په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١٢\٢٠١٨

منیش حەزم دەکرد، زۆریشم حەزم دەکرد.


زاھیر باھیر      

 
لەو پۆستانەی کە لە فەیسبوک دایاندەبەزێنم سەبارەت بە کرێکاران و بزوتنەوەکەیان و ھەندێک بڕگە و ڕاگەیاندنی مارکس ، زۆرێک لە ھاوڕێ و برادەرکانم لەبری ئەوەی وەڵامێکی کەتوارانەم بە بەڵگەوە، نەک لە بڕگەی کتێبەکەناوە بدەنەوە ، دێن بەوەی کە خۆیان دەیانەوێت تاوانبارم دەکەن.


ئەوان ئەوە تێناگەن کە منیش وەکو ئەوان دڵسۆزی کرێکاران و چەوساوەکان و بزوتنەوەکەیانم ، بەڵام دوی واقیع کەوتوم و دەکەوم لە بینینی شتەکانا، نەک عەوداڵی حەز و خەیاڵی خۆم و بڕگەی ناو کتێبەکان . بۆ ئەمەش لێرەدا دەڵێم:


منیش حەزم دەکرد چینی کریکاران و بزوتنەوەکەیان وەکو ئەوە وابوایە کە مارکس باسی کردون ، بەڵام بە داخەوەم کە لە واقیعدا ئەوە نابینم.


منیش حەزم دەکرد کە ئەوە ڕاستبوایە کە کرێکاران چینێکی یەکگرتون و ئامادەگی شۆڕشیان تیادایە. چینی کرێکاران گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سەردەمی مارکس- وە بەسەردا ھاتوە . لە سەردەمی ئەواندا کرێکاران چینێک، توێژاڵێکی چیانیەتی بوون ، ھەل و مەرجی کارکردنیان وەک یەک بوو ، تا ڕادەیەک مووچەیان، مافەکانیشیان لە کارگەیەکد وەک یەک بوو . بەڵام ئیستا کرێکاران ھەر لە خودی کۆمپانیایەکدا دابەشکراون لانی کەم بەسەر ئەم بەشانەدا: کرێکاران بەرھەمھێن، ئای تی ، پارێزگاری تەکنیکەڵی ماشینەکان، بەشی ڕێکلامە و گەڕان بەدووی بازاڕا، بەشی ساخکردنەوەی کاڵا،حەرەس و پاکەرەوەی بینا و ناو کۆمپانیاکە، بەشی مامەڵەکردن لە تەک خەڵک تەنھا لە ڕێگای تەلەفونەوە، بەشی پۆست و گەیاندنی بەرھەمەکان بە شوێنی خۆیان، بەشی ئەدمین ..... ھەر یەک لەمانە ھەلومەرجی کارکردنیان جیاوازە ھەر بەو شێوەیەش موچە و مافەکانی دیکەیان جیاوازە ... لانی کەمیش دابەشبوون بەسەر ٣ تا ٤ نقابەدا.... ئەمانە ھەمووی وایان کردووە کە کرێکارانی تەنھا کۆمپانیایەکیش، شارەوانییەک [ کەلە شارەوانییەکانا کرێکاران دابەش بوون بەسەر زیاتر لە ١٠ بەشدا] زۆر زەحمەتە بتوانن بە یەکەوە مانگرتنێک ئەنجام بدەن من خۆم بە درێژایی ٢٣ ساڵ جەند جارێک ئەمەم بینیوە... ئیدی لەوە گەڕێ کە کرێکارانی شارێک یا چەند کۆمپانیایەک بەیەکەوە چالاکییەک ڕێکبخەن.


منیش حەزم دەکر کە ھەموو خەڵک کرێکاران بوونایە ، بەڵام بە داخەوە کە وا نییە چونکە لە نێوانی کرێکاران و بەڕێوەبەرەکان و دەستەبژێر و پیاوانی دەوڵەتا چەندەھا توێژاڵی دیکە ھەن، وەکو: بێ کاران ، خانەنشینکراون ، قوتابی ، کەمئەندام و خاوەنپێداویستی تایبەتی ، ئەوانەی لەسەر سۆشیالن، پەڕلەمانتارەکان ، دکتۆر و ڕاوێژکاری تەندروستی و پارێزەرە گەوەرەکان، کاسبکاران ، میدڵ مەنیجەر [ بەڕیوەبەرە ناوەنجییەکان ] ، ئەوانەی کە لە بۆرسەکانا کار دەکەن ، یاخود لە بانقەکانا بەڵام بە پارەیەکی باش زۆری تر کە ئەمانە ژمارەیان زۆر زیاترە لە ژمارەی کرێکاران . بۆ ئاگاداریت ژمارەی کرێکارانی پیشەسازی لە بریتانیادا بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نقابەی مەرکەزی ئەمڕۆ، ١٢/١٢/١٨ تەنھا ٢.٦ ملیۆن کرێکاران ، کە دەیەیەک لەمەوبەر دووقات بوون . ئەوانەی کە دەڵێن کە کرێکاران بەشی ھەرە زۆرینەی کۆمەڵی وڵاتان پێکدەھێنن بێ بەڵگە و لە خۆشەویستیانەوە بۆ کرێکاران قسە دەکەن . منێکیش کە بە بەڵگەو ئامارەوە قسە دەکەم ڕقم لە کرێکارە و دووژمنی کرێکارانم و دژایەتی مارکس دەکەم....


منیش حەزم دەکرد کە بزوتنەوەی کرێکاران لە ئان و دەقەی بنیاتنانی کۆمەڵی سۆشیالیستی دا بوایە بەڵام بە داخەوە کە دەڵێم بزوتنەوەی کرێکاران لەو پەڕی پاشەکشە و تێشکاندایە . لە سەرەتای ٨٠ کانەوە تا ئێستا لە پاشەکشەدایە و نەک ھەر نەیتوانیوە لە ھیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا شتێکی نوێ بەدەستبھێنێت بەڵکو زۆربەی ئەوانەشی کە بەدەستھاتبوو لێیان سەنرایەوە. بە واتایەکی دیکە جەنگی کرێکاران چەند دەیەیەکە، تەنھا جەنگی بەرگرییە نەک ھێڕشبردن.


منیش حەزم دەکرد وەکو مارکس وتویەتی کە کرێکارن لە حیزبی خۆیانا خۆیان ڕێکبخستایە ، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێکخراوی سروشتی کرێکاران حیزب و ڕێکخراوی سیاسی نییە بەڵکو نقابەیە ، واقیع پێمان دەڵێت کە خەباتی کرێکاران خەباتی ئابووریانەیە نە سیاسیانەو نە دەسەڵات . ئەوەی کە کۆمەڵی سۆشیالیسی دەخوازێت و دەیەوێت بزوتنەوەی کرێکاران فەزای ئابووریی تێپەڕێنن و ببنە چینێکی سیاسی و دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا دروست بکەن، ئەوانە توخمە چەپ و کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانە لەناو کرێکارانا ، نەک خودی چینی کرێکاران.


منیش حەزم دەەکرد کە ئەزمەکەی ئێستاو پێشتریش ئەزمەی سەرمایداریی بوایە ، بەڵام بە داخەوە ئەزمەی ئێمەیە ، خەڵکە ، جەماوەرە . من ئەمەم بە وتار و بە پۆست بە ئامارەوە ڕونکردۆتەوە.

 

١٣\١٢\٢٠١٨ - لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک