په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٦\٢٠١٠

     مەملەکەتى شەراب.

هەردى شەفیق

بۆ (زوڵەیخا) ئەو ژنەى پێغەمبەرێکى کرد بە خاوەنى موعجیزە.


ئێستا جگە لە خوێن شتێک نیە لەنێوان من و تۆدا
مامەڵەى من و تۆ سەودایەک نیە جگەلەمردن

من ئەو لاپەڕانە جێناهێڵم
شیعرم بۆ سەفەرى یار و گۆڕى یار تیا ئەنوسى
ئەو نیوەڕۆیانەى کوکوختیەکان لەدڵما بوون بە شیوەنگێڕ
ئەو ساتانەى یادەوەرى سەردەمێکیان کرد بەتابووت و
دامیانە دەست سەردەمێکى شوم
ئەو هەستانەى لەباڵى پەپولەو
پەڕەى گوڵ ناسکتربوون و ژاکاندنیان
ئەو شەوانەش لەبیرناکەم مۆمەکەش تاقەتى ئەچوو، من هەر ئەسوتام
تۆش ئەو ئێوارە جێمەهێڵە
لەناو تابووتێکا بەرەو گۆڕى عەشقێکیان بردى!

تۆ ئەتەوێت لەدڵى پیاوێکا ڕوت بیتەوە
کەبەکۆڵانە تاعوناویەکانى زەمانا ڕائەبورێ
باران لەجلەکانى ئەتکێ و لەدڵیشى خوێن
پیاوێک ئەتباتە سەرگۆڕى ئەوینێکى مردوو ئەڵێ:
دڵى مەلولى من ،شەو دۆستى دوژمنە
دەتباتە سەرگۆڕى غەریبەیەک
کێلەکانى وەکو گڕى دڵى ئەسوتێن
وەکو مۆمێک بەئاگرى دڵى ئەتوێتەوە
کەچى باخچەیەکت نیشان ئەدەن
وەک هەمیشە دەستى نائومێدى تیایدا سەوزە
ئەو سێوانەت نیشان ئەدەن
دەستە خوێناویەکانى نائومێدى لێى کردنەوە
دەتبەنە بەردەم دەرگاى داخراوى پیاوێک وەچەى ڕەشەبایەو
خەڵوز لەسەردڵى ئەوینێک دائەنێت، هەرگیز دەستى لەسەر دانەناوە
لەڕۆحى کڵۆڵى پیاوێکا ئەتنێژن
هەموو شەوێ دەرگاى ژورى نوستن بۆمردن ئەکاتەوەو
لەسەر دۆزەخى خەیاڵ ڕائەکشێ

ئەى خەیاڵ
من ئارەقى تەریق بوونەوەم پیا دێتە خوارو تۆش خوێنى دڵشکان
من خوێنى دڵشکانم پیا دێتە خوارو تۆش ئارەقى تەریق بوونەوە
من دەچمەوە سەر ڕەچەڵەکى فریشتەیەک
لەبرى ئەوەى لاى خواوە بێت بۆ ئێرە
لێرەوە ئەچێت بۆ ئەوێ
تۆ دەچیتەوە سەر نەسلى پەریەک
لەبرى ئەوەى نامەیەک لێرەوە بەرێت بۆخوا
لەوێوە دێت بۆ ئێرە
تکات تیا ئەکەم تکا
بمبەرەوە سەر کەلاوەى کولبەیەک
خوێن و غەریبى لە هەناسەى ئەچۆڕێت
من ئەزانم لەمەملەکەتێکا سەراب دەموچاوى ئارایشت ئەکات
ماسیەک هەیە لەبیابانا ئەخنکێت

بمبەرەوە سەر گۆڕى کچێک
بەپێى خاوسى ودڵى خوێناویەوە
بەناونیشانى داڵغەیەکا
هەموو ڕۆژێک هەتا ئەوسەرى ونبوون ئەچێت
بمبەرەوە لاى ئەو ێەگە خاوەن وەفایەى
ئێسقانەکەم لەگۆڕەکەمدا دەردێنێ و بۆنى پێوەئەکات
تا پێى بڵێم وەرەو یادگاریەکانمان دووبارە بکەینەوە
بمبەرەوە ناو دڵى ئەو موعتادەى
بەدەرزى هیرۆینى ئەوین تێکەڵاوى خوێنى ئەکات
تاپێى بڵێم من وتۆچەند عاشق بەوێرانبوونى خۆمانین
بمبەرەوە ناو ڕۆحى ئەو کۆیلەیەى خاوەنەکەى لەعیشقا لەبیر ئەچێت
تاپێى بڵێم من و تۆ چەند زوو لەخۆمان بایی بووین
بمبەرەوە ناو دڵى مەلولى ئەوکچەى
بۆنى لاشەى مردوویەکى لێدێ
بەدەم گۆرانیەکى بێهودەوە
ڕەنگى هەڵوەرینى پیاسەى
ئەو ئێوارانەى لێنیشتووە
درەختەکان بەکەساسى خۆیان ئەکوشت
تاپێى بڵێم بەختیارى گۆرانیەک بوو لەعیشقا خیانەت ناشتى
بمبەرەوە ئەو مەیخانە وێرانەى لەوێدا کەسێک هەیە
کەخەیاڵ بەسەریا ئەدات سەماى مەرگ ئەکات
تەمەنى وەکو دوکەڵى جگەرەکەى بەدەم ئەشکەنجەوە ئەکات بەدووکەڵ
تابلۆى بێگوناهێکى تۆمەتبار
بەدووکەڵى جگەرەکەى دروست ئەکات
تالەیادەوەریەکانیدا بنوسم
ئێمە دوو زیندوو بووین بەدیار تابووتێکى چۆڵى عەشقەوە
بەدیار کولبەى ڕوخاوى هاوسەرێتیەکەوە
کەهەرگیز تێى نەچووین

تاباسى ژنێکى بۆ بکەم
وەک ئەو پاڵەوانەى داو بۆنێچیرێکى وەهمى ئەنێتەوەو دڵى خۆیی پێوە ئەبێت
بەدەم دروستکردنەوەى کەلاوەیەکەوە گۆرانى ئەڵێت:
کەدروست ناکرێتەوە
تا گۆرانى کوڕێکى بۆ بڵێم کەچاو ئەبڕێتە ئایندەیەکى دور
وەک ماسیەک لەناو تابلۆکانە مەلە ئەکات
لەناو گۆمە خوێنەکاندا وەستاوە
وەکو گورگێک کەئەیەوێت لاشەى جنۆکەیەک بخوات
برسێتى بەخەیاڵ تێر ئەکات
منیش پەلت ئەگرم و تێکەڵاوى خوێنت ئەکەم
وەک سەرنجێک ژەهرى تێکراوە بۆکوشتنى کەسێک
ئاخر من لەسەر قەرەوێڵەى ئەم نەخۆشخانەوە
بیر لەکۆنە ئەوینێک ئەکەمەوە
کاتى ئەوێت تاچەقۆیەکى تر
پەیکەرى عیشقێک لەسەردڵى هەڵئەکۆڵێت
بیرلەو کچە غەریبە ئەکەمەوە
لەخەیاڵى شیعرێکا شەکەتى کوشتى و
کەچى بەکراسێکى سورەوە
لەباخچەى خەیاڵى منا گوڵى یاسەمین ئەچنێ

ئێستاش لەگۆزەو گوڵدانەکانى ئەم ماڵەدا دەنگى دڵى دێ
ئێمەبووین پەروانە کەساسەکانى عەشق
بەڵام چیمان هەبوو
جگەلەو باڵانەى بەرەو مردن هەڵمان ئەگرن ؟
دیلێک بووین و قوڕقوشمیان لەسەرسینەمان تاواندەوە
کوژراوێک بووین و دڵیان بۆیادگارى دەر ئەهێناین
سەماکەرێک بووین و پەنجەى پێیان بۆپێکەنین بڕین
چەقۆیەک بووین و سەرى خۆمانیان پێ بڕین
لەماڵى ڕۆحى خۆمان بووین و
قومارى دۆزەخ و بەهەشتیان لەسەر ئەکردین
کاشکى لەوێ بووباین
ئەو گورگانەى بۆ خواردنى دڵى ئێمە هاتبووین و لەوێ نەبووین
کاشکى لەوێ بووباین
کاتێک هەژارەکان بۆگۆشتى خێرى ئێمە هاتبوون و لەوێ نەبووین
ئێستا
تارماییەک جگەرەکەت دائەگیرسێنێ و من لەوێ نیم
خوێنى خۆ کوشتنى کەسێک ئەڕژێ و من لەوێ نیم

زوڵەیخا
با ئەو فریشتانەش بزانن بەدیار مەیتى کۆترێکەوە جگەرە ئەکێشن
خەونەکانمان ئەو باڵندانەبوون تەنیا بەناو خەیاڵا هەڵفڕین
ئێمە عیشق دڵى شکاندین و لەسەر تابووتەکانمان نوسى
تکایە کەرمێ بکەن و بمانبەن بەرەو خۆشبەختى
ئێمە نەوەى ئەو فریشتانەى بەدەردى دڵئێشان ئەمردین
بیرتە لەمەراسیمى ناشتنى ئاسکەکەدا چەندە گریایین؟!
بائەو فریشتانەش بزانن بەهەناسەى نائومێدى پەروانەیەک ئەمرن
من و تۆ لەکڵاوى بەجێماوى سەربازە کوژراوەکاندا گوڵمان ناشت
من پەروانەیەکى سوتاو بووم و باڵەکانیان نەدیم
زیک زیکەرەیەکى ئاواز خوان بوویت و بەسەرتا ئەڕۆیشتن
بێچوە ئاسکێکى سەربڕاو بووم و کەسێک نەیویست خوێنى من ببینێ
تۆش سواڵکەرێکى ڕەجاڵ بوویت و کەس عاتیفەى نەخستە دەستماڵەکەت

پێیان بڵى....
بەدیار چاوى مانگەوە بێچوى ئاسکەکەیان سەربڕى
پێیان بڵێ.....
ئەم گوڵە دەیمیانە خوێن و سەراب ئەخۆنەوە
پێیان بڵێ ......
هەتا پەڕەسێلکەکان زەڕنەقوتە فێرى فڕین ئەکەن
هەتا باڵى کۆتر سەر ئاو ئەکەوێ
هەتا زەوى لەخوێنى فریشتەکان ئەشواتەوە
بۆچى خوێنى من نەبارێت؟؟
پێیان بڵێ ........
تا خوا ئاوڕ لەدڵشکانى من ئەداتەوە
هەتا مەحشەر بەفرمێسکى من هەڵئەسێ
هەتا کیسەڵ سەربوردەى دڵشکانى من ئەگەیەنێت بەتۆ
هەتا ئەم ژورە دوکەڵاویە پڕ ئەبێت لەبۆنى باران،
لەهەناسەى تۆ
هەتا خوا لەعەرشەکەى دائەبەزێت ئەپاڕێمەوە
هەتا ئاسمان ڕەنگى خوێنى منى لێئەنیشى َ
هەتا فریشتەکان کڵۆڵیم ئەکەنە کۆڵ نزا ئەکەم
ئەوان پەپوسڵێمانەیان کوشت
بۆ ئەوەى لەزمانى پێغەمبەرێکى تر تێنەگا
بەدیار پیربوونى قەیرەیی کچەکانەوە کۆترەکانیان سەر بڕى
تۆش لەسەر بەرماڵەکەت بگرى ،هەتا ویژدانى خوا تەڕ ئەبێ

ئەو گوڵە خوێنەى چرۆى ئومێدناکات بەخوێن ئاوى مەدە
من ئەزانم ئێوارەیەک
شیوەنگێڕەکان بەسەر گەڵاوەریوەکانا ئەڕۆن و
دڵیان وەکو دەغیلەیەکى شکاو زرنگەى دێ
من لەسەر باڵى پەروانەیەک ئەنوسم
یاخیبوون سێوێک بووبەسینەى درەختێکەوە
لەعەدەمیشا خودا نەیهێشت کەس دەستى لێبدا
من و کچێک ناسکترین پیاو کوژى دنیا بوو
نازنازەکانم بۆ ئەکرد بەماڵ و بەگەڵا پایزیەکان داى ئەپۆشیم
کچێک پاسەوانى نهێیەکانى و منیش پاسەوانى دڵى ئەو
منءکچێک لەقەڵایەک ئەچوو ترسء خوێن داگیرى کات
منءکچێک بێزوى بەخوێنى کچێنى وخۆکوشتنەوە ئەکرد
من پێم ئەوت لەناخى خۆم بێمەدەر ئەتوانم بژیم
ئەو ئەیوت لەناخى خۆتا بژیت ئەمریت

من و کچێک پەنجەکانم چەشنى لاسکە گوڵێک ئەگرێء ئەڵێ:
گۆرانیەکى تازەتر بۆ خۆشەویستى بڵێ
ئەڵێم عاقیبەت پەنجەکانى کوڕێک لەقژى کچێکدا ون ئەبێءدنیا بۆى ئەگەڕێ
لێوى کوڕێک لەسەر سینەى کچێک ئەبێت بەهەڵم گوللەبەبارانەوە ئەنێن
بەڵام کچە ڕۆحە سیحراویەکەى وەکو عەتر ئەشکێ وبا ئەیبا
کوڕەش لەناو هاوار بێدەنگە کانى دڵیا ئەمرێ
سەرى لەسەر ڕانم دائەنێء
سەیرى ناو چاوم ئەکاو ئەڵێ
لێگەڕێ مردن خاڵى کۆتایی ئەم قەسیدە دابنێ
من پێى ئەڵێم دەستە خوێناویەکانت ماچ ئەکەم باتیمارت کەم
ئەوەتانێ ڕۆحت نائومێدى لێئەڕژێ
بەمەکرو نازێکەوە هەر لەگریان ئەچێت:
ئەهاااااکوڕەکە دڵت خوێنى لەبەر ئەڕوا!
زوڵەیخا
ئەوەى دەبارى فرمێسکى ئاسمان بوو نەک بارانى وەرزەکان
ئەوەى ئێمە هەڵمان دومژى عەتر نەبوو
بۆنى لاشەى گوڵەکان بوو !

وەکو دەنگى دڕندەیەک بێدەنگى شەو ڕاچڵەکێنێ،نابێت بگریت حەبیبم
دەبێت عیشق بێدەنگ بێت بۆ ئەوەى تفەنگەکان گۆرانى بڵێن
بەسەرى بڕواو لاشەى جوداوە کەناریەکان سەما بکەن
دەشتێک بڵێ ئەى غەریبە
من ئەزانم تاکو مەرگ
نامە بۆ کۆلارەى موسافیرەکان نەنوسێ ،هیچ نانوسى
وەرزەکانى چاوەڕوانى
بەکۆڵانەکانى فیراقدا نەتبەنە ئەو دیوى مەرگ ،تۆ هیچ ناڵێ ى
تائێوارە بەگوڵەکانى ماڵئاواییەوە نەیەت،تۆ ناسوتێیت

تۆ ناتوانیت بزانیت چى لەدڵیدایە
ئەو جاڵجاڵۆکەى قیامەت لەتەم ئەچنێت
خەمى ژیان داوى پێئەنێتەوەو
سیسارکەیەکى عاشقى پێوەئەبێت
تۆ نازانیت زەوى
باوەشى ئەم سۆزانیە چەند داوێن پیسى تیا خەوتووە
من ئەزانم ئەم شەریعەتى شمشێرە لەئاسمانەوە نەهاتووە
ئەم شێت خانە ئیشى خودا نیە
کێ ئەڵێت یوزەرسیفێک بێرەدا تێپەڕیوە
کێ ئەڵێت (هێتلەر)سەگێکى خۆش ویستووە؟؛

شەوێک کەتەنیایی لە تەنیایی خودائەچوو
بەخەیاڵى ئەوساتانەى مانگ لەئاوێنەى پێکێک بادەدا
دەموچاوى بۆژوانى شیعرێکى هەتیو ڕێک ئەخاو
خۆر لەنیگاى پەروانیەکى بریندارەوە هەڵدێ و
سپێدە تاریکى کوچە بەکوچەى مەملەکەتێکى تەنیا ڕاو ئەنێت
لەبەرماڵى حەشیش کێشێکا داڵغەکانى خەڵتانن لەخوێن
نەم ویست ساڵەکان بخەینەوە سەر ڕێى
ئەو وەرزانەى سێوەکانیان بوونە خۆراکى تەنیایی
ئەو سێوانە ى ڕومەتیان سور هەڵگەڕابوون بەخوێن
من ئەزانم مەرگ هەمیشە بەدەستە خوێناویەکانیەوە دێتەوە
لەسەر دیوارى خەیاڵى ئێمە ئەنوسێت
گۆرانى وتن بۆ کەسێک گوێ ى نیەو
گوێگرتن بۆ کەسێک چەقۆ لەزاریدایە بێفایدەیە
من کچێکم ئەناسى دڵى لەسەر دەستى ئەو پیاوانەبوو
دەستى لەسەر دڵى ئەو پیاوانەبوو
بەرەو ڕەچەڵەکیان پاشەو پاش ئەگەڕانەوە
وەک ڕوبارێک جەراعەت
بەرەو ساڵء سەدە کۆنەکان ئەڕۆیشتن

تۆ وەک ئەوەى شەوێک لەژێر بارانا نوستبیت
ناتەوێت شەو ستیانەکەت بخاتەوە ژێر سەرى
ئەى مەملەکەتى عەشق ،گوڵى خەیاڵ
من ئەزانم بهێڵن
ڕوت ڕوت لەبەر بارانا سەیرم ئەکەیت و
ستیانەکەت بەدرەختێکى دڵتەڕەوە ئەکەیت بەئاڵا
تۆ ئیتر کچێنیت ئەدەى بەعیشق و
لەنێو دوودڵى شکاودا بەماچێک ئاشتى بەرپا ئەکەیت
دەستى نەوازش بۆ ئەوانە درێژ ئەکەیت
ڕۆحیان لەکاغەزە خۆڵەمێشیەکانا جێئەهێڵن
ئەچیتەوە سەرتاى وەرزێک
گەڵا لەسەروەختى ئاوابوونەوە ئەباتەوە مەوسیمى سەوزبوون
ئەچیتەوە مەیخانەى ئەو دێوانانەى
بەدڵشکاوى ئێوارەیەک مردن و
وەرزێکى سەرخۆش دەستى بەسەردا نەهێنان
تۆ ئیتر دڵى ئەوکچانەش دێنیتەوە جێ
لەناو دڵى دەیجورێکا
دڵى خۆیانیان دایە بەر چەقۆ!

ئەى دۆست گۆرانى بۆ کەسێک مەڵێ:
کەسەیرت ئەکات ناو چاوەکانى پڕن لەخوێن
کەدەستت ئەگرێ گوڵ لەنێوانى پەنجە کانیا سەوز ئەبێت
ئەى لەمن دێوانەترو
ئەى لەمن وێرانەتر
سەربوردەیەکى تر بگێڕەوە
کەس ئیتر گوڵى سور نەباتە گۆڕستانەکە
حیکایەتێکى تر بگێڕەوە
لەسەربوردەى تەنیایی خواو
دڵشکانى من نەچێت

مەمخەرەوە ناو ئێوارەى ئەوینێک
کۆترەکانى موعتادن بەخوا حافیزى
مەهێڵە بچمەوە سەر ئەو کانیەى
ڕۆح لەبەرەکانى وەهم و سەراب ئەخۆنەوە
مەمگێڕەوە باخچەى بیرەوەرى بۆسەوز بوونەوەى بێهیوایی
زوڵەیخا
باوەش بەوێنەى کەسێکدا مەکە بەدیار مەغریبى ئەوینێکەوە گرتوویەتى
بەدواى سێبەرى کەسێکا ڕامەکە خاوەنەکەى بەدواى مردنا ڕائەکا

گۆرانیەک بەدەم وێرانبوونى وەرزەکانەوە بڵێ:
ئێمە ژیانمان لەسپێدەیەکا بەخشى بەئاوابوون
هێشتا پەپولە لەئاویلکەدان نەهاتبووە دەر
توتى فێرى زمانى گوڵ نەبووبوو
ئێمە بەختەوەریمان لەبەیانیەکى سەرخۆشدا دۆڕاند
هێشتا کوکوختیەکان لەخەو هەڵنەسابوون
بۆیە چاوەڕێ ى ئەو کەشتیانەئەکەم
پڕن لەو کۆیلانەى بەدیارچاوى مەعشوقەکانەوە
کەلەبچەیان کردوون
لەخۆڕایی لەسەر ئەو گۆڕە دائەنیشم
ئێوارەیەک خاوەنەکەى
گۆرانى ئەوینێکى غەریبانە لەگەڵ خۆیدا بردى
ئێوارەیەک لەوئێوارانەى موحیبەتیش
لەداوێنى سۆزانیەکا گیانى دەرئەچوو
ئێوارەیەک لەو ئێوارانەى
بەخوێن پەیمان و ویژدانمان نوێکردەوە
بۆ ئەو فریشتانەى
قەراربۆ بۆ ئەم خەراباتە بێن و پەشیمان بوونەوە

تۆ پێم ئەڵێیت :
لەم مەیخانە دا جیێت خاڵیەو تەنیا منیش هەستى پێئەکەم
نائێرە مەیخانە نیەو مەیدانى جەنگە
لەم جەنگەدا ئەوەى لاى لایە بۆشەڕئەکات ئیمبراتۆرە
من خەریکبووم سەیرى گوڵەکانم ئەکرد
دەنگێک لەمەلەکوتەوە وتى :
سەفەر گەڕانەوەى پیاسەى ئێوارەیەکە لەخۆکوشتن و
حیکایەتى هەڵهاتنێکى بێهودەیە لەترسى مردن
فێرم مەکە لەگۆرانى وتندا خوێن لەبرینم نەیەت
ئاخر عیشق گریانە لەباوەشى پیاوێکدا
ناودڵى پڕە لە گوللە !

ئێستا غەریبەیەک ڕەنگى لەڕەنگى گەڵا پایزیەکان ئەچێت
جانتاکەى پڕە لەو نامانەى لەسەر گۆڕەکان هەڵیگرتوون
بانگت ئەکات
وەرە بمبەرە گۆڕستانێک غەریبى گوڵەکانى ئاو ئەدات
تالەوێدا پێت بڵێم:
کێ ئەتوانێت هەناسەى گومناوەکان بنوسێـتەوە
کێ ئەتوانێت لەسەر ئەم کەللەسەرانە بنوسێت خاوەنەکانیان کێن ؟؟
دەتباتە سەرکێلێکى شپرزە عیشق چوارینەیەکى لەسەر نوسیوە
ئالەوێدا هاوار ئەکات
کێ ئیمان دێنێ ئەمە گۆڕى فریشتەیەک بێت
لەلاى خواوە بۆ گیان کێشان هاتبێت؟!

دڵى خۆت مەدە بەو پیاوە نابەڵەدە زوڵەیخا
وەکو ئاسکێک ڕێوێڵکردوو
بەکۆڵانى قەسابخانەکەدا ئەڕوا
ئەو پیاوەى لەدڵشکانەکانیا ئەوەندە گریابوو
لەژێر پێڵوەکانیا گوڵ ڕوابوو !
تۆ ئەچیتەوە کوشتارگاى ئەو مردوو خۆرانەى
لەشەڕەکانا باڵندەکان دڵیان خواردبوون
منیش لەتەنیایی دێوانەیەک ڕائەمێنم
وەک هەمیشە بەدیار چرایەکى خامۆشەوە ئەسوتێت
بەدیار مۆمێکى کوژاوەوە نامەئەنوسێت
ئاخر کەمن هاتم تۆ گوڵە یاسەمینەکانت ئاو ئەدا
کەمن ڕۆشتم
مەیتى کوژراوەکانت کۆ ئەکردەوە

ئێمە چەند غەریب بووین !
وەک ئەو کەسەى بەناو شارێکى مۆمیاییدا ئەگەڕێ
تەمەنمان لەجگەرەى نائومێدیا کردبەدوکەڵ و
کەسێک نەیکردینە سینەى حەسرەتەکانیەوە
دەممان پڕبوو لەسەر مێکوتەى ئەم زەلکاوەو
بەدەردى بەد مەستى ئەیان کوشتین
وەکو ژنێک مناڵى جنۆکەیەک لەسکیدا بێت
ئەو عیشقە بێدەرەتانەمان هەڵگرتبوو
ئەمانزانى لەساڵى قات وقڕیەشومەکەوە فریشتەکان ڕۆیشتوون
ژیانیش ماڵێکە بۆ سەماى خەیاڵ
لەنێو خوێنى مەلولى خۆماندا ،وەک لەتێزابا بین تواینەوە
کەچى حەشیش کێشێکى شەو پەرست
قیبلە نوماکانى موعتاد ئەکرد
بەزمانێکى وەکو شمشێر تیژو
دڵێکى هەزار جار شکاوەوە ئەیوت
شوێنەوارى پڵنگێکى بریندارە ئەم خوێنە

بەڵام تۆ بۆنى عەترى وەرزێکى بەهەشتت لێئەهات
لەم بەهارەى ئێرە ناچێ
تۆ لەئاگرى سەرزەوى ناچیت حەبیبم
تۆ بڵێسەى هەزاران پەروانەى
جەهەنەم لەناو دڵى تۆدا ئەسوتێ

زوڵەیخا
گوڵ ناشتن لەسەر ئێسکەکانى من بێفایدەیە
خۆڵەمێشى من بۆ ئینجانەکان ناشێت
ئەمشەویش گەروم بەخوێن نەگیراباو
مەستى ئەم عیشقە خەراباتە لێگەڕابا
پڕ بەمەلەکوت گۆرانیەکم بۆ ئەوتى
ئاخر ئێمە لەبیرى ئەوانەش چووینەوە
بەدەم سەربڕینى مانگەوە ئەبوون بەحەشیش کێش
ئەوانەش لەبیریان کردین، بۆ تەنیایی خوا ئەگریان


من پێم وتى :
بادە فرۆشەکە لەو ڕەزانەدا ئەگەڕێ
مێوەکانى بیلبیلەى چاوى ئێمەیان گرتبوو
نەئەبوو دڵت دابا بەوپیاوەى
چاوى پڕبوو لەوێنەى ئەو جەنگاوەرانەى
لەبەر پێیاندا کچێنى کچەکان و
لەپاشیانەوە ئاویان دەڕێژا
کەچى ئەو خۆڕاگرو دەردەدار بەڕێگادا ئەڕۆیی
نەئەبوو چاو ببڕیتە ئاسمانى
ئەو کۆترانەى لەسەفەرە غوربەتیەکانەوە
بەدڵشکاوى گەڕانەوە
چاوەڕێ ى ئەو پیاوە بیت لێو بخاتە سەر گوڵەکانى تۆ
کەچى ئەو کەمەرت ئەگرێت بۆ سەما
ئەى خەیاڵى مایە پوچ
ئەى گۆڕ هەڵکەنى پیرى
ئەوانەى گوڵى خاشخاشیان ئەدایە دۆستەکانیان
دوایی ئەڵێن لەم وێرانەدا سەما مەکە
خاکى ژێر پێت خۆڵى گۆڕەکەى عیسایە
تۆ ئەڵێیت خۆ ئەو بەخاچێکەوە چووەتە حزورى خودا!
دوایی ئەڵێن :
زوڵەیخا گۆرانى بۆ پیاوێکى غەریب ئەڵێ
زوڵەیخا عیشقێکى حەرام ئەباتە ناو جێگا.

ماڵپه‌ڕی هه‌ردی شه‌فیق