په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١\٢٠١١

لە سوێد شەڵتەرەکانی داڵده‌دان چۆن بەڕێوەدەچن؟


سازدانی: ئاڤان فارس


هەڵاڵە رافیع، بەڕێوەبەری ماڵی داڵدەدانی ژنان (نینا) لەسوید، له‌م دیمانه‌یه‌دا باس لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی سیستەمی شەڵتەرەکان دەکات و دەڵێ لە وڵاتَێکی پێشکەوتووی وەک سویدیش رێژەی توندوتیژی دژی ژن لەهەڵکشاندایە. ئەو گوتی"بەگوێرەی راپۆرتێکی شەڵتەرەکانی سوید لەم 10 دەساڵەی دواییدا توندوتیژی بەرانبەر بەژنان لەسوید لە 33% زیادیکردووە. بەمەرجێ ئەو حاڵەتانەی کەپۆلیس لێی ئاگادارە، تەنیا٢٥%ـە".

 

ئاڤان فارس: لەلای ئێوە لەسەر چ بنەمایەک شەڵتەر کەیس وەردەگرێت، کێ‌ چاودێری لایەنی ئاسایشی ئەو شەڵتەرانە دەکات؟


هەڵاڵە: بنەمایەکی دیاریکراو نییە بۆ کەیس کە وەک مەرجێک بۆ وەرگرتن لێیانبڕوانرێت، هەر کەیسێک بێتە لای ئێمە هەستبکەین کە پێویستی بەکۆمەکە، لە تەلەفۆن و دانیشتنێکەوە بگرە تاپێویستی پاراستنی ژیانی، ئێمە دەبێ وەریبگرین و بەگوێرەی پێویست گرنگی پێبدەین. بۆیە کەیس هەیە رەنگە بۆ چارەکردنی کێشەکەی پێویستی بەتەلەفۆنێک بێت، کەیسیش هەیە رەنگە زیاتر لە 5 ساڵ کاری لەسەر بکەیت و هێشتاش نەگەیتە چارەسەر. کەواتە هەرکەس پەنای بۆ شەڵتەرێک هێنا بۆ هاوکاری دەبێت هاوکاری بکرێت.

ئاڤان فارس: ئایا یاسایەک هەیە بۆ رێکخستن و بەڕێوەبردنی شەڵتەرەکان؟


هەڵاڵە: دیارە لەم وڵاتەش بەڕێوەبردنی شەڵتەرو کارکردن بۆ ئەو مەبەستە کاری رێکخراوە مەدەنییەکانە. یانی کاری دەوڵەتی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک بنەمای هاوبەش هەیە کاری لەسەر دەکرێت، یاسایەکی تایبەت بەشەڵتەر نییە، بەڵکو بەگوێرەی ئەزمونی کارو لێزانینی، ئەو کەسانەی کار لە شەڵتەرەکە دەکەن و بەگوێرەی بنەمای رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کارەکانی دەبەنەڕێوە.
جگە لەوە، دوو ناوەندی گەورە هەیە کە شەڵتەرەکان تێیدا ئەندامن و دەکرێ زۆربەی رێنوێنی و پرەنسیپی کار لەوێوە وەربگیریت. بۆیە بەرنامەو رێنامەی هەر شەڵتەرێک بخوێنیتەوە، دەبینیت کۆمەڵە خاڵێکی هاوبەش یان زۆر نزیک لەیەک هەیە لەنێوانیان، بەڵام کۆمەڵێک شتی گرنگ هەیە، لەهەموو شەڵتەرێکدا دەبێ رەچاو بکرێت. یەکێک لەوانە دەبێ هەر شەڵتەرێک ئامرازی پەیوەندیکردنی هەبێت، تا ئەو ژنانەی کێشەیان هەیە بتوانن لەڕێگایەوە پەیوەندی بەو شەڵتەرەوە بکەن، ئەمەش هەموو شەڵتەرێک هەیەتی. یەکێکی دیکە لەپرینسیپەکان پاراستنی نهێنییەکانی کەیس و لایەنەکانی دیکەی شەڵتەرەکەیە کە پێویست بکات و هەرکەس داوای کۆمەکی لەشەڵتەرێک کرد، دەبێ بەگوێرەی قسەی خۆی کۆمەکی بکرێت و رەچاوی قسەکانی خۆی بکرێت بۆ دانانی ڕێگاچارەکان.

ئاڤان فارس: کێ‌ لایەنی ئەمنی و ئاسایشی شەڵتەرەکان بەڕێوەدەبات؟


هەڵاڵە: لەبارەی لایەنی ئەمنی شەڵتەرەکانەوە دیسان خودی خۆیان کاری خۆیان بەڕێوەدەبەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو کەسانەی، کەلە شەڵتەرەکان کار دەکەن، خولی تایبەت بەچۆنیەتی بەڕێوەبردن و پاراستنی شەڵتەر دەبینن. هەندێک شەڵتەری گەورە هەیە، کە ناونیشانی دیارەو بەئەمنیەتێکی زۆر پارێزگاری دەکرێت. بۆ نموونە لەستۆکهۆڵم تەنیا یەکێکیان وایە بەناوی (ماڵی هەموو ژنان). بەشێوەیەکی گشتی ئەو جێگایانەی دەکرێنە شەڵتەر نابێ وەک ماڵێک ناونیشانی شەڵتەرەکەی لەسەر بێت، یان رەنگە ناوی کەسێک لەسەر ئەو خانووە بنوسرێت کە دەکرێتە شەڵتەر، بۆ ئەوەی وەک شەڵتەر دیار نەبێ و نهێنی بێت.
ئەگەر کەسێک هاتە ئەو شەڵتەرانەو پێوستی بەپاراستنی زیاتر هەبێت و پێویستی کرد کە ناونیشانەکەی نهێنی بێت لەدەرەوەی شەڵتەرەکان، یان کە لەشەڵتەر نامینێت، ئەوە پۆلیس هاوکاری شەڵتەرەکان دەکات و هەموو ناونیشانێکی ئەو کەسە نهێنی دەکات، هیچکەس ناتوانێ وەریبگرێت، هەرشتێکیش لەباری ئاسایشەوە رووبدات ئەوە پۆلیس بەزووترین کات هاوکاری دەکات و هاوکاری پێویست هەیە لەنێوان پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکان و شەڵتەرەکاندا.

ئاڤان فارس: دەکرێت بزانین لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک سوێد چەند شەڵتەر هەن، یاخود ئایا ژمارەی شەڵتەرەکان بەگوێرەی پێویستن؟


هەڵاڵە: لەسویدا 290 کۆمۆن یان شارەوانی هەیە. ئەگەر شەڵتەرەکان دابەش بکەی بەسەر کۆمۆنەکاندا، هەرکۆمۆنێک بەلایەنی کەم شەڵتەرێکی بەردەکەوێت، بەڵام زیاتریش لەژمارەی کۆمۆنەکان هەیە. بەگوێرەی رێژەی ئەو شەڵتەرانەی کە ناویان تۆمارکراوە زیاتر لە 300 شەڵتەر هەیە، جیا لەوەش هەندێک شەڵتەر هەیە، ناویان تۆمارنەکراوەو کاریش دەکەن.
لەسوید دوو ناوەندی سەرەکی هەیە بۆ شەڵتەرەکان، لەهەر بنکەیەکیان کۆمەڵێک شەڵتەر تێیدا ئەندامن، شەڵتەرەکان دەتوانن زۆر رێنوێنی و ماتریاڵ و شێوەی کار لەو ناوەندانەوە وەربگرن و ئەو ناوەندانە زانیاری و خولی جۆراوجۆری بەردەوامیان بۆ شەڵتەرەکان هەیە. بۆیە زۆربەی شەڵتەرە پرۆفشناڵەکان دەبێ لەم دوو ناوەندە ئەندام بن. لە شەڵتەرەکانیش جیاوازی و تایبەتمەندی هەیە، هەیە تایبەت بەژنانە، هەیە بۆ کچانی گەنجە، هەیە تایبەت بە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەتە، شەڵتەری تایبەت بەپیاویش هەیە ئەوانەی زەبروزەنگ بەکاردەهێنن و دەیانەوێت لەو شەڵتەرانەدا ئەوکێشەیە چارەسەربکەن، هەموو جۆرە شەڵتەرێک لێرە هەیەو بێگومان پێویست بە شەڵتەری دیکەش دەکات دابمەزرێت.

ئاڤان فارس: بۆچی لە وڵاتێکی وەک سوید ئەم هەموو شەڵتەرەی تایبەت بەژن هەیە؟


هەڵاڵە: بێگومان پێویستە ئەوەمان لەبەر چاو بێت، کە لەهەموو وڵاتانی دنیا تائێستاش توندوتیژی بەرانبەر بەژنان بوونی هەیە، بەگوێرەی راپۆرتێکی شەڵتەرەکانی سوید هاتووە، کە لەم 10 دەساڵەی دواییدا لە 33% توندوتیژی بەرانبەر بەژنان لەسوید زیادیکردووە بەمەرجێ ئەو حاڵەتانەی کەپۆلیس لێیئاگادارە، تەنیا (٢٥%)ـە. بۆیە زیادبوونی ژمارەی شەڵتەرەکان بەگوێرەی زیادبوونی رێژەی توندوتیژی شتێکی چاوەڕوانکراوە.

ئاڤان فارس: ئەو کەموکوڕییانەی رووبەڕووتان دەبێتەوە لەبەڕێوەبردنی شەڵتەرەکان چین؟


هەڵاڵە: وەک دەزانن زۆربەی کاری شەڵتەرەکان، وەک رێکخراوەکانی (NGO) کاری خۆبەخشە زیاتر، هەر وەک لای خۆمان توانای کەمیان لەبەردەستدایە، هاوکارییەکانیش بەگوێرەی پڕۆژەی کاتی دەدرێتە شەڵتەرەکان، نەک بەساڵانەو بڕە پارەی بەردەوام. دەبێ هەموو ساڵێک پڕۆژە بدەیت، راپۆرت بدەیت لەبارەی چۆنیەتی خەرجی پڕۆژەکان، دیسان پڕۆژە بدەی تا هاوکاری بکرێی لەساڵی داهاتوو، تا دووبارە بتوانی کارەکانتی پێ بەڕێوەببەی، ئەمەش ماندووبونێکی زۆری تێدایە بۆ شەڵتەرەکان. لەباشترین حاڵەتدا ئەگەر شەڵتەرێک توانیبێتی پێنجکەس دامەزرێنێ کە کار بکات، پێویستی بەپێنج کەسی دیکەش دەبێ کە بەخۆبەخش کار بکات. ئەمەش وایکردووە، لێرەش شەڵتەرەکان نەتوانن وەک پێویست بگەنە ئامانجەکانیان، بۆیە ئەمساڵ لەرۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، یەکێک لەداواکارییەکانی شەڵتەرو رێکخراوەکانی سوید ئەوە بوو کە نابێ هاوکاری شەڵتەرەکان بەگوێرەی پڕۆژەی کاتی بێت، بەڵکو دەبێ بە بەردەوامی هاوکاری و بودجەیەکیان بۆ دابینبکرێت، تابتوانن باشتر کارەکانیان راییبکەن، چونکە لایەنی ئابووری تائێستا بۆ شەڵتەرەکان کێشەیەو کاریگەری بەسەر چالاکتربوونی کارەکانەوە هەیە. بۆ نموونە: ناتوانن راگەیاندنیان وەک پێویست بێت، تابتوانی بەهەموو ژنان رابگەیەنیت، ئەوە شەڵتەرێک هەیە بۆ داڵدەدانی ئێوەو لەکاتی کێشەکان پەنای بۆ ببەن. یان هەندێ شەڵتەر توانای راگرتنی کەسانی پسپۆڕیان نییە بۆ هەڵسووڕانی کارەکانیان.

ئاڤان فارس: بەگوێرەی زانیارییەکان رێژەی زۆری ئەو ژنانەی روو لە شەڵتەرەکانی ئێوە دەکەن خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، رەوشی ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سوید چۆنەو لەچ ئاستێکدایە؟


هەڵاڵە: کێشەیەکی دیکەی ئەو شەڵتەرانەی لێرە کار دەکەن، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا ئەوەیە، ناتوانن تێگەیشتنێکی زانستیانەو واقیعییانەیان هەبێت بۆ کێشەی ئەو ژنانەی لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوون. ئەوەش یەکێکە لەکێشە دیارەکانی ئەو ژنە پەنابەرە رۆژهەڵاتییانەی هاتوون و پەنایان بۆ شەڵتەرەکان بردووە بۆ چارەسەری کێشەکانیان. سەرەڕای ئەوەی کە بنەماکانی مافی مرۆڤ بۆ هەمووان یەکێکەو یەک مامەڵەی بنەڕەتی دەوێت، بەڵام لەلایەکی دیکەوە هەندێ وردەکاری هەیە لەپراکتیکدا دەبێت رەچاو بکرێ. چونکە شەڵتەرێک بەکەلتوورو شێوەی هەڵسووکەوتی لەگەڵ نەریتی سوید چووبێتەڕێوە، ناتوانێت لەکێشەو کۆدە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوان و وڵاتانی دیکە تێبگات بۆ چارەسەر لەکاتی پێویست و بەگوێرەی پێویست. ئەم کێشەیە بەسازکردن و کردنەوەی خولی راهێنان و خوێندن چارەسەر نابێت، چونکە ئەوە راستییەکە بۆ نموونە: ئێمە هەرچەند شارەزاییمان هەبێت، ئەگەر ئێستا کچێکی ئەفریقی یان سۆماڵی بێتەناو شەڵتەرەکەمان بێگومان کاری بۆ دەکەین، بەڵام رەنگە نەتوانین وەک کچێکی کورد، یان عەرەب هاوکاری بین، چونکە ئێمە زیاتر شارەزای کەلتوور و دابونەریتی ئەو وڵاتانەمان هەیە کە لێوەی هاتووین. ئاگاییمان لەپەروەردەو گرفتە کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە، ئەوە یەکێک لەو کێشانەیە، کە لەشەڵتەرەکان هەیەو پێویستە رێگاچارەی ئەوەش بدۆزرێتەوە کە بەبڕوای من بەکارهێنانی وزەو توانای خەڵکە هەڵسووڕاو و شارەزاکانی خودی ئەو وڵاتانە کە ئەو خەڵکەی لێوە هاتووە باشترین چارەیە.
هەڵبەتە ئەمە ئەوە رەتناکاتەوە، کە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بۆ هەمووانە، پێویستە هەمووان بەبێ لەبەرچاوگرتنی زمان، نەتەوە، ئایین، لەهەمان مافی مرۆڤ بەهرەمەند بن، بەڵام لەوانەیە بۆ چارەسەری کێشەکۆمەڵایەتییەکان هەریەک شێوەو رێگای تایبەتی پێویست بێت.
 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵاڵه رافیع‌