په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

نیگایەک بەسە بۆ مردن.                              


ناڵە حەسەن

نەرم نەرم
بە نێو پەرژینە دۆزەخاوییەکەی قەدەر و
بە نێو هەڵچوونە شکۆفەییەکانی شەودا ڕەتبە
کە شیرازەی ڕۆح و
سیمای تاڤگە سیحراوییەکانی ئومێد دەگۆڕن
نیگایەک بەسە بۆ مردن
بە نێو ئەو ئێوارە هێمنە هەنارییانەش دا ڕەتبە
کە مانایەک بە بەرائەتی پەپوولە و
هەناسەیەک بە باخچەکانی عەشق دەبەخشن
بگەڕێوە نێو
وەرزە موسافیرەکانی دەریا
گوێ لە ناڵەی کاتژمێرە بەساڵاچووەکانی تەمەن ڕابگرە
کە کەڤڕێژن لە لاوکە حەسرەتیەکانی نامورادی
نیگایەک بەسە بۆ مردن
بە نێو وەرزە یاخیبووەکانی زریان و
کەرنەڤاڵە پڕ هاوارەکانی برووسکەدا ڕەتبە
ئەی ڕۆحە ڕەهاکانی نێو خەونە شووشەییەکانی ئایندەم
وەرە شیلەی گوڵە شلێریەکانی خەیاڵم هەڵمژە
کڵپەیەک بە ڕاموسانیە شیرینیەکانی نێو شیعرەکانم ببەخشە
شەی شۆخ ،
ئەوانەی لەگەڵ ئێمە سەمایان کرد
هەموویان مردن
ئەوانەی لەگەڵ ئێمە ،
لە نێو وەرزەکانی قەدەر ئایەتی یاخیبوونیان خوێند
هەموویان مردن
ئەوانەی لەگەڵ ئێمە
لە نێو فڕینە سپیەکانی هەور ،
خەم و یاداشتەکانی عەشقیان نووسیەوە
هەموویان مردن
فریای چوونەوە نێو
زیکرە گەرمەکەی کەرنەڤالی عاشقان و
مژینی مەمکە گەنمیەکانی ،
کچە کۆچەریەکانی فیردەوس نەکەوتن !
ئەی ڕۆحە نەسیمیاوییەکەی پاییز
هێور هێور ،
بگەڕێوە نێو بەهەشتە هەمیشە بژوێنیەکان و
لە جوانی خۆزگە سەرمەدیەکانت بڕوانە
خەمەکانت بە ناسکی شنەی با و
ڕازەکانیشت بە باران ببەخشە
نیگایەک بەسە بۆ مردن
بە نێو چاوەکانی پەلکەزێڕینەدا ڕەتبە
بگەڕێوە نێو ماڵە تاریکەکەی خۆرەتاو
ئەی شۆخ ،
منیش لەگەڵ خۆت دا بەرە
لە نێو دیوانە شیعریک دا هەڵم بگرە
بم بەرەوە نێو سێبەری دوای نیوەڕۆیە
گەرم گەرمەکانی خۆشەویستی
لە نێو بێشکەی منداڵیم دا
لە ژێر دار هەنجیرێک ڕامهەژێنە
وەرە بمبە و
لە نێو ماڵە تاریکەکەی نیشتیمانم جێم بهێڵە
بە ماچ و گوڵەکانی عەشق دامپۆشە
بم سپێرە بە قەدەری ئاو و
بە سپیدە نارنجیەکانی سەوزایی
وەرە ئەی شۆخ ،
منیش لەگەڵ خۆتدا بەرە
لە نێو نیگا گەرمەکانی زەردەخەنەت هەڵم بگرە
لە نێو شەقامە گڕگرتووەکانی ئاوەدانی جێمبهێڵە
بە هەناسە و بە ڕەهێڵە ئەبەدیەکانی عەشق دامپۆشە
بم سپێرە بە قەدەری خەونە بریندارەکان و
بە شەوگارە ڕوناکەکانی ئاوێتەبوون
دەوەرە دەی بمبەرەوە ،
نیگایەک بەسە بۆ مردن : ئەی شۆح !
نیگایەک بەسە بۆ مۆدن !

 


تەمووزی 2006
Nala_hassan@yahoo.ca