په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٣\٢٠١٧

نەورۆز؛ تاکە رۆژێک لە دەرەوەی ماڵ؟!


ستار محەمەد قادر   


نەورۆز وەکو جێژنی چوونە دەرەوە، بووە بەکلتوور، جا لەژێر هەر ناو و تایتڵێکدا بێت، سەری ساڵی کوردی یان بۆنەیەکی نەتەوەیی یانیش سەرەتای هاتنی بەهارو کۆتای وەرزی زستان و سەرماو سۆڵە، یان جێژنی بەرگریکردن و مانەوە، ئەم پۆلێنکردنانە گرنگ نین، ئەوەی گرنگە کەقسەی لەسەر بکەین، تامەزرۆ بوونی ئەو خەڵکەیە بۆ دەرچوون لەو رۆژەدا، چونکە لەرۆژ ژمێری کورددا، وەکو جێژن هەژمار کراوە، جێژنیش لەنێو ئەم کلتوورەدا، دەرگا دەخاتە سەر پشت، بۆ ئەوەی هەمووان گوزراشتی لێ بکەن، وەکو هەر دوو جێژنە ئاینیەکە، کەئەوانیش سرووشی خۆیان هەیەو گەردن ئازادکردن و بەسەرکردنەوەی یەکتری لەدیاردە هەرە بەرچاوەکانیانن.


جێژنی نەورۆز؛ بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە، نەتوانراوە گەشەی پێ بدرێ و شتێکی بۆ زیاد بکرێت و وەکو خۆی لەیادگەی خەڵکیدا ماوەتەوە، ئەویش لەبەر ئەوەی گۆرانکاریەکی ئەوتۆ کەشایانی قسە لەسەرکردن بێت، لەواقیعی حاڵ و گوزەرانی خەڵکی نەهاتۆتە ئاراوە، بەهەمان دیدی سەردەمی کۆن، بابەتی گەشتکردن و دەرچوون لەماڵ تەنها بۆ نەورۆز کوورت کراوەتەوە، کەبەراستی پێویستە زیاتر تیشک بخرێتە سەری وزیاتر قسەی لەسەر بکرێت.


کەکورد لەبابەتی گەشتکردن یەکێکە لەمیللەتە هەرە هەژارەکان، ئەمە لەکاتێکدا، سرووشتی کوردستان، بۆ خۆی گەشتیارییە، کەنەبووە بەفاکتەرێک، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە باشتر لەچەمکی گەشت و گەشت و گوزار تێ بگات!


گەشت لەلای کورد لەدوو بۆنەدا دەق دەگرێت، لەئێستادا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی و کۆچکردن بەرەو هەندەران، لەرابردوویشدا، حەج و عومرەو نەورۆز، کەبابەتی حەج و عومرەکە وەکو فەرز ئاماژەی بۆ کراوە، بابەتی نەورۆزیش، وەکو جێژنی دەرچوون لەماڵەوە، لەکاتێکدا لەلای میللەتانی پێشکەوتوو، گەشتکردن زۆرترین رووبەرو پانتایی لەخۆی دەگرێت و لەشوێنێکی دیاریکراو و رۆژێکدا ناگیرسێتەوە، بەڵکو ئەو بووارەی پێ دراوە، وەکو مافێکی سرووشتی، مرۆڤ لەم گەشتەی ژیانیدا، بۆی هەیە زۆرترین شوێن ببینێ و گەشتی بۆ بکات، کەچی لای ئێمە لەسنوورێکی دیاریکراو و تەنها لەرۆژێکدا لەزیهنی کۆمەڵگادا وێنا کراوە!


دیارە کورتکردنەوەی گەشت بۆ رۆژێک و لەسنوورێک دیاریکراودا، هۆکاری خۆی هەیە، هۆکاری ژیاریی و سیاسی و کۆمەآیەتی، لەرووی ژیارییەوە بەهۆی داگیرکردنی خاک و ژێردەستی و چەوساندنەوەی کوردەوە لەلایەن وڵاتانی داگیرکەرەوە، بوواری ئەوەیان بۆ کورد نەهێشتۆتەوە، بۆ ئەوەی لەزۆر بوواردا گەشە بکات، لەرووی سیاسیەوە، لە بەر ئەوەی داگیرکەرانی کوردستان، بەهەموو شێوەیەک لەهەوڵی سرینەوەی ناسنامەی کورد بوونە، کوردیش هەمیشە نەورۆزی کردووە بەقەڵغانێک بۆ مانەوەی خۆی، لایەنە کۆمەلایەتیەکەیش، بێ گومان گرێدراوی ژینگەی سیاسی و ژیاریی کورد بووە، کەلەژێر باری سەختی ژیان و گوزەران، نەورۆز وەکو تاکە دەریچە بنرخێنن، بۆ ئەوەی چەند ساتێک لەژێر پاڵەپەستۆی جەنجاڵی ژیان بێنە دەرەوەو هەناسەیک بدەن.


بەداخەوە دوای بیست و شەش ساڵ لەراپەرین و حکومەتی خۆماڵی، تائێستا هەر بەو دیدەو بەو دونیا بینیەوە خەڵکی ژیان بەرێدەخەن و لەهەموو رووەکانەوە دەرگەی بەسەردا کڵۆم دراوە بۆ ئەوەی لەچەمک و ماهییەتی گەشتکردن بگاو ئەو دەرفەتەی بۆ برەخسێت، وەکو ماڵ و منداڵی سیاسیەکان، لەبەهای گەشتکردن بگەن و بۆ نەورۆزیش وەکو بۆنەیەک لەشوێنی رەوکردن بەو قەبارە گەورەیە، کەخۆی لەدۆڵمە خواردن و گۆشت برژاندندا دەبینێتەوە، بگۆردرێت بۆ شتێکی تر، بکرێت بەبۆنەیەک بۆ تێفکرین، نەک نان خواردن؟!


دەبێ بەم شێوەیە قسە لەسەر نەورۆز بکەین، کەتا ئێستا تاکی کورد بەهۆی خەرابی قووتی رۆژانەیەوە، ناتوانێت، دەرفەتێک برەخسێنێت، بۆ ئەوەی گەشت بۆ ولاتێکی تر بکات، نەک بتەوێت حەشامەتێک، کە شوێنێک نیە رووی تێ بکات، روو بەو دەشتەوە دەنات، بەبێ هیچ خزمەتگووزاریەک، کە نازانێت لەو رۆژەدا بەچیدا بگات، لەدوای خۆی ژینگەکەیش بپارێزێت و پاک رای بگرێت، کەخودی درەچوونەکەیان بەو شێوەیە، خۆی نیشانەی پرسیاری لەسەرەو ئاماژەیە بۆ ئەو فشارە زۆرەی ژیان لەسەر خۆیان و ماڵ و منداڵیان، دەبێ لەهەوڵدا بین ئەو مافە بۆ ئەو خەڵکە بگەرێنینەوە بۆ ئەوەی رەوشی ژیانیان بەرەو باشتر بروات، بۆ ئەوەی لەماوەی ساڵێکدا، بەتەنها رۆژێک دڵیان ئاو بخواتەوە، ئەو مافە بەو خەڵکە بدەن، ئەوجار ئەوانیش بەشێوازێکی جیاوازتر ئەو بۆنەیە پیرۆزو یادی دەکەنەوە؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک