژاردنەکان چ پارتە سیاسییەکان و چ حکومەت لێکۆڵینەوە لە خەرجی و کۆمەکەکانی ھەڵبژاردن بکەن,لە کوردستان ناوەندێک نییە بۆ چاودێریکردنی بڕی تێچو و خەرجی لیست و کاندیدەکان چۆنیەتی خەرجکردنەکان, بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆتە ناوەندێکی گەندەڵی ,لە وڵاتی ئێمە ھەر ھەڵبژاردن تەواو بوو, ھەر کەس دەچێتەوە ماڵی خۆی و لێپرسینەوە لە گەڵ بەدەست ھێنانی کورسی کۆتایی پێ دێت, ئەوەی گەیشت بە کورسی لێپرسینەوە لەسەر چۆنیەتی گەیشتن بە کورسییەکەی لە گەڵدا ناکرێت , ھەموو کارێک لە ماوەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن فرییە, وەلێ لە وڵاتان تارمایی کارەکانی سەردەمی بانگەشە تا کۆتایی تەمەن لە گەڵ کاندیدەکاندایە, داواکاری گشتی فەرەنسا سارکۆزی سەرۆکی پێشووی فەرەنسای تۆمەتبارکرد بەوەی ساختەکاری لە ژمێریاری خەرجییەکانی لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کردوە کە خەرجییەکان گەیشتبووە ٢٤ ملیۆن ئیرۆ کە زیاترە لە بڕی دیاریکراو, بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە فەرەنسا.جێگیری سەرۆکی کۆمپانیای زەبلاحی سامسۆنگ ئەلکترنکس بەرتیلی دابووە بارک غیۆن بە ٥ ساڵ زیندانی حوکم درا, ئەویش لە سەرۆکایەتی دورخرایەوەو دادگایی کرا,پارتی گەلی فنلەندی دامەزرێنەری پارتەکە بافۆ فایرننی لە ریزەکانی دەرکرد, بەھۆی ئەوەی ژمێریاری خەرجییەکانی ھەڵبژاردنی پێشکەش نەکردبوەوە بە پارتەکەی.

لە کوردستان نازانم بۆ ناپرسین ئەم پارانە لە کوێوە دێن کە لە ھەڵمەتی ھەلبژاردنەکان خەرجە کرێن, سەرچاوەیان کوێیە؟, پارەی سپین یان رەشن؟, لەم ھەرێمە ھاوپەیمانی لەسەر بنچینەی پاشکۆیەتی و گەندەڵی نێوان وڵاتانی ھەرێمی و ملیاردێرە رەشەکان و کۆمپانیاکان و حیزبەکان لە تاریکیدا دروست بووە, پارەی قارونەکان رۆڵی سەرەکی لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان و ئاراستەی سیاسەتی باو دەگێڕێت, ئەو پارانەی خەرجە کرێن لە رواڵەتدا خاوەنیان ھەیە, کەچی ھەتیو و بێ سەرچاوەن, ھەر دزو گەندەڵەیە لە کوردستان دوکانێکی کردۆتەوە لێی نوسیووە دادپەروەری و یەکسانی, وشەی دادپەروەری لە گەڕانی گوگڵ زۆرترین دوبارەیە, کەچی خەڵکانی زاڵم بەدەستیانەوە گرتووە, ھەر حزبەی لە رواڵەتدا عەدلەتخواز کەچی پشتەوە دەستی لە گیرفانی سەرمایەدارێکی رەشدایە, کۆیلە سیاسیەکان بونەتە پارێزەری ئەم تارمایە رەشەی ناوی پرۆسەی دیموکراسییە لە کوردستان.

چوار ساڵە بودجەی حیزبەکان نادرێت, باشە ئەم پارتانە پارەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن لە کوێ دێنن و بۆ ئاشکرای ناکەن؟, ئەو ھەموو کەناڵە پڕ خەرجییە چۆن دەسوڕێن؟, کێیە لە پشت ئەم حیزبانەوە؟, مافیای رەشە یان سەرمایەداری سپی؟, وڵاتانی ھەرێمییە یان جیھانی ؟, ئابونەوەی حیزبییە یان پرۆژەی ئابووری, قاچاخچێتی تلیاکە یان سەرفترەو زەکاتی کەنداوی, داعشە یان حەشدی شەعبی........ رێ بۆ ھەموو ئەگەرەکان دەچێت, داخوا چەند کاروان پارەی ئێرانی و تورکی و ئیسرائیلی و ئەمەریکی و ..... وەک ئەوەی ھادی عامری خۆی کردووە بە کوردستاندا , ئەگەر چاوەڕوانن خەڵک دەنگتان پێ بدات, ئەوە مافی خۆیانە سەرچاوەی خەرجی, بڕی خەرجی, چۆنیەتی خەرجییەکان بزانێت؟

لە ھەرێمی کوردستان, ھیچ سنورێک بۆ بەخششی سەرمایەداران و ناسینیان و ئاستی خەرجی ھەڵبژاردن و ھاتنی پارە لە وڵاتانی بیانی بە تایبەتی وڵاتە ھەرێمیەکان دیاری نەکراوە, سەرمایەداری وا ھەیە ھاوزەمان ھاوکاری سەرجەم لیستە گەورەکان راستوخۆ بە پارە یان لە رێگای ڕیکلامی بێ مانا لە کەناڵەکانیان دەکات, بۆ ئەوەی کامیان دەرچون بەرژەوەندییەکان پارێزراو بن, تا ئێستا ئەمانە ھیچیان بە یاسا رێک نەخراون (( پشتیوانی حکومەت بۆ کاندید کراوان , مافی حیزب لە بونی کۆمپانیای تایبەت و تۆمارکردنی بەناویانەوە, ھاتنی پارە لە وڵاتانی دەرەوە, بەخششی سەرمایەداران و دیاریکردنی بڕەکەی و بڵاوکردنەوەی , کۆنترۆڵکردنی حیسابات لە کۆتایی ھەڵمەتەکان ..... تاد )) ھاوکات لە پاڵ ھەموو ئەمانە پێشەکیەکی زۆریش بۆ خۆ کاندید کردن دیاریکراوە کە لە توانای ھەژاراندا نییە دابینیان بکات بچێتە پرۆسەکەوە, بەم ھۆیانەوە سەرمایەداران و سیاسییە گەندەڵەکان بە ئارەزووی خۆیان بە پارە رەشەکانیان دەست دەخەنە ناو کاروباری دەنگدانەوەو لە بەرژەوەندی خۆیان دەیشکێننەوەو پاوانیان کردووە, وڵاتانی دەورو بەریش بەخششەکانیان رۆڵ لە ھەڵبژاردنەکان دەبینێت بە قازانجی کاندیدە لایەنگرەکانیان و ئاراستەی ھەڵبژاردنەکان دیاری دەکەن , ھەموو ئەمانە وا دەکات دادپەروەری لە ھەڵبژاردن لە کوردستاندا نەبێت و ھەموو دەنگدانێک بە قازانج دەوڵەمەندان و سەرمایەداران و نۆکەرانی وڵاتانی ئیقلیمی ..... کۆتایی پێ بێت , زیان و مەترسی ئەمانە زۆر زیاترە لە زیان و مەترسی ئەو فرت و فێڵانەی دەکرێت, لەبەر ئەوەی پارتە گەورەکان ھەموو پێشێلکارییان ھەیە و ھیچی سیڤیەکەی پاک نییەو پارەی رەش لە ھەڵمەتەکانیان بەکار دەھێنن, بۆیە لە ئاست ئەم مەترسییە بێدەنگن و رازین بەو پشکەی لە دابەشکردنی چۆرکەکە بەریان دەکەوێت و چونجڕکی خۆیان لە بەشە کورسی گیرە کەن, بۆ کەس و پارتە ھەژارەکان بەشداری لە ھەڵبژاردنی کوردستان وەک خۆ فرێدانە خوارەوەیە لە تاڤگەی نیغارای کەنەدا, کەس نازانێت چارەنوسی چییە؟

بۆ رێگرتن لەمەو لە پێناو ھەڵبژاردنێکی دادپەروەرانەتر لە ھەرێمی کوردستان" ھەرچەندە لای من دیموکراسی راستەوخۆ باشترین شێوازی ھەڵبژاردنە" ,بۆ ئەوەی حکومەت و پەرلەمان لە کاریگەری پارە دور بخرێتەوە, بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی کوردستان لە ھەڵبژاردنی تورکیا و ئێران جیا بکرێتەوە, بۆ ئەوەی بڕیارەکانی داھاتوو لە بەرژەوەندی سەرمایەداران دور بخرێتەوە, دەستیان لە پاوانکردنی بازرگانی نەوت و گازو یاسای وەبەرھێنان و رێگا گرتن لە ماف و ئیمتیازاتی کرێکاران دور بخرێتەوە, پێویستە چەند ھەنگاوێکی خێرا بنرێت کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەیە:

- نەختینەی پێشەکی بۆ خۆکاندیدکردن لە ھەرێمی کوردستان نەمێنێت, بۆ ئەوەی رێگرییەکان بەردەم ھەژاران کە ٩٩٪ی کۆمەڵگان لە خۆکاندیدکردن نەمێنێت , ھەڵبژاردن ھەڵبژاردنی ھەمووان بێت نەک تەنھا سەرمایەداران.
- لانی زۆری خەرجکردن بۆ کاندیدانی سەرۆکی ھەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کاندیدانی تاک و لیستەکان دیاریبکرێت, کە لە ئێستادا ٢٥٠ دینار بۆ ھەر دەنگدەرێک بۆ ھەر لیستێک دیاریکراوە, وەلێ تەنھا بڕیاری سەر کاغەزەو کاری پێ ناکرێت.
- بەخششەکان لە لایەن سەرمایەداران و سیاسیەکانەوە قەدەغە بکرێن, یاخود سنوریان بۆ دیاریبکرێت و بڵاو بکرێنەوە, بە مەرجێک ھیچ پیتاکێک لە ١ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت و لە رێگای چەکی بانکیەوە وەربگرترێت .
- بەخششی وڵاتانی دەرەوە بە یاسا قەدەغە بکرێت و پێشێلکاران مافی کاری سیاسیان لێ بسەنرێتەوە.
- یاسای تایبەت بە قەدەغەکردنی خاوەنداریەتی کۆمپانیا بۆ پارتە سیاسیەکان دەربچێت, حیزب و بازرگانیکردن لە یەکتر جیابکرێنەوە.
- کۆمەکی کۆمپانیاکان بۆ حیزب و پرۆسەی ھەڵبژاردن قەدەغە بکرێت.
- کۆنترۆڵی خەرجیەکان لە لایەن دەزگای تایبەتمەندەوە بکرێت و سزای قورس بۆ پێشێلکارانی دیاری بکرێت بە بێبەشکردنیان لە خولەکانی داھاتووی ھەڵبژاردن.
- حکومەت لە رێگای دیاریکردنی بەخششی بڕە پارەیەکی دیاریکراوەوە بۆ لیستەکان ھەلی یەکسان لە روی ئابورییەوە بۆ سەرجەم لیست و تاکەکانی بەشداربوو لە ھەڵبژاردنەکان بڕەخسێنێت.
- سەرجەم تاک و قەوارەکان پێویستە بڕی پارەی دیاریکراوی خۆیان بۆ ھەڵبژاردنەکان پێش دەستپێکی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بڵاو بکەنەوەو لە سەر ژمارەیەکی دیاریکراو لە بانک دابندرێت, لەو بڕە زیاتر نەبێت کە بۆ لانی زۆری خەرجی دیاریدەکرێت بۆ ھەر لیستێک.
- ھەموو دیارییەک لە ریکلام و راگەیاندن لە دەرەوەی تێچوی لیستەکان یاساغ بکرێت, ھەموو چالاکییەکی پڕۆپاگەندە دەبێت لە چوارچێوەی خەرجی گشتیدا بێت.
- ھەر خەرج کردنێک بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن لە لایەن تاکی ناو لیستەکانەوە یاساغ بکرێت, ھەموو خەرجیەک پێویستە لە رێگای یەک سەرچاوەوە بێت ئەویش لە ژێر کۆنترۆڵی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردندا بێت و لە رێگای ژمارەی بانکیەوە بێت.
- ئەو بڕە پارەیەی دیاریکراوە بۆ خەرجی ھەر لیستێک, پێویستە خەرجیەکانی ریکلامی کەناڵەکانی راگەیاندن و کرێی چاودێری سندوقەکانی ھەڵبژاردنیش بگرێتە خۆی, پێویستی چارەسەر بۆ خاوەندارێتی کەناڵەکانی راگەیاندن دابندرێت کە پرۆسەی ھەڵبژاردنی لە کوردستان ناھاوسەنگ کردووە.
- کۆتایی ھەر ھەڵبژاردنێک وردبینی لە خەرجیەکان و سەرچاوەی داھاتەکان لە گەڵ لیست و قەوارەکان بکرێت و پێشێلکاران سزا بدرێن, تا ئاستی وەرگرتنەوەی پۆستی بەدەست ھاتوو لە ئەنجامی پرۆسەی ھەڵبژاردن لێیان.

ئەگەر دەمانەوێت ھەڵبژاردنەکان کەمێک بۆن و بەرامەی دیموکراسی لێبێت, ئەم رێسایانە ھەنگاوی سەرەتایین بۆ حاڵەتەکە, دەنا ئەوەی دەکرێت لە کوردستان پرۆسەی ھەڵبژاردن نییە بەڵکە پرۆسەی فرۆشتنی کورسییە لە بازاڕی مافیاو ملیاردێرەکاندا, ئامانجیش شەڕی بەرژەوەندیەکانە لە ھۆڵی پەرلەمان لە ژێر ناوی نوێنەرایەتی گەل.

 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک