په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٣\٢٠١٤

ناساندنی ئەنفال و ھەڵەبجە لە پەرلەمانی ئەوروپا یان بانگەشەی حیزبیی؟


پێشڕەو ئیسماعیل عارف

گرنگی ناساندنی جینۆسایدی کوردی لە تێروانینی چالاکوانانی دژە دەسەڵاتەوە.


بە دڵنیاییەوە ھەوڵدان بۆ ناسادنی ئەنفال و ھەڵەبجە جێگای ستایشی ھەموکەس ولایەنێکی مرۆڤدۆست و دڵسۆزی خەڵکی کوردستانە.


بەتایبەتی ناساندنی ئەو تاوانانە بە جێنۆساید دژ بە مرۆڤایەتی دەبێتە پشتیوانیەکی بەھێز بۆچالاکوان و رێکخراوە داکۆکیکەرەکان لە مافەکانی قوربانیانی ئەنفال و ھەڵە بجە و ئەوانەی کە دەیانەوێت تاوانباران سەر بە ھەر نەتەوەیەک بن بە سزای خۆیان بگەیەنرێن و قوربانیان قەرەبوی مەعنەوی بکرێنەوە.


ئەگەر پەرلەمانی ئەوروپا ئەنفال و ھەڵەبجە بە تاوانی جێنۆساید بناسێنێت واتە ئەمڕۆ ٢٨ وڵاتی ئەوروپا و لە داھاتودا وڵاتانی تری نوێی ئەو یەکێتیە، ئەو تاوانانە بە جێنۆساید دەناسێنێت . ئەو کاتەش بەھێزێکی یاسایی سەنگینەوە دەتوانرێت حکومەتی ئێراقی وھەرێم ناچاربکرێن کە تەواوی تاوانباران و لە ناویان دا مستەشارە کوردەکان کە لە لایەن دەسەڵاتی بنەماڵەکانەوە داڵدەدراون بە پێی مادەی ٣ی خاڵی c و e لە رێکەوتتنامەی جێنۆسایدی ١٩٤٨ ی نەتەوە یەکگرتووەکان رادەستی دادگای نێودەوڵەتی دەنھاخ بکرێن.


ناسادنی ئەنفال و ھەڵەبجە لە لایەن یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت ڕێخۆشکەر بێت لە روی یاساییەوە سکاڵای دژ بە داڵدەدەران و ئەو دەزگا و پارتە سیاسیانەش بکرێت کە لێبوردنیان بۆ ئەو تاوانبارانە دەرکردووە. بەتایبەتی ئەوانەی کە پاش ئەو ناساندنە ھێشتا بە مەبەست و بڕیاری سیاسی سوربن لەسەر داڵدەدان و لیبوردن لە تاوانبارانی جێنۆساید.


جێنۆساید تاوانێکە تەواوی وڵاتان بەو شێوازە تێدەروانن کە بەرامبەر بە خۆیان کراوە بۆیە ئەرکی یاساییانە کە ئەگەر تاوانباران لە وڵاتەکەیاندا نیشتەجێ بن رادەستی دادگای نێودەوڵەتیان بکەنەوە.


تەواوی ئەم دەسکەوتانە و قەرەبوی ماتەری و مۆرالی قوربانیەکان وکەسوکاریان دەسکەوتێکی گەورەیە و پێویستە بە ھەموان پشتیوانی ناساندنی ئەنفال و ھەڵەبجە بکەین لە ھەر وڵاتێکدا بێت بە تایبەتی لە دەزگایەکی گرنگی وەکو پەرلەمانی ئەوروپا.


سەرباری ئەم خۆشحاڵی و پشتگیریەمان بۆ ھەوڵی ناساندنی ئەنفال و ھەڵەبجە وەکو جێنۆساید لە یەکێتی ئەوروپادا، زۆر ڕەشبینین لە بەرامبەر وویستی راستەقینە و ھەوڵی راستەقینەی ئەو لایەنانەی گوایە ھەوڵ بۆ ئەو ناساندنە دەدەن.


بە تایبەتی کە ئەو ھەوڵانە لە لایەن دەزگای بەناو (نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ) و سەرانی پارتی و بنەماڵەی بارزانیەوەیە. ئەو لایەن و دەزگایانە ماوەیەکە بەناوی ھەوڵی ناساندنی جێنۆساید لە پەرلەمانی ئەوروپادا ھەڵمەتێکی ریکلامیان بۆ خۆیان پارتی و بنەماڵەی بارزانی گرتۆتە بەر.


یەکەمین بابگەشەکانی نوێنەرایەتی بەلجیکا.


ڕیکخراوی کوردستان فۆروم و چالاکوانانی بەلجیکا لە یەکەمین بانگەشەوە بۆ ئەو مەسەلەیە بەدواداچونیان بۆ کردووە و بە بایەخ و گرنگیەوە تێیان ڕوانیوە.


یەکەم دەنگۆی نوێنەرایەتی دەسەلات سەبارەت بەو بابەتە دوانێکی دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری دەسەڵاتە لە بەلجیکا لەگەڵ ڕۆژنامەی چاودێر بە ناوی ( پەرلەمانی ئەوروپا کاری بۆ ناساندنی جێنۆسیدی کورد کردووە، تەنھا دەنگدانی ماوە).(١).


ئاژگەیی لەم چاوپێکەوتنەدا وەکو ریکلام کردنێک بۆ پارتەکەی و نوێنەرایەتیەکەی دەڵێت: (ئێمەش لەگەڵ وڵاتی بەلجیکا و یەکێتی ئەوروپا خەریکین، بۆ ئەم مەبەستەش نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە پلانێکی تۆکمە و زانستی کە خۆی لە چەند قۆناغێکدا دەبینێتەوە دەستی بە کارکردن لەسەر ئەم بابەتە گرنگە کردووە). ئاژگەیی نایەوێت سەبارەت بە ئەو پلانە تۆکمە و زانستیە شتێک دەربڕێت. ئەوەش لەبەر ھۆیەکی سادە کە بریتیە لەوەی ھیچ پلانێک لە ئارا دا نیە جگە لە نامەیەکی داواکاری بۆ ناساندنی ئەنفال و ھەڵەبجە وەکو جێنۆساید بە ناوی (جێنۆسیدی کوردی ئەنفال و ھەڵەبجە).
جێگای سەرسوڕمانە کە ئەو نامەیەش بە بێ بەروار و ناونیشان و ناوی داواکار ئاراستەی پەرلەمانی ئەوروپا کراوە. نامەکە بریتیە لە ١٠ لاپەرە بە زمانی ئینگلیزی. نامەکە تەنھا دوو لۆگۆی لەسەرە ، یەکیکیان لۆگۆی ڕێکخراویUNPO کورتەی Unrepresented Nations and Peoples Organization و بنکەی لە ھۆڵەندا و بەلجیکا ھەیە. دوھەمیان لۆگۆی نوێنەرایەتی دەسەڵاتە لە بەلجیکا. تەنھا لە ڕێگای ناوەرۆکی نامەکە دەردەکەوێت کە لە بەرواری دوای ٦/٣/٢٠١٣ دا نامەکە نوسراوە.


ناوەرۆکی نامەکە و لادان لە کێشەی ئەنفال و ھەڵەبجە و چون بەرە و ھەندێک بابەتی لاوەکیدا دەبێتە جێگەی رامان. ایا بۆچی لەو نامەیەدا کێشە سەردەمیەکانی نێوان بارزانی و مالیکی باسکراوە؟ بە جۆرێک گەیەنراوەتە ئەو رادەیەی باس لە مەترسی دوبارەبونەوەی ئەنفال و ھەڵەبجە بکرێت لە لایەن مالکیەوە!. ھەروەھا چ پەیوەندیەک لە نێوان جێنۆسایدی کوردی و ڕێکەوتنامەی ئەم دواییەی سەبازی و ناردنی چەک و تەقەمەنی لە روسیاوە بۆ ئێراق ھەیە کە لەو نامەیەدا باسی لێ کراوە؟ لە کاتێکدا تەواوی مادەی خاوی چەکی کیمیاوی لە سەرەتای ساڵانی ھەشتادا لە لایەن وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاواوە بۆ دەسەڵاتی بەعسی لەناوچو نێردرابو. تەواوی ئەمانە ئەوە نیشان دەدەن کە بەرپرسی دۆسیەی ئێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا ستروان ستیڤنسن کە ناسراوە بە کێشەکانی لەگەڵ مالکی و حکومەتەکەیدا کاریگەریەکی سیاسی نالەباری لەو بابەت و کۆنتێکستەدا لەسەر نامەکە ھەبووە. ئەگەر نوسینگەکەی خودی ستیڤنسن ئامادەکەری ئەو نامەیە نەبوبێت. (٢).


مۆرکێکی تری ئاشکرای حیزبیی کە بە نامەکەوە دیارە ئەوەیە کە لە پێشەکی و یەکەمین رستەی نامەکە دوانە لە وەی کە پەرلەمانی ەریتانیا بە یەک دەنگی ھەڵەبجە و ئەنفالی وەکو جێنۆساید ناساندووە. پاشان لە پەرەگرافی سێھەم دا یاری بە ووشە و ڕستەکان دەکڕێت و قسە لەوە دەکرێت کە ئەو ناساندنەی بەریتانیا بەدوای ناساندنەکانی پەرلەمانی سوید و نەرویج ھاتووە. ئەم پێشخستن و یاریکردنە بە ووشە و دەربڕینەکان تەنھا لەبەر ئەوەیە کە دەسپێشکەری شکست پێھاتوی ناساندنی جێنۆساید لە بەریتانیا لە لایەن بیرۆی نوێنەرایەتی دەسەڵاتی پارتی لەو وڵاتەوە و نەدیم زەھاوی ئەندام پەرلەمانی بەریتانیای نزیک بە پارتیەوە بدرەوشێنرێتەوە. لە کاتێکدا لە ڕۆژ و کاتی دەنگدانەکەدا تەنھا ١٨ ئەندام پەرلەمانتاران و میوان ئامادەبون پاش چەند چرکەیەک ژمارەیەک بە ھۆی نەبونی گرنگیان بە بابەتەکە ھۆڵی پەرلەمان بەجێدەھێڵن و ژمارەی ئامادەبوان دادەبەزێت بۆ تەنھا ١٢ ئەندام پەرلەمانتاران و میوان. لە کاتێکدا ژمارەی پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە دوای ھەڵبژاردنی ٢٠١٠ وە گەیشتۆتە ٦٥٠ ئەندام. ئایا ئاژگەیی دەیەوێت ھەمان تاقیکردنەوەی شکستخوارد و لە پەرلەمانی ئەوروپادا دوبارە بکاتەوە؟ (٣).


ئاژگەیی لە ھەمان چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆژنامەی چاودێر دەڵیت: (ئێستا ئێمە لە زنجیرەی بڕیارێکی رەسمین لە لایەن پارلەمانی ئەوروپاوە، بۆ ئەم مەبەستە چەند ھەنگاوێکی پراکتیکیمان ھاویشتووە لەوانە سازدانی پێشانگایەکی تایبەت بە ئەنفال و ھەڵەبجە لە پارلەمانی ئەوروپا).


ئاژگەیی لە ھەنگاوی پراکتیکی دەدوێت بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع ناتوانێت ھیچ شتێک بخاتە ڕوو جگە لە پێشانگایەک. بە ناوی (مەراسیمی کردنەوەی پێشانگای وێنەیی جینۆسایدی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا ٢٦/٣/٢٠١٣) ئەمەش بریتی بوو لە پێشاندانی وێنەی فۆتۆگرافی ئەنفال و ھەڵەبجە لە رارەوێکی پەرلەمانی ئەوروپا کە وەک ھەمیشە ئەندامانی پارتی وڵاتانی بەنیلوکس و ڕێکخراوە سێبەریەکان و باڵوێزخانەی ئیراقی بەشداربون ئەندامانی پەرلەمانیش ھەر ھەمان ئەو پێڕە بون کە پەیوەستن بە دۆسیەی ئێراقەوە لە پەرلەمانی ئەوروپا. ئەو پێشانگایەش بە ھاوکاریUNPO ئامادەکرابوو.


ئەو پیشانگایە لە سەردەمی نوینەری پێشو سەلیم گرافی خۆناسێنەر بە (کارلۆس گرافیۆس) ەوە کاری بۆ کرابوو. ئەو پێشانگایەش کە من یەکێک لە ئامادەبونی بوم بووە بۆنەیەکی لەبار بۆ سەری خۆ گەرم کردن بە خواردنەوەی کحولی و وێنەگرتنی کەسانی خوارتر لەگەڵ سەروتریان و وێنەگرتنی ئەوانیش لە پاڵ کەسانی بەرزتر لە خۆیان و بەو شێوازە ھەرەمیە وەک ئەوەی بۆتە نەریت و باوی ناو بۆنەکان. ھەروەھا بۆنەیەکی گونجاو بوو بۆ خۆدەرخستن و خۆناساندنی دلاوەر ئاژگەیی وەکو نوێنەری نوێی دەسەڵات دوای لەسەرکارلابردنی نوینەری پێشو کارلۆس گرافیۆس.


پاشان لە ھەمان چاوپێکەوتن لە چاودێردا دەڵێت:( ئەوەی ماوە ڕەشنوسی بڕیارەکەیە کە دەبێت بە میکانیزمی تایبەتی کاری پارلەماندا تێبپەڕێت و دواتر لە ستراسبۆرگ دەنگی لەسەر بدرێت ، ھەر بۆ ئەم مەبەستەش خەریکی دروست کردنی گرووپی پشتگیرین، کە لە چەند ئەندام پەرلەمانێک پێکدێت و چەند ڕێکخراوێکی ئەوروپیش تێیدا بەشدارن ). ئاژگەیی لە "ڕەشنوسی بڕیار" دەدوێت لە کاتێکدا کە ئەو دوانەی داوە بە لایەنی زۆرەوە تەنھا سی مانگ و نیو بوو ئەو نامەی داواکاریە "ڕەشنوسی بڕیار" ە بێسەروبەرە حیزبییەیان لە ڕێگای ستروان ستیڤنسن نوسیوە تەنانەت دیارنیە ئەو داواکاریە بۆ کوێ و چ دەزگایەک نێردراوە.


جێگەی پرسیارە ئایا بۆچی ئێستا و پاش ١١ مانگی ڕەبەق کەناڵی روداو بە وەرگرتن لە نوێنەرایەتی بەلجیکا قسە لەوە دەکات کە:( دوای ئەو کۆبونەوەیە بڕیارە لیژنەی پەیوەندیەکانی ئێراق نامەیەکی تایبەت بەم دانیشتنە بنێرێت بۆ سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا مارتین شولتز و کۆمیسیۆنی ئەروپا و ھەروەھا بەرپرسی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا تەنھا بەم شێوەیە پرسی بە فەرمی ناساندنی جینۆساید ڕێرەوێکی فەرمی لە پەرلەمانی ئەوروپا وەردەگرێت) . کەواتە "ھەنگاوی پراکتیکی" و "میکانیزمی تایبەتی کاری پەرلەمان" لەو بوارەدا جگە لە پێشانگایەک و خۆڵ کردنە چاوی خەڵکەوە شتێکی تر نەبووە. یان ئەگەر کارێکیش کرابێت تەنھا لە پێناوی ئەوەدا کە تەواوی شتەکان بە سەردانەکەی مەسعود بارزانیەوە ببەسترێتەوە و ڕیکلامی ھەرزانی بۆ بکەن خەتێکی راست و چەپی بەسەردا ھێنراوە ولە نوێوە دەسپێدەکەنەوە!!


ئاژگەیی لە" گرووپی پشتگیری" دەدوێت، کەس ناتوانێت لەوەدا بە ناڕاستی بزانێت بەڵام ئایا بۆ گەیشتن بە پێکھێنانی گرووپێکی پشتگیری ئاوا کە بتوانێت کاریگەری ھەبێت لەسەر ژمارەیەکی دیاری پەرلەمانتاران بەو ئاراستەیەی بە (بەڵێ) دەنگ بدەن مەسەلەیەکی ئاوا بە دڵنیاییەوە کارێکی ئاسان نیە زۆربەی دەنگ بەدەست بھێنرێت. ئایا ئاوا بە بای شان و قسەی قەبە دێتە دی؟ بە تایبەتی لە دەزگایەکدا کە نوێنەرانی ٢٨ وڵات و کۆی ٥٠٠ ملیۆن دانیشتوی ئەوروپا دەکات و ژمارەی پەرلەمانتارانی ٧٦٦ ئەندامە و سەر بە فراکسیۆنە جیاوازەکانن و ئایدۆلۆژیا و سیاسەت و بەرژەوەندی و دونیابینی دژ بە یەکتریان ھەیە و چەندین ڕێکخراوی بەرژەوەندی و لۆبی جیاواز کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر بڕیارەکانی ھەیە. با ئەوەش نەوتراو نەمێنێت کە ھەندێک لە وڵاتانی ئەندام راستەو خۆ و ناراستەوخۆ بەشداربون لە ناردنی مادەی کیمیاویدا بۆ ڕژێمی لەناوچوی بەعس ، ئەوەش دەرئەنجامی یاسایی نەرێتی بۆ ئەو وڵاتانە دەبێت. ئایا ئەو گرووپی پشتگیریە چۆن ھێنرایە دی لە کاتێکدا ئاژگەیی ھێشتا ٤ مانگ بەسەر نوێنەر بونیدا تێنەپەڕیبو؟ با بە ھەقیش قسە بکەین نوێنەرانی پێشو، بورھان جاف و سەلیم گرفی لە دوای خۆیان ھیچ لۆبی و پەیوەندیەکیان بنیات نەنابو بۆ ئاژگەیی و ستافە نوێیەکی جگە لە ئاژاوە و شەرە بۆکسی ناو خودی نوێنەرایەتیەکە و کەرەسە و مۆبێلی شیک و نوێ بە نرخی ١٤٠ ھەزار ئێرۆ!!. ئەمانە ھەموو نیشان دەدەن کە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی کارێکی ئاوا لە ئەرزی واقیع دا بە پێچەوانەی ئەوەی ئاژگەیی دەڵێت (نە پلانی تۆکمە و زانستی، نە ھەنگاوی پراکتیکی، نە میکانیزمی پیویست، نە گوروپی پشتیوانی) بونیان نیە و نەبووە ھەروەھا نە پسپۆری و نە ماندوبون و نە کاری ھاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوە کوردی و بیانیەکان ھیچ وویست و بەرنامەی کۆن و نوێی ئەو نوێنەرایەتیەدا نەبووە و نیە. لە کاتێکدا تەواوی ئەوانە پیویستی حاشا ھەڵنەگرن.


ئایا گرووپە پشتیوانیەکەی دلاوەر ئاژگەیی کێین و چیین؟ ئێمە لە نزیکەوە ئاگادارین کە تەنھا پەیوەندیەکانی لە چەند کەسێکی کۆنزەرباتیڤی وەکو ستروان ستیڤنسن دا قەتیس ماوە.


ئەو کابرایە بە ھۆکاری نەزانراو لەسەرجەم بۆنە و فرسەتێک دا تەنھا لە گەورەیی و گرنگی مەسعود بارزانی دەدوێت. تەواوی ئەندامانی تر ھیچ پەیوەندیەکی خوازراویان بە ئاژگەیی و ستافەکەیەوە نیە و تەنھا وێنەی لە پاڵدا گرتون و ئەوەش خۆی لە خۆیدا جۆرە نەریتێکی ڕۆژھەڵاتی ئەم بەرپرسانەیە کە لە لای ناوەند و کەسایەتیە ئەوروپیەکان بە نەخوازراو تێیدەڕوانرێت. ھەروەکو چۆن یەکێک لە پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی دا دەریبڕی:(ئەم بارزانیانە بە قات و بۆیانباخە شیکەکانیانەوە بێزاریان کردوین بە وێنەگرتن لە پاڵمان دا). بینیمان ئەوانەی لە پاڵیان دا بۆ نیشاندانی چالاکیەکانی نوێنەرایەتیەکەیان خۆی و ستافەکەی وێنەیان لەگەڵ دا دەگرن تەنانەت بۆ بۆنە و کۆنفرانسەکانیشی ئامادە نابن و دەتوانین چەندین ناوی وەکو. ئالیۆ فیدل کوادراس، یۆانا سێنیزین، یورگن کلوتە، میشێل دنێف، جۆن ئۆروک، ھانس پورت گێترینگ ... ھتد بخەینە ڕوو کە پەیوەندیەکانیان تەنھا فۆتۆگرافیە نەک دبلۆماسی!


ئاژگەیی قسە لە چەندین ڕێکخراوی ئەوروپی دەکات کە ھاوکاریان بون ئایا سەرباری بودجەی زۆر و و نیشتەجێبونی بیرۆکەیان لە ناسراوترین و گرانترین شەقامی دبلۆماسی برۆکسل و ئیمکانیات و کارمەندەکانیان دەتوانێت قسە لە ڕێکخراوێکی تر بکات جگە لەUNPO؟


سەردانی مەسعود بارزانی بۆ بەلجیکا و بالۆرەی نوێی بانگەشە حیزبییەکان.


زۆر لە چالاکوانانی ئەم وڵاتە لەسەر ئەو بنەمایەی پشتیوانی کەمترین کار بۆ ناساندنی جێنۆسایدی کوردی دەکەی و کەمترین کارمان لە ھیچ پێ باشترە بۆیە بێدەنگیان لە شێوازی کار و بانگەشەکانی پارتی و نوێنەرایەتیەکەی ھەڵبژاردبو. بەڵام جام کە پڕ بوو لێی دەرژێت. بە تایبەتی دوا سەردانی مەسعود بارزانی کرایە ریکلامێکی تری گۆبڵتسی و ھاژوھوژی میدیایی نوسین و بینراوی پارتی و میدیا سێبەریەکانیان وەک ئەوەی مەسعود بارزانی توانیبێتی یان وا باشترە بڵێین (ویستبێتی) تەواوی تاوانبارانی جێنۆساید بە کورد و عەرەب و نەتەوەکانی ترەوە بداتە دادگاکان و بە سزای رەوای خۆیان بگەیەنێت.


ئەوەی بارزانی سەبارەت بە ھەڵەبجە و ئەنفال ووتی بریتی بوون لەم چەند دێڕە کە ھیچ زانیاریەکی نوێ و ھیچ داواکاریەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆی تیانەبوو سەبارەت بە ناساندنی جێنۆسیادی کوردی:


(گەلی کوردستان دووچاری ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر و ھەڵمەتی زۆر دڵڕەقانە بووەوە لەلایەن رژێمە یەک لە دوا یەکەکان کە دەسەڵاتی عێراقیان گرتە دەست، چەکی کیمیاییش دژ بە ئافرەتان و منداڵان بەکارھێنراو کردەی ئەنفالیش دژ بە گەلی کورد ئەنجام دراو لە ئاکامدا ١٨٢ ھەزار کەس بێ سەروشوێن بوون، تەنیا روفاتی نزیکەی چوار ھەزاریانمان دەستکەوتەوە، لەوانەی لە بیابانەکانی باشووری عێراقدا زیندەبەچاڵ کرابوون و کاری گەڕان و پشکنینیش بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی تەرمی شوێنبزرەکانی دیکە. لە چەند ساتێکی کەمیشدا لە ئاکامی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی بە تەنیا لە شاری ھەڵەبجە پێنج ھەزار ھاووڵاتی شەھید بوون کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون.). (٤).


بەدوای ئەم دوانە کاڵ و کرچە مەکینەی ڕیکلامی میدیاکانی پارتی و میدیا سێبەریەکانیان دونیایان بە زمانە جیاوازەکان پڕ کردەوە. ئەوەتا کوردستان تیڤی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەڵێت: ( دوابەدوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی لە ٢١ ی ١ ی مانگی ڕابردو بۆ پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کرد کار بۆ بە نێونەتەوەیی کردنی چێنۆسایدی کوردی بکرێت و بە فەرمی لە پەرلەمانی ئەوروپادا دانی پیا بنرێت) (٥).


لە بابەتێکی تری کوردستان تی ڤی دا دەڵێت: (پشتی سەرەدانا برێز مەسعوود بارزانی سەرۆکێ ھەرێما کوردستانێ ژبۆ پارلەمێنتا ئەوروپایێ، ل سەر داخوازا وان یا ژبۆ ناساندنا جینوسایدا کوردان، بریار ئەوە پارلەمێنتا ئەوروپایێ پێجشەمبیا بێ جڤینەکە تایبەت ل دۆر وێ پرسێ لداربخە) (٦).


تەلەفزیۆنی روداو لەسەر ھەمان بابەت دەڵێت (دوای چاوەروانیەکی زۆر دواجار پەرلەمانی ئەورپا بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانیی دژی کورد دانیشتنێکی تایبەت لە لایەن لیژنەی پەیوەندیەکانی عێراق لە برۆکسل لە ژێر ناونیشانی جینۆسایدی سەردەمی سەدامدا ئەنجامدا.بە بەشداربونی شاندێکی باڵای حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفال کراوان و پەرلەمانتارانی ئەوروپی وکۆمیسیۆنی ئەوروپا و چەندین ڕێکخراوی مەدەنی. ھۆی مامەلە کردنی جیدی لە گەل ئەو پرسە دەگرێننەوە بۆ سەردانەی مەسعود بەرزانی سەرۆکی ھەریمی کوردستان بۆ پەرلە مانی ئەوروپا کە تێدا راستەوخۆ داوای کرد لەسەر بە فەرمی ناساندنی جینوسایدی کورد بکەن .(٧).


لە ڕۆژنامەی خەبات و پەیجی تایبەتی دلاوەر ئاژگەیی و ماڵپەری گوڵان و ماڵپەری فەرمی حکومەتی کوردستان و... ھتد بە ناونیشانی (لە پەرلەمانی ئەوروپا پرسی جینۆساید و کردنەوەی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت) ڕیکلامی بۆ کراوە. کە پێدەچێت ئاژگەیی خودی خۆی ھەواڵنێرەکە بوبێت وەک کرداری ھەمیشەیی ڕیکلام بۆ بارزانی دەکات و دەڵێت: (تەنھا دوو ھەفتە پاش ووتارەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی لە پەرلەمانی ئەوروپا و داوای بەڕێزیان بۆ بەفەرمی ناساندنی جینۆسایدی کورد لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە ... لەو چوارچێوەیەدا پەرلەمانتاری ئەوروپی (ستروان ستیڤنسن) وێڕای ئاماژەدان بە داواکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دەڵێ ئەوروپا قەرزداری چاکەکانی سەرۆک بارزانییە و ستایشی ڕۆڵی جەنابیان و جەماوەری کوردستان دەکات.)(٨).

دیوی راستەقینەی کۆنفرانسی ناساندنی جینۆسایدی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا.


ئەگەر گوێ لە کەس و لایەنە کانی تر بگرین کە ئامادەی ئەو کۆنفرانسانە بون بە شیوازێکی تر باس لە راستیەکان دەکرێت . تەواوی ئەو ریکلامانەی کە باس لە کۆنفرانسەکەی پەرلەمانی ئەوروپا دەکریت لە لایەن ئامادەبوانەوە بە شێوازێکی تەواو پێچەوانەوە دەخرێتە ڕوو بە جۆراێک ووشەی کونفرانس بەکار ناھێنن. ھەندرێن ھەورامی وەکو ئامادە بویەک لە نوسینێکی دا دوابەدوای ئەو کۆنفرانسە دەنوسێت:


( نیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٣/٢/٢٠١٤ کاتژمێر ١١ و٣٠ دەقیقە بە کاتی ناوەندی ئەوروپا ، لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، لە یەکێک لە ھۆڵەکانی پەرلەمانی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی ئامادەکاری بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیەکانی سەر گەلی کورد بەرێوەچوو. کۆبونەوەکە لە لایەن ستروان ستیڤنسن، سەرۆکی لێژنەی دۆسیەی عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا و نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە پەرلەمانی ئەوروپا ڕێخکرابوو.لە کۆبونەوەکەدا کە تەنھا کاتژمێرکی خایاند ، سارد و سڕیەکەی پێوە دیار بوو ، ژمارەیەکی زۆر لە کوردان ، نوێنەرانی چەند پارتێکی سیاسی کوردی و ئێراقی ، باڵیۆزی ئێراق لە بەلجیکا و وەزیری شەھیدان و ئەنفالی حکومەتی ھەرێم ئارام ئەحمەد ئامادەبوون. بەڵام لایەنی ئەوروپی و خانەخوێ کە کۆبونەوەکە ڕووی لە وان بوو ، کەسیان ئامادە نەبوون و تەنانەت یەک پەرلەمانتاری ئەوروپیش ئامادەی کۆبونەوەکە نەبوو.).


لە کاتێکدا تەلەفیزیۆنی روداو قسە لە ئامادەبونی پەرلەمانتارانی ئەوروپی وکۆمیسیۆنی ئەوروپا و چەندین ڕێکخراوی مەدەنی دەکات. کەسێکی وەک زانا ھەورامی، چالاکی سیاسی و ئامادەبوی کۆنفرانسەکە ڕەخنەی لە ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئەوروپی لە کۆبونەوەکەدا گرت و بە کورتی ناوی برد بوو، لەوەڵامی زانا ھەورامیدا، ستروان ستیڤنسن، سەرۆکی لێژنەی دۆسیەی عێراق لە پەرلەمانی ئەوروپا وتبوی: "دوو ھەفتەی دیکە ھەڵبژرادنی پەرلەمانی ئەوروپایە بۆیە پەرلەمانتاران ئامادەنەبوون .".

 
ھەندرێن ھەورامی ھەمان ئەو شتە دەڵێت کە لە سەرزار و لە دڵی ھەموانمان دایە بۆیە پەنا دەبەمە بەر نوسینەکەی ئەو ئێمەش لەگەڵیا ھەمان پرسیار دەکەین "ئەو وەلامەی ستڤنسن مایەی سەرسوڕمان بوو ! چونکە ئەگەر بەھۆی ھەڵبژاردنەکانەوە پەرلەمانتارانی ئەوروپی بەشدار نەبووبن ، ئەی بۆ ئەمان لەم کات و ساتەدا کۆبونەوەکەیان ئەنجامیان دا و دوایان نەخست بۆ کاتێکی گونجاتر) (٩).


بەم حاڵە و بە بێ ھیچ بەرنامەیەکی پتە و ئاژگەیی لە لێدوانە تەلەفیزیۆنیەکانی حیزبەکەیدا و لە پەراوێزی قەڵەباڵغیەکانی ناو پەرلەمانی ئەوروپا دا دەڵێت ھەوڵ دەدەین کە دەنگدان پێش کۆتایی ئەم خولەی پەرلەمانی ئەوروپا بێتە دی، لە کاتێکدا تەنھا چەند مانگێک ماوە بۆ کۆتایی ئەم خولە.


بە دڵنیاییەوە سەرجەم دڵسۆزێکی گەلەکەمان پشتگیری ئەوەیە کە گرووپی پشتیوانی و لۆبی بۆ جێنۆسایدی کوردی و سەرجەم ئەو مەسەلە سەرنوشتیانە بھێنرینە دی لەو باوەرەشداین ھەر چەندێک بۆ ئەو کارانە بخرێتەکارەوە لەدەست چون نیە. بەڵام ئەوە جێگەی پەسەند نیە بە کردنەوەی پێشانگایەکی وێنەی فۆتۆگرافی بە مەبەستی خۆناساندن و یەکترناسی و نامەیەکی بێسەروبەر و حیزبییانە بە ناوی ھەوڵدان بۆ ناساندنی ئەنفال و ھەڵەبجە بە جێنۆساید خۆڵ بخرێتە چاوی خەڵکەوە و ریکلامی حیزبیی و سیاسی بکەن.


با ئاژگەیی و ئاژگەییەکان ئاگادار بن کە گرووپی پشتیوانی و دروست کردنی لۆبی بۆ ناساندنی جێنۆساید لە دەزگایەکی گرنگی وەکو پەرلەمانی ئەوروپا ھەرگیز بە وێنە لە پاڵداگرتنی پەرلەمانتاران و ھاژ و ھوژی میدیاکان نابێت و کار و بەرنامە و خەرجی و پسپۆری و "راوێژکار" و راوێژکاریی راستەقینە و پسپۆری دەوێت.

ھەوڵەکانی کوردۆساید - چاک بۆ ڕێگری بە ھەڵدێردا بردنی کەیسێکی گرنگی نەتەوەیی
.


کۆمیتەی بەلجیکای کوردۆسایدـ چاک پاش ئەو کۆنفرانسە وەکو بەتەنگەوەھاتنێک بۆ کەیسی ناساندنی جێنۆسایدی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا،نامەیەیەک ئاراستەی دلاوەر ئاژگەیی و ستروان ستیڤنسن و ڕێکخراویUNPO کردووە. لە ڕێگای ئەو نامەیەوە ٥ داواکاری گرنگیان بۆ ھوشیارکردنەوەی ئەو سێ لایەنە و وەکو ئاگادارکردنەوەی رای گشتی لە ھەمانکاتدا وەکو بەڵگەی مێژوویی خستۆتە بەردەم لایەنەکان. مەبەستی سەرەکی کۆمیتەی بەلجیکای کوردۆسایدـ چاک ئەوەیە کە جێنۆسایدی کوردی لە پەرلەمانی ئەوروپادا بە دەردی گاڵتەجاریە حیزبییەکەی بەیانی سامی عەبدولرەحمان و نەدیم زەھاوی لە پەرلەمانی بەریتانیادا نەچێت. پێویستە نوێنەرایەتی بنەماڵە داواکەی کۆمیتەی چاکی بەلجیکا بە ھەند وەربگرن کە ھەوڵێکی جدیە بۆ ڕێگرتن لە بە شکستیدا بردنی ناساندنی جێنۆسایدی کوردی لەو دەزگایەدا کە تەنھا لە پێناوی پروپاگەندەی بەرتەسکی حیزبیی بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی خراوەتە گەڕ. (١٠).

 
ئەگەر نوێنەرایەتی بنەماڵەی بارزانی بیانەوێت ھەڵەبجە و ئەنفال لە داھاتودا لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە بە جێنۆساید بناسێنرێت باواز لەو بیرۆکە کاڵ وکرچە بھێنن و با ئەم مەسەلە گەورە و تراجیدیا نەتەوەیی و مرۆڤایەتیەش وەکو سەرجەم پیرۆزیەکانی تر نەخەنە خزمەت ریکلامی حیزبیی و بنەماڵەیی.


رۆژێک دێت خەڵکی کوردستان و کەسوکاری قوربانیەکانی ئەنفال و ھەڵەبجە ئەم رەفتارە دزێوەیان و ئەم شکستە دڵنیاییەیان وەکو کارێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو تێدەروانن. ئەو کاتەش دڵسۆزان دڵنیا دەبن لەوەی کە ڕێگای ئەم بە ھەڵدێرا بردنەیان گرتۆتە بەر بەو مەبەستەی کە ئیتر ناساندنی جێنۆسایدی کوردی لە پەرلەمانی ئەوروپا لەبەر دەم ھەوڵەکانی کەس و لایەنە کانی تر لە داھاتودا بلۆک بکەن.
__________________________
پەراوێزەکان:
١- چاودێر ( ژمارە ٤٢٧ دوشەمە ١٥/٧/٢٠١٣).
٢- نامەی داواکاریەکەی نوێنەرایەتی بۆ پەرلەمانی ئەوروپا لاپەرەی ١ و ٨.

http://www.europarl.europa.eu/meetdocs/2009_2014/documents/diq/

dv/03_kurdishgenocidesofanfalandhalabja_/02_kurdishgenocidesofanfalandhalabja_en.pdf
٣- دوان لەسەر جێنۆسایدی کوردی لە پەرلەمانی بەریتانیادا https://www.youtube.com/watch?v=NSCtkNiAiok
٤- دەقی ووتەی مەسعود بارزانی لە پەرلەمانی ئەورووپا ٢٠١٤-٠١-٢٢ http://www.xebat.net/detail_articals.php?id=24882&z=7&l=1 
٥- دەقی ھەواڵ و ڤیدیۆی کوردستان تی ڤی لەژێر ناونیشانی (پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ناساندنی جینۆسایدکردنی گەلی کورد کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سازکرد) http://www.kurdistantv.net/Default.aspx?page=article&id=120226&l=1
٦- ھەواڵی چەواشەکارانەی و ریکلامی حیزبییانەی کوردستان تی ڤی لە ژێر ناونیشانی (پەرلەمانی ئەورووپا سبەینێ دانیشتنێک بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد ئەنجام دەدات http://www.kurdistantv.net/Default.aspx?page=article&id=120175&l=1
٧- ھەواڵی چەواشەکارانەی و ریکلامی حیزبییانەی کەناڵی ڕوداو لەژێر ناونیشانی (لە پەرلەمانی ئەوروپا جینۆسایدی کورد رێڕەوێکی فەرمی وەردەگرێت) https://www.youtube.com/watch?v=uR88u_1Xfs٧o
٨- ھەواڵی چەواشەکارانە و ریکلامی حیزبییانەی دلاوەر ئاژگەیی و سایتی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە لەژێر ناونیشانی (لە پەرلەمانی ئەوروپا پرسی جینۆساید و کردنەوەی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێت)  http://dfr.krg.org/a/d.aspx?l=12&a=23316
٩- دەقی ووتاری ھەندرێن ھەورامی http://www.kurdocide.org/detail.aspx?id=611&linkID=1
١٠- دەقی نامەی کۆمیتەی بەلجیکای کوردۆساید ـ چاک  http://kurdocide.org/Detail.aspx?id=690&LinkID=1

 

 

bishrao@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک