په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١٠\٢٠١٧

پەرتووکێکی (دکتۆر سەعید تۆفیق).

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا


عەبدولموتەڵیب عەبدوڵا پەرتووکی (چییەتی زمان و فەلسەفەی تەئویل) لە عەرەبییەوە کردوە بە کوردی و پەراوێزی بۆ داناوە و چاپخانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم - سلێمانی چاپی کردووە.


ئەو پەرتووکە (دکتۆر سەعید تۆفیق)* نووسیویەتی، نووسەر لە پێشەکیدا دەڵێت ئەو پەرتووکە لە سێ توێژینەوەی بە یەکەوە گونجاو پێکھاتووە، کە پانتاییەکی بە پیتی فیکری فەرەنسی ھاوچەرخ تێیدا رەنگ دەداتەوە، بەڵام ئەو پانتاییە لە رۆشنبیریی فەلسەفی ئێستای ئێمەدا فەرامۆش کراوە.


لەو پەرتووکەدا توێژینەوەی یەکەم ناونیشانی "زمان و بیرکردنەوەی شیعریی لای ھایدگەر"ی لەخۆگرتووە، ئەو بوارە لە فیکر و فەلسەفە نەک ھەر پشتگوێ خراوە، بەڵکو دووچاری بەدحاڵی بوون و بەد نیازیش بۆتەوە. لە بیرکردنەوەی توێژەرانی فەلسەفی زانکۆکانماندا (فەلسەفەی زمان) تەنھا لەو لێکۆڵینەوە فەلسەفییە ھاوچەرخە باوانەدا خۆی دەبینێتەوە، کە نوێنەرایەتی زمان لە دنیای ئەنگلۆساکسۆنی و بە تایبەتی لە فەلسەفەی شیکارخوازیدا دەکات. ئەو شێوە بیرکردنەوە باوەش بۆ مامۆستا پێشەنگەکانی زانکۆکانمان دەگەڕێتەوە، ئەوانەی گرنگی بە فەلسەفەی زمان دەدەن، ھەر ئەوانیشن کە بیرکردنەوەیان بەو ئاراستەیەدا بردووە، پاشان قوتابیەکانیشیان بەرەو ئەو ئاراستە پاڵ ناوە.


بەڵام لە دەرەوەی ئەو ئاراستە و ئەو بایەخە، پانتاییەکی بە پیت و بەرفرەوان لە فەلسەفەی زمانەوانی بەجێ ماوە، وەک: لێکۆڵینەوەی زمانەوانی لە فەلسەفەی دیاردەگەراییدا، فەلسەفەی تەئویل، فەلسەفەی مارتن ھایدگەر بە شێوەیەکی تایبەتی. بۆیە کاتێک مامۆستایەک لە مامۆستا بەرێزەکانمان-ئەویش خوالێخۆش بوو دکتۆر عوسمان ئەمین- بوو، ھەوڵیدا لە رێگای تەرجەمەکردن و نووسینی پێشەکیەک بۆ لێچەرێکی ھایدگەر لە بارەی (ھیلدرین و جەوھەری شیعر، یان ماھیەتی شیعر) لەو پانتاییە نزیک بێتەوە، ھەڵبەتە ئەو ھەوڵە یەکەمین ھەوڵێکە کە خۆی لە دووتوێی پەرتووکێک بە ناونیشانی "لە بارەی فەلسەفە و شیعر" بەرجەستە کردووە، ئەو ھەوڵەی دکتۆر عوسمان ئەمین سەرکەوتوو بوو، سەرەرای ئەوەی پەیڕەوی لە رێبازێکی جیاواز لە رێبازی ئەنگلۆساکسۆنی دەکرد، کەچی سەرکەوتنی تەواوی بە دەست ھێنا، بەڵام ھۆکاری سەرەکی پەردەپۆشکردنی ئەو ھەوڵە سەرەتاییە، ئەوە بوو کە باسمان کرد، ئەوە بوو کە پانتاییەکە تەواو خاڵی بوو، لە لێکۆڵینەوەیەکی بە پیت و جیدی، یان پانتاییەکی نوێ بۆ فەلسەفەی زمان بوونی نەبوو، تاکو زەوییەکی پتەو بۆ ئەو بوارە پێکبھێنی و بشێ لێکۆڵینەوەی دیکەی لەسەر دابمەزرێنرێت. بۆ گەواھیدانی پەردەپۆشکردنی ئەو ھەوڵە، ئەوە بەسە کە دکتۆر عوسمان ئەمین فیکری ھایدگەر بەو شێوەیە وەسف دەکات و دەڵێ "چیا دەھەژێنی و وەک مشک دەزێ" بە دڵنیاییەوە ئەوە وەسفێکە ھێزی دەرککردن دەردەخات و دکتۆر عوسمان ئەمین خۆی دانی پێدادەنێت.


لەو رووەوە وتاری "زمان و بیرکردنەوەی شیعریی لای ھایدگەر" ھەوڵێکە بۆ نزیکبوونەوە لە فیکری ھایدگەری دواکەوتوو واتە کە ئێمە درەنگ پێی ئاشنای بووین- لە بارەی زمان و ئەرکی فیکر و بوون. ئەوەی بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیە ئاراستەی کردم و پاڵی پێوەنام، ھەر تەنھا راستکردنەوەی تێگەیشتنی ھەڵەئامێز و پێنەگەیشتوو و بەشداریکردن نەبوو لە فیکری ھایدگەر، بەڵکو پاڵنەری بەھێز و گرنگ، بە راستی خۆشەویستی من بوو بۆ ئەو فیکرە، کە بشێ لە میانی لێکۆڵینەوەکانی پێشوو رێگای بۆ خۆش بکرێ و گومانی لە سەر کەم بکرێتەوە و لەسەرەخۆ دروست ببێ، بۆیە من لەو لێکۆڵینەوەیە ھیچ ناخوازم، تەنھا ئەوە نەبێ، کە بمانخاتە سەر رێگایەک بشێ لە فیکری ھایدگەر (کە لەو دواییە بە ئێمە گەیشتووە) نزیکمان بکاتەوە و لە رێگای جۆرێک لە تێگەیشتنی نزیک و سۆزئامێزانە، کە ئێمە بۆ ھایدگەر بەدوایدا دەگەڕێین، بەرەو ئەو فیکرەمان بەرێت و لەو فیکرە ئاگادارمان بکاتەوە.


بێگومان ھەوڵی ھایدگەر بۆ تێگەیشتن لە ماھیەتی زمان دەکەوێتە بواری ھیرمینۆتیکای فینۆمینۆلۆجییەوە، ھەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە ماھیەتی زمان وەک ئەوەی کە دیاردەیەکی ھاوژیانییە، دوور لە میتۆدی توێژینەوەی باو، کە وەک بابەتێک لە زمان دەکۆڵێتەوە وەک ئەوەی بکەوێتە دەرەوەی ژیانی ئێمەوە، وەک ئەوەی بابەتێک بێت، ھەر تەنھا لە نێوان بابەتەکاندا بشێ کردەی توێکاری و شیکاری و ھەڵوەشانەوەی بۆ بە ئەنجام بگەیەنین نەک لە نێو ژیان-. ئەو ھەوڵەی ھایدگەر کاریگەرییەکی زۆری لە ناوەوەی فیکری فەلسەفی ھاوچەرخ و دەرەوەی ئەو فیکرە ھەبوو: لەلایەک دەکرێ بڵێن ھەوڵی ھایدگەر ناشێ ھەر تەنھا وەک تیۆرەیەک لە تیۆرەکان چاوی لێبکەین، کە لە چوارچێوەی فەلسەفەی زماندا دەخولێتەوە، بەڵکو بۆخۆی فەلسەفەیە، یان رێبازێکی فەلسەفییە و ھەوڵدەدات ماھیەتی زمان لەسەر بنەمای (فیکر و بوون) دابمەزرێنێ، بۆیە کار بۆ تێکشاندنی دیدی تەقلیدییانەمان بۆ زمان و ئەرکی بیرکردنەوە و سروشتی گوتاری فەلسەفی دەکات. ئیتر لێرەدا کاریگەری ھایدگەر بۆ رێبازە سەرەکیەکان لە فیکری فەلسەفی ھەنووکەدا درێژ دەبێتەوە و کۆمەڵێک فەیلەسوفی بەناوبانگی وەک: ھانز جۆرج گادامێر، پۆل ریکۆر، جاک دریدا.. ئەوانیدیکە نوێنەرایەتی ئەو رێبازە دەکەن. بەڵام لە دەرەوەی فەلسەفەدا کاریگەری ھایدگەر دەکەوێتە سەر کۆمەڵێک رێبازی پەیوەست بە تیۆری ئەدەبی و رەخنەی ئەدەبییەوە.


رەنگە رێبازی ھیرمینۆتیکای فەلسەفی (یان تەئویلی فەلسەفی) کە گادامێر نوێنەرایەتی دەکات، یەکێک لە رێبازە فەلسەفییە ھەرە ھاوچەرخەکان بێت، کە بە فەلسەفەی ھایدگەر کاریگەرە. لێرەوە بایەخی وتاری دووەمی ئەو پەرتووکە دەردەکەوێت، کە ناونیشانی "بنەماکان و ئاسۆی ھیرمینۆتیکای فەلسەفی لای گادامێر" لەخۆ دەگرێ، ئەو وتارە وێنەیەکی سادەکراوە و کورتەیەک لە پرۆسەی تەئویلی فەلسەفی لای ئەو فەیلەسوفە پێشکەش دەکات، کە ئەمڕۆ بە پیری فەیلەسوفانی ھاوچەرخ دەژمێردرێت، چونکە یەک سەدەی لە زەمەن دیووە و بەشداری لە پێکھێنانی رووخساری نیوەی دووەمی زەمەنی ناوبراو کردووە. ئەمڕۆ فەلسەفەی تەئویل نوێنەرایەتی رێبازێکی بنەڕەتی و بەرفرەوان لە فەلسەفەی ھاوچەرخ دەکات، کە ھەر تەنھا لە گادامێر کورت ناکرێتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک فەیلەسوفی بە ناوبانگی دیکەش بەشداری تێدا دەکەن. لە راستیدا ئەو رێبازە بە پلەی یەکەم بە تەئویلکردنی دەقەوە بەندە: دەقی فەلسەفی و ئایینی و ئەدەبی... ھتد، بەڵام لەگەڵ ئەوەش درێژ دەبێتەوە بۆ تەئویلکردنی ھەموو ئەو شتانەی کە قابیلی تێگەیشتن و بیرلێکردنەوەن: وەک رەمز و ئەفسانە و دیاردە ھونەرییەکان. لەبەر ھەندێ تەئویل لە فەلسەفەی ھاوچەرخدا بۆتە "مۆدە" وەک گادامێر دەڵێت ھەموو رێبازەکان دەیانەوێ چەشنی (ھیرمینۆتیکا) خۆیان وەسف بکەن.


بێگومان ھیرمینۆتیکا بۆتە داواکارییەکی پێویست لە ژیانی فیکری و مەعریفیمان، کە بە ھۆی پەیوەستبوون و پارچە پارچەبوونی مەعریفە تێیدا و دوور کەوتنەوەی نێوان رۆشنبیریی ئەمڕۆ و دوێنێ، ململانێی نێوان رۆشنبیرییەکان و بیروباوەڕە شەعبییەکان، ئەوە و سەرەڕای ئەو شتانەی لە بارەی سوودەکانی جیھانگیری و ھۆکارە تەکنۆلۆژییەکانەوە دەیڵێن کە کار بۆ لەیەکنزیککردنەوەی کلتورەکان دەکات، وێڕای کۆمەڵێک پەیمانی ساختە یان داپۆشراوی ژێر پەردەی ئایدیۆلۆجی یان سیاسی، کەچی ھیرمینۆتیکا بۆتە خێوەتێک لەیەک دوورەکان بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە. ھەروەھا ئامرازەکانی ھیرمینۆتیکا لە ناو رۆشنبیریی ئیسلامی سەدەی ناوەڕاستدا نەناسراو نەبووە و ھەتا ئەمڕۆش کەسانێک بەکاریان دەھێنن، ئەو ئامرازانەش ئامرازی دیاریکراون کەم فروفێڵ لەخۆ دەگرن، ئەوانەن کە بە لێکدانەوەی دیاردەکانی ژیانی ھاوچەرخمانەوە بەندن. بۆیە ئەوەی کە ئێستا بە ئەرکی لێکدانەوە رادەبێتەوە پێویستە سەرەڕای فەلسەفە، خۆی بە مەعریفەیەکی بەرفرەوانی بواری زانستە مرۆییە ھاوچەرخەکانی وەک: زانستەکانی زمان و مێژوو و ئەنترۆپۆلۆجیا و سۆسیۆلۆجیا و سایکۆلۆجیا، پڕ چەک بکات.


لەبەر بایەخی ئەو رێبازە لە فیکری فەلسەفی ھاوچەرخدا، دەبینین بۆ ئەو پەرتووکە وتاری سێیەمم ئیزافە کردووە، کە پارادیمێک لە چەمکی ھیرمینۆتیکا لە بوارێک لە بوارەکان، کە ئەویش بواری دەقی ئەدەبییە پێشکەش دەکات. ئەو وتارە کە ناونیشانی "ھیرمینۆتیکای دەقی ئەدەبی لە نێوان ھایدیگەر و گادامێر"ی لە خۆداھەڵگرتووە، تەرجەمەکردنە لەگەڵ ھەندێک لە دەستکاری بۆ وتاری بڵاوکراوەی ساڵی ١٩٩٨ "ھۆسرەلیانە" (پەرتووکی ساڵانەی ھۆسرەلی لە بارەی فینۆمینۆلۆجیاوە) لە ژێر ناونیشانی (The Phenomenological Motives of Heideggers and Gadamers Hermeneutics of the Literary Text Husserliana, vol, L11)


وەک دەبینن وەرگرتنی ئەو پارادیمە بۆ تێگەیشتن لە تەئویل لەو شێوەیەدا خۆی دەبینێتەوە، کە ھایدگەر و گادامێر نوێنەرایەتی دەکەن، چونکە ئەوە بەرەو تەواو کردنی ھەر دوو وتاری بەیەکەوە گونجاوی پێشوومان دەکەنەوە، لە ھەمان کاتتدا بەرەو ئەوەمان دەبەن، کە ھاوپەیوەستبوونێکی پتەو لە نێوان فەلسەفەی زمان و فەلسەفەی تەئویل بوونی ھەیە، وەک ئەوەی ئەو دوو فەیلەسوفە نوێنەرایەتی دەکەن.
___________________________
* دکتۆر سەعید تۆفیق ساڵی ١٩٥٤ لە قاھیرە لە دایکبووە، لە زۆربەی نووسینەکانیدا لە ژێر ئاراستەی فینۆمینۆلۆجیاوە و درێژە بە فەلسەفەی تەئویل دەدا، بە تایبەتی لە بواری ئەدەب و رەخنەی ھونەریدا. لە ساڵی ١٩٨٢ تێزی ماجیستێرەکەی لە بارەی (میتافیزیکای ھونەر لای شوبنھاوەر) پێشکەش بە زانکۆی قاھیرە کردووە، بەڵام تێزی دکتۆراکەی لە بارەی (ئاڕاستەی فینۆمینۆلۆجی لە راڤەکردنی شارەزایی ئیستێتیکیدا) لە ساڵی ١٩٨٧ پلەی یەکەمی باڵای لە کۆلیژی ئاداب- زانکۆی قاھیرە لە فەلسەفە بە دەست ھێناوە.
بۆ زێتر پێشخستنی فینۆمینۆلۆجیا لە بواری فەلسەفەدا بایەخی خۆی بۆ فەیلەسوفی بە ناوبانگ گادامێر و دواتر پۆل ریکۆر گواستۆتەوە و لەوێشەوە بەرەو فەلسەفەی تەئویل و رەنگدانەوەی لە بواری لێکۆلێنەوەی ئەدەبی لای ھایدگەر و بە تایبەتی گادامێر... ھەموو ساڵێک لێکۆڵینەوەیەک لە بارەی فینۆمینۆلۆجیاوە پێشکەش بە (پەرتووکی ساڵانەی ھۆسرەل، لە بارەی فینۆمینۆلۆجیاوە) دەکات. دواتر ئەو پەرتووکە زۆر بە نرخەکەی (ھانز جۆرج گادامێر) بە ناوی (تەجەلی ئەلجەمیل) تەرجەمەی زمانی عەرەبی کردووە و راڤە و لێکدانەوەی بۆ کردووە، لە ساڵی ١٩٩٧ چاپ و بڵاو بۆتەوە، ھەر لە سەرەتای حەفتاکانەوە سەرنووسەری گۆڤاری (الفکر المعاێر) بووە، جگە لەوە دەیان پەرتووک و لێکۆڵینەوەی لەو بوارەدا پێشکەش کردووە.

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک