په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

نەفرەت لە حەجکردنەکەتان و جەژنەکەشتان پیرۆز نەبێت!

سەلام عەبدوڵا  


کاتێ لە گەڕەکی حەمیدیە کە لەناوەندی شاری خانەقینە، تێپەڕیم، لەدوورەوە پەتویەک لەتەنیشت تەنەکە زبڵێکەوە سەرەنجی راکێشام. کاتێ لێی نزیکبوومەوە، دەبینم لەژێریدا مرۆڤێک خەوی لێکەوتووەو تەنها پەنجەکانی دەستى بەدەرەوەیە. ویستم بێداری بکەمەوەو پێی بڵێم: خانم"جەژنەکەت پیرۆز"!


دراوسێیەکم وتی: ناتوانم جلوبەرگی بۆ منداڵەکانم بکڕم. هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشاو لەبەرچاوی کچەکانییەوە و بە چاوێکی خەمگین، وتی: لەم جەژنە منداڵەکانم جلوبەرگی ساڵی رابردوویان لەبەرە. دراوسێیەکی تر بەبەرچاوی خۆم، بینیم چۆن بەناچاری قەرز لە ناسیاوێکی کرد تا جلوبەرگ بۆ کچەکەی بکڕێ!


ئەو زوڵم و ستەم و کێشانە کە لە کاتی مەراسیمی حەج رووبەڕووی هەژاران دەبنەوە، لەرادەبەدر زۆرن و دەتوانم بۆنەی حەج بە"بەڵاو پەتا"ناوزەد بکەم. بۆ نموونە:


1- کێشە لەناو خێزانەکان درووستدەکات و دایکوباوک و منداڵە هەژارەکان رەنگزەرد دەبن.
2- بازاڕ بەشێوەیەکی شێتانە، گران دەبێت.


ئەگەر کابرایەک نیازی حەجی هەبێ و لەو کاتە کەسوکار، دراوسێ یان تاقە یەک کەسی هەژارو دەرستکورت لە ئاوایی، شار یان وەڵاتەکەی هەبێت و پێویستی بەو بڕە پارەیە بێت کە ئەو بۆ حەجکردن تەرخانی کردووە، ئەوا حەجەکەی نرخی پولێکی قەڵبیشی نییەو بەر هەزار نەفرەت و نەعلەت دەکەوێ!


ئێوە حەجی چی دەکەن، ئەگەر هەزاران مرۆڤ لەناو کەلاوەی شڕ دەژێن؟ نەخۆشن و ناتوانن نەشتەرگەری بکەن؟ بێکارن و پارەیان نییە؟ هەتیوون و کرێنشێنن؟


ئیمساڵ ئەنجومەنی وەزیران بەبەرچاوی هەزاران لانەوازو دەستکورت و هەژاری وەڵاتەکەم بڕی(300)هەزار دینار بۆ هەر حاجییەک خەرجکرد. ئاخر ئەگەر پەرلەمانێکی بەڕاست کارا یان تاقە یەک دادوەری عادل لە هەرێم دەستبکەوتایە، ئەوا بەرپرسانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لێپرسینەوەو بەردەمی دادگا راپێچدەکرد. ئایا ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە داهاتی گشتی بۆ موسافرێکی مەکەو مەدینە، خەرج بکات؟!


باشترین و دەستپاکترین حاجی پارەی ئەم بازاڕە زاڵم و چەوسێنەرە بەکاردەهێنێت کە بەشێکە لە سیستێمێکی گەندەڵ و تاوانبار لەسەر ئاستی دنیا و هۆی کوشتاری و چەوساندنەوەی ملیونان مرۆڤە. پارەی گیرفانیان لەناو بازنەی پەیوەندی بەرهەمهێنان، کڕین و فرۆشتنی سەرسووڕهێنەرو پڕ نهێنی سەیروسەمەرن دەسوڕێتەوە تا دەگاتە گیرفانی مام"حاجی"و ئەمیش لەبەر نەزانی و خۆهەڵخەڵتاندن درک بەم راستییە ناکات و ئوستادەکانیان بە"فێڵی شەرعی"رێگەیان بۆ پاکدەکەنەوە، بۆیە دەیەوێت بە پارەو زیارەتی مەکەو مەدینە"گوناحەکانی"پاکبکاتەوە. ئەمە رووەکەی تری کڕینی(کۆمپیالەی لیبوردن)ی مەسیحییەکانە تا لە پاش مەردنیان خۆیان لەناو بەهەشت ببیننەوە!


بەم مانایە: هەزار نەفرەت لە حەجەکەت ئەگەر تاقە یەک هاوڵاتی بە هەژاری، بە لانەوازی و شڕی و لێقەوماوی لە کوردستان هەبێت و دووبارە شایەنی وتنە: یەکەمجار عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، ئەوجا بۆ خۆتان هەموو رۆژێک جرتوفرتی رێگای مەکە بکەن!


دووڕووی نەخۆشییەو لەسونگەی سەرڕاستی ئەم بۆچوونە بڵاودەکەمەوەو بەهیچ کەس ناڵێم"جەژنت پیرۆز بێت"و لەهیچ کەسیش قبووڵ ناکەم پێم بڵێت"جەژنت پیرۆز"، چونکە جەژنی من ئەو رۆژەیە کە مرۆڤ لە هەژاری و چەوساندنەوە رزگاری دەبێت...وسەڵاو لە ئەحسان فەتاحیان و زیندانییە مانگرتووەکانی کوردستانی ئیران...