په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٧\٢٠١٣

ئۆقیانووسێک لە تاوان دژ بە ژنان بەردەوامە!!!

سەرگوڵ سەلمە     


ئەوەی کە جێگەی رەخنە و بێزاریی و نەفرەتکردنە لە دەسەڵات و حکومەتێک. کە بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٢ ساڵە لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتانەدا بە (مالکی و یەکیتی و پارتی)یەوە ئامارەکانی کوشتنی ژنان بە داخەوە نەک هەر روو لە زیادبوونە بەڵکو زۆر ترسناک و راچڵەکێنەرە بۆ وێژیدانی هەر کەسێک کە دڵی بۆ ئازادیی و یەکسانیی و مافەکانی ژنان لێدەدا.. رۆژانە ئەم مەرگەساتانە یەخە بە ژنان و کچانی ئەم وڵاتە دەگرن.


توندوتیژییەکان لە رووی فزیکیی و دەروونییەوە لە هەر چرکەیەکدا دڵ و دەروونینان بریندار دەکا و لە هەر ساتیکدا ئیسک و پرووسکیان وردوخاش دەکا، کەسایەتی و شکۆمەندییان دەڕووشێندرێ. ئەمڕۆ ئاستی ترسناکیی ئەم دیاردەیە لەوەدایە کوشتنی ژنان لە تاکەوە بۆتە کۆمەڵ، هەر کاتێ چاو بە رۆژنامە و گۆڤار و سایتەکاندا دەگێڕین دەبێ دڵ و دەروونمان بە یەکێ لەو هەاڵانە بگوشرێ.. دەبێ هەموو رۆژێک گوێبیستی ئەو جۆرە هەواڵانە بین بۆ نموونە (لە فڵانە شار چوار ژن کوژران و تەرمەکانیان لە قەراخ شار فرێدراون، چوار ژنی تر لە ماڵەکانی خۆیان خنکێنراون، لەو شارۆچکەیەدا دوو خوشک و دایکێک کوژراون، کچ و دایکێکی تر لەو قەزایە، لەو شارەی تر دوو خۆشکی تر کوژران، هەر لەو ماوەیەدا ژمارەیەک لە مامۆستای ژن کوژران، کچێکی ١٦ ساڵ خۆی خنکاند... هتد. هەر ئێستا لە نەخۆشخانەکانی هەولێر و سلیمانی و دهۆک کۆمەڵێک کچ و ژن کە ناچار بە خۆسوتاندن بوونەتەوە بە دەست ئیش و ئازارەوە دەناڵێنن و لە هەر سات و کاتێک ئاوات بە مەرگی خۆیان دەخوازن. تاوانبارانی ئەم دیاردانەش زۆربەیان نزیکترین کەسی قوربانییەکانن کە باوک و برا و مێرەکانیانن یاخود ئامۆزا و خاڵوزا. ئەم هەلومەرجە بۆ دەبێ هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە؟ کێ؟ و چ دامودەزگایەک بەرپرسیارە لە ئاست ئەو تاوان و کارە دڕندەییانە؟


زۆر جار ئەو پرسیارانە کراون و لە لایەن زۆر کەسیشەوە وەڵام دراونەتەوە، کەچی کێشەکان نەک هەر چارەسەر نەکراون بەڵکو زیادیشیان کردوە؟ بەشێکی دەگێرمەوە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردستان و عێراق هۆشمەندیی و کلتوورێکی پیاوسالاریی سایەی بە سەردا کێشاوە، کە هەر لە سەرەوە پیادە دەکرێ لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە و هەمیشە رێگەخۆشکەر بوونە بۆ کەسانیک کە پەروەردەکراوی فەرهەنگی سەدەکانی ناوەراستن و لە لایەن هەڵگرانی پەیام و بیروباوەڕێک کە دوورە لە هەموو پڕانسپێکی مرۆیی و رەوشتەکیی و هەرگیز چاویان بە ژن و هونەر و مۆسیقا و جوانییەکانی ژیان هەڵنایێ.. تا بتوانن زۆر بێشەرمانە لە ژێر سایەی ئەو بارودۆخەدا کە دەسەڵاتدارنی کورد و ئیسلامی سیاسیی بۆ کۆمەڵگای کوردستان و عێراقیان ئافەریدە کردووە بەرببنە گیانی ژنان و لە سەکۆی مزگەوتەکانیانەوە باوک و برا و مێردەکانیان لێ هان بدەن، ئیدی عێراق و کوردستانیان کردۆتە مەزارگەی مەرگی ژنان و کچانی ناڕازیی بە دابونەریت و تێڕوانینە دواکەوتووەکان.. هەروا بە ‌یاسا و رێساش مافەکانی ژنان پێشێل دەکەن و بە داڕشتنی تەواوی ئەو بەندانەی تایبەت بە ژنانن لەسەر بنچینەی پلە دوویی و جوداکاریی شەرعیەت بە کوشتنی ژنان دەدەن و دینیش رەسمیەتی پێ دەدا، دەردێکی دیکەش ئەوەیە کە لایەکەوە دامودەزگایەکی دادپەروەرانەی ئەوتۆ بوونی نییە کە بتوانێ بەرگرییکارێکی سەرسەخت بن لە مافەکانی ژنان و لە لایەکەی دیکەشەوە بە بەردەوامیی پاشەکشە بە بەرەی یەکسانییخوازیی و ئازادییخوازیی نێو کۆمەڵگا دەکەن و هاوکات پارچە پارچە و پەرشوبڵاویان دەکەنەوە بۆ ئەوەی ئاسانتر بەسەریاندا زاڵ ببن.


ئەوە ماوەی ٢٢ ساڵە ئەوەی ناعەدلەتی و نادادپەروەریە لە دامودەزگا حکومی و ئیدارییەکاندا دژ بە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان بەڕێوە دەچێ. تاوانباران و ئەوانەی کە دەستیان بە خوێنی ژنان سووربووە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و تەنیا ژنانن دەبنە قوربانی.


دەسەڵاتدارانی ناسیونالیستیی و دینیی لە پێناو مانەوەی خۆیان و کورسییەکانیان بە یاسای ئیسلامیی و دینیی پشتیوانیی لەو کۆمەڵکوژییەی ژنان دەکەن. کوشتن و خۆسوتاندن و فڕاندن و دەستدرێژیی کردنە سەر ژنانی عێراق و کوردستان بۆ ماوەی چارەکە سەدەیەکە بۆتە دیاردەیەک، رۆژ نییە گوێبیستی هەواڵێکی لەو جۆرە نەبین و تاوانەکانیش تا دێ زیاتر دەبن.. کە بە داخەوە بە پێی ئەو ئامارانەی کە تۆمار کراون لە ماوەی ئەم ٢٢ ساڵەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و نوری مالکی رێژەی کوشتنی ژنان زۆر زیاترە، مەرگی ژنان لەم دەڤەرەدا بۆتە جینۆساید بە بیانووی شەرف و نامووس و پابەندنەبوونی ژنان و کچانی یاخی بەو دابونەریتە خێڵەکییەوە کە سەپێنداوە بە سەریاندا.


ئەم کوشتارگەیەی ژنان بەو شێوە بێ ئەژمارە بۆ نادەربەستیی دەسەڵاتداران دەگەڕێتەوە کە لە بەرامبەر ئەو تاوانکاریی و کۆمەڵکوژییەی ژنان نەک هەر بەرپرسن بەڵکو خۆیان بەشێکن لێی، بۆ ساتێکیش ویژدانیان ناجوولێ لە بەر ئەوەی خۆیان دروستکەری ئەو نەهامەتییانەن کە بەسەر ژناندا دێن و پایەکانی دەسەڵاتیان لەسەر ئەو بێمافییانە ڕاگرتوە.. دەستی بکوژان بە دەرکردنی (یاسای لێبووردنی گشتی) ئاوەڵا دەکە کە تەنیا ژنان تێیدا دەبنە قوربانی و تاوانباران لێپرسینەوەیان نییە و زیندان ناکرێن و ئەگەر زیندانیش بکرێن پاش چەند رۆژێک ئازاد دەکرێن.. ئەوەش وا دەکا کە هەر کەس بیەوێ لە هەر کاتێکدا لە سەر سادەترین شت دەستی بچێتە کوشتنی ژنێک چونکە  بەو دەسەڵاتە ژنکوژە پشت ئەستوورن و بە بێ گرفت درێژە بە تاوانەکانیان دەدەن.


لەبەرئەوەی دەسەڵاتداران کلتووریان ئاوایە لە بەرامبەر کوشتنی ژنان و بێمافیەکانیاندا.. ئیتر بە نامەناردن و یاداشنامە و پڕۆژە خستنە بەردەم پەرلەمان و کاری دیبلۆماسیی کێشەکانمان چارەسەر نابن چونکە دەسەڵاتداران نەک هەر گوێ بۆ داواکارییەکانی میلەت ناگرن بەڵکو هەر لە سەرەتای نەوەدەکان و دەست بەکاربوونیانەوە دکتاتۆریی خۆیان ڕاگەیندووە و ئەمڕۆش لە هەر سەردەمێکی دیکە پتر ئەو راستییە لای خەڵک ئاشکرا بووە، هەر لە سەرۆکایەتییەوە تا پەرلەمان و دامودەزگا ئیدارییەکانیان ئەگەر دەنگێک لە خزمەتی پارتەکانی نێو دەسەڵات بە تایبەتییش (یەکێتی و پارتی) نەبێ ئەوە زۆر بێشەرمانە پەنا بۆ هەموو شتێک دەبەن تا ئەو دەنگە سەرکوت دەکەن.


هەڵبەتە ئەو کاروچالاکی و هەنگاوانەی سەرەوە لە چەشنی (یاداشنامە و هەڵمەتی دژی توندوتیژیی و پڕۆژە یاسا و ...هتد) کاری زۆر باشن، بەڵام ئەوانە کاتێک واتایەک پەیدا دەکەن کە هێزێکی لە پشتەوە بێ.. ئەو هێزەش دەبێ لە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەریی خۆی ببینێتەوە کە تەواوی ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پێوەی پەیوەست بن کە لە ناوخۆ و دەرەوەدا کاری راشکاوانەی لەسەر بکەین. نەفرەت و بێزاریی و رقەکانمان لە دژی ئەو ستەمگەرانە توندتر بکەینەوە، با بە هەموومان ئەو لێشاوی ژنکوژییە رابگرین و نەهێلین جەستەی کوژراوی هاورەگەزەکانمان لە کوچە و کۆڵان و قەراغ شارەکان فڕێ بدرێن، ئەو قوربانیانە کچان و ژنانی وڵاتەکەی ئێمەن، دانیشتووی شار و شارۆچکە و گوندەکانی ئێمەن، دراوسێی ئێمەن، کەسی ئێمەن، ئەوان لە فەلەکێکی ترەوە نەهاتوون تا کاری ئێمە نەبێ و کێشەمان نەبێ، ئەوان هاوڕەگەزی ئێمەن، ئێمە بەشیکین لەوان، سبەینێ ئێخەی من و تۆ و ئەو و هەموومان دەگرێتەوە. با هەنگاوەکانمان خێراترکەین و دەست لە ناو دەستی یەکتر و بە یەکگرتوویی هەموومان لە دژی ئەو دەستوور و یاسا و سیستەمەی کە بەڕێوە دەچێ بەرنامەکاری خۆمان بسەپێنین، بەرنامەکارێک کە ماف و شکۆمەندیی و کەسایەتی مرۆییمان ببپارێزێ، یەکسانی ژن و پیاو بە فەرمیی بناسێ.


ماڵپه‌ڕی سه‌رگوڵ سەلمە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک