١٣\٥\٢٠١١
ئۆباما
ئاماژە بە چوار دەوڵەتی تازە دەکا.
- نەخشەی جوگرافیی رۆژهەڵاتی ناوین دەگۆڕدرێ -
فەرەیدون بێوار
هەندێک لە رۆژنامەکانی ئیسرائیل بە تایبەتی (هائارێستی)، هەندێک
راپۆرتییان لەژێر ناوی (دامەزراندنی کۆمەڵێک دەوڵەتی تازە لەدوای
کۆتاییهاتنیی راپەڕینەکان) بڵاو کردۆتەوە. ئاماژەیان بەوە داوە کە
راپەرینی وڵاتە عەرەبییەکان، نەک هەر تەنیا روخسار و سیستەمە
سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت، بەڵکو نەخشەی جوگرافی
ناوچەکەش دەگۆڕێت. چاوەڕوان دەکرێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،
گۆڕانکارییەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەم و لەناوچوونی ئیمپراتۆرییەتی
عوسمانی، دوبارە بێتەوە و هەندێک وڵاتی تازە سەر هەڵبدەن.
هەر بەپێی شیکاری و راپۆرتی رۆژنامەکان، دوای کۆتایی هاتنی شەپۆلی
راپەرینەکان و بە ئاکام گەیشتنی روووداوە خوێناوییەکانی رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست، پێبشبینی دەکرێ حکومەتی "فەلەستین" سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت
و دەوڵەتی"کوردستان"یش لە رۆژهەڵاتدا دابمەزرێت، هەروەها جارێکی تر "باشووری
یەمەن" سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێتەوە، "ئیماراتی یەکگرتوو"ش لە
ئەندامێتی کۆمکاری وڵاتە عەرەبییەکان بکشێتەوە و ببێت بەچەند وڵاتێکەوە.
هەر بەپێی راپۆرتی هەندێک لە رۆژنامەکانی ئیسرائیل، دەوڵەتی سعودییە
دەکرێتە دوو دەوڵەت، وڵاتێک بەناوی "خاکی پیرۆز" و وڵاتێکی تر بەناوی "وڵاتی
نەوتی"، وڵاتی سوریاش دەکرێت بە سێ وڵاتی "سوننی" و "عەلەوی" و "دەروزی"
و وڵاتێکیش بەناوی "کور نایکا" لە باشووری لیبیادا سەربەخۆیی خۆی
رادەگەیەنێت و "بیابانی رۆژئاوا"ش لە وڵاتی مراکیش جیا دەبێتەوە.
لەدرێژەی راپۆرتە شیکارییەکانی رۆژنامەکاندا هاتووە، تەواوی ئەم
گۆڕانکارییانە لەبەردەم واقیعدان و ئەمریکاش بە بایەخەوە لێی دەڕٍوانێ،
چونکە یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی ئەمریکا لەجیاکردنەوە و سەربەخۆیی "باشووری
سودان"، پەرەپێدان و زیاد کردنی توانای سیاسی ئەمریکا بووە لە سەر
ئاستی دیپلۆماسی نێودەوڵەتیدا.
هەر لەمبارەیەوە رۆژنامەی "القدس العربی"ی نوسیوێتی: خستنەرووی مەسەلەی
بەرزکردنەوەی توانای دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی ئەمریکا، ئاماژە دانە بە
وتەکانی ئۆباما لە دانیشتنی ساڵانەی کۆنگرەی ئەمریکا لە ساڵی 2010.
ئۆباما وتبووی: یەکێتی ئەوروپا بەجۆرێک هێزی سیاسی زیاد بووە کە رۆڵی
ئەمریکای لە گۆڕانکارییەکانی جیهاندا کەم و لاواز کردووە، بۆیە دەبێ
لەناو "28" وڵاتی عەرەبی هاوسێی ئەمریکا، "4" وڵاتی تر دروست بکرێن، تا
هێزی رای ئەمریکا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەرامبەر بە ئەوروپادا
زیاد بکات. هەوەڵین هەنگاویش بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بیرۆکەیەش،
جیاکردنەوەی باشووری سودان بوو لە وڵاتی سودان.
هەر لەسەرەتای ئەمساڵیشدا رۆژنامەیەکی تر ئاماژەی بە (10) نەتەوە و
هەرێمی بێ دەوڵەت کرد بوو، کە بەم نزیکانە دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان
رادەگەیەنن، لەم پۆلێن کردنەشدا، کوردستان ریزبەندی حەوتەمی وەرگرتبوو.
ئالوف بین، نووسەر لە رۆژنامەی "هائارێستی" ئیسرائیلی، راشکاوانە
ئاماژە بەوە دەکات کە کۆتایی تەمەنی رێکەوتننامەی "سایکس بیکۆ"
نزیکبۆتەوە و لەماوەیەکی نزیکدا دەوڵەتەکانی "کوردستان" و "فەلەستین" و
"باشووری یەمەن" و "بیابانی رۆژئاوا" دادەمەزرێن. دەکرێ ئەم دەوڵەتەش
هەمان ئەو چوار دەوڵەتە بێت کە ئۆباما ئاماژەی پێکردووە. بەحوکمی ئەوەی
ئیسرائیل نزیکترین دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکایە، دەشێ زۆرێک لەو
زانیارییە دەزپێکراوانە راست دەربچن و سیناریۆیەکی لەو چەشنە لە ئارادا
بێت.
هەروەها بەپێی لێکدانەوەکانی مولازم ئیبراهیم خەللۆ، پێشبینی دەکات کە
رەنگە دوای گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، دەوڵەتی کوردی دابمەزرێت.
لەئێستاشدا هەموو ئاراستەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە ئەو (4)
دەوڵەتە بێنە دامەزراندن کە ئالوف بین پێشبینییان دەکات و ئۆباماش
داوای کردووە، بەتایبەتی راگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستین و کوردستان.
F_bewar@yahoo.com
|