په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٢\٢٠١٦

پێنج حیزبەکە بەرپرسن نەک بەغدا.

حەمە غەفور     


هەوڵدان بۆ لەباربردنی ناڕەزایەتی بەرهەقی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، بەمە دەستی پێکرد کە پڕۆژەی چوارحیزبەکە بۆ سات و سەوداکردن لەگەڵ بەغدا بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بێت. سەرەڕای نەبوونی هیچ گەرەنتییەک کە بتوانێت ئەم ڕیکەوتنە بەکردەوە بباتە بواری جێبەجێبوونەوە، بەهۆی کێشەی قووڵی نیوان هەرێم و بەغدا لەسەر چەندین دۆسییەی وێنەی ناوچە جێناکۆکییەکان و بەدوای ئەمەشدا بە کۆتاییهاتنی شەڕی داعش ئەو کێشانە قووڵتر و توندتر دەبێتەوە و بەمەش کەرەسەی زۆرترین تەنگ و چەڵەمە بۆ شکستی ئەم پڕۆژەیە، کە لە ٢٠٠٣ بەملاوە کەڵەکەبووە، بە تەواوی لەبەردەستی بەغدا و هەولێریش دەبێت بۆ سوڕێکی دیکەی سەرهەڵدانی کێشمەکێش لەسەر ئەو دۆسیانە کە گرنگترینیان فرۆشتنی نەوتی هەرێمە لەڕێی بەغداوە. ئەم کێشەیە بەردەوام دەبێت هەتا ئەو کاتەی فیدڕاڵیزمی قەومی و تائیفی بنەمای دەسەڵات و دەستووری ووڵات بێت. هەر ئەمەی پارتی پڕۆژەکەی ڕەتکردۆتەوە و دەڵێت قەترەیەک نەوت نادەین بە بەغدا خۆی بەسە بۆ شکستی ئەم پڕۆژەیەی گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵی ئیسلامی.

کەوایە کێشەی مووچەی خەڵکی هەرێم ڕاستەوخۆ لەگەردنی پێنج حیزبەکەی کوردستاندایە و دەبێت ناڕەزایەتییەکان نووکی ڕەخنەی خۆیان بەرەوڕووی ئەوان و حکومەتی هەرێم بکەنەوە. وە حکومەت و پێنج حیزبەکە بەرپرس بکەن لە دابینکردنی مووچەی خەڵکی هەرێم و مافەکانی دیکەیان و خامەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی. چونکە حکومەتی ناوەند هێندە دۆسێ و بیانووی لەبەردەستدا هەیە هەرکات بخوازێت دەتوانێت گەمارۆش لەسەر خەڵکی هەرێم دابنێت چ بگات بە نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە داهاتی عێراق! چونکە کێشەی قووڵی نیوان شیعە و سوننەی عێراق خۆشی ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و پێکهاتن و ڕاگرتنی باڵانسی سیاسی نێوان ئەم جەمسەرە کۆنەپەرستە قەومی و تائیفیانە بە کوردی و عەرەبیشەوە، مەحاڵە. ڕەنگە بۆ تێپەڕاندنی دۆخێک ڕێکەتنێک بکرێت، بەڵام هەر ڕێکەوتنێک مەحکومە بە ململانێی ئەو جەمسەرە دژبەرانەی باسکران.

هەرێمی کوردستان ٢٥ ساڵە بەشێوەی دیفاکتۆ لە بەغدا سەربەخۆیە. ئەحزابی کوردی دەسەڵاتدار دەستیانگرتووە بەسەر تەواوی جومگەکانی سیاسی و ئابووری و حوکمڕانیدا، ئەم پێگەیەشیان بۆ دزی و تالانکردنی سامان و داهاتی ووڵات بەکارهێناوە و خۆیان پێ دەوڵەمەند کردووە. فدڕاڵیەتی کۆنەپەرستانەی عێراق باشترین ڕێوشوێنی دروستکردووە بۆ ئەحزابی کوردی هەتا ژیان و موچەو چارەنوووسی خەڵکی کوردستان لە ئاسمانی نێوان هەولێر و بەغداد هەڵواسن و چەواشەکارییەکانیان پاساوبدەن، لەهەمان کاتدا زۆرترین گورزی وەشاندووە لە خەباتی خەڵکی کوردستان دژی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی لەپێناو ژیانێکی شکۆمەندانە و مافەکانیاندا.

 

٩\١٢\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی حه‌مه ‌غه‌فور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک