په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٩\٢٠١٢

لە ساڵیادی جوانەمەرگبوونی (بەناز جەواد).
 


گرووپی چاوی زانکۆ: ئەوەیە بێ ئومێدبوون و ناڕەزایی گەنجان درێژەی ھەیە.


وەک ئاشکرایە لەم رۆژانە ساڵێک بەسەر جوانەمەرگ بوونی (بەناز جەواد) دەرچووی پەیمانگا کارگێری لە ھەولێر تێدەپەڕێت، ئەو کچە گەنجە لە بێ ئومێدبوونی بەداھاتووی خۆی لەژێر سایەی حوکمڕنی خۆماڵی گری لەجەستەی بەردا، بەداخەوە لە ساتی ڕودانی ئەو کارەساتە دەسەڵاتدارانی ھەرێم نەک ھەر لێکۆڵینەوەی جدیان لەسەر ئەو بابەتە وپاڵنەر و کاردانەوەکانی نەکرد، بەڵکو ھەوڵیان دا بە گۆڕینی ئاراستەی کێشەکە بۆ کۆمەڵایەتی و دەرونی خۆیان لەو زەنگە مەترسیدارە لادەن، ئەوەی لێرە گرنگە قسەی لەسەر بکرێت دوای ساڵێک لەو کارەساتە ئەوەیە بێ ئومێدبوون و نارەزایی گەنجان لە حکومەت درێژەی ھەیە و بەڵکو روو لەزیاد بوونە، ئەو خەمەی ساڵێک بەر لە ئێستا بەنازی بەو کۆتاییە دڵتەزێنە گەیاند ئەمرۆ خەمی ھەزاران گەنجی ئەو وڵاتەیە. ئەمساڵ لەکاتێکدا ھەلی دامەزراندن تەنھا بۆ ١٧ ھەزار کەس ڕەخسێنراوە لەبەرامبەردا زیاد لە ٢٠٠ ھەزار فۆرم بەو مەبەستە پڕکراوەتەوە، ئەوەش شکستی پلانی حکومەت لە ئاست گەنجان و داخوازی و مافەکانیان دەردەخات.

 

ئەوەی تایبەتیشە بە ئێمە وەک گرووپێکی خوێندکاری ئەوەیە بەھۆی ئەو مامەڵە خەمساردانەی حکومەت لەگەڵ دەرچوان دەیکات بەشێکی بەرچاو لە خوێندکاران توشی نائومێدی زۆر ھاتوون و، داھاتووی خۆیان بەتاریکی دەبینن، ئێمە لە ساڵیادی مەرگی ئەو کچە خێرلەخۆ نەدیوە ئەوە بیر لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەت و پەرلەمان دەھێنینەوە ئەگەر ھەر بەو شێوە خەمساردیە مامەڵە لەگەڵ پرسی بێ کاری و دانەمەزراندن بکەنەوە بەدڵنیاییەوە چاوەڕوانی و ئارامی سنوری خۆی ھەیە، لەسەر حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێویستە وەک مافێکی خۆیان دەرفەتی کار لەکەرتی گشتی و تایبەتی بۆ سەرجەم دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و گەنجان بەگشتی دابین بکات. بەپێویستیشی دەزانین لەساڵیادی ئەو کارەساتە داوا لەو کەس و لایەنانە بکەین داوای لێبوردن لەرۆحی جوانەرگ و بنەماڵەکەی بکەن کە لەجێ ی ئەوەی ھەست بەشەرمەزاری بکەن لە ڕوداوێکی وەھا شێوە کەچی ھەوڵیاندا بوونی نەخۆشی دەروونی بخەنە پاڵ بەنازی جوانەمەرگ.


بە ھیواین ھەرگیز کارەساتی لە شێوەی بەناز دوبارە نەبێتەوە و قوربانی ئەو ببێتە پاڵنەر بۆ حکومەتی ھەرێم بە جدییتر ئاوڕ لە کێشەی خوێندکاران و دەرچووان بداتەوە
.


بۆ پەیوەندیی و زانیاریی بە گرووپ ٠٧٥٠٤٨٥٥٩٦٧.
_________________________________________
بەناز جەواد: تەمەن ٢٢ ساڵ دەرچونی پەیمانگای کارگێری لەھەولێر، لە ٢٨-٨-٢٠١١ گڕی لەجەستەی خۆی بەردا و، دوای مانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ ماوەی ٩ رۆژ لە شەوی ٥-٩-٢٠١١ گیانی لەدەستدا.

 

 

گرووپی چاوی زانکۆ

٤\٩\٢٠١٢ - ھەولێر
www.facebook.com\chawyzanko

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک