٣١\٥\٢٠١١
نامه‌که‌ی چارلی
چاپلین بۆ کچه‌که‌ی گومانی له‌سه‌ره!
سه‌ردار عه‌بدولا
یه‌کێک له‌و نامه جوان و به‌ناوبانگانه‌ی که له‌لایه‌ن ناودارانی
جیهانیه‌وه نووسراون و سه‌رنجی خه‌ڵکانێکی زۆری بۆخۆی راکێشاوه نامه‌که‌ی
چارلی چاپلینه بۆ جێرالدینی کچی، ئه‌و کچه‌ی که چاپلین هیوای پێبووه
و زۆریشی خۆش ویستووه.
ئه‌م نامه‌یه بۆ که‌سانێک که چاپلین و هه‌ڵوێسته مرۆڤدۆستانه‌کانی
ئه‌م مرۆڤه مه‌زنه‌یان پێ مه‌به‌سته، گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، له
کۆڕ و مه‌راسیمه تایبه‌ته‌کانی سه‌باره‌ت به‌چاپلین ده‌یان جار
خۆێنراوه‌ته‌وه و به‌ده‌یان جار چاپکراوه‌ته‌وه و له مێدیا و که‌ناڵه‌کانی
بینراو و بیستراوه‌وه بڵاوکراوه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش به
زمانه‌کانی ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و تورکیش ئه‌م نامیه ده‌ستده‌که‌وێت.
پاشی تێپه‌رینی ساڵانێکی زۆر به‌سه‌ر ئه‌و نامه‌یدا و قوتبوونه‌وه‌ی ده‌نگێک
له‌و که‌سانه‌ی که له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌م نامه‌یه‌دابوون، له که‌سانێک
که کاتی خۆیان له‌ته‌کدا به‌خه‌رجداوه و له‌وانه‌شه چه‌ندین کاری ئه‌ده‌بی
وتۆژینه‌وه‌شیان له‌سه‌رکردبێ، ده‌نگێک پێیان بڵێ به‌ڕێزه‌کانم بم به‌خشن
ئه‌و نامه‌یه‌ی که ئێوه خۆێندتانه‌وه نامه‌ی چاپلین نه‌بوو، به‌ڵکو
هی که‌سێکی تره، به‌ڕاستی ده‌بێته جێگه‌ی سه‌رسوڕمان و درووستبوونی
هه‌ستێکی ناخۆش.
حه‌وت ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر خه‌ریکی وه‌رگێڕانی وتارێکی چاپلن بووم له سه‌ر
فیلمی دیکتاتۆری گه‌وره، چه‌ند ساڵێک پێش ئه‌م مێژووه‌ش هاوڕێم عه‌لی
کیتابی نامه‌که‌ی چاپلینی بۆ کچه‌که‌ی له‌فارسییه‌وه وه‌رگێڕابووه سه‌ر
کوردی که له خۆشه‌ویستی و کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌م نامه‌یه، ده‌ستم
کرد به وه‌رگێڕانی وتاره‌که‌ی چاپلن له فلیمی ناوبراودا. پاشی گه‌ڕانم
به نێو سایته‌کاندا نووسینێکم ده‌ستکه‌وت له‌سه‌ر نامه‌که‌ی چاپلین بۆ
کچه‌که‌ی که به‌ته‌واوی سه‌رنجمی بۆلای خۆی برد. قسه‌وباسێک بوو له‌ته‌ک
(فه‌رجوڵا سه‌با) که یه‌کێکه له نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه کۆنه‌کانی
ئێران، ئه‌و که‌سه‌ی که له‌پشتی نووسینی نامه‌که‌ی چاپلینه‌وه راوه‌ستاوه.
فه‌ره‌جوڵا راده‌گه‌یه‌نێت که ئه‌م نامه‌یه چاپلین لێی بێخه‌به‌ره و
ئه‌و نامه‌یه ئه‌و نووسه‌ره راسته‌قینه‌که‌یه‌تی. پاشان که ئه‌و خه‌به‌ره‌م
به عه‌لی کیتابی گه‌یاند که‌مێک بێ ده‌نگ بوو چووه نێو خه‌یاڵێکی
کورته‌وه، هه‌ستمکرد هه‌واڵێکی ناخۆشم بۆ بردووه، هه‌واڵێک که ره‌نجی
به‌باده‌دات. ئه‌و نه‌یویست بڕوا به‌و هه‌وڵه بکات و ناهه‌قیشی نه‌بوو،
هه‌ر به‌م هۆیه نه من درێژه‌م پێدا و نه ئه‌ویش.
پاش تێپه‌ڕبوونی ئه‌و هه‌موو ساڵه پێم وابوو که ئیتر دۆزی ئه‌م نامه‌یه
لای خۆینه‌ران و میدیاکان کۆتایی پێ هاتووه، چیرۆکه‌که‌ی فه‌ره‌جوڵا
سه‌با بیسترابێت، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه ده‌رنه‌چوو، که‌سێکیش هوشداریه‌کی
به خوێنه‌ران نه‌دا. له‌م ماوه‌یه وه‌رگێرانیکی تری کوردیی ئه‌م نامه‌یه
دووباره خۆی هه‌ڵدایه‌وه نێو مێدیاکان و تۆڕه‌کانی په‌یوه‌ندیگرتنه‌وه،
به‌بێ ئاماژه به مه‌سه‌له‌ی فه‌ره‌جوڵلا.
له راسیدا، وه‌ک فه‌رجوڵلا خۆشی ده‌ڵی ئیتر کارله‌کار ترازاوه و ئه‌و
نامه‌یه تازه بووه به هی چاپلین. فه‌ره‌جوڵلاش هیچ ئامرازێکی بۆبه‌رگری
له‌خۆی شک نابات و هه‌رچییه‌ک بڵێت ناگاته گۆێی خه‌ڵکی.
فه‌ره‌جوڵلا سه‌با، وه‌ک رۆژنامه‌نووسێک له گۆڤاری رۆشنفکری ئێرانی
پێش نزیکه‌ی په‌نجا ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر کاریکردووه، وه‌ک خۆی باسیده‌کات،
گۆشه‌یه‌ک له گۆڤاره‌که ته‌رخانکراوبوو بۆ ته‌نز واته گه‌پ یان (ساتیر)،
گۆشه‌که‌ش هه‌ر ناوی ته‌نزی هه‌بووه، پاش تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌کی زۆر
فه‌ره‌جوڵلا گلله‌ییده‌کات که‌نووسینه‌کانی ئه‌م گۆشه‌یه دووباره‌ن و
بێ تام بوون، هاوکاره‌کانی پێی ده‌ڵێن گه‌ر تۆ راستده‌که‌یت خۆت شتیکی
باشتر بنووسه. ئه‌و رۆژه ده‌چێته ژووری سه‌رنوسه‌ری و ده‌که‌وێته
بیرکردنه‌وه، وه‌ک خۆی ده‌ڵێت، گۆڤارێک له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی به‌رده‌می
ده‌بینی که وێنه‌یه‌کی چاپلین و کچه‌که‌ی تێدایه. ئه‌مه ده‌بێته
بنچینه‌ی خه‌یاڵی داڕشتنی ئه‌و نامه‌یه به‌ناوی چاپلینه‌وه، واته
چوونه‌ناو که‌سایه‌تی چاپلینه‌وه و داڕشتن و نووسینه‌وه‌ی هه‌سته‌کان
بۆ جیڕالدینی کچی، که ئه‌مه‌ش جۆرێکه له فه‌نتازیا و کاری له‌م جۆره
له‌دنیای ئه‌ده‌بدا زۆر بوونی هه‌یه.
تاکو ئێره ده‌کرێت هیچ شتێکی سه‌یر ڕووی نه‌دابێت، به‌ڵام کاتێک نامه‌که
ده‌خرێته ناو گۆشه‌ی (ته‌نز) ی گۆڤاره‌که، تایتلی (ته‌نز) له‌کاتی
بڵاوبوونه‌وه‌دا ده‌په‌ڕێت، به‌م شێوه‌یه نامه‌که به‌ناوی چارلی
چاپلینه‌وه له‌نێوخه‌ڵکیدا بڵاوده‌بێته‌وه، به‌ڵام فه‌ره‌جوڵلا باسی
ئه‌وه ناکات که ئه‌و گۆڤاره پاشان روونکردنه‌وه‌ی له‌وباره‌وه داوه
یان نا.
فه‌ره‌جوڵلا ده‌ڵێت، ئه‌و نامه‌یه له رادیوکان ده‌خۆێنرایه‌وه و له‌به‌رده‌می
زانکۆکان ده‌فرۆشرا، له کۆڕه‌کاندا جه‌ند جار له‌به‌رده‌م خۆمدا ده‌خوێنرایه‌وه،
کاتێک ده‌مووت ئه‌م نامه‌یه من نووسیومه ده‌یانووت ئێمه ده‌قه
ئنگلیزییه‌که‌یمان لایه. له‌کاتێکدا هه‌مان ئه‌و ده‌قه بوو که
کرابوو به ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی و تورکی ئیستانبوڵی.
به هه‌ر حاڵ، چیرۆکی فه‌ره‌جوڵلا نه‌بیسترا، هاواره‌کانی که‌س گوێی
لێنه‌گرت، هه‌ر به‌م هۆیه کۆڵی له‌به‌رگری له‌خۆی و چاپلن دا و ئه‌و
مه‌سه‌له‌یه‌ی بۆ خوێنه‌ره وریاکان به‌جێهێشت! ئه‌مه حه‌قیقه‌تێکی
تاڵه و ده‌بێت بگوترێت، ئه‌و که‌سانه‌شی که سه‌روبه‌رێکیان له‌ته‌ک
ئه‌و نامه‌یه‌دا هه‌یه پێویست بوو به‌دواداچوونێکی وردتر بکه‌ن و له
راستی و درووستی قسه‌کانی فه‌ره‌جوڵلا سه‌با تێبینییه‌کیان پێمان بدایه.
په‌یامه مرۆڤدۆستانه‌کانی ئه‌م نامه‌یه‌ی فه‌ره‌جوڵلا، به‌ته‌واوی له‌ته‌ک
ناوه‌ڕۆک و په‌یامه مرۆڤدۆستانه و ئازادیخوازانه‌که‌ی چاپلیندا
دێته‌وه و خوێنه‌ر هه‌ست به بوونی هیچ دژایه‌تییه‌ک ناکات، هه‌ر
بۆیه ئاسان نییه که بڕاوبکه‌یت ئه‌و نامه‌یه هه‌ڵبه‌ستراوه یاخود
چاپلین نه‌ینووسیوه.
گه‌ر ئه‌م نامه‌یه چاپلین نه‌ی نووسیبێ و که‌سێکی تر له‌پشتییه‌وه
بێت، ئه‌وه نیشانه‌ی تێگه‌شتن و گه‌یشتنه به قوڵایی ناخی په‌یام و
جیهانبینییه‌کانی چاپلین.
چارلی چاپلین و سینه‌ما کۆمیددیه‌که‌ی به‌یانی تراژیدا و ئه‌و دوه‌زه‌خه
دانتی ئامێزه‌یه که مرۆڤ له سایه‌ی سیستمێکی سه‌رمایه‌داری
چاوچنۆکدا ژیانی کۆیله‌یه‌کی مۆدێرن به‌سه‌رده‌بات، چاپلین وه‌ک کاره‌کته‌رێک
به شه‌پقه، گۆچان و جوتێ پێڵاوی دڕاوه‌وه ئیراده و گه‌وره‌یی مرۆڤه‌ساده‌کانی
ده‌رده‌خست، وه‌ک کاره‌کته‌رێکی گیل، به‌سه‌رمایه‌داره چاوچنۆک و
پۆلیسه‌کانیانی راده‌بورد و ده‌یکردنه گاڵته‌جاڕ و له‌خۆی گێل تر.
تێگه‌یشتن و قوڵبوونه‌وه له په‌یامه‌کانی چاپلین ده‌توانرێت بێ نامه‌که‌ی
باوکی جێڕالدینیش بکرێت، ئه‌و خه‌رمانه له کاری سینه‌مایی ئه‌رشیڤێکی
گه‌وره‌یه له‌به‌رده‌ستدا، نامه‌که‌ی فه‌ره‌جوڵلاش نمایشێکی ستاتیکانه‌ی
به‌رزی کاره‌کانی چاپلینه. فه‌ره‌جوڵاش به‌م ساخته‌کردنه جوانه‌ی په‌یامه‌که‌ی
خۆی پێ گه‌یاندین که له هه‌مان په‌یامه جوانه‌کانی چاپلین ده‌چێت!
30\5\2011
ماڵپه‌ڕی سه‌ردار عه‌بدوڵا
|