٢١\١٠\٢٠١٥
مەعاشەکەو جوانە!
فەرمان
عەزیز شەریف
ناونیشانی ئەو وتارە قسەی ئەو مامۆستایەیە , کە لە خۆپیشاندانەکانی
سلێمانی بە پۆلیسی چاڵاکی یە مەدەنیەکان دەڵێت ( مەعاشەکەو جوانە
مەعاشەکەو جوانە ھەی ... ).
ئەو گرتە ڤیدیۆیە ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زۆرترین بینەری ھەیە ,
بۆتە قسەی سەر زاری زۆربەی ھاوڵاتیان و کەم کەس ھەیە گوێ ی لەو وتەیە
نەبووبێ .
نزیکەی دووھەفتەیە خۆپیشاندان لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە , لەو
خۆپیشاندانانە دەیان دروشم وتراونەتەوە , بەڵام ھیچیان وەک قسەی ئەو
مامۆستایە دەنگدانەوەی نەبووە لەناو خەڵک , ئەو قسەی ناخی ھەموو
مامۆستایان و فەرمانبەرانی کردووە - جگەلە وشەی کۆتایی کە خۆشی لەگەڵی
دانیە - داوای سادەترین مافی خۆیان دەکەن , ئەویش پێدانی مووچەکانیانە
, کە چوار مانگ بوو وەریان نەگرتبوو.
مامۆستا ئازاد حەمە خورشید ئەو مامۆستایەی لەگرتە ڤیدیۆییەکە دەڵێ : (مەعاشەکەو
جوانە مەعاشەکەو جوانە ھەی ...) بەھۆی ئەو قسانەی لەو گرتە ڤیدیۆییە
دەیکات بۆتە ناسراوترین کەس و چەندان کەناڵ و میدیا تاکو ئێستا
چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام داوە . دەڵێ : (لەسەردەمی ێدام ٤ معاشم
وەرگرتووە یەک ڕۆژ تاخیر نەبووە , ئێستا بەچوار مانگ معاشێک وەردەگرم )
. مامۆستا ئازاد لەدایک بووی ساڵی ١٩٥٥ و دانیشتوی سلیمانی یە ٣٦ ساڵە
مامۆستایە.
مەعاشەکەو جوانە ... دەنگدانەوەیەکی ئەوەندە زۆری ھەبووە , چەندان پەیچ
و گروپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بەناوکراوە , خەڵک لە بازاڕ و
شوێنە گشتی یەکان بەیەکتری دەڵێنەوە . پۆلیسێکی ھاتووچۆ وتی : ناوێرم
قسە لەگەڵ ھیچ شوفێرێک بکەم یەکسەر پێم دەڵێ (مەعاشەکەو جوانە) . ھاوڕێ
یانیش لەکاتی پارەدان لەجیاتی یەکتر دەڵێن (مەعاشەکەو جوانە).
لەرابردووش پێشمەرگەیەک لەبەرەکانی جەنگ دەچێتە بەردەم کامێڕای کەناڵێک
لەپەخشی ڕاستەوخۆ بە موبایل قسە ڵەگەڵ کەسێکی نزیکی دەکات و دەستی بەرز
دەکاتەوە و دەڵێ : (ئەمنت لێ دیارە ھەی بتخۆم ئەرێ و اللە) , ئەو قسەیە
تاماوەیەکی زۆر لەناو خەڵک بەچڕی بڵاوبوویەوە , و دەیان فەیسبوک بەو
ناوە دروست کران.
ئەو جۆرە قسانە خۆرسک و قسەی ناخی ھاوڵاتیان و میللەتن , زۆر بەئاسانی
بەخێراییەکی زۆر بڵاو دەبێتەوە , و دەکەوێتە سەر زاری خەڵک و دەبێتە
کەرەستەی دەیان نوکتە و بەسەرھات.
بێزاری خەڵک لە ئاستی ئەو ھەموو قەیران و ئاڵۆزی و دۆخەی ھەرێمی
کوردستانی تێکەوتووە گەیشتۆتە ڕادەیەک ھاوڵاتیان ئەوەندە بێزارن , (جوێن)
دانیش خاڵییان ناکاتەوە.
سەڕەڕای درێژە کێشانی خۆپیشاندانەکان , کە بووە ھۆی کوژرانی ٥ کەس و
برینداربوونی ٢٥٠ کەس , ھێشتا حکومەت ھیچ خەمێکی نیە و باکی
بەداواکارییەکانی ھاوڵاتیانەوە نیە.
نیشتمانێک نەتوانێ ڕێگری بکات لەکۆچی ھەزاران گەنج , دەبێ خەڵک چ
ئینتمایەکی بۆ ئەو نیشتمانە بمێنێت . وەک باس دەکرێت ئێستا ٤٢ قەیران
لە ھەرێمی کوردستان ھەیە.
دوای ئەوەی پێنج لایەنەکە لەسەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم نەگەیشتنە
ڕێککەوتن , ھێزێکی (پارتی)یش ڕۆژی دووشەمە ١٢-١٠-٢٠١٥ ڕێگری کرد
لەھاتنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ ھەولێر . لەگەڵ ڕێگری کردن لە
وەزیرەکانی گۆڕان . ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی جیھان کەوتە بەر
ڕەخنە , ئەو ڕووداوانە وای کرد جارێکی دیکە ڕووی ئەوەمان نەبێت لە
ئاستی نێودەوڵەتی شانازی بە ئەزموونە دیموکراسی یە ناوازەکەمان بکەین
لە ناوچەکە , وەک ئیدیعامان بۆ دەکرد.
ڕەنگە ئەگەر ئەم جارە باسی حکومەت و
دەسەڵاتە بەناو دیموکراسی یەکەمان بکەین لە ئاستی دەرەوە پێمان بڵێن: (حکومەتەکەو
جوانە) ! (دەسەڵاتەکەو جوانە)!
farmandween@yahoo.com
|