په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٣\٢٠١٢

نەورۆز و بەهاکانی، چ پەیوەندییەکیان بە کۆمۆنیزمەوە هەیە!


کازم قادر      


بۆنەی نەورۆز،بەجیا لەوە کە مێژوویێکی نادیارو تەم و مژاویی هەیەو سەری دەچێتەوە ناو خورافات،هاوکات بووەتە بۆنەو سەمبولی نەتەوەچێتیی.ئەو بۆنەیە هاوشێوەی بێڕۆخساریی و ئەفسانەییەکەی لە ناو مێژوودا،ئێمە لەم ڕۆژگارەدا شاهێدی هیچ بەهایێکی ئەو رووداوە نین و لە ژێر کاریگەریی هیچ بەهایێکیدا ناژین،واتە بۆنەێکە وەک لە دەرەوەی مێژوودا ڕوویدابێت و هیچ پەیامێکی بە ئێمە نەگەیشتبێت.،یادێکەو دەکرێتەوە.


بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە پێدانی ئەو بەهایانەیە کە هاوپێچێ ئەو یادە دەکرێنەوە.واتە خودی ڕووداوەکە وەک ڕووداوێکی ئەفسانەیی مێژوویی،لە ناو ژیانی خەڵکییدا ناژێت.بە واتایێکیتر،ڕووداوو شۆڕش و ڕاپەڕینێکی بەرجەستەی ناو مێژوو نییە(گرنگ نییە مێژوویێکی نزیکە یان دوور)تا کاریگەرییەکانی نەوە دوای نەوە بپارێزرێت،بەڵکو مەتەڵێکە،کاوە سەری زوحاکی پان کردەوەو تەواو.بەڵام وەک پێشتر وتم،بەهایێک کە ئەمڕۆ لە لایێن بەرەی کۆنەپەرستیی دینیی و نەتەوەچییەکانەوە پێیدەدرێت و تێوەگلان و پیرۆزاندنی ئەو بۆنەیەیە لە لایێن کۆمۆنیستەکانەوە ،هەڵدەگرێت قسەی لەسەر بکەین و ئاوڕی لێبدەینەوە.


ڕووداوی نەورۆز هەرچییەک بووبێت،ڕاست بووبێت یان درۆ،نە جێمەبەستی ئەم نوسینەیەو نە هیج بایەخێکیشی لان من هەیەو نە سەلماندنی یان بە درۆخستنەوەییم بۆ گرنگە،چوونکە بەجیا لە نائامادەییەکەی لە ژیانی خەڵکیداو جیا لەوە کە هیچ ئاسەوارێکی یەکسانی خوازیی تێدا نییە،ئەمڕۆ بووەتە بۆنەو سەمبولی ناسێونالیزم.بۆنەیێکە نەتەوەچێتیی تێیدا نمایشی فەرهەنگ و خەون و خەیاڵە بەدو ناشیرینەکانی دەکات.یادێکە خوێن بە دەمارەکانی ناسنامەی ساختەی کوردبوون و فارس بوون و تاد...دەکاتەوە.واتە بۆنەی نەورۆز بۆ ناسێنونالیزم بەهای فەرهەنگیی و ئیدۆلۆژیی و هەیەو لەو پرۆسەیەشدا_پرۆسەی زیندووڕاگرتنی هەمیشەیی نەورۆز_خەریکی بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو بەهایانەیە،بە کوررتیی ئاشی نەورۆز بە زەلکاوی نەتەوەچێتیی دەسووڕێت و لەو بارەوە من هیچ گومانێکم نییە.


بەڵام ئەو یادە بۆ کۆمۆنیزم،بۆ کۆمۆنیستەکان و چینی کرێکار_کاتێک لە ناسنامەو سەمبوڵ و بەها چینایەتییەکانی خۆی بە ئاگەیە_هەرگیز هیچ بایەخێکی نییە،هاوکاتیش بەشدارییکردن و(پیرۆز)کردنی ئەو یادە لە لایێن چینی کرێکارو کۆمۆنیزمەوە هەم ناسنامەی کۆمۆنیست بوون دەخاتە ژێر پرسیارەوەو هەمیش بێئاگەیی ئەو چینە لە ناسنامەو ئاگەییە چینایەتییەکەی.خستنەژێر پرسیار بە واتای ئەوە کەم و کوڕیی گەورە هەیە،کەلێنی گەورەی فەرهەنگیی و میتۆدی کورت تێگەیشتن و کورت بینین.من وایدەبینم جەنگی کۆمۆنیزم لە بەرامبەر ناسێونالیزم و بۆرژوازیی و کۆی دونیابینیی و بەهاکانی،تەنها جەنگێکی سیاسیی ڕووت نییە،بەڵکو جەنگێکی پەیگیرو ڕادیکاڵی فەرهەنگییشە،جەنگ و ململانێیەکی ڕۆژانەیە لەگەڵ کولتورو بەها بۆرژوازییەکان،وەک چۆن بۆرژوازیی،ناسێونالیزم و ئایین تەنها بە هۆی هێزو زەبروزەنگەوە لەسەر پێیان ڕانەوەستاون،بەڵکو لەڕێی کولتورو بەها کولتورییەکانیشەوەیە،ئەوە کە یاساکانیان و زەبروزەنگەکانیان کردۆتە نەرێت و فەرهەنگی مرۆڤەکان.


پێویستە کۆمۆنیستەکان لە ڕوانگەی کۆمۆنیزم و بەهای بەرزی چینایەتیی و یەکسانیی خوازییەوە چاو لە دونیا بکەن،دونیا،واتە کۆی ئەو شتانەی دەکەوێتە ناو ژیانی مرۆڤ بە گشتیی و چینی کرێکار بە تایبەتیی.کۆمۆنیزم مەحکوم نییە بە چوونە ژێر باری بەها بۆرژواییەکان،بەڵکو مەحکومە بە ڕەخنەی وێرانکاریی لەو فەرهەنگ و نەرێتە ناشیرین و نامرۆییانە.


خاڵێکیتر بە پێویستی دەزانم بە کورتیی ئاماژەم پێبدەم وشەی"پیرۆز"ە.ئەو وشەیە ڕەگ و بەهایێکی تەواو دینیی هەیە،واتە زمانی دینەو بە هیچ جۆرێک لە گەڵ زمان و ئەقڵ و گومانە ئەقڵانییەکاندا نایەتەوە،ناوێکە دین بۆ شتە ڕەهاو دەست لێنەدراوەکان دایهێناوە،خودا پیرۆزە،بت و دین و کتێبەکانی پیرۆزن و گومان هەڵنەگرن.من وایدەبینم هێنانە سەر زاری ئەو وشەیە لە لایێن کۆمۆنیستەکان و ئەوانەش هیچ بەهایێک بۆ پیرۆزییەکان قاییل نین،دەگەڕێتەوە بۆ پەی نەبردنیان بە بەهاو سەمبول و ئاماژە زمانییەکان.زمانی هەر کولتورێک،چینێک و نوخبەیێک و ..تاد،بارگاوین بە ئاماژەو بەهاو باکگراوندی تایبەت بە خۆیان،تێنەگەیشتن لەو زمان ناسییەش دەکاتە ئەو کارەساتە کە کۆمۆنیستێک و دژە پیرۆزیێک هەمان زمان و ئاماژەیێک بەکار بەرێت کە ئەو لە جەنگدایە لەگەڵیدا.


دواجار هیچ شتێک پیرۆز نییە.


٢٠\٣\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی کازم قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک