په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١٢\٢٠١٢

لاقەکردنی گەنجەکەی کوردستان چیمان پێدەڵێ؟


تاھیر حەسەن     


پەخش کردنی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لاقە کردنی گەنجێک دەکرێت تێیدا و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکدا، بۆخۆی ھەڵگری کۆمەڵێک مانا دەگەیەنێت. مانایەک نا لەوەی ئاستی وشیاری تاک و کۆمەڵگا ھەنگاوێکی بەرەو پێشەوە نابێت، بەڵکو نیشان دانی ئەو نھێنیە دەگەیەنێت کە تا چ ئەندازەیەک پەروەردەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا بەرەو داڕوخان و شکست دەڕوات. ئەو لاقە کردنە نیشانەی ئاستی دەرون نەخۆشی ئەو پیاوە دەردەخات لەوەی خاوەنی ھیچ ڕەوشت و مۆڕاڵێک نیە. ئاخۆ دەبێت ئەو پیاوە لە خۆشەویستی پاراستنی شەرەفی خێزانەکەیەوە بێت کە ئەو ھەنگاوە دڕندانەیەی ناوە؟ ئایا گەر وابێت دەبێت چ مەرگەساتێک بەسەر کچەکەیشیدا بھێنێت؟ یان دەبێت بپرسین ئاستی مۆڕاڵی پیاو لە کامە پنتدایە کاتێک کە خۆشەویستی بونی نەبێت و تەنھا ئاستی وشیاریەکەی ببەستێتەوە بە زایەندی ژنەوە و لەوێدا شەرەف و ناموسی خۆی ببینێتەوە؟ ئاخۆ ئەوە ڕەنگادانەوەی ئاستی وشیاری کۆمەڵگایە لەوەی ئەو پیاوە و گروپەکەی دێن وا بەو شێوە دڕندانەیە ئەو تاوانە دەدەن بە جەستە و دەرونی ئەو گەنجەدا؟ ئاخۆ گەر کۆمەڵگا خاوەن پەروەردە و ئاستی وشیاریەکی مەدەنی بوایە ئەوکات ڕێی تێدەچو ئەو پیاوە وا بکات لەو گەنجە؟ ئاخۆ لەم نێوەدا تاک یان کۆمەڵگا، ھەردولا وەک یەک تاوانبارن یان ئەم کارانە بۆخۆی دەچێتە قاڵبی دەرون نەخۆشی و کاری ناوازەوە؟ بێگومان وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری دیکەش کە پەیوەست دەبێت بەم جۆرە تاوانانەوە بۆخۆی دەبێت وەڵامەکەی تەنھا لەو ژینگە کۆمەڵایەتیەدا بۆیی بگەڕێین کە کۆمەڵگا تێیدایە و دەرئەنجامەکانی ھەر لەوێدا دەتوانن بەدەر بکەون.

کۆمەڵگای کوردی وەک ھەریەک لە کۆمەڵگاکانی وڵاتانی ڕۆژھەڵات، ھێشتا لە نێو چەقبەستوییەکی بۆماوەییدا دەژین، ھێشتا کۆمەڵگا لە کۆمەڵێک ڕوی زۆرەوە دەرگیری کەپت و لە ڕوی پەروەردەوە تا دەگات بەم ساتە، ھێشتا لە دوایە. خۆ گەر ئاستی وشیاری کۆمەڵگا لە جێگایەکدا بوایە کە کۆمەڵێک ھەنگاوی بەرەو خۆ وریاکردنەوە و ئاستی ڕەوابوون بدایە بەمافە مەدەنیەکانی نێو تاکە نێرینە و مێینەکانی، بێگومان دەبوم لەوەی کە ئەم جۆرە دیاردانە نەدەبینران و نەدەشبیستران. ئەوەی لەم تاوانەدا دەبینرێت ئاستی ئەو وەحشیگەریە بێ مۆڕاڵیە دەگەیەنێت کە کۆمەڵگا خۆبەخۆ و بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت خزێنراوەتە نێو زەلکاوێکەوە، زەلکاوێک تادێت بەرەو بۆگەنی دەڕوات. ئەویش زەلکاوی نەبونی پەروەردەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دەگەیەنێت. لەم ساتەوەختانەشدا، دەبێت چاوەڕوانی ئەم دیاردە ناچیزانەش بین، چونکە ئاستی داڕمانە پەروەردەییەکان لە کۆمەڵگادا تادێت ڕوو لە سەرە لە زۆر لاوە.

ئاخۆ دەبێت ئەرکی دەسەڵات چی بێت لە ئەنجام دانی ئەم جۆرە تاوانانەدا؟ ئایا دەسەڵات ھیچ بەرپرسیاریەتیەکی دەکەوێتە ئەستۆ یان دەبێت بڵێین بەڵێ گەر دەسەڵات بەشێک نەبێت لە تێکدانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و بەشێک نەبێت لەو ھێزەی بە ناڕاستەوخۆ کۆمەڵگا پەلکێش دەکات بەرەو گەندەڵی و جیھانبینی ستەم کاری، ئەوکات ئەم دیاردە ناوازانەش ڕونادەن؟

چۆن دەتوانین بڵێین دەسەڵات زۆرترین بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە ئەستۆ؟

گەر نمونەی کۆمەڵگای ئەوروپا بھێنینەوە ڕەنگە کارێکی خراپ نەبێت، ئەو ھەنگاوەی کە کۆمەڵگای ئەوروپا ناویەتی لەوەی لە جیھان بینی کۆن ڕزگاری ببێت و بنەماکانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی جێ بخات، بۆخۆی ئەو ئاڵوگۆڕە مەزنە بوو کە لەسەرجەم کایەکانی ژیاندا ھەنگاویان بۆنا، بەبێ ئەوەی لە ڕابردوی کەلتوری کۆمەڵگا بترسن و لێی بسڵەمێنەوە لەوەی دەستی بۆنەبەن و بڵێن جارێ وەختی ماوە( وەک ئەوەی دەسەڵاتدارانی کوردستان دەڵێن نابێت باسی سەربەخۆیی کوردستان بکرێت، چونکە ھێشتا دەوڵەتی تورکیا و ئێران و عێراق ماون) دەسەڵاتی مەدەنی لە وڵاتانی ئەوروپادا، وە بە کامڵ بونی سیستەمی بەڕێوە بردنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بێترس و چاوەڕوانی لەوەی کەی کات دێت بۆئەوەی ھەنگا بنرێت بەرەو ئاڵوگۆڕێکی نوێتر، دەستی بەو کارە کرد و کۆی کۆت و بەندە کۆمەڵایەتیەکانی تا ئەو کاتی لەبەریەک ھەڵوەشاندەوە، کە دەبوون بەڕێگر لەبەردەم چونە پێشی کۆمەڵگادا. بەتایبەتیش پەروەردەی کۆمەڵگا و پەروەردەی نێو قوتابخانەکان کە لەو ڕێگایەوە توانرا ھەم منداڵان بەشێوازێکی مرۆڤ دۆستانە و دوور لە چاوی ڕەگەز پەرستیەتی نێوان مێ و نێر، تاکێکی بڕوا بەخۆ پەروەردە بکرێت. ئەو ھەنگاوە مەزنە بۆخۆی کۆمەڵگای ئەوروپای بەرەو وەرچەرخانی مەزن برد و ڕزگاری کرد لەسەردەمی قۆناغی پەروەردەی کۆمەڵگایەکی دەرەبەگیانە و ئاینیانە.

خاڵێکی گرنگ تر، ئاستی خۆ ڕزگار کردن لە کەلتوری کەپت کردن بووە لە ھەموو پنتەکانی ژیانی مرۆڤدا. چونکە تا کەلتوری ترس و نەتوانینی ئەو گرێیانەی لە مێشکی تاکدایە لەوەی بە ئازادانە دەری ببڕێت و بەشوێن وەڵام و چارەسەرکردنیدا لەلایەن خێزان و خودی کۆمەڵگاشەوە پێی بدرێتەوە، خودی دیاردە نامرۆڤایەتیەکان بەردەوام دەبێت. من دەپرسم لە کۆمەڵگا ڕۆژھەڵاتیەکاندا ئاستی کەپت کردن لە چ ڕێژەیەکدایە لەسەرجەم ئەو بوارانەی کەمرۆڤ بۆ ئازاد بونی پێویستیەتی؟ ئاخۆ گەر ئێستا بکەرانی ئەو تاوانە بگیرێن، شایانی ئەوەن سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنرێت یان بخرێنە ژێر چاودێری جیھانبینی چاکسازی لەوەی ببنەوە بەمرۆڤێکی مرۆڤ پەروەر؟ ئاخۆ گەر ئەو تاوانبارانە بە سزای لە سێدارەدان کۆتایی بەژیانیان بھێنرێت، دەتوانرێت ئاستی ئەو بێحورمەتیەی بەو گەنجە کردویانە ھیچ حورمەتێکی بۆ بگەڕێنێتەوە تا ئەوەی لە کۆمەڵگادا وەک مرۆڤێکی ئاسایی خۆی ببینێتەوە، بێگومان نەخێر دەبێت وەڵامەکە، چونکە بە جیھانبینی لە سێدارەدان و جیھانبینی تۆڵە سەندنەوە ھیچ چارەسەریەک و ھیچ ئاڵوگۆڕێکی حورمەتدارانە بەدی نایەت، تەنھا چارەسەر ئاستی گۆڕانکاری مەزنە لەوەی ئاستی مرۆڤ بون بدرێتەوە بەڕەگەزی مێ و خۆی بتوانێت خاوەنی خۆی بێت، نەک پیاو، چونکە ئەوە ڕەگەز پەرستیەتی پیاوە، وای لەم پیاوانەش کردوە بەو ئەندازەیە لە دڕندایەتی، بەر ببنە لاقە کردنی ئەو گەنجە و بێحورمەتی پێ ببەخشن، خۆ گەر یەکسانی خوازی ھەبوایە لە نێوان کەسایەتی ژن و پیاودا ئەو کات پیاو نەدەبوە ئەم کەڵەگایەی ئێستا و پەلاماری ھەردوو ڕەگەز بدات؟ من دەڵێم گەر ئەو تاوانبارانە ئاستێکی مرۆڤ بونیان تێدا بوایە، ھیچ کات دەستیان بۆ کارێکی ئاوا دڕندانە نەدەبرد لەوەی تۆڵەی خۆیان بکەنەوە.

ئەم پیاوە دڕندانە لەم ڕێگایەوە دەخوازن دوو کەلتووری نوێی بۆگەن بھێنە نێو کۆمەڵگاوە، یەکەم کەلتوری جیھانبینی گوندەیی، دوەم کەلتوری تۆڵەسەندنەوەیەکی تەواو دڕندانە. خۆ کوشتنی ھەزاران ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا، تەنھا پیاو وە کەلتوری نێر بون لێی بەرپرسیارە، کەلتوری شەھوەتێک کە خۆشەویستی تێیدا بزر بوە. گەر لە کۆمەڵگادا ئاستی خۆشەویستی نەما لە نێو ئەو دوو ڕەگەزەدا و تەنھا تێر بونی شەھوەتی پیاوانە بونی ھەبوو، ئەو کات خۆبەخۆ کۆمەڵگا لە نێو بەرەڵاییدا خۆی دەبینێتەوە و ھەزاران دیاردەی دڕندانەش دێنە جێبەجێ کردن دژی ئەو ڕەگەزەی کە ژێردەستەی پیاوە.

کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی مەدەنیانە ھەیە تا ئەوەی تاک و کۆمەڵگا بتوانن ببن بەخاوەن کەسایەتی خۆیان، ئێستا کۆمەڵگا لەبەردەم دیوارێکی ڕزیودایە و تەنھا کەرامەتی خۆی لە زایندەی ژندا دەبینێتەوە، تائەو کاتەی کۆمەڵگا بەرەنگاری بکات لەوەی ئەو دیوارە ڕزیوە نەڕوخێت، تا ئەو ساتەش دەرەنجامە کارەسات بارەکان چاوەڕێی دەکات. لاقە کردنی ئەو گەنجەی کوردستان چیمان پێدەڵێت؟ بە بڕوای من، گەر دەسەڵاتی ھەرێم خۆی نەخاتە بەردەم لێپرسینەوە لەوەی کە زۆرترین تاوانبارە لەبەردەم پەرەسەندنی ئەو تاوانانەی دژی ژنان دەکرێت و ژن کوشتن بوەتە کارێکی ڕۆژانە، تا دێت ئاستی ئەو بەرە دڕندەیە لە کۆمەڵگادا ڕوو لە زیاد بون دەکات. چونکە لە کۆمەڵگایەکدا دەسەڵات و دەزگا حکومیەکان خۆیان بەبەرپرسی ڕوداوەکان نەزانن کە لە کۆمەڵگادا ڕوو دەدەن، ئەو کات ئەوان دەبن بەھۆکاری سەرەکی لە درێژەدان بەو تاوانانە. پەرەسەندی ئاستی چینایەتی لە نێو کۆمەڵگادا و بەرەی دەسەڵاتدار ئازادی لەوەدا ببینێتەوە کە تەنھا ژیان بۆ ئەوە، وە ئەوی خوارەوەی خۆیشی بەرداتە نێو تەمومژ و گرژیەکانی ژیانی بۆ زیاد بکات، ئەو کات دەکرێت کۆمەڵگا بۆخۆی ببێتە خاوەنی ئەو بڕوایەی کە ئەو دەسەڵاتە لە خزمەتی ئەمدا نیەو تەنھا وەک قازانج خۆرێک بەسەر کۆمەڵگاوەیە و ئامادەش نیە چارەسەری مەدەنیانە بۆ کۆمەڵگا بدۆزێتەوە تا ئەوەی بەر بەو بەربەریەتیە بگرێت کە مێژویەکە یەخەی بەکۆمەڵگا گرتوە و بەتایبەتیش ڕەگەزی مێینە بوە بە باجدەرە سەرەکیەکە لەو مێژوە تاریکەدا. لاقە کردنی ئەو گەنجە، ئەوەمان پێدەڵێت گەر بەر بەو ڕوداوانە نەگیرێت، ئەوا ھەنگاوی زۆر نامرۆڤانەتر ڕەنگە ڕوو لە کۆمەڵگای کوردستان بکات. بابزانین ئایندە چیمان پێدەڵێت؟


٩\١٢\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک