په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٢\٢٠١٠

پانۆرامای پرسیارە بێ وەڵامەکان؟!


ستار محەمەد قادر


لە بەرایی پرۆسەی ئازادییەوە تا هەنووکە ئێمەی کورد بە ئاواتی ئەوەوەین لە چوار چێوەی یاسایی و دەستووریی عێراقی نوێدا بە حەوجەی گەڕاندنەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان درێژە بە مانەوەی خۆمان بدەین، ساڵ بە ساڵ خەونی جێبەجێکردنی مادەی سەدو چل لە خەیاڵدانماندا کاڵتر دەبێتەوە، جا نازانین لە نێو عێراقی فیدراڵدا بمێنینەوە یان بیر لە دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی دیکە بکەینەوە لە پێناو چۆنێتی مامەڵە کردن لە گەڵ ناوەنددا؟! ئایا ئێستا ئێمە دەتوانین دەسبەرداری ناوەند ببین و بە شوێن میکانیزمێکی دیکەدا بگەڕێین بۆ خۆ بەڕێوەبردن بۆ ئەوەی لەوە زیاتر بە دەستوورێکەوە پەیوەست نەبین کە جگە لە دەستاو دەست کردن، لەم سەرۆک وەزیرانەوە بۆ ئەوی تر، لەم هاوپەیمانییەوە بۆ ئەوی دیی، پۆست و چەند کورسییەکی ناوەند شتێکی دیکەمان پێ نابەخشن، یان چاوەنواڕ ببین تا دوای هەڵبژاردنی مانگی ئازار، چونکە بە پێی سوێندو بەڵێنی زۆری کاندیدکراوان و بەرنامەی سەرجەم لیستەکان بێت، دەبێت بە ماوەیەکی کەم، زۆرترین دەسکەوت لە ناوەند وە چنگ بهێنن؟!


ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێ بکەین، ئەویش ئەوەیە کە ئایا هەست ناکەن تێپەڕ بوونی کات لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە؟ ئایا لە کاتی دەرچوونمان لەم گەمەیەی ئێستای دەستووری عێراق، بە دەستی بەتاڵ، دەتوانن بە چ شێوەیەک لە بەردەم کەس و کاری قوربانیانی ئەنفال رابووەستن و وەکو کارەساتی جەرگ بڕی شەڕی ناو خۆ پاکانەی خۆتان بکەن؟! ئایا هەست ناکەن مادەی سەدو چل هێندە قسەی لە بارەوە کراوە، بووە بە چیرۆکی گوێی ئاگردان؟ یان بۆچی تەنها لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا تیشک دەخەنە سەر گەڕاندنەوەی کەرکوک و جێبەجێکردنی ماددەی سەدو چل؟ ئایا ئێوە بەوە رازین کە بە هۆی دوا کەوتنی ماددەی سەدو چلەوە بەو چەشنە، نەک برا عەرەب و تورکمانەکانمان، بەڵکو خودی ئەندامانی خۆتان هیچ باوەڕێکیان بە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە نەماوە؟ ئایا ئەمە سەرەتای شکستێکی دیکەی ئەفسانەی دانوستاندنی ئێمەی کورد نییە لە گەڵ ناوەنددا؟! یان هەست ناکەن کە چاوەنواڕی خەریکە هێدی هێدی باڵی نا ئومێدیی و پەڵە هەورێکی چڵکن لە نێو زیهنی تاک بە تاکی ئێمەدا چێ دەکات؟! ئایا لە کاتی چەسپاندنی ماددەی پەنجاو هەشت و لەوێشەوە بۆ سەدو چل، لەوە دڵنیا بوون کە قەڵغانێکی وەهاتان دانابێ کە خیتامەکەی بە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە کۆتایی بێت؟ یان بوون و شوێنکردنەوەی ئەو ماددەیە تەنها بۆ دڵ راگرتنی ئێمە بووە لە چوار چێوەی عێراقدا؟ ئایا ئەگەر هەر لە بەراییەوە پێش مەرجی ئێمە کۆنترۆڵ کردنی سنوورە یاسایی و جوگرافیەکانی خۆمان ببوایە، ئەوجار تێکەڵ بە گەمەی سیاسیی لە چوار چێوەی عێراقی فیدرڵدا ببووینایە، باشتر نەبوو لەوەی کە ریشی خۆمان بە بێ هیچ جۆرە هۆکارێکی تەندرووست رادەستییان کردو، ئەوانیش بەو شێوەیە پاداشتمان دەدەنەوە! ئایا هەست ناکەن بە تێپەڕ بوونی کات پێگەی ئێمە لە ناوەند لاواز دەبێ و ستاتۆی ئەوان رۆژ بە رۆژ بەهێز تر دەبێت؟! ئایا لە کاتی نێزیک بوونەوەی عەرەبی سوننەو شیعە لە یەکتریی و گەیشتنیان بە خاڵی رێککەوتن لە پێناو بینا کردنەوەی عێراق لە فۆرمێکی نوێدا دوور لە شەڕی مەزهەبیی بە زیانی ئێمە تەواو نابێت؟! دەبێت لێرەوە ئێمە ئیستێک بکەین و پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین، ئێمەی کورد لە باشووردا چیمان کرد؟ چی شتێک بوو بە هۆکاری ئەوەی تەنها بە گۆڕینی رژێم دەسبەرداری مافە شەرعییەکانی خۆمان ببین؟ ئایا ئەگەر سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان لە پێش پرۆسەدا، پێ داگیریی لە سەر ئەوە بکردبایە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک پەنجە بەرن بۆ سەروەرییەکانی و بە هیچ شێوەیەک ئەوەی قبووڵ نەکردایە کە سەر لە نوێ بە میزاجی خۆیان لە سەر چارەنووسی کەرکوک قسە بکەن، باشتر نەبوو لەوەی کە قەدەری خۆمان دایەوە دەستی دەستوورێک کە قابیلی هەموار کردنەو رەنگبێت لە کاتی هەموار کردنیشدا بە زیانی گەورە لێی دەر بچین، چونکە ئەمجارەیان لە قەڵغانی ڤیتۆی سەرۆکایەتی کۆماریش مەحروم دەبین؟!


لێرەدا گرنگە پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین، ئێمە بۆ وامان لێهات؟ ئاخربە ئینسافەوە ئەگەر لە ئەندام و هەوادارانی هەر یەکێک لە حزبەکانی کوردستان بپرسین؛ سکرتێر یان سەرۆکی حزبەکەت تا چ ئەندازەیەک لە سیاسەت قاڵ بووەتەوەو لە سەر چ بنەمایەک ئێوە ئەوانتان وەکو پێشەنگی خۆتان هەلبَژاردووە؟ بێ سێ و دوو ئەوە دەبیستین کە هیچ سەرکردەیەک لە دونیادا هێندەی سکرتێرو سەرۆکەکانی ئەوان لە سیاسەت شارەزا نین و نازانن! ئایا ئەم چاوەنواڕییەی ئێمە لە دەرەنجامی شارەزاییمانەوە لە سیاسەتدا بەر جەستە بووە؟ ئایا ئەوەی ئێمە لە عێراقی نوێدا دەستەبەرمان کردووە، هەست ناکەن براکانمان لە باکوریش دەستەبەریان کردووە؟ یان هەست ناکەن حاڵی حازر دوو پارچەی کوردستان باجی رەش نووسی دوو دەستوور دەدەن؟ کە لە هەردوو لا لەمپەری زۆر هەن کە ناهێڵن و رێگرن لە بەردەم گەیشتنمان بە مافە سرووشتییەکانمان. لە باکوور کوردەکان لە هەوڵی ئەوەدان بگەن بە دەستوور، لێرە براکانمان لە هەوڵی ئەوەدان بمانخەنە دەرەوەی دەستوور! لە تورکیا خەڵکانێک سەد دەر سەد لەو باوەڕەدان دەبێت چارەسەرێک بۆ دۆزی کرد بدۆزنەوە، بە دڵنیاییەوە لەم وڵاتە بێ سەرو بەرەی ئێمەدا، هەموو لایەک ئەگەر ئاو لە شوێنی خاکە نازیان بێت، ئەگەر دەستوور هەموار بکرێ، دەبێت دەسەڵاتی کوردی سنووردار بکرێت!
 


star_qadr@yahoo.com