په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

لە ڕۆژى خۆشەویستیدا..
بۆ خوێناوییترین دەنگى عاشق......
بۆ شەهریبانا کوردى.....


نەجات حەمید ئەحمەد


زۆر لەوانەى واتێگەیشتن گۆرانى گوتن جۆرێکە لە دەنگى خۆش وئاوازى گونجاوو ڕێک وپێک نوشوستیان هێناو نەیان توانى ناخمان بجووڵێنن و نەشیان توانى لە گۆرانى بگەن ونەیانزانى گۆرانى هاوارى ناخە لەو کاتەى هەموو ووشەکان و ئاوازو مۆسیقاکان بێدەنگ دەبن تاکوزمانى ئەو دەروونە گیرۆدەبووە بە خۆشەویستى و عەشقێکى قووڵ هەر خۆى دەنگ بە ئاوازو مۆسیقا ببەخشێت لەوێدا شەهریبانا کوردى دێت و دەنگى هەرە قووڵى ناخ و دڵى خۆیمان بۆ دەنێرێ تاکو بە ساڵاندا بگەڕێینەدواوەو بە دووى سۆزو گرفتاریە بزربوو وبەدووى جۆشەکانماندا بگەڕێین و بکەوینە دووى ئەو خولیا گەورەیەى کەنهێنیەکانى بوونمان ئاشکرا دەکەن ودووبارە لە ژێرتەپ وتۆزى زەمانە بوونمان . هەستمان .دڵمان زیندوو کاتەوەو بە دەنگى عەشق بیانهێنێتەوە نێو ژیان .چونکە ئەو گۆرانى ناڵێ ئەو ڕێگە بە خۆشەویستیى ناخ دەدات زمان بگرێ .ئەو وەکو ئەو بارانە بەهارەیە کە بەسەلر وەشتەکاندا هەمو گژوگیا تێنوەکان بەرز کاتەوەو ئەو ڕێگە بە خوێنى نێو دەمارەکان دداتەوە تاکولە گەڵ سەداى دەنگى ناخى ئەودا شەپۆڵ بدەن ..

 

زۆربوون ئەوانەى گرەویان تەنها لە سەر دەنگ خۆشى و مۆسیقاى بە جۆش کردو نەیان توانى دڵمان ببزوێنن بەڵام شەهریبانا کوردى دێ هەموو هەست و سۆزمان دەخاتە لەرزەوە و پێمان دەڵێ ئەو کەسەى لە زمانى خۆشەویستى نەگات ناتوانێ گوێ لە دەنگى من بگرێ چونکە گۆرانى لەلاى ئەو ئاخاوتنى شنەباکانە لە گەڵ گەڵاکان. هەناسەى دۆڵەکانە لە گەڵ دارستانەکان ..ئەو دەیەوێ بەیەک جار هەموو ناخ و دڵى خۆى دەرکاتە دەرەوە چونکە دەیەوێ پێمان بڵێ گۆرانى گواستنەوەى مرۆڤە لە نێو زیندانى بوونێک کە بە ژیانى ڕۆژانە ناو نراوەو کەچى ئەو دەیەوێ ئازادى کات بە خۆشەویستى و جۆشى دڵ تاکو زمانێک بخوڵقێنێ کەتەنها ئەوانە لێى بگەن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان و بۆ هەتا هەتایە بەر تەلیسمى عەشق کەوتن ..

 

ئەو دەمێک بانگ دەکا بانگى خۆشەویستەکەى دەکات تاکو پێى بڵێ دڵ ڕزگاربوونى نیە لە دەست وەشاندنى یەکەمینى خۆشەویستى جارێکى دیکەش دەناڵێتەوە تاکو بانگى تاسە ون بوەکانى دڵ بکاتەوەولە گەڵ ڕۆژگارە مردوەکانمان بیان خاتەوە بەرامبەر یەک ..چونکە ئەو لە گۆرانى ئەوە تێگەیشتووە کە تواناى ئازادکردنى مرۆڤى هەیە لە هەموو قەدەغەکراووکینەو ڕقێک لە هەموو داسەپاوێک بەڵام تەنها ناتوانێ لە سۆزى خۆشەویستى ئازادى بکات ..

 

شەهریبانا کوردى ئەو مرۆڤە داهێنەرەى ووشەکان لە گەڵ ئاوازەکان دەتوێنێتەوە تاکو بیان کاتە پارچەیەک لە دڵۆپە ئەڵماسى سۆز ..ئەو بێ بەزەییە زۆر بێ بەزەییە کە دڵمان لە چنگى ڕاهاتن لە گەڵ مردنى گەڵاکان و ڕۆژگارەکانى تەمەن دەردێنێ و پێى دەڵێ تاکو خوێن بەو زیندانەدا ڕۆچێت حەسانەوەت نیە لە کوشندەیى عەشق ئەو شاهەى ئاگر لە مەملەکەتەکەى بەردەدات تاکو گەشتى دوورى خۆشەویستى بکات بێ ئاوڕدانەوە ..ئەو دەزانێ بانگە هەست بکات کە هیچ دەنگێک ناتوانێ قەڵاى دڵ بشکێنێ سنوورەکانى هەست بسڕێتەوە تەنها بەو ئاگرەى کە یەکەمین جارو بۆ هەمیشە تووشى تەلیسمێکى خودایى بووە .. مۆسیقاکان وەک دەڵێى چاوەڕانن کەى بێتە گۆ تاکو هێز بە نۆتەکانیان ببەخشن و دووبارە لە گەڵ ئەو سۆزبارانەى دەنگدا بکەونەوە جۆش و خرۆش ...

 

ئاخر زۆربوون ئەوانەى فێڵیان لە گۆرانى کردو وایان زانى گۆرانى دەنگ و سەدایەو نەیان زانى گۆرانى کاتێک ئەو هارمۆنیا نهێنیەى ناخ و ناوەوە بزر دەکات دەبێتە تەنها دەنگێکى بێ گیان و بێ هەست ئەو دێ و ووشەکانى ئەو بوونە دەکاتە دەنگ کە هەمووشتەکانى ناوەوە هەموو ڕابوردوو ئێستا دەلەرزێنێ و بەرەو ڕووى خودى مرۆڤیان دەکاتەوە کە دەشێ جارێکى دى و تاکو مردن ئێمەش فێرى گۆرانیەک بین کە هیوایەکى بزر خۆشەویستیەکى بزرلە ناخماندا لە نێو تۆزى ساڵاندا بدۆزینەوە .. شەهریبانا کوردى ئەو مرۆڤە پڕو لێواو لێوە لە تاسەو فرمێسک و چاوەڕوانى و عەشق پڕ لە دوعاو نزاى ئومێدو نائومێدى وەکو ئەو زیندە خەونەیە کە تاکو لە ژیاندا مابین ناخمان دەڕووشێنێ و بریندارمان دەکات چونکە ئەو خۆشەویستیى ناخ و خۆشەویستیى خاک ئەو خاکەى وێنەى خۆشەویستەکەى تێدایە لە گەڵ یەکدا ئاوێزان دەکات و بە شێنەیى وەکو سروەى بەیان و شنەى سەر ڕووبارەکانى نیشتیمان بە دڵدا بکات و بیان خاتە هەژانێکى کۆتایى نەهاتوەوە ..ئەو شێوەو جەستەو سۆزو حەسرەت بە دەنگ دەبەخشێ چونکە ووشەکان لە زاریدا وەکو پەرەِى گوڵ بەرەو ئاسمان دەچن.


bawagorgor@yahoo.com