په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٤\٢٠١٤

راگەیاندراوێک لە کەمپینی ''نا بۆ توندوتیژی دژی ژنانی دوو گیان'':

کوشتنی ژنان لە ناو دەزگایە تەندروستییەکاندا راگرن!

 


رۆژی ٢٠/٣/٢٠١٤، ژنێکی دوو گیانی دانیشتووی هەڵەبجەی تازە بە ناوی گوڵستان لەتیف دوای ئەوەی تووشی بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن دەبێت لە هەڵەبجەی تازەوە ڕەوانەی شاری سلێمانی دەکرێت. لە هەڵەبجە بە بێ ئەوەی هیچ خزمەتێکی پزیشکی ئەتۆی بۆ بکرێت کە لە کاتی بەرزبوونەوەی گوشاری خوێن گرنگە بۆ ژنی دووگیان (جگە لە پێدانی دەرمانێک بە ناوی ئەڵدومێت کە کاتێکی زۆری دەوێت بۆ دابەزاندنی گوشاری خۆینی ژنی دووگیان) بە ئەمبوڵانس ڕەوانەی شاری سلێمانی دەکرێت.


لە ڕێگادا و بەهۆی ئەنجامنەدانی کاری پێویست بۆی چی لە هەڵەبجە و چی لە ڕێگادا لە ناو ئەمبوڵانسدا، ژنە دووگیانەکە و بەهۆی کۆنترۆڵنەکردنی گوشاری خوێنەوە لە خۆ دەچێت و تووشی گەشکە دەبێت و زمان و لێوەکانی دەگەسێت و تووشی خوێنبەربوونی دەمی دەبێت.


لە شاری سلێمانی دوای ئەوەی نەشتەرگەری قەیسەری بۆ دەکرێت بارودۆخی ژنەکە ڕوو لە خراپبوون دەکات و دوای ٦ رۆژ لە مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدەدات و کۆرپەکە بە بێ دایک بە جێدەهێڵیت.


ئێمە لە کەمپینی ' نا بۆ توندوتیژیی دژی ژنانی دووگیان' پێمان وایە کە کەمتەرخەمیەکی زۆر لەم کەیسەدا کراوە و پێویستە ئەوانەی کە بوون بە هۆی گیان لەدەستدانی ئەم ژنە دووگیانە بە سزای خۆیان بگەن. لە خوارەوە بە وردی ئەو کەمتەرخەمییانە دەخەینە ڕوو:


ژنی دووگیان پێویستی بە چاودێری وردی پزیشکی هەیە و دەبێت پێش ئەوەی حاڵەتەکەی بگات بەوەی کە گوشاری خۆێنی بەرزببێتەوە بە وردی چاودێری بکرێت و بە ڕێکوپێکی گوشاری خوێنی بپێورێت و بە گوێرەی گوشاری خۆێنەکە چارەسەری گونجاوی بۆ بکرێت. بۆ نموونە زۆرێک لەو ژنانەی کە گوشاری خۆێنیان لە کاتی دووگیانیدا بەرزدەبێتەوە پێویستیان بە دەرمانە بۆ ئەوەی گوشاری خوێن کۆنترۆڵ بکرێت و نەگاتە ئەو دۆخەی کە تووشی گەشکە بێت.


لە شاری هەڵەبجەدا پزیشکی پسپۆری ژنان و منداڵبوون نیە و دەبوایە هەموو کارێکی پێویست بۆ ئەو ژنە لە هەڵەبجە کرابا و ڕەوانەی سلێمانی نەکرابا بە بێ ئەوەی گوشاری خۆێنی بۆ کۆنترۆڵبکرێت. یەکێک لە پرنسیپە هەرە سەرەتاییەکانی خزمەتی پزیشكی بۆ ژنانی دووگیان ئەوەیە کە ژیانی دایکەکە پێش ژیانی منداڵەکەی سکێتی. واتە دەبێت ئەو پزیشکەی کە خزمەتی ژنە دووگیانەکە دەکات لە خەمی ژیانی دایکەکە بێت پێش منداڵەکە چونکە دایکی تەندروست دواتر ئەتوانێ مناڵ دروست بەخێوبکات. بۆیە دەبوایە کە گوشاری خوێنی دایکەکە کۆنترۆڵکرابا بە بەکارهێنای دەرمانی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە. بۆ نموونە دەکرا ئەگەر بە دەرمانی 'ئەڵدۆمێت' کە بۆ ئەم ژنە بەکارهێنراوە، گوشارەکە کۆنترۆڵ نەکرابا، دەرمانی تری وەکو 'هایدرالازین' بەکارهێنرابا بۆ ئەوەی گوشاری خۆێنی ژنە دووگیانەکە کۆنترۆڵکرابا. چونکە دەرمانی "ئەڵدومیت" کاتیکی زۆرتری ئەوێت بەلا̌م "هایدرالازین" پاش چەن خولەکێکی کەم پەستانی خوێن دا‌‌ئەبەزێنێت.


چارەسەری بەرزبوونەوەی گوشاری خۆێنی ژنی دووگیان لە مانگەکانی دوایی سکپڕیدا، لە دایکبوونی منداڵەکەیە و لە دایکبوون تەنها چارەسەری کۆتایی بەرزبوونەوەی گوشاری خۆینە لە کاتی سکپڕیدا. ئەمە یەکێکە لەهەرە سەرەتاییترین پرنسیپەکانی کاری پزیشکی و دەبوو بە زووترین کات و دوای پێدانی دەرمانی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی تەندروسی منداڵەکە (وەکو پێدانی دەرمانی ستیروید بۆ ئەوەی سینگی منداڵەکە گەشەبکات) نەشتەرگەری قەیسەری بۆ دایکەکە کرابا و منداڵەکە هێنرابایەتە دەرەوە. بەڵام نەک ئەوە نەکراوە بەڵام ژنە دووگیانەکە بە ئەمبوڵانس ڕەوانە کراوە پێش ئەوەی گوشاری خوێنەکەی کۆنترۆڵبکرێت.


یەکێک لەو بیانوویانەی کە بەهۆیەوە ژنە دووگیانەکە ڕەوانەی سلێمانی کراوە ئەوە بووە کە گوایە خزمەتی منداڵی تازەلەدایکبوو لە قەزاو نا‌‌حیکاندا بوونی نیە. بەڵام وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، ژیان و تەندروستی دایکی دووگیان پێش ژیان و تەندروستی منداڵەکەیەتی و مردنی دایک بۆ ڕزگارکردنی کۆرپەکە هیچ مانایەکی بۆ نامێنێتەوە.


ئێمە لە کەمپینی 'نا بۆ توندوتیژیی دژی ژنانی دوو گیان' پێمان وایە کە ئەمە تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر ئەم هاونیشتیمانیەی خەڵکی هەڵەبجەی تازە کراوە و بۆیە داوا لە وەزارەتی تەندروستی و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین کە:


لیژنەیەکی بێلایەن لێکۆلێنەوە لەم کەیسەدا بکات و هەموو ئەنجامەکانی بەشێوەیەکی شەفاف بۆ رای گشتی ڕابگەینێت. داوا دەکەین کە نوێنەری کەمپینەکەمان و ئەندامێکی خێزانی قوربانیەکە و نوێنەری داواکاری گشتی ئەندام بن لەو لیژنەیەدا.


هەموو ئەوانەی کە کەمترخەمییان کردووە و بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی ئەم هاونیشتیمانیە بە سزای ڕەوای خۆیان بگەینرێن.


بەڕێوەبەری تەندروستی شارەزوور و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون لە هەڵەبجە تازە بە فەرمی داوای لێبوردن بکەن و ئەگەر دەرئەنجامەی لێکۆلێنەوەکان دەریانخست کە کەمترخەم بوون سزا بدرێن.


دانان و بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی پزیشکی بۆ هەموو پزیشکانەی کە خزمەتی تەندروستی بۆ ژنانی دووگیان دەکەن و سزادا دانی ئەوانەی پێوەیە پابەند نابن.


فەراهەم کردنی خزمەتی منداڵی تازە لەدایکبوو لە قەزا و ناحیەکاندا.


پەیوەندیی: د. گۆران، ٠٧٧١٧٤١٦٣٧٢.

 

کەمپینی نا بۆ توندوتیژیی دژی ژنانی دوو گیان
٢٢\٤\٢٠١٤ - سلێمانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک