٧\١٠\٢٠١٤
نیگاکان
ئاوێته‌یه‌کن له گوڵ.
ستار ئه‌حمه‌د
پێش ئه‌وه‌ی
سه‌حرا..
تینوێتی به خه‌نده‌ی نیگار،
خه‌نه‌ی شاباڵی کۆتر و
خوێنی نێو گه‌رووی،
کینه‌ی دڵ بشکێنێ.
چیا له شه‌وی تاریکی راپه‌ڕێ..
خواحافیزیان له‌بیربردینه‌وه،
گه‌ردنیان هێنایه به‌ر سایه‌ی هه‌سان.
چه‌قۆیان به هه‌ناسه‌ی په‌پووله تیژکرد،
دڵیان له به‌رایی جه‌ژنه‌کان داگیرسان.
کاتێک چوون...
بێ ویستی ئاره‌زوو
خوانیان به گه‌رمیی بۆ شه‌وگه‌رد به‌جێما.
چڵ‌یان له ره‌ز دانه‌بڕیبوو
هه‌رمێیان نه‌کردبووه کاسه‌ی مه‌ینۆشین.
بێ ئاگا له زاری ئاگر،
بێ ده‌ربه‌ست له سه‌فه‌ر.
نه‌یانده‌زانی...
هه‌نگاو له کوێ ته‌واو ده‌بێ،
په‌نجه چۆن ده‌داته پرمه‌ی گریان.
بۆ ئه‌شکه‌نجه‌ی بێ نیشتمان.
له تۆبزاوه، ناوێک نه‌بوو بۆ ژوانگه.
نوگره‌سه‌لمان، شه‌کره به‌فرینه‌ی نه‌دیبوو.
ده‌سرازه‌یان کرده سێداره‌ی لانک و حه‌ز،
تاسه‌یان.. خسته په‌چه‌ی بیابانه‌وه.
لم، تێراو بوو له جه‌ور و خوێن.
کتێبی پیرۆز،
ئایه‌تی خودایان سوتاند.
سکی خاکیان به وه‌یشوومه هه‌ڵدڕی...
زه‌وی بووه گۆڕِِِستان،
بیابان درزی تێکه‌وت،
نیگا شکا،
ئاو ردێنی هاته‌وه.
بوونه ئاڵا و
ناسنامه‌ی ئه‌نفال.
هه‌تا ئێستا.. دیرۆک..
دوا ساته‌کانی به‌فر و خوێنه
سه‌حراش.. شه‌رمه‌زار و ریسوا..
بۆ لووتکه‌یه‌ک....
ده‌ستی له‌سه‌ر زام داناوه.
بۆیه ته‌زوویه‌ک له ژان..
به جه‌رگما رۆده‌چێ.
چاوێک له چاوه‌ڕوانیی..
شوێنه‌واری برین،
له‌سه‌ر ئێسکم ناسڕێته‌وه.
ته‌مه‌ن زێدی گومانه...
شکۆ وشه‌کانم ده‌سوتێنێ،
شیعر بێ مروه‌تییان ده‌نووسێته‌وه.
په‌ڕه‌یه‌ک نابێته مۆمێک..
په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌که‌م ماچ بکا.
له تابلۆی خه‌ونێکدا..
رایه‌خم حه‌سره‌ته،
نیازم له کۆشی گوڵدانێکدا،
راناچه‌نێ بۆ نسێی ته‌نیاییم.
داوێک له رووناکیی..
ئاوێته‌یه‌ک له گوڵ و ئاو،
سپێده‌م ناشۆنه‌وه.
په‌نجه‌کانم سه‌ردانی،
خۆزگه و سره‌وتن ناکه‌ن.
خه‌م ده‌مهه‌ژێنێ...
به خۆر برژانگی نه‌وازش شانه ده‌که‌م.
ئه‌ستێره‌یه‌ک خۆی نادا له قه‌ره‌ی پارشێوم...
عه‌شقێک له ناخما،
کۆرپه‌ی گڕی خستۆته زامه‌کانمه‌وه.
په‌روانه‌یه‌ک بۆ چڵی کرانه‌وه‌م...
نه‌مامی تێکه‌ڵبوونی،
به ئامێزی دارستانم نه‌ناساندووه.
شنه‌ی هه‌ڵاڵه‌یه‌ک چوون چرپه،
ئه‌نگوستی هه‌ڵاڵه‌یه‌کی نه‌سڕیوم.
بۆ ئاهێک دیده‌ی خۆم دائه‌دڕم...
نیگا هه‌ناوی هه‌ڵگرتووه.
ده‌نگی سه‌مایه‌ک...
دیده‌ی رووتبوونه‌وه‌ی،
به باڵی په‌پووله سپاردووه.
سه‌مای تاسه‌یه‌ک...
هێلانه‌ی له سه‌ودای چێکردووه.
نزای تینوێتییم...
به دڵۆپێک ژان،
باده‌یه‌ک ئاورنگ،
له شه‌ونوێژم تێر نابێت.
بارانی هه‌نسکێک،
له گلێنه دایکردوه.
ئاسمانێک له روومه‌ت
به ماچی گوڵ و ئاو
له خه‌ڵوه‌تگای سۆزدا شین بووه.
ده‌مێک له تریفه..
لانکێک له بێدەنگیی،
رستێک له په‌رچه‌م...
به‌سه‌ر پاکییدا هه‌ڵیکردوه.
زاری کانییە‌ک راوده‌نێن.
نیگای په‌یوه‌ست،
له کلی سوتاوی چاو ده‌نێن.
ئه‌شکی شه‌و...
به چڵی که‌نار ده‌سڕن.
سووڕی هه‌ناسه...
له تابلۆی لێودا هه‌ڵده‌که‌نن.
خه‌زانی ته‌مێک..
له چاوه‌روانیی ژوان رێکده‌خه‌ن.
بۆ گڵکۆی ئه‌دگار..
بۆ ئه‌وه‌ی دڵ و چیا،
بکه‌نه خه‌نده‌ی
ئاوازی نیشتیمان.
star.ahmad62@ymail.com
|