په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١٢\٢٠١٠

مافی چارەی خۆنووسین؛ لە نێوان پڕوپاگەندەی حیزبێک و خواستی نەتەوەیەکدا!؟


موحسین کەریم    


کەم سیاسی هەیە نەزانێ مەسەلەی "مافی دیاریکردنی چارەنوسی نەتەوەکان" بۆ یەکەمجار وەکو سیاسەتی پارتێکی سیاسی لەلایەن لینین و پارتی بەلشەفیەوە راگەیەنراو دواتریش لەلایەن حکومەتی کرێکاریەوە بە سەرۆکایەتی لینین و حیزبی بەلشەفی جێبەجێکرا. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری لە روسیاو دامەزراندنی دەسەڵاتی شورایی،چەندین نەتەوەی دانیشتووی سەرخاکی ئیمپراتۆریەتی روسیای تزاری ئەو مافەی خۆیان جێبەجێکرد. یان جیابونەوەو دەوڵەتی خۆیان دروستکرد یانیش یەکێتی دڵخوازانەیان لەگەڵ دەسەلاتی سۆشیالیستی لە روسیادا دامەزراند.

دوای تەواوبوونی شەڕی دوەمی جیهانیش، نەتەوە یەکگرتوەکان ئەم مافەی وەکو پرەنسپێکی سیاسی لە پەیماننامەکانی خۆیدا جێکردەوە.

بنەمای ئەم تەرحە ئەوەبوو کە هەر نەتەوەیەک خۆی مافی ئەوەی هەیە کە چارەنوسی سیاسی و شێوازی حوکمڕانی خۆی لەو ناوچەیەی تێیدا دەژی، دیاری بکات. ئەمەش زیاتر بە کردەوە بۆ پارێزگاریکردن لە مافی نەتەوە ژێردەستەکان و کۆتایی هێنان بە چەوسانەوە و ستەمێک بوو کە لەلایەن دەوڵەتە نەتەوەییە دەسەڵاتدارەکان یان دەسەڵاتە ئیمپریالیستیەکانەوە لەدژیان بەرێوەدەبرا!

مافی دیاریکردنی چارەنوس یاخود مافی چارەی خۆنووسین، ئەوەی کە جاران تالەبانی و ئێستاش بارزانی پێی خۆشە بەوجۆرە ناویبەرێ، مانای ئەوەیە کە ئەو نەتەوەیەی بڕیارە ئەم مافەی پیادەبکات بڕیار لەسەرئەوە ئەدات کە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دروستبکات یان نەیکات! واتە مەسەلەی سەرەکی لەمافی بڕیاردانی چارەنوسدا دیاریکردنی شێوازی دەسەڵاتی سیاسی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیە. ئەگەر نەتەوەیەک مافی پێکهێنانی دەوڵەتی لێسەنرایەوە، واتە مافی دیاریکردنی چارەنوسی سیاسیی لێزەوتکراوە.

لە پەیوەند بە کوردیشەوە، مافی بڕیاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی و پێکهێنانی دەوڵەت، مافێکی رەوا و بێئەملاولایە. خەڵکی کوردزمان خۆیان ئەو مافەیان هەیە بڕیاربدەن دەوڵەتی سەربەخۆ پێکدەهێن یان نا. دەبێ ئەو مافەیان بۆ دابین بکرێ کە لەریفراندۆمێکی گشتیدا بڕیارلەوە بدەن کە ئایا لەچوارچیوەی دەولەتەکاندا کە تێیدا دەژین بمێننەوە یان جیابنەوەو دەولەتی سەربەخۆ دروست بکەن. بێگومان لە پەیوەند بە کوردستانی عێراقەوە، بە رەچاوکردنی هەلومەرجی سیاسی-کۆمەڵایەتی تایبەتی و دیاریکراو، بزوتنەوەی ئێمە،کۆمۆنیزمی کرێکاری، پێشنیاری دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکات.

مەسعود بارزانی لەکۆنگرەی ١٣ی حیزبەکەیدا وتی کە گەلی کوردیش وەکو گەلانی تری دنیا مافی چارەی خۆنووسینی هەیە. ئەم راگەیاندنەی بارزانی لەلایەن ناوەندەکانی ناسیۆنالیزمی کوردەوە پێشوازی لێکراو لەلایەن چەندین کەسایەتی سیاسی ناسیۆنالیزمی عەرەبیشەوە بەرپەرچدرایەوە. دەستبەجێ نێچیربارزانی و دواتریش مەسعود بارزانی مەبەستی ئەو راگەیاندنەیان رونکردەوەو وتیان کە مەبەستیان لە مافی چارەی خۆنووسین لەچوارچێوەی عێراقدایە! گلەییشیان لە دۆستە ناسیۆنالیستە عەرەبەکانیان کرد کە راگەیاندنەکەیان بەناڕەوا بە جیابونەوە لێکداوەتەوە! ئەوەشیان تەئکید کرد کە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لەسەر فیدارڵیەت داوە!

مەسعود بارزانی کە باسی نوێکردنەوە لە حیزبەکەیدا دەکات، دەڵێ زۆرێک لە بەرنامەی سیاسی پارتی جێبەجێبوە، بۆیە دەبێ بەرنامەی سیاسی نوێ بخەینە ئەجندای کاری حیزبەوە. دەشڵێن مافی چارەی خۆنووسین لە کۆنگرەکانی پێشوی پارتیدا باسکراوە و گەلی کوردیش بڕیاری خۆی لەسەر فیدراڵیەت داوەو بەمافی چارەی خۆنووسین گەیشتوە. مانای وایە ئەم ئامانجە سیاسیەی پارتیش هاتۆتەدی! ئەی کەواتە حیکمەتی چیە ئامانجێک کە هاتۆتەدی دیسانەوە دەیکەنەوە بە ئامانجی داهاتوی حیزبەکەیان!؟

چەندین کەس کەتائێستا دەربارەی راگەیاندنەکەی سەرۆکی پارتی قسەیانکردوە بە دروست ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئامانجی راگەیاندنەکە بۆ ئیستهلاکی ناوخۆییە. بەڵام هێشتا وەلامی ئەو پرسیارە نەدراوەتەوە کەبۆچی شتێک کە تەواوبوەو کۆتایی هاتوە دەتوانێ دوبارە بکرێتەوە بەئامانجی داهاتووی پارتی و دەشتوانرێ بۆ ئیستهلاکی ناوخۆیی بەکاربهێنرێ!؟

مافی دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی بۆ خەڵکی کوردستانی عێراق، مانای ئەوەیە کە ئەم خەڵکە خۆیان بڕیار لەسەر ئەوەبدەن لەناو دەوڵەتی عێراقدا دەمێننەوە یان جیادەبنەوەو دەوڵەتی سەربەخۆ پێک دێنن! راستیەکەی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان هیچ کاتێک فرسەتی ئەوەی پێنەدراوە کە ئەم مافەی خۆی جێبەجێ بکات. هیچ کاتێک خەڵکی کوردستان پرسیاری لێنەکراوە کە ئایا دەیەوێ لە دەوڵەتی عێراق جیابێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ پێک بێنێ یان نا!؟ پرسی پێنەکراوە کە ئەگەر جیانابێتەوەو لەچوارچێوەی عێراقدا دەمێنیتەوە بەکام پێوانەو مەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە دەمێنێتەوە. ئەوەی لەجیاتی خەڵک بڕیاریداوە حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتین و ئەمەشیان بەپێی بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسی خۆیان کردوە. هەرچەندە مەسعود بارزانی بۆ هێورکردنەوەی دۆستە بۆرژواکانی لەناوخۆو دەرەوەی عێراقدا دەڵێ پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لەسەر فیدارڵیەت داوە، بەڵام ئەوە دەزانێ کە پەرلەمان مافی ئەوەی نیە بڕیارلەسەر ئەو مەسەلەیە بدات،ئەگەر پەرلەمانی کوردستان لەوانەی ئەوروپاش زیاتر نوێنەرایەتی خەڵک بکات! هەروەکو ئەوەشدەزانێ کە تائێستاش خەڵکی کوردستان فرسەتی بەکارهێنانی ئەو مافەی، واتە مافی دیاریکردنی چارەنوسی پێنەدراوە! بۆیە هەوڵدەدا ئەو مەسەلەیە وەکو کەرەستەیەکی پڕوپاگەندەیی بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کوردستان بەکاربێنێ!

بارزانی کەخۆی بە سەرۆکی کوردستان دەناسێنێ لەو راگەیاندنەیدا ویستی بەشێوەیەکی لاستیکی و ریاکارانە خۆی وەکو نوێنەری ئەو خواستەی خەڵک، واتە خواستی جیابونەوە، بخاتەروو، چونکە بارزانی دەزانێ کە خەڵکی کوردستان خوازیاری جیابونەوەن نەک فیدراڵیەت. مافی چارەی خۆنووسینیش بەدروست لای خەڵکی کوردستان بەمانای مافی پێکهێنانی دەوڵەت لێکدەدرێتەوە! هاوکات ویستی حیزبەکەشی لەبەرامبەر ئامانجێکی سیاسی داهاتودا دابنێ و خەسڵەتێکی خەباتکارانەی پێبداتەوە، نەک وەکو پرۆژەیەکی ئابوری و سامان پێکەوەنان کە ئێستا وایە، مامەڵە بکرێ. هەڵبژاردنی کاتی راگەیاندنەکەشی لەلایەن بارزانیەوە دوای ئەوەبوو کە لەلایەکەوە لە مەسەلەی"پێکهاتنی حکومەتی عێراق"دا خزمەتێکی بەرچاوی بەناسیۆنالیزمی عەرەب و لایەنگرانی یەکپارچەیی خاکی عێراق کردبوو، پێی وابوو کەئەو خزمەتەی لەبەرچاو دەگرن و چاوپۆشی لەو پڕوپاگەندەیەی دەکەن کە لەبنەڕەتدا رووی لەناوخۆی کوردستانە. لەلایەکی تریشەوە سەرۆکی پارتی،دەیویست بەم راگەیاندنەی تەپوتۆز لەدەوری دوو مەسەلەی گرنگ لەکۆمەڵگای کوردستاندا دروستبکات و بێکاردانەوەی خەڵک تێیانپەڕێنێ. یەکەمیان؛ ئیمزاکردنی"یاسای خۆپیشاندان و کۆبونەوە گشتیەکان" بوو کەسەرکوتی سیاسی دەکاتە یاسا لە کوردستان و دوەم؛ پینەکردنی ئەو ریاکاریە سیاسیەی بارزانی بوو لە پەیوەند بە مەسەلەی کەرکوکەوە کە لە سایتی ویکی لیکسدا بڵاوکرایەوە! بەڵام دۆستە بۆرژواکانی لەناو ناسیۆنالیزمی عەرەبدا "بێسفەت و نمەک حەرام"بوون و لێیان کرد بە هەڵا!

ئەگەر کەسێک پێی وابێت بۆرژوا-ناسیۆنالیزمی کورد بەشوێن دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییەوەیە، بەهەڵەداچوە. بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی بۆرژوازی کورد لە کوردستانی عێراقدا لەچوارچێوەی فیدراڵیزمی نەتەوەیدا هاتۆتەدی. بۆرژوازی کورد لەوە تێدەگات کە ئەو نازو نیعمەتەی ئێستا بەسەریدا رژاوە رەنگە لەکاتی راگەیاندنی دەوڵەتدا لەدەستی بدات! ئەمەشیان بە چەندین زمان راگەیاندوە! بۆرژوا-ناسیۆنالیستی کورد بەبێ دەوڵەت هەموو ئەو ئیمتیازە ئابوریانەی بەدەست هێناوە کە جاران پێی وابوو لەچوارچیوەی دەوڵەتی نەتەوەیدا بەدەستی دێنێ.لەوەش دەگات کە ئێستا سەردەمی گلۆبالیزمی سەرمایەیەو پێشکەوتنی ئابوری و کەڵەکەی سەرمایە لەچوارچێوەی سنوری پارێزراوی سەرمایەی خۆماڵیدا دەستەبەرنابێ و پێویستی بە تێکەڵبونی ئابوریە! بۆیە هاتوهاوارو بەرنامەی سیاسی و رێکەوتن و هەڕەشەکانی حیزبەکانی بۆرژوا ناسیۆنالیزمی کورد و هاوپەیمانە سیاسیە ئیسلامیەکانیشیان هەربۆئەوەیە کە دەست بەو دەستکەوتەی ئێستای بۆرژوازی کوردەوە بگرن. تەنانەت ئەگەر مەسعود بارزانی لەناو کۆنگرەی حیزبەکەیدا یان ناوبەناو لێرەو لەوێ باسی مافی چارەنوسی گەلی کورد دەکات، یان هەر سەرکردەیەکی دیکەی ناسیۆنالیزمی کورد ئەو کارە بکات، ئەوا دەکەوێتە خانەی کەرەستەکانی فشارو هەڕەشەکردن بەخواست وئومیدەکانی خەڵک لەشەریکە سیاسیە"بێگانەکان"یان بۆ پاراستنی فیدرالیەتەکەیان!

بەڵام سەرباری ئەوەی کە نیازو مەبەستی مەسعود بارزانی لە درکاندنی دەستەواژەی مافی چارەی خۆنووسین چ ئامانجێکی سیاسی تاقیب دەکات، کاردانەوەی دەستبەجێی ناوەندەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بەرامبەر بەو راگەیاندنە ئەوە دەخاتەروو کە تا چ ئەندازەیەک هەلومەرجی سیاسی عێراق نەگونجاوە بۆ پێکەوەژیانی دڵخوازانەی دانیشتوانی عێراق و تا چ ئەندازەیەک گیانی نەتەوەپەرستی لەناو هێزە سیاسیەکانی بۆرژوازی عێراقیدا بەهێزو ریشەدارە. هێزەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەب بە نەتەوەیی و ئیسلامیەوە تائەوکاتە "دۆستی کورد"ن کە خۆیان بەرۆڵەی عێراق دەزانن، دەنا ئەگەر بیریان لە جیابونەوە کردەوە ئیتر دەبنە بونەوەرێکی جیایخوازی نەفرەتلێکراو کە شایستەی هەموو جۆرە سزایەکن!

سەرەنجام؛ بۆرژوازی کورد لەرێگای حیزبەکانیەوە بڕیاری لەسەر دابەشکردنی دەسەلاتی سیاسی و ئابوری لەگەڵ بۆرژوازی عەرەبدا لەچوارچیوەی فیدارڵیزمی نەتەوەیدا داوە، بەڵام خەڵکی کوردستان لەمافی دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی خۆی بێبەشکراوە. نوێنەرانی سیاسی بۆرژوازی عەرەب نەک ئەو مافە بۆ خەڵکی کوردستان بەرەسمی ناناسن، بەڵکو وەکو پێشینەکانیان خواستی جیابونەوەی خەڵکی کوردستان بەپارچەپارچەکردنی عێراق و خیانەتی نیشتمانی دەزانن! پارتی و باقی نوێنەرانی سیاسی بۆرژوازی کورد نوێنەرایەتی ئەم خواستەی خەڵکی کوردستان ناکەن و بەشێکن لەو هێزانەی کە ئەو مافەیان لێزەوت دەکەن. بەڵام مافی خەڵکی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی خۆی بە جیابونەوە لە دەوڵەتی عێراق و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ یان بە مانەوە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا بەمافی یەکسانی هاووڵاتیەوە لەجێگای خۆیدا ماوەتەوە. ئێستاش کە هەلومەرجی سیاسیی عێراق ئیمکانی پێکەوەژیانی دڵخوازانەی خەڵکی کوردستان و باقی دانیشتوانی عێراق دەستەبەرناکات، پیادەکردنی عەمەلی و راستەقینەی مافی دیاریکردنی چارەنوس یەکسان دەبێت بەدامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەکوردستان.

١٨\١٢\٢٠١٠

ماڵپهڕی موحسین کهریم