په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١\٢٠١٤

راگەیاندنێک سەبارەت بە تاوانی فڕاندن و لاقەکردنی کچێکی شازدە ساڵ:


لاقەکردن بەرهەمی روانگەی پاتریارکییانەیە بۆ ژن.

 

     نەجیبە مەحمود        چۆمان هەردی       رۆزا حسێن       


دەستگیرکردن و پیشاندانی نیاز لە لایەن دەزگا بەرپرسەکانەوە بۆ سزادانی ئەو شەش کەسەی کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ٦\١\٢٠١٤، تاوانی فڕاندن و لاقەکردنی کچێکی شازدە ساڵیان ئەنجام دا، ئەو شێوە مامەڵەکردنەیە کە دەبێت لەگەڵ هەموو دۆزێکی تاوانکارییدا بکرێت. بۆیە ئێمە دڵخۆشین بەوەی کە ئەمجارە، بەپێچەوانەی هەزاران دۆزی تاوانکاریی ترەوە کە بە درێژایی ساڵ دژ بە ژنانی کوردستان ئەنجام دەدرێن و تاوانکاران بێ سزا لێی دەردەچن، ئەم دۆزە بە جیددی وەرگیراوە و هەوڵ دەدرێت کارێک بکرێتهەم پیشانی تاوانکاران و هەم کۆمەڵگاش بدرێت کە فڕاندن و لاقەکردن تاوانێکی گەورەیە و سزای گەورەی هەیە.


بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئەم تێبینیانەی خوارەوەمان سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆزەدا هەیە:


* ئێمە پێمانوایە کەبۆ ڕێگەگرتن لە تاوانی لاقەکردن لە کوردستاندا، هەر ئەوەندەکافیی نییە سزای تاوانکاران بدرێت. ڕوودانی تاوانێکی ئاوا گەورە لە کوردستاندا هەم نیشانەی هەبوونی خەلەل و ناتەواویی گەورەیە لە کولتووری کۆمەڵگای ئێمەدا و،هەمیش نیشانەی هەبوونی کەموکوڕیی گەورەیە لە کارکردنی دەسەڵاتدالەسەر دۆزی ژنان. بۆیە ئەو ڕووداوە دەبێت زەنگێکی بەئاگاهێنانەوەبێت بۆ کۆمەڵگای ئێمە و ببێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتداران ئەوە ببینن کە کاری زۆر ماوە لەو بوارەدا بکرێت.سزادانی تاوانکاران بەشێکی بچوکی کارەکەیە و ئێمە هیوادارین ئەم ڕووداوە ببێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتداران ئەوە ببینن کە تا ئێستا کەمتەرخەم بوون لە جێبەجێکردنی ئەرکی حوکمڕانییاندا لە ئاست دۆزی ژناندا. هیوادارین ئەم ڕووداوە ببێتە هۆی ئەوەی حکومەت دەست بداتە کارکردنێکی سەرتاپاگیر بۆ ڕێگرتن هەم لە هەراسانکردنی سێکسیی و هەم لە لاقەکردنی ژنان لە کوردستاندا. دیاردەکانی شەڕپێفرۆشتن و دەستبۆبردن و لاقەکردن هۆکاری سەرەکیین بۆ کەمیی ڕێژەی کچان لەناو کۆمەڵگادا، بۆیە دەبێت کاری جیددیانەتر بکرێت بۆ نەهێشتنی ئەو تاوانانە، هەر لە هەموارکردنی ماددەکانی یاسای سزادانەوە، تا چەندین ئیجرائاتی جۆراوجۆری تر کە دەکرێت کاری چڕوپڕیان لەسەر بکرێت و لە ماوەیەکی کورتدا ئاکامی زۆر باشیان هەبێت.

* ئەوەی جێگەی ڕەخنەیە ئەوەیە کە هەم دەسەڵاتداران و هەم زۆربەی ئەو خەڵکەی کە سەرکۆنەی ئەو تاوانکارییە دەکەن، لە سۆنگەی هەمان ئەو عەقڵییەتەوە سەرکۆنەی دەکەن کە خۆی هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئەو تاوانەیە. یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی شەرپێفرۆشتن و هەراسانکردن سێکسیی و لاقەکردنی ژنان لەلایەن پیاوانەوە (ئەمە ئەگەر تاکە هۆکار نەبێت)، ئەو عەقڵییەتە باوکسالارییەیە کە لە سەیرکردنیدا بۆ ڕەگەزی ژن، یەکەم شت سێکسەکەی دەبینێت نەک مرۆڤبوونی. کاتێک بەڕێوەبەری پۆلیس و هەموو دەزگاکانی حکومەت و نزیک بە سەرجەم کۆمەڵگای ئێمە، لە تاوانی تەجاوزکردنە سەر ویقاری مرۆڤێک و تێکشکاندنی باری دەرونیی و پرۆژەی ژیانییدا، ئەوە بە گرنگترین شت دەزانێت لە دۆزەکەدا کە ئایا ئەو پەردە بۆگەنەی کە بۆ مێشکی بە سێکسبۆگەنکردووی ئەوان گرنگە، هیچ زەربەی خواردووە یان نا، ئەم نەبینینەی کچە قوربانییەکە وەک مرۆڤێک و هەستنەکردن بە ئازارە دەروونییەکانی، هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو عەقلییەتە کۆنەدا کە شەش گەنج پێی سۆشیالیزە بوون و وایکردووە کچ وەک مەکینەی دامرکاندنەوەی سێکس ببینن. وایکردووە هەرکات کچێک لە مارکێتێکدا یان بەسەر جادەوە دەبینن، وەک نێچیرێک دێتە بەرچاویان نەک هاوڵاتییەک کە مافی هەیە لە دەرەوەی ماڵ بخوێنێت و کار بکات و ئامادەیی هەبێت.ئێمە کاتێک ئەم جۆرە

کارکردنەی دەسەڵاتداران دەبینین لەسەر ئەو دۆزە، ئینجا دەزانین کە ئەگەر وا بڕوات، ئەوا دەستگیرکردن و سزادانی ئەو شەش کەسە هیچێک لەو کولتورە ناگۆڕێت کە هۆکاری سەرەکیی هەبوونی لاقەکردن و هەراسانکردنی سێکسییە لە کۆمەڵگای ئێمەدا. وەک دەردەکەوێت ئەو جیدییەتەی دەسەڵات و زۆربەی خەڵکی ئێمە لە داواکردنی سزادانی ئەو گەنجانەدا دەینوێنن، لەو سۆنگەیەوە نییە کە بڵێن لاقەکردن بۆی هەیە مرۆڤێک تێکبشکێنێت، بەڵکو لەو سۆنگەیەوە کە گوایە ژن شەرەف و نامووسە و دەستبردن بۆی تابۆشکاندنێکی گەورەیە. ئێمە پێمانوایە ئەو شەش گەنجە دەبێت لەسەر ئەوە سزا بدرێن کە تەجاوزیان کردۆتە سەر حەرەمی لەشی مرۆڤێکی تر و ناڕەحەتییەکی دەرونیی وا گەورەیان بۆی دروست کردووە کە بۆی هەیە تا ماوە ژیانی قورس بکات، نەک لەسەر دەستبردن بۆ «کارێکی قێزەونی وەک سێکس». سزادانی لاقەکەران بەناوی «دەستبردن بۆ شەرەفی خانەوادەیەک» و بەناوی « دەستبردن بۆ کاری بەدڕەوشتیی» و « دەستبردن بۆ کاری حەرام»، بەرهەمێنانەوەی هەمان ئەو کولتور و ڕوانگە کۆنسەرڤاتیڤەیە بۆ ڕەگەزی ژن کە هۆکاری ئەوەیە ئاوا ئاسان دەست بۆ لاقەکردنی ژنان دەبرێت لە کۆمەڵگادا.

* ئێمە زەرورەت دەبینین لێرەدا هۆشداریی بدەین لەئاست ئەو ڕێتۆریکە کۆنسەرڤاتیڤانەدا کە هەم دەسەڵاتداران و هەم ڕاگەیاندنەکان و هەمیش نووسەران و سیاسەتمەدارانی کۆنەخواز، بۆ سەرکۆنەکردنی تاوانەکە بەکاری دەهێنن. لێکدانەوەی ئەو ڕووداوە وەک «ئاکامی لاوازبوونی ئەخلاق لە کۆمەڵگادا» و، قۆزتنەوەی ڕووداوەکە بۆ پێداگریی زیاتر لەسەر ئەهەمییەتی داخراویی کۆمەڵگا و دوورڕاگرتنی کوڕان و کچان لەیەکتر، وە ترساندنی دایکان و باوکان لە ناردنی کچەکانیان بۆ ناو کۆمەڵگا، دەبێتە هۆی ئەوەی کچان ئەوەندەی تر لە ماڵەوە حەسر بکرێن وڕێگەی هاتنەناو کۆمەڵگایان لێ بگیردرێت. بۆیە ئیشی دەسەڵاتدارانە کاری بە پلان بۆ کەمکردنەوەی ئەم کارکردە نێگەتیڤەی ئەو ڕووداوە بکەن. ئەوەی کە خەتەری لاقەکردنی کچان هەیە لە کۆمەڵگادا، نابێت بەوە چارەسەر بکرێت کە کچان باجەکەی بدەن. نابێت لەجیاتی ئەوانەی کە دەست بۆ لاقەکردن دەبەن، کچان لە ماڵەوە زیندان بکرێن. کارێکی وا ڕێک وەک ئەوە وایە پیاوکوژێک کە هەڕەشەی کوشتنی لە کەسێک کردووە لێگەڕێیت لە دەرەوە بێت و، هەڕەشەلێکراوەکە، بۆ پاراستنی ژیانی، بکەیتە زیندانەوە. ڕێک ئەم ڕێگەچارەیەیە کە کۆمەڵگای ئێمە تائێستا گرتوویەتییە بەر. ڕوانگەی کۆنسەرڤاتیڤانەی کۆمەڵگا بۆ ژن و بینینی ژنان وەک نێچیری سێکسیی، بەوە چارەسەر کراوە کە نزیک بە نیوەی هاوڵاتییان کە ژنن لە ماڵەکاندا حەسر کراون.ئەمە هەر سنووردارییەک نییە لە ژیانی کچاندا، بەڵکو نەبوونی زەمینە بۆ هاتنی کچان بۆ ناو کۆمەڵگا، بە چەندین شێوە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. لەمەدا دەسەڵاتداران بەرپرسن چونکە بەجیددیوەرنەگرتنی ئەم کێشەیە مانای بەشدارییکردنی دەسەڵاتدارانە لەو پێشێلکارییانەدا.


١١\١\٢٠١٤

ماڵپەڕی نەجیبە مەحمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک