Text Box:  

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

مرۆڤ دیلى هەلومەرجە یان خالقیەتى؟


سالار بابەشێخ   


بیردۆزە فەلسەفییەکان زۆر جار ئاماژە بەوە دەکەن کە تاک دیلى قەدەرە و چارەنووسى تاک، زاڵە بەسەر خواست و ئاواتەکانیدت!! ئەم بۆچوونە زیاتر لە نێوان فەلسەفەى ئایینیدا باوەو ئەم بیرۆکەیە وا لە تاک دەکات خۆى بە چارەنووس بسپێرێ و ئیرادەى خۆى بە تاقەوە بنێ و تاقەت و تواناى خۆى وەگەڕ نەخات. بەڵام ئەوانەى کە خوێندنەوەیەکى بابەتییانەو دروستیان بۆ دەقە ئایینەکان هەیە، دەزانن کە ئیرادە لە سەرووى هەموو شتێکەوەیەو مرۆڤى خاوەن ئیرادە دەتوانێت بە هەڵوێست و بڕیارەکانى چارەنووسى خۆى دیارى بکات و لە گەیشتن بە خەون و هیواکانى ناهۆمێد نەبێت.


زانایان دەڵێن ئەوەى لە ئەزموونەکان پەند وەر نەگرێت، دەچێتە خانەى نادانى و جەهالەتەوە. واتە ئەوەى هەڵەیەک دەکات نابێت دووبارەى بکاتەوەو پێویستە پەندى لێ وەر بگرێت، بەڵام بەداخەوە لە کۆمەڵگەى کوردى جگە لەوەى کە لە گەمەى پۆلیتیکاڵ و تاکتیک وپیلانى سیاسى دوژمنان دەرسێک وەرناگیرێ، ئێمە لە بەسەرهات و سیاسیەتى هەندێکجار تراژیدى و زۆر جار کۆمێدی و تەنانەت ئەزموونە تاڵەکانیش پەند وەر ناگرین، لە گرفتە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بە هەمان شێوە لەسەر ئەزموونەکان راناوەستین و هەستە چەوتەکانمان زاڵە بەسەر عەقڵییەت و ئەندیشەى زانستیماندا.
دوابەدواى بڕیارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەمەڕ لێبوردنى گشتى بۆ زیندانییەکان و تاوتوێکردن و پەسەندکردنى لە پەرلەمانى کوردستان، ژمارەیەک لە بەندکراوان ئازاد کران. لە لێدوانێکیدا عەمید مستەفا باوەیل ئاغا بەڕێوەبەرى بەندیخانەى ناوەندی هەولێر ئاماژەى بەوەدا تا ئێستا لە کوردستان (11) لێبوردنی تایبەت دەرچووە و زیاتر لە (300) بەندکراو ئازادکراون. بە پێى زانیارییەکان لەو (300) بەندکراوە نزیکەى (25) کەسیان دووبارە دەستگیر کراونەتەوە.


لە دانیشتنی ژمارە (6)ى رۆژی 10/4/2007 پەرلەمانی کوردستانیش بۆ ئەوەی یاساى لێبوردنى گشتى بۆ بەندکراوەکان تاوتوێ بکات و ژمارەیەکیان ئازار بکرێن لێژنەیەکى دامەزراندو دواتر لە 18/4/2007 لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە یاساى لێبوردنەکە ئیمزای لەسەرکرا.


بەپێى ئەم لێبوردنە تەنها لە هەولێر نزیکەی (200) بەندکراو ئازاد کران، واتە ماوەیەک لەمەوبەر ژمارەیەکى زۆر لە تاوانبارانى ناو بەندیخانەکانى کوردستان بە پێى لێبوردنێکى گشتى ئازاد کران و دەرگەکانى گرتووخانەکان بەڕوویاندا بەرەوە دەرەوە کرایەوە هەتا خۆیان لەو دەستبەسەرى و بێ ئیرادەییە رزگار بکەن و جارێکیتریش باوەش بە ئازادى و ژیانى ئاساییدا بکەن، بەڵام هەندەى پێنەچوو، بە پێى قسەى ئاگادارانى دەزگاکانى پۆلیس و ئاسایش هەتا ئەمڕو نزیکەى 20 کەسیان دەستیان داوەتەوە تاوان و دووبارە رەوانەى گرتووخانەکان کراونەتەوە. ئەمەو دەیان نموونەى هاوشێوە دەیسەلمێنێت، کە تاک زۆر جار خۆى هەلومەرجەکان دروست دەکات و تێکى دەدات و بونیاتنان و وێران کردن هەر لە خۆیەتى.
ئەگەر بە ناخى ئەوانەشدا شۆڕبینەوە کە خۆیان دەتەقێننەوە و کارى تێکدەرانە وتیرۆریسیتى دەکەن، بۆمان روون دەبێتەوە کە ئەوانیش بە هۆى کاڵفامى و نەخوێندنەوە و بیرنەکردنەوە، بە ئاسانى هەڵخڵەتێندراون و هەر خۆیانن کە خۆیان بەرەوە دۆڵى ئەهریمەنى پاڵ پێوە دەنێن و کارێک دەکەن هەتا بوونەوەرێک بە ناوى مرۆڤ لەسەر گۆى زەوین زیندوو بێت هەر بە نفرینیان بکات. بۆیە ئەگەر جارێک بەزەییمان بە کەسێکى هەڵەکاردا هاتەوە، جارى دووەمیش وەک نەخۆشێک سەیرمان کرد و هەوڵمان دا چارەسەرێکى بۆ بدۆزینەوە، جارى سێهەم ئەگەر لە لێوارى دۆڵەکەشدا بەرەو نەمان و نابووت بوون پاڵى پێوەنەنێین، لانیکەم دەبێت وازى لێبێنین و خۆمانى لێ دوور بخەینەوە.


کەسى بێ ئابڕوو زۆر جار بەزەیى بە کەسایەتى و ئازادى و کەرامەتى خەڵکى دیکەو تەنانەت نزیکەکانیشیدا نایەتەوە و هەندێکجار لە بەر سات و سەودایەکى وەهمى، دەبێتە جاڕچى و هەرچى کەرامەت و جوامێریى کۆکراوەى چەندین ساڵەى کەسایەتییەک دەکاتە "قاووتى بەر با". واتە ئابڕووداماڵدراو بەلایەوە زۆر ئاسانە کە ئابڕووى خەڵکى دیکە بکاتە "کاى بەر شەن".


لە هاوکێشە سیاسییەکانیشدا ئەم واقعە دەبیندرێ و هەستى پێدەکرێ، دەسەڵاتى سیاسى و حکومەتى وڵاتێک کە بەزەیى بە خەڵکى خۆیدا نەیێتەوە و خەڵکى خۆى سەرکوت بکات و بە تۆقاندن و کوشت وبڕ، وەڵامى داوا رەواکانى خەڵکەکەى خۆى بداتەوە، چ گوێى لە خەڵکى وڵاتانى ترە؟ بەلایەوە زۆر ئاسانە هەڕەشە بکات و بەردەوام دانى پیشان بدات و لە ئەنجامیشدا سنوورەکان ببەزێنێت و بە لەشکرکێشى و شاڵاوى خوێن بەرپاکردن، ئامانجە ناڕەواکانى بپێکێ کە زۆر جار بەسەر خۆیدا دەشکێتەوە.


لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا چ لە رووى کۆمەڵایەتى و چ لە رووى سیاسییەوە ئیرادەى مرۆڤ دەتوانێت دروستکەرى هەلومەرجەکان بێت، واتە نابێت ببێتە دیلى قەدەر و پێویستە بە چاوکراوەیى لە گەڵ پیلان و نەخشەى پیلاندووراندا مامەڵە بکات. بۆیە ئەز گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەى ئەوەى مرۆڤ بە سەرى دێت، خۆى بە دەستى خۆى بە سەر خۆى دێنێت، چونکە ئەگەر زانا بێت تەنانەت دەتوانێت پێشبینى رووداوە سروشتییەکانیش بکات و بۆ هاتنى بوومەلەرزەیەکیش خۆى ئامادە بکات. لەم کێشمەکێش و ململانیێەى قەدەر و ئیرادەدا، بێگومان ئیرادە براوەى گۆڕەپانەکەیە و ئەوەى لە پێوەر و پێوانەى مرۆڤایەتى لا بدات بەردەوام دەبێت چاوەڕوانى شکستەکانى بێت.