په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٦\٢٠١١

له بارەی پێدانی زانیاریی بە رۆژنامەنووسان.

راپۆرتی: شوان سدیق

وەزارەتەکانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و شارەوانی بە خراپترین وەزارەتی حکومەت دادەنرێن.


رۆژنامەنوسان پێیانوایە دامودەزگاکانی حکومەت لەڕووی پێدانی زانیاری بەرۆژنامەنوسانەوە دەرگایان بەرووی رۆژنامەنوساندا کراوە نییەو لەنێو ئەو وەزارەتانەشدا زۆربەیان باس لەوەزارەتەکانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و شارەوانی دەکەن، بەڵام لەئەدای وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی و رۆشنبیری رازین.


یەک لەکێشەکانی رۆژنامەنوسی کوردی گەیشتنە بەسەرچاوەی زانیاری، یاخود پێنەدانی زانیارییە لەلایەنی پەیوەندار بەو بابەتانەی کە رۆژنامەنوسان رووماڵی دەکەن، ئەمەش هەم پێچەوانەی یاسای رێکخستنی کاری رۆژنامەوانییە، هەم پێچەوانەی شەفافیەتی حوکمڕانییە، لەو ڕووەوە (11) رۆژنامەنووس لەدەزگا جیاجیاکان، وەزارەتی ناوخۆ بەخراپترین وەزارەت دادەنێن، لەهەمانکاتدا پێیانوایە وەزارەتەکانی پەروەردە و رۆشنبیری و تەندروستی لەو رووەوە دەرگایان کراوەیە و مامەڵەیەکی دروست دەکەن.


فەرمان سادق رۆژنامەنووس لەگۆڤاری شەقام دەڵێت "بەگشتی وەزارەتەکان زانیاری لەرۆژنامەنووسان دەشارنەوە، بەڵام تاڕادەیەک وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی رۆشنبیری دەرگایان واڵایە بەڕووی رۆژنامەنووساندا، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان زۆرخراپن لەو ڕووەوە".


هەروەها (سەرتیپ قەشقەیی) لەگۆڤاری (ستاندەر) پێیوایە وەزارەتەکانی تەندروستی، پەروەردە، ئەوقاف تاڕادەیەک باشن، بەڵام بەگوتەی ئەو "وەزارەتی ناوخۆ و پلاندانان، لەگەڵ وەزارەتی دارایی و شارەوانی بۆ کاری رۆژنامەنووسی خراپن".


بەبڕوای رۆژنامەنووس (بەهمەن عومەر) لەگۆڤاری (سڤیل) وەزارەتەکانی تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەوقاف و پەروەردە باشن، بەڵام وەک ئەو رۆژنامەنووسە گوتی "وەزارەتی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان، لەگەڵ وەزارەتی دارایی زۆر خراپن لەپێدانی زانیاری و قسەکردن بۆ رۆژنامەنووسان".


عیسا خدر، کە چەند ساڵێکە لەشاری هەولێر کار بۆ رۆژنامەی (ئاوێنە) دەکات، دەڵێت "وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی و سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی پێشمەرگە زۆرخراپن کە زانیاری نادەنە رۆژنامەنووسان"، عیسا گوتیشی "بەڵام وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە و رۆشنبیری زۆر رێگری ناکەن لەپێدانی زانیاری و کاری رۆژنامەنووسیدا".


عیسا ئەو بەربەستانە لەبەردەم میدیای ئازاد زیاتر بۆ ئەوەگەڕاندەوە، کە لەکوردستان "هەژموونی حزب زاڵە بەسەر دامودەزگا حکومییەکاندا، بۆیە ئەو راگەیاندنانەی کە سەربەخۆن بەزەحمەت زانیارییان دەست دەکەوێت".


وەزارەتی هاوبەش لەنێو رای ئەو رۆژنامەنوسانەی لەو راپۆرتەدا قسەدەکەن، بە پلەی یەک وەزارەتی ناوخۆیە لەوەی کە "مامەڵەیەکی خراپ" لەرووی پێدانی زانیارییەوە بەرامبەر کاری رۆژنامەنوسی ئەنجام دەدات، بەڵام هەر یەکە لە (دڵشاد ئەنوەر) لەرۆژنامەی هاوڵاتی و (کەمال چۆمانی) دەستەی نوسەرانی گۆڤاری (لڤین) زیاتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیان بەلاوە "خراپە"، چونکە بەبڕوای ئەوان ئەو وەزارەتە بە یەکجاری دەرگای داخستووە بەڕووی رۆژنامەنووساندا.
لەلایەکی تر (هیوا بەرزنجی) رۆژنامەنووس لەرۆژنامەی (رووبەر) ئاماژە بەوە دەکات "وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردە و شارەوانی تا رادەیەک باشن، بەڵام وەک ئەو رۆژنامەنووسەی رۆژنامەی رووبەر گوتی "ئەو وەزارەتانەی کە خراپن وەزارەتەکانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکانە، چونکە دەرگایان بەڕووی رۆژنامەنوساندا داخستووە".


وەک (بارزان محمەد) لە رۆژنامەی (رووداو) ئاماژەی بۆ دەکات، ئەو هیچ وەزارەتێکی پێ خراپ نییە، بەڵام بارزان گوتی "لە زۆر رووەوە تەنیا وەزارەتەکانی پەروەردە و کارەباو کاروباری کۆمەڵایەتی زۆرجار دەرگایان بەڕووی رۆژنامەنووساندا کراوەیە".


بەبڕوای رۆژنامەنووس (هیوا بەرزنجی)، پێنەدانی زانیاری بەڕۆژنامەنووسان کاریگەری خراپی لێدەکەوێتەوە، هەم بۆ سەر کاری رۆژنامەگەری، هەروەها بۆ تێگەیشتنی هاوڵاتیان لەکاروباری حکومەت، هیوا بەردەوام بوو لەقسەکانی و گوتی "پێنەدانی زانیاری بە رۆژنامەنووسان کاریگەری نێگەتێڤی دەبێت، چونکە رۆژنامەنووس پەنا بۆ ناو و سەرچاوەی نائاشکرا دەبات، لێرەدا سەرەڕای ئەوەی لادانێکە لە ئیتیکی رۆژنامەنووسی، هەروەها لەزۆر رووە خوێنەریش توشی لادان و سەرسوڕمان دەکات".


سەرەڕایی ئەوەی رۆژنامەنووسانی ئازاد کێشەی وەرگرتنی زانیارییان هەیە، بەڵام ئەو رۆژنامەنووسانەی کە لەئۆرگانی حزبە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکانیشدان، بەپێی لێدوانەکانی خۆیان هەمان کێشەیان هەیە.


دیلان رەشاد لە تەلەفزیۆنی زاگرۆس، کە کەناڵێکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دەڵێت "وەزارەتی رۆشنبیری تاڕادەیەک باشە و دەرگا کراوەیە، بەڵام وەزارەتی شارەوانی زۆر خراپە، چونکە زانیاریت پێنادەن و بەربەستت بۆ دروست دەکەن".


فەرەیدون بێوار رۆژنامەنووس لەرۆژنامەی (پرس) کە رۆژنامەکەی ئەوان سەر بە یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستانی سەر بە پارتییە ئاماژە بەوە دەکات، کە "وەزارەتەکانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان یەکێکن لەوەزارەتە خراپەکانی حکومەت"، وەک بێوار ئاماژەی بۆکرد "بەڵام ئەوقاف و تەندروستی و کاورباری کۆمەڵایەتی باشن، چونکە رۆژنامەنووس دەتوانێت بەئاسانی زانیارییان لێ وەربگیرێت".


هەژار ئەنوەریش کە بەرپرسی کەناڵی (knn)ی زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕانە لەشاری هەولێر، وەزارەتی شارەوانی بەخراپ دەزانێت"، هەژار خراپی وەزارەتی شارەوانی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە. "لە ماوەکانی رابردوو سەرۆکی شارەوانی هەولێر لەسەر کارەکەی لادرا، چەندین جار پەیوەندیمان بە وەزیر و وەزارەتی شارەوانی کرد، بەڵام بەهیچ جۆرێک ئامادە نەبوون لێدوان بۆ کەناڵەکەمان بدەن".


بەپێی یاسای کاری رۆژنامەنووسی لەهەرێمی کوردستان، رۆژنامەنووسان مافی وەدەستخستنی زانیارییان هەیە، چونکە لەخاڵی دووەمدا، لەمادەی دووەمی یاسای کاری رۆژنامەنووسی ژمارە (35)ی ساڵی (2007) کە بەبڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی (2008)ی پەرلەمانی کوردستان دەرچووە "رۆژنامەنوس بۆی هەیە لەسەرچاوە جیاوازەکانەوە هەر زانیارییەک کە بایەخی بۆ هاووڵاتیان هەبێ و پەیوەندییان بە بەرژەوەندی گشتییەوە بێ، وەدەست بێنێ بەپێی یاسا".


سەبارەت بەپێنەدانی زانیاری بەرۆژنامەنووسان (د.کاوە مەحمود) گوتەبێژی رەسمی حکومەتی هەرێم دەڵێت "پێنەدانی زانیاری ئەوە پەیوەندی بە یاساوە هەیە، لەبەر ئەوە هێشتا لەکوردستاندا یاسایەکی تایبەت بەپێدانی زانیاری نییە".


لەبەرانبەر قسەکانی گوتەبێژی حکومەتدا (هەژار ئەنوەر) بەرپرسی نوسینگەی (KNN) لەهەولێر پێیوایە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەو رووەوە بەرپرسی یەکەمە، چونکە "ئەگەر سەیری راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران بکەین، زۆر کەمتەرخەمن بەرانبەر بە رۆژنامەنووسان".

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک