٢٢\٧\٢٠١٤
پاکتاوکردنی
کەمینەکانی موسڵ
لە لایەن داعش و کۆنە بەعسییەکان ئەنفالیکی دیکەیە.
کریستیانەکانی (نەینەوا) و دەوروبەری خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانەن ، پێش
هاتنی ئیسلام هەر لەو شوێنەبوونە ، وەکو کۆنترین کریستیانی جیهان
(١٥٠٠) ساڵە نیشتەجێی نەینەوا (موسڵ) و دەوروبەرین.
دوای ئەوەی شاری موسڵ شەوی ٩ لەسەر ١٠ی مانگی ڕابردوو کەوتە ژێر
کۆنتڕۆلی کۆنە بەعسیەکان و تاقمی تیرۆریستی داعش ، گوشارەکان لەسەر
کەمینەکان رۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت بەتایبەتی لەسەر کریستیانەکان (کلدان ،
سریان ، ئاشوری - ئاسورایا) و کوردانی یەزیدی و شەبەک و سابئە (سابئە).
داعش و کۆنە بەعسیەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشووی عیڕاق کە لە موسڵ
هەمئاهەنگن و دەسەڵاتیان هەیە بەمەبەستی پاکتاوکردنی کەمینەکان لەڕێگەی
هەڕەشەی کوشتن و تاڵانکردنی ماڵ و خانووی خەڵک پرۆسەی ئەنفالیان
دەستپێکردۆتەوە، لەتازەترین بەیاننامەدا داعش مۆڵەتی ڕۆژی شەممە
٢٠١٤/٧/١٩ وەک دوا مۆڵەت بۆ کریستیانەکان دەستنیشانکردبوو بۆ ئەوەی
یەکێک لەو سێ مەرجەی داینابوو جێبەجێی بکەن مەرجەکان بریتی بوون لە:
بەزۆر بوونە موسڵمان، یان دانانی پارە واتە (باج ، خاوە)، یان بەشمشێر
سەر پەڕاندن . بەهۆی هەڕەشەکانی داعش ژمارەیەکی زۆر کریستیانەکان
لەشاری موسڵ ڕۆیشتن ، داعش لەسەر خانووی کریستیانەکن پیتی (ن)ی نووسیوە
مەبەستیان کریستیانەکانە و ئەگەر خاوەن خانوو شیعە بێت ئەوا پیتی (ڕ)
لەسەر خانووەکەی دەنووسن بۆ ئەوەی خانووەکانیان داگیر بکەن. کاتێک
خێزانە کریستیان دەیانەوێ شارەکە جێبهێڵن لەلایەن چەکدارانی داعش و
کۆنەبەعسیەکان تاڵان دەکرێن پارە و زێڕیان لێوەردەگرن.
ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان (ئۆڕتە) تاوانی پاکتاوکردنی
کەمینەکانی وەکو کریستیان ، یەزیدی ، شەبەک ، سابئە لەشاری موسڵ
بەتوندی مەحکوم دەکەین ، ڕایدەگەیەنین ئەو هێزانەی ئەمڕۆ درێژە
بەپرۆسەی ئەنفالی بەعس دەدەن هێزێکی داگیرکەری شۆڤینی عەرەبیە لەڕووی
مێژووییەوە لە نیمچە دورگەی عەرەبیەوە بەکوشتن و بڕین بەناوی ئایینی
ئیسلام بەرەو کوردستان زۆر شوێنی تر هەڵکشاون ، تائێستاش بەعەقڵیەتی
١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر ڕەفتار دەکەن، زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبی
بەعسی سەردەمی ڕژێمی سەدام ئێستا سەرکردایەتی هێزەکانی داعش دەکەن و
لەلایەن ڕەغدی کچی سەدام و خەمیس خەنجەری مێردی دووەمی ڕەغەد و عزەت
دوری جێگری سەدام پاڵپشتی دەکرێن و فەرمان وەردەگرن بۆیە داوادەکەین:
- نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ ڕێگا
بگرن لە پاکتاوکردن و لەناوبردنی کەمینەکانی شاری موسڵ.
- هەموو پارتە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکان و ڕاگەیاندنەکان و هەرکەسێک
باوەڕمەندی دیموکراتیەت و مافی مرۆڤە خاوەن هەڵوێست بێت، چونکە ئەگەر
ئەو هێزە تاریکانە لە موسڵ لەو کردارانەیان سەرکوتووبن، بەدڵنیاییەوە
دواتر هەمان رەفتار بەرامبەر بەهەرێمی کوردستانیش ئەنجامدەدەن.
- داوا لەجەماوەری تێکۆشەری کوردستان دەکەین پشتگیری هێزی پێشمەرگەی
کوردستان بکەن، پێشمەرگە بەرگری لەخاکی کوردستان دەکات و خەلکی هەرێمی
کوردستان دەپارێزێ.
- زۆری ژمارەی کۆچبەر و ئاوارەکان لەتوانای حکومەت و خەڵکی کوردستاندا
نەماوە، بۆیە پێوویستە لەئاستی نێودەوڵەتی یارمەتی هەرێمی کوردستان
بدرێ بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان.
رێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان (ئۆڕتە)
٢١\٧\٢٠١٤
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|