په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

منداڵ بارگاویی مەکەن بە سیاسەتەوە.....!؟

   
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ


سڵاوى گەرمتان ئاراستە بێت، بابەت و دۆزى کۆمەڵایەتى ئەمجارەم تەرخانکردووە بۆ دیاردەیەک کە زۆرینەمان داهێنەرو مامۆستاو رێبەرى ئەو دیاردە قێزەونەین.. کە ئەگەر باسی لێوە نەکرێت وەکو شتێکى زۆر سادەو ساکار بەسەرماندا تێپەڕ ئەبێت. وەک چۆن چەندین ساڵە بەسەرماندا تێپەڕ بووەو هەر گوێشی نادەینێ، بگرە بەوپەڕى شانازى و شکۆدارییەوە سنگى بۆ دەردەپەڕێنین و لافى ئەوە لێدەدەین کە ئێمە نەک هەر خۆمان بەڵکو ماڵ و منداڵیشمان لەسەر هەمان بیروباوەڕ دەڕۆین بەڕێوەو زۆرجاریش ئەم کردەوەیە بە نیشتمانپەروەرى ناوزەد ئەکەین..


بەڕێزان ئەو دیاردەیەش ئەوەیە کە ئێمە بەهەر کارێک هەڵدەستین و لە ژیانى رۆژانەدا مەیسەرى دەکەین، جا چ چاک بێت یان خراپ، چ هەستیار بێت یان ئاسایی.. هەوڵ ئەدەین کە منداڵەکانیشمان بەدوامانەوە بن.. ئێمە ئەبینە پێشڕەو و ئەوانیش سەربازێکى ناسک و خنجیلەى ملکەچ و کۆیلە بە دوامانەوە.. ئەم کردەوەمان لە رووى کۆمەڵناسی و دەرووناسییەوە هەڵەیەکى گەورەو مەزنە کە دەچێتە ریزى تاوانەوە. چونکە ئەم کارە زۆرەملێیەو بە بێ ویستى ئەو مرۆڤەیە کە ناتوانێت ئەو فەرمانە رەتبکاتەوەو سەرپێچى لە قسەو فەرمایشتى باوک و دایکیدا بکات، کە رەنگە لێدان بخوات و دووچارى هەڕەشەو فشارى دەروونى ببێتەوە..


بە دیوێکى دیکەدا فەرزکردنى بیرباوەڕێکە کە رەنگە کۆنەخوازو چەقبەستوو بێت، چونکە بەڵگەنەویستە کە بیروباوەڕى دایک و باوک وەکو کات و زەمەن و سەردەم هەڵگرى باوەڕو ئایدیۆلۆژیایەکى سەروەختێکەو بیرو بۆچوونى منداڵیش قابیل بە وەرچەرخان و گۆڕانە.. قابیل بە ئێکسپایەر بوون بەسەرچوونە.. ئەمە بێجگە لەوەى کە دونیاو خەیاڵ و ئەندێشەى منداڵ زۆر فراوان و تایبەتە، زۆر جیاوازو دوورە لە خەیاڵ و بیرى دایک و باوک.. هەر بۆ نموونەو لەم ماوەیەى رابردوودا ئەو هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەى کە هەموو لایەن و لیست و حیزبێک بەبێ جیاوازى ئەم دیاردەو کردەوەیەیان راپەڕاند و منداڵانیان بەکار ئەهێنا بۆ ئەو بانگەشەیەى کە زۆرجار توندوتیژى و تووڕەیی لێدەکەوتەوە.. ئەو دیاردەو وێنایانەى بینیمان زۆر نامەدەنى و نامەسئولانە بوو دەرهەق بە دونیا منداڵە پاک و جوانەکەیان.. پیسکردنى هزرو میتۆدى پەروەردەى خێزانى و کۆمەڵایەتى مندڵان بوو.. ناهەقى و خروقاتکردنێکى زۆر ناشایستە بوو دەرهەق بە دونیاى منداڵ و یاساى مەدەنى و مافى مرۆڤــــ بوو..


چونکە زۆرینەى ئەو منداڵانەى کە لایەن و لیست و حیزبەکان سوارى ماشێن و ئۆتۆمبیلیان کردبوون لە جامەکانەوە نیوەى جەستەى جوان و ناسکیان هێنا بووە دەرەوەو ئەو حاڵەت و دیمەنانە زۆر مەترسیدارو خەتەرناک بوون.. کردەوەیەک بوو کە لەوپەڕى راستەوە بۆچەپ، لە دەسەڵاتەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن، تیایدا بەشدار بوون.. ئەوەش ئەوە دەردەخات کە لەم وڵاتەدا یاساو مافى مرۆڤــ بە تایبەتیش مافى منداڵ لەوپەڕى شەرمنى و خەجاڵەتیدایە و هەموومان وەکو یەک هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتیمان زۆر سست و لاوازو کزە.. ئەوەى کە روویدا زۆر نامەدەنى و ناشارستانى بوو: با دووبارە نەبێتەوە، ئێمەش وەکو دیکتاتۆر ئەو دروشمە بەرز نەکەینەوە کە دەڵێت هەموو شتەکان لە پێناوى سەرکەوتندا بێت.. تەنانەت پەپوولەکانیش بۆ مەبەستى خۆمان بەکار دێنین....