په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٤\٢٠١٢

لە ئاکسیۆنی نارەزایەتی پەنابەراندا داواکرا
پەرلەمان پەلە بکا لە پەسەندکردنی پرۆژە بڕیاری فیدراسیۆن بۆ چارەسەری کێشه‌ی پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان.



رۆژی ١٥-٤ کاتژمیر ١٠ سەر لە بەیانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی_لقی کوردستان بۆ پشتگیری لە کەمپینی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی دژ بە زۆر ناردنەوەی پەنابەران ولە پیناو وەڵام دانەوە بە داوا رەواکانی پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان، ئاکسیۆنی نارەزایەتی بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ پەنابەری دیپۆرتکراو، کەسوکاری ئەو پەنابەرانەی بەھۆی سیاسەتی دژی پەنابەریەوە گیانیان لە دەستدا،نۆینەری فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی،لایەنی سیاسی و چەند رۆزنامەنووسی بیانی، لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە شاری سلێمانی بەرپاکرد.


خۆپیشاندەران بە دروشمی(دیپۆرتی پەنابەران راگرن!پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان قەرەبوو بکەنەوە،کار یان بیمەی بێکاریمان دەوێ،مافی پەنابەری مافی ئینسانە،بژی ئازادی سەفەر،دەرگای فرۆکەخانەکان بەرووی پەنابەرانی دیپۆرتکراو دابخەن...لەگەڵ پلاکارتی نوسراو بە(پشتیوانی لە کەمپینی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی دەکەین دژ بە زۆر ناردنەوەی پەنابەران،داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە وەلامی پرۆژەی فیدراسیۆن بۆ خواستی پەنابەرە دیپۆتکراوەکان بدەنەوە).


ئامانج عبدولا بەرپرسی لقی کوردستانی سەرباری بەخێرھاتنی ئامادەبوان ئامانجی ئاکسیونە نارەزایەتیەکەی بۆ ئامادەبوان رۆشنکردەوە پاشان دەشتی جەمال سکرتیری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی لە ووتەیەکدا ڕایگەیاند"ئیمە ئەمڕۆ لێرەین تا پەیامی ناڕەزایەتی خۆمان بگەیەنین دژ بە سیاسەتی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران و سات و سەوداو خۆشخزمەتیەک کە لە دەورەی ڕابردوو وە ئێستادا بە سیاسەتی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران پەیڕەوی لێدەکریێ...ھاوڵاتیانی کوردستان بە خۆشی خۆیان ژیانی پەنابەرییان ھەڵنەبژاردوە بەڵکو ژیانی پەنابەرییان بەسەردا داسەپاوە، نا چارکراون بۆ گەڕان بە شۆین ژیانێکی ئارام و ئاسودەدا ...ھەروەھا ووتیشی ناڕەزایەتی پەنابەران بەشێکە لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستان لە پێناو ئازادی وعەدالەتی کۆمەلایەتی و خۆشگوزەرانی...کاتێک دەسەڵات لێرە ئامادەنیە وەڵام بە داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان بداتەوە با دەست بکەنەوە لە یەخەی پەنابەران ..ھاوکات ووتیشی وەلامدانەوە بە کێشەی پەنابەران و دیپۆتکراوەکان بە شێکە لە وەلامدانەوە بە داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان و ئەرکی دەسەلاتە وەلام بە مەسەلەی دابینکردنی ژیان و کێشەی پەنابەرە دیپۆتکراوەکان بداتەوە کە قوربانی سیاسەتی چەوتی ئەوانن ..تەئکیدی کردەوە لە یەکگرتووکردنی ڕیزەکانی پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان و لە ھەوڵەکانی فیدراسیون لە سەراسەری ئەوروپا تا ڕاگرتنی بەڵای دیپۆرت...


پاشان وەفدێکی پەرلەمانتارانی کوردستان کە پێک ھاتبوو لە بەڕێزان ئەندام پەرلەمانتاران (کوێستان محمد،سەرگوڵ ڕەزا حەسەن، پەیمان عیزەدین، نەسرین جەمال، شەونم محمد) .....ھاتنە بەردەم خۆپێشاندەران ھەریەک لە پەرلەمانتاران ڕایانگەیاند"ئێمە بە ناوی ھەموو فراکسیونەکانەوە پشتگیری لە ھەوڵەکانی ئێوە و داواکاری پەنابەرە دیپۆتکراوەکان دەکەین..لە ئێستادا پەرلەمان لە سەر پرۆژە بڕیارێک کار دەکات بەم زوانە پێشکەش دەکرێت...پێشنیارمان کردوە لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆنفرانسێک لە پەرلەمان ئەنجام بدرێت بە بەشداری فیدراسیۆن تا بتوانین سیاغەی یاسایەک بکەین کە مافەکانی پەنابەران و دیپۆرتکراوەکانی تیا پارێزراو بێت .. لە نزیکترین کاتدا وەڵامتان لێدەگێڕینەوە...).


وەفدی فیدراسیۆن لە پیش خۆپیشاندەران پەرلەمانتارانیان لە ئاکامە زیانبارەکانی سیاسەتی دیپۆرت ئاگادارکردوە ئەو کردەوانەی کە حکومەتی ھەریمی و حکومەتی عێراقی دەوریان تیا گێڕاوە بە زیانی پەنابەران، ڕایانگەیاند "لە ئێستادا فیدراسیۆن تەنھا یەک پرۆژە بڕیاری ڕاگەیەندراوی ھەیە کە سەرجەرم خواستەکانی پەنابەران و دیپۆتکراوکان لە خۆ دەگرێت ...داوا دەکەین ئێوە وەک پەرلەمانتاران پشتیوانی لەو خواستانە بکەن و پەلە بکەن لە پەسەندکردنی پڕۆژە بڕیاری فیدراسیۆن تا بچێتە بوار جیبە جێکردنەوە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند کات پێی.. ھاوکات پەلەمانتاران لە کێشەو گیروگرفتەکانی دیپۆرتکراوەکان ئاگادارکرانەوە...


شایەنی باسە نۆێنەرانی ژمارەیەک لە ریکخراوو لایەنی سیاسی لەوانە (عیرفان کەریم بەرپرسی کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، پەروین عەزیز بە نۆینەرایەتی فیدراسیۆنی ریکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی،ئاسۆ کەمال بە نۆینەرایەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ریبوار عارف سکرتیری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی لە فنلاند) بە چەند ووتەیەک پشتیوانی و پشتگیری خۆیان لە کەمپینی فیدراسیۆن و ئاکسیۆنی نارەزایەتی فیدراسیۆن دەربری.


لە کۆتاییدا سکرتێری فیدراسیۆن ڕاگەیاندنی کەمپینی فیدراسیۆن کە خواستەکانی تیا ھاتبوو ھاوپێچ بە لیست و کیتابی چەند پەرلەمانتاری بەریتانیاوسویسرا،ئەوروپا،کەسایەتی و ڕۆژنامەنوسان، نۆێنەرانی رێکخراوە پەنابەری و ئینسانی کە ئاماژەیە بۆ داواکاریەکانی کەمپینی فیدراسیۆن پێشکەش بە پەرلەمانتارەکان کرا.


سکرتیری فیدراسیۆن لە سەر بەردەوامی ھەوڵەکانی فیدراسیۆن لە پێناو بەرگرتن بە سیاسەتی دیپۆرت و وەلامدانەوە بە داواکاری دیپۆرتکراوەکان لە ئاستی دەرەوە ناوەوەی کوردستان تاکیدی کردەوە.

دوای ٢ کاتژمێرلە نێو دەنگی خرۆشی خۆپێشاندەران بۆ داخوازیە بەرھەقەکانیان کۆتایی بە ئاکسیۆنەکە ھات.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم کەمپینە بەم ژمارە تەلەفونانەی خوارەوە پەیوەندی بگرن:
کوردستان: ٠٧٧٠١٤٢١٤١٦، ٠٧٧٠٢٢٠٤٨٤٤، ٠٧٧٠٧٥٢٤٣٤٣
www.federationifir.com
 

فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ریی په‌نابه‌رانی عێراقی - لقی کوردستان
١٦\٤\٢٠١٢

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک