په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

        ماسکەکانی بێهوودەیی.


ڕابەر فاریق

1

پڕبوونی جامی هەناسەی من لە تۆز و
پڕبوونی پێکێک لە هەوای نێو دووکەڵی سیگار،
وەک یەک نین.
پیربوونی جاددەیەک کە مانی گرتووە لە بەردەم خۆیدا،
لە ترسی مرۆ و
پیربوونی هەڵوەرینەکانی پوونگی ئومێد،
وەک یەک نین.
من و تۆ وەکوو یەک نین،
ژیان و مردنیش هەروەها؛
- ڕابەر،
ئەو هەموو دژایەتییەم پێ قبووڵ ناکرێ.

2
لەوەتەی کە تۆ ڕۆییشتووی،
ئەز بوومەتەوە بە مرۆ!

3
مرۆکان مردن،
تارماییەکانیان زیندووە،
مرۆکان مردن، تاعونەکانیان وا لە ناخم دا، ڕا دەکەن
زووکە ڕابەر؛
کەسێک پێت دەڵێ:
- کوا کەسێک؟!
+ ها؟!


4
تازە لە تۆ گەڕاومەتەوە
قەف قەف خوێن لە ڕوانینم دەپژێ
دەڵێی وشەکان لە مابەینی پەنجەکانم دەفڕن،
وەک پۆلێک مەل، مەلی ئاویی.

5
سیگار دەکێشم و لە خوڕەی ئاو دەنۆڕم،
دەستم بەرەو تۆ ڕایەڵ دەکەم،
ئەی ماسک!
دووکەڵم پڕ دەبێ لە وێناکانم،
لە سەروەختی هەڵوەرین و پووشکێشانەوە بۆ ئێرە.

ئەم کاژە کرێتانەی پێستم فڕێ دەدەم،
سەوڵی هەوا دەنێمە نێو زەریای وشە و
تا گەییشتن بە چەقی تۆ
ناوەستم و ڕێ دەبڕم،
ئەی ماسک!

وەک کەسێکی پێکراو بە تۆران،
لە بەرخۆمەوە دەڵێم: "دنیا خەو و خەیاڵە، ئەمان ئەمان"
*.
وەک دوا قەترەی ئاو، بە تەوێڵتەوە وشک دەبم،
ئەی بەردی تۆز،
لە بەرخۆمەوە دەڵێم: هەڵوەرینم خۆشناوێت،
مەرگ نا!

6
وەک گەڕیدەیەک،
وەک تەماشاکارێکی غەمگین،
وەک هەبوویەک لە نێوان بیابانەکانی ژوور و تاراوگەکانی ئیمان دا،
وەک مرۆڤێکی دیدەوان،
وەک هەوای بەر با،
وەک کیسەڵێکی چەقبەستوو لە خوددا،
دەگریم،
دەگریم و بە پەنجەرە دەڵێم:
بە ڕووی سەرنجێکی وی دا بکرێرەوە.
بڕوانە ئەفسوونی زمان چۆن دەلەرێتەوە،
بڕوانە حیلەی ئەسپێکی گۆشکراو بە وێرانە،
وا لە زارمدا،
پێگەیینی سێوێکی بەربەریی لە درەختی هەناسەم دا.
بڕوانە چۆن ئەم نێچیرە دەکوژم،
کە هەردووکمانە.

7
لە سەر پشتی مانگایەک دەنووسم: خانوو
لە سەر پشتی وشەیەکی نیگەرانیش: خۆکوشتن.
تا دێ بێتاقەتتر دەبم،
بیر لە شوێن دەکەمەوە.
هەڵدەدەمەوە، پەڕ پەڕ دەفتەری هەوا هەڵدەدەمەوە
قەف قەف دەچۆڕێمە نێو بۆشاییی کاغەز
لە نێو ئاسوودەیی دا، هەڵوەرینی پەنجەکانی تەم
ختووکەی لەنگەرم دەدەن...

من وابەستەی هیچم
بۆیە کە دەڵێم:
لەم ژوورەدا هەوا نییە، ژیانیش بەردەوامە.
لەم چۆڵەوانییەی وشەدا
بۆ کێ بنووسم: ئەی جریوەی تەم؟
مەبەستمە بڵێم: نووسین خولانەوەیە
بە دەوری تەرمی خۆمان دا.

8
سروشم بۆ دێ:
لە تۆدا گمە گم بەڕێوەیە
سیگار بە هەوا دادەگیرسێت...
پیاوێک دەچێتە بەردەم غروریی چرای کات.
لە من دا سەگ دەکەوێتە حەپە حەپ
بێتاقەتیی باڵدەگرێ و
تونێڵێک دەچێتەوە ژێر خۆی.
لە تۆدا دڵـ هەیە و ناخوازی هەبێ
پیاوێک تاریک دادێ
دووکەڵی خەستی گۆرانیی لێ هەڵدەستێ.
لە من دا،
ئاهـ لە من دا...
قەت شوێن نەبوو بۆ حەسانەوەی زمان
هەردەم دەڵێم: ڕووناکیی بە قەد بیجامە تەنک دەبێتەوە،
تۆش دەڵێی: بە قەد بیجامە تەنک دەبمەوە.

*: گۆرانیی یووسفۆکـی کارئەکتەری ڕۆمانی (مەسیح لە خاچ دەدەنەوە)ی نیکۆس کازانتزاکیسـە، کە دلاوەر قەرەداغی کردوویە بە کوردی.