٦\٣\٢٠١٠
میلیشیاکەى عەدنان
عوسمان و کتێبەکەى مەریوان هەڵەبجەیی.
گەرمیانى حەمەىپوور
پێنج ساڵ لەمەوبەر کاتێک کتێبى "سێکس و شەرع و ژن لە ئیسلامدا"ى
مەریوان هەڵەبجەیی کەوتە بازاڕەوە پاش ماوەیەکى زۆر تێپەر بوون بەسەر
ئەم کتێبەدا ئینجا ئیسلامییەکان وەکو هەلێک ئەقڵى کاڵفامى هەندێک
کەسیان قۆستەوەو لە شارو شارۆچکەو هەرچى ناحیەو تەنانەت هەندێ گوندیش
بوو لە دژى بڵاو کردنەوەى ئەو کتێبە دەست درایە خۆپیشاندان و
ناڕەزایەتى دەربڕین و ئەکتەرەکانى ئەو نمایشەش دەروێشى شوێنکەوتەى
شێخەکان و هەندێ سۆفیلکەو منداڵى عەجول و کۆلکە مەلاو لە نێویشیاندا
هەندێ کەسایەتى زانا هەبوو بۆ ئاراستە کردنى ئەو خەڵکەو بەکارهێنانیان
بۆ ئەو مەبەستانەى کە بۆ ئەوکات ڕوون بوون. مەوبالەغەى تێدا نییە ئەگەر
بێژم 99% ئەو کەسانەى خۆپیشاندانیان ئەکرد ئەو کتێبەیان بەرچاو
نەکەوتبوو هەر کوێرانە شوێنکەوتە بوون و ئەیان قیڕاند، تەنانەت لە
یەکێک لە خۆپیشاندانەکاندا کە بەندە بۆ ڕووماڵکردنى وەکو هەوڵێک
پرسیارم لە ڕێکخەرى خۆپیشاندانێک کرد لە بارەى هۆکارى
ناڕەزایەتییەکەیانەوە، وتى "ئەو کافرە قسەى ناشیرنى وە خواو پێغەمبەر
کردووە".
ئەمڕۆش هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە، کاتێک لە سەروبەندى بانگەشەى
هەڵبژاردندا دەبینین لە هەموو شارو شارۆچکەیەکدا کۆمەڵێک پێشمەرگە
نمایش دەکرێن و ئیدانەى لێدوانى عەدنان عوسمان دەکەن کە پێشمەرگەى بە
میلیشیا ناو بردووە.
هەر زۆر ڕوونە کە 10% ئەو نمایش پێکراوانە ئەو قسانەى عەدنانیان بەرگوێ
نەکەوتووە ئەوانى تریش ئەسڵەن نەیانزانیوە ئەو چۆن باسى میلیشیاى
کردووە، بەڵکو تەواوى نمایش پێکراوان بۆ مەرامى هەڵبژاردن بەکارهێنران
و من هیچ گومانم نییە لەوەى کە هەرکەس بەشداریی کردووە ترسى ئەوەى
هەبووە نانەکەى نەبڕێت و ناچار بووە بەشداریی نمایشەکەى یەکێتى بکات،
ئەگەرنا چى لە قسەکانى تاڵەبانى ڕوونتربوو کە خۆى بە زمانى خۆى دان بە
میلیشیابوونى پێشمەرگەدا دەنێت و کەچى تەنها یەک پێشمەرگەش دەنگى
هەڵنەبڕى؟
منیش هەمان ڕاى مام جەلال و عەدنان عوسمانم هەیە کە تا هەنووکەش لە
کوردستان ئەوەى هەیە میلیشیایە، چونکە ئەگەر پێناسەى میلیشا "هێزێکى
نانیزامى و چەتەو ئاژاوەگێڕ بێت" ئەوە تەقەکردن لە خۆپیشاندەرو ملکەچ
بوونى هێزى چەکدار بۆ حزب و حیساب نەکردن بۆ حکومەت لەو پێناسە بەدەر
نییە.
garmyan86@gmail.com
|