په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٢\٢٠١٠

    من قەحپەم.

باران میلان

وەرگێڕانی: هێدی

 

شەڕەفی "پیاو"ەکەم دە نێوگەڵمدا ئاویلکە دەدا.


هەموو ڕۆژێ لە ڕۆژی بەرێ قەحبەترم،
هەموو ڕۆژێ ژنایەتییەک دە مندا دەمرێ،
هەموو ڕۆژێ ژنێک لە بەرەی من بە خەنجەری نامووس دەپێکرێ.

لەباتی هەموو ژنانی دنیا،
من بکووژن.
من هەرچییەک لەو دنیایەدا بێ
دەستی دەگەڵ تێکەڵ دەکەم.

دەست دەگەڵ خەمی نان تێکەڵ دەکەم،
دەست دەگەڵ بێوڵاتی تێکەڵ دەکەم،
دەگەڵ چەکت،
دەگەڵ سەنگەرت،
دەگەڵ ئاوارەییت،
ساڵانێکە دەست تێکەڵ دەکەم.

دەگەڵ زامەکانت،
دەگەڵ چڵکی جلەکانت،
دەگەڵ ئاشپەزخانە دەست تێکەڵ دەکەم.

من دەگەڵ قەڵەم دەست تێکەڵ دەکەم،
دەگەڵ ئەو خەونانەی دەیاننووسمەوە،
دەگەڵ کتێبی شێعرم، دوور لە چاوی تۆ،
دەست تێکەڵ دەکەم.

دەگەڵ تۆ کە خۆشم ناوێی،
دەست تێکەڵ دەکەم.
لە من قەحبەترت لێ هەڵناکەوێ.

من دەگەڵ گوڵەیاسەکان،
دەگەڵ بۆنی باغ،
دەگەڵ تەنیایی،
دەگەڵ گەسک،
دەگەڵ ئاورگ،
دەگەڵ سەماوەر،
دەگەڵ ئیستیکانی چا،
دەست تێکەڵ دەکەم.

ئیمزای کەن!
تکایە ئیمزایەک لێرە،
نا، نا، ئیمزایەک لەوێ،
٢٥ی نۆوامبر
بە تیزتر لە ڕۆژان.
تۆ سەری چاک و پیران ئیمزای کەن!
تۆ سەری پێغەمبەران ئیمزای کەن!

من کە دین سەنگبارانی کردووم،
کە ئایین دە کیسەی ئاخنیوم،
هێشتا دەمکووژن،

پێش ئەوەی درەنگ بێ.

هەموو ڕۆژێ خەنجەرێکم لە سەر ئەوکە،
هەموو ڕۆژێ کوتکێک بەرەو سەرم دادەهێڵدرێ،
هەموو ڕۆژێ بەردێک وە کاژەلاکی سەرم دەکەوێ،
هەموو ڕۆژێ شەڕەف دەمکووژێ،
هەموو ڕۆژێ نامووس لێمدەدا.

لە هەموو ڕۆژێک قەحبەترم ئەمڕۆ.

هێندە دەگەڵ تەنیایی دە نوێنێکدا بووم،
هیچ لە شەڕافەتت نەماوەتەوە،
هێندە دەگەڵ بیری ئەوینێک
کە لێت زەوت کردووم دەستم تێکەڵ کردووە،
ئەگەر هەموو ڕۆژێ بمکووژی دیسان بێشەڕەفی.

هێندەم باری کۆڵم لە سەر سنووران
دە ئامێز گرتووە کە ئیتر
ئامێزم بۆ تۆ ناکرێتەوە.

هێندەم خۆ داپۆشیوە کە ئیتر
جوانیم دە خەوێش نایە.

من ڕۆژ دەگەڵ ڕۆژێ قەحبەترم.
من هەموو ڕۆژێ قەحبەیەکم.

من دەگەڵ غەمی کۆرپە، دەگەڵ قۆنداغەکەی،
دەگەڵ قۆنداغەی تفەنگی تۆ،
دەگەڵ بێ داهاتووییمان،
دەگەڵ بێوڵاتیمان،
دەگەڵ کیفی بەتاڵی قوتابخانەی قوتابییەکەم،
دەگەڵ دەرد، دەگەڵ برین،
دەگەڵ ئا‌خ،
دەگەڵ خەونی خۆشییەکان،
دەستم تێکەڵ کردووە.

بمکووژە!
لە من قەحبەتر،
لە ژنی کورد قەحبەترت لێ هەڵناکەوێ.
بڕوانە چاوە ماندووەکانم!
نیگام ببینە!
بۆت دەردەکەوێ
شەکەتی زڕەنامووستم،
بێزارم لە شەڕەفی خوازراوت،
بێزارم
بێزارم
بێزارم.