١\٦\٢٠١٢
پێشێلکاریی
بواری میدیا،
سوتاندنی ٨٠٠ کۆپی لە توێژینەوەی میدیایی
نێوان رێکخراوی
NPA
و PDA.
ھادی ئەمین
*
لە
لایەن کۆمەڵەی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDA،
٨٠٠ کۆپیی تازە لەکۆی ھەزار کۆپیی توێژینەوەی (راگەیاندنی سەربەخۆ
لەھەرێمی کوردستان لەروانگەی رۆژنامەنووسانەوە) سوتێندرا و ئەندامێکی
ئەو رێکخراوەش کارەکەی لەدەستدەدات لەبەرئەوەی ناڕەزایی دەربڕی
بەرامبەر بەسوتاندنی ئەو توێژینەوەیە؟!
رۆژی ١٦ی ئەم مانگە، کە چووم بۆ دەوام لەئۆفیسی سلێمانی کۆمەڵەی خەڵک
بۆ گەشەپێدان PDA ، ئەو ھەواڵە ناخۆشەم
بیست، کە سەرجەم کۆپییەکانی توێژینەوەی (رەوشی
میدیای سەربەخۆ لەھەرێمی کوردستان)، کە لەمەخزەنی ئۆفیس مابووەنەوە و
نزیکەی ٨٠٠ کۆپی بوون، سەرجەمیان براون بۆ
ناوچەی تانجەرۆ و لەوێ سوتێندراون، چونکە دەستەی تەنفیزی رێکخراوەکە
بڕیاری سوتاندنییان دابوو؟!
توێژینەوەکە لەساڵی ٢٠٠٧دا، لەلایەن رێکخراوی PDA
بەھاوکاری رێکخراوی PDA ئەنجامدراوە،
نزیکەی دووساڵی پێچووە بەتێمێکی نۆکەسی و سەرپەرشتیاری زانستی کارەکە
کراوە.
دواتر لەساڵی ٢٠٠٩دا بەتیژاژی ھەزار دانە چاپکراوە. بەقەبارەی ١٠٠
لاپەڕەی ئەیفۆر، کە توێژینەوەیەکی مەیدانییە لەشارەکانی ھەولێرو
سلێمانی و دھۆک ئەنجامدراوە، دەربارەی رەوشی راگەیاندنی سەربەخۆ
لەروانگەی رۆژنامەنووسانەوە، تەنھا دووسەد کۆپی
لێ دابەشکرا، ٨٠٠ کۆپی مابوەوە لەمەخزەنی
رێکخراوەکە، لەرۆژی ١٦ی ئەم لەناوچەی تانجەرۆ سوتێندران. چاپی ھەر
کۆپییەک لەو توێژینەوەیە نزیکەی سێ دۆلاری
تێچوبوو.
ھەر لەو رۆژەی کە توێژینەوەکەیان سوتاند، نامەی ناڕەزاییم نارد بۆ بۆرد
و ستافی رێکخراوی PDA و
PDA و ئەو
کەسانەی لەو توێژینەوەیەدا کاریان کردبوو، تیادا ناڕەزاییم دەربڕی
بەوەی کە:
١- من بۆ ماوەیەی دوو مانگی لەسەر یەک، رۆژانە بۆماوەی لانیکەم
چوارکاتژمێر، سەرقاڵی پێداچوونەوە و رێکخستنی ئەو توێژینەوەیە بووم و
ئامادەمدەکرد بۆ چاپکردن، بۆیە ھەستدەکەم یەکێک لەبەرھەمەکانم
سوتێندراوە.
٢- ئەو توێژینەوەیە، کتێبیکی مێژوویی و سەرچاوەیەکی بەنرخ بوو لەبواری
میدیا لەھەرێمی کوردستان، توێژینەوەکە لەسەرانسەری کوردستان داتای
مەیدانی کۆکردبوەوە بەھۆی تیمی مەیدانییەوە، چەندین دەفتەر دۆلارو
جوھدێکی زۆری بۆ سەرفکرابوو، سەرچاوەیەکی بەسوود بوو بۆ کتێبخانەی
کوردی تا وێنەی میدیای کوردستان بخاتەڕوو لەوساتەوەختانەی کە
توێژینەوەەکەی تیا کرابوو.
٣- ئەتوانرا ئەو توێژینەوەیە، بەکاربھێنرایە بۆ توێژینەوەی دیکەو وەک
سەرچاوە، یان ئەنجامەکانی بەراوردبکرایە بەتوێژینەوەی تازە، بۆئەوەی
رەوشی ئاراستەی گەشەی میدیا پێ بەراوردبکرایە.
٤- ئەو توێژینەوەیە موڵکی گشتی بوو، موڵکی ھەموو ئەوانە بوو کە تیادا
کاریان کردبوو، موڵکی رێکخراوی PDA
و PDA بوو، موڵکی سەرجەم ھاوڵاتیان بوو،
چونکە بوجەی رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی لەو توێژینەوەیەدا خەرجکرابوو.
٥- سوتاندنی کتێب و توێژینەوە تاوانە لەرووی مەعریفییەوە و
زیانگەیاندنە بەکتێبخانەی کوردی، نازانم چۆن لەو عەقڵیەتە تێبگەم کە
لەناو رێکخراوی مەدەنی کاردەکات و بڕیاری سوتاندنی توێژینەوەو سەرچاوەی
بواری میدیایی دەدات.
وەک میدیاکارێک و ئەندامی رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی، دژی سوتاندنی ئەو
توێژینەوەیە ناڕەزاییم دەربڕی، کەچی سەرەرای ئەوەی دەستەی تەنفیزی
رێکخراوەکە، داوای لێبوردن بکات لەو ھەڵوێستە نامەدەنییە و
ناشارستانییەیان، یەکێک لەدەستەی تەنفیزی رێکخراوەکە، نوسراوی (واژونەکردنی
پەیوەستنامەی کار)ی ناردووە بۆ من، تیادا نوسیوێتی "ناتوانین لەگەڵ
بەرێزت کاربکەین. ئەویش بەھۆی ئەوەی کەجەنابتان بەھیچ جۆرێک پابەند
نەبوون بەو رێکەوتنەی کەسەرەتای ئەم مانگە ئەنجامدرا لەنێوان ستافی
میدیا".
ئەوە لەکاتێکدا کە بڕیاربوو لەسەرتای مانگی پێنجی ئەمساڵەوە
دەستبەکاربین و من ھەفتەیەک بوو دەوامم دەکرد لەئۆفیس. و سێ ساڵە لەو
رێکخراوە دەوامدەکەم و ساڵانە بەشێوەیەکی ئاسایی گرێبەستی کارەکانمان
درێژدەکرایەوە لەچوارچێوەی پڕۆژەکەدا.
لەدەستدانی کارەکەم پێشێلکارییەکی دیکەی بواری میدیایە، کە ستافێکی
بواری میدیا کارەکەی لەدەستبدات لەسەر ئەوەی ناڕازییبوە بەرامبەر
بەرەفتارێکی نامەدەنییانەی رێکخراوەکەی.
ئاخر ئەوان دەیانویست بەنھێنی گفتوگۆ لەسەر سوتاندنی توێژینەوەکە بکرێت
و دیزەبەدەرخۆنە بکرێت و تەنانەت دەستەی بۆرد و رێکخراوی دۆنەریش
ئاگادارنەبێت.
دوای ئەوەی نامەی ناڕەزاییم دەربڕی و ناردم بۆ لیژنەی سوتاندن،
ھەرجارەی پاساوێکی نەشیاویان دەھێنایەوە. جارێک وتیان ئەو توێژینەوەیە
کاتی بەسەرچووبوو، سوودی ئانی نەبوو..
ئێمەش وەڵامماندانەوە بەوەی، کە ئایا گونجاوە کتێبەکانی مێژوو بسوتێنین
بەبیانوی ئەوەی کە سوودی ئانی نییە و چەندین ساڵ بەسەر چاپکردنیان
تێپەڕیوە.
جارێکی دیکە پاساویان ھێنایەوە وتیان، توێژینەوەکە لەمەخەزەنێک
دانرابوو مشکی لێبوو، جارێکی دیکە وتیان لەکاتی بارانبارین ئاو
چووبوەناو مەخزەنەکە تەڕبوبون.
بەڵام ئەو شۆفێرانەی کە بەواندا توێژینەوەکان نێردرا بۆ تانجەرۆ تا
بیسوتێنن، شاھیدی ئەوەن کە ھیچ کام لەو کارتۆنانەی کە توێژینەوەکانی
تیابوو، مشک نەیخواردبوو، ئاوی باراناویش نەیخوساندبوو.
جارێکی دیکە وتیان، بۆچی لەپێشوو کارمەندی مەیدانی بەشی میدیا، (کە
بەندە بووە) ئەو توێژینەوەی دابەشنەکردووە.
من لێم دەپرسین بۆ سوتاندتان، ئەوان دەیانوت بۆ دابەشنەکراوە؟!
منیش وەڵاممدانەوە، بەوەی کە، مانەوەی توێژینەوەکان لەمەخزەن جیاوازە
وەک لەسوتاندنیان، وەکئەوەوایە، مرۆڤێک دووساڵ نەخۆش بێت و لەجێگەدا
کەوتبێت و نەتوانیت بڕوات،، بەڵام لەبری ئەوەی نەخۆشییەکەی
چارەسەربکەیت تا ھەستێتەسەر پێ، تۆ بێیت بیستوتێنیت و بیکوژیت.
ئەو کاتەی من کارمەندی مەیدانی بەشی میدیا بووم، سێ پۆستی دیکە
لەسەرووی منەوە ھەبوون، لەئاراستەکاری مەیدانی، رێکخەری گشتی، بۆرد.
دووجار بەنوسراوی رەسمی و ئاگادارمکردوون و لێمپرسیون: بۆچی ئەو
توێژینەوەیەتان چاپکردووە و دابەشی ناکەن؟
بەڵام وەڵامێکی قەناعەتپێکەرم دەستنەکەوت. (ئەگەر نوسراوەکانیان ویست
جارێکی دیکە بۆیان فۆرۆرد دەکەمەوە بەمێژووی کاتی خۆی، یان
لەرۆژنامەکان بۆیان بڵاودەکەمەوە.).
من دەپرسم بۆچی سوتاندتان، بۆ چی کارتان نەکرد بۆ دابەشکردنی؟
ناکرێت وەک رۆژنامەنووس لەئیجرائاتە ھەڵەکانی حکومەت رەخنەبگرین و
بێدەنگبین لەبەرامبەر سوتاندنی ئەم توێژینەوەیە، با کارەکەشم
لەدەستبدەم، گرنگە ئەوەیە من لەسەر داکۆکیکردن لەسەر پرسێکی بواری
میدیا کارەکەم لەدەستدەم، ئەوەش مایەی شانازییە بۆ من، بەڵام مایەی
شەرمە بۆ کەسانێک کە بەخۆیان بڵێن چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی، لەولاوە
بڕیاری سوتاندنی توێژینەوەو سەرچاوەی میدیایی بدەن.
ئاخر لەکوێی ئەم دنیایەدا ھەبوە، رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی توێژینەوەو
سەرچاوەی زانستی بسوتێنێت، ئەوە تەنھا لەرەفتاری فاشی و دیکتاتۆرەکان
دەوەشێتەوە.
تائێستا بۆردی رێکخراوەکە وەڵامی ئەو پرسیارەیان نەدامەوە، کە بۆچی ئەو
توێژینەوەیە چاپکراو دابەشنەکرا، ئەی بۆچی سوتێندرا، و بەدواداچوونی
وردیان بۆ نەکردووە؟
ھەروەھا تائێستا رای رێکخراوی دۆنەریش کە PDA
یە دیارنییە، لەبارەی دابەشنەکردن و سوتاندنی توێژنەوەکە!!
ھەڵبەت ئەو راستەیەش روونبکەینەوە کە دەستەی بۆردی رێکخراوی
PDA ئاگاداری سوتاندنی پێشوەختی ئەو
توێژینەوانە نەبوو، تەنھا لەلایەن دەستەی تەنفیزی حوکمی سوتاندنەکە
دەرچووبوو.
ھەرچۆنێک بێت، دواخستنی دابەشکردنی توێژینەوەکە ھەڵەبوو، بەڵام بڕیاری
سوتاندنی تاوان بوو، چونکە ھەرچەند دابەشکردنی دواکەت، بەڵام نرخی
زانستی و مێژووی ئەو توێژینەوەیە یەک زەرە کەمی نەکردبوو.
لەبەرئەوەی ئەو توێژینەوەیە بۆ فرۆشتن نەبوو، دەکرا دابەشبکرایە بەسەر
ناوەندە ئیعلامییەکانی کوردستاندا.
دووبارە ناڕەزایی خۆم دەردەبڕم بەرامبەر بەسوتاندنی ئەو کتێب و سەرچاوە
زانستییە، پاساوی سوتاندنی توێژینەوەکە ھەرچییەکە بێت، رەفتارێکی
نادەمەنی بووەو پێشێلکاری بووە بەرامبەر بەرەوشی میدیا لەھەرێمی
کوردستان و بەفێرۆدانی جوھدو بوجەی رێکخراوی مەدەنی و بوجەی گشتی بوو.
تائێستا چارەنوسی ئەو ٨٠٠ توێژینەوە سوتاوە، کە نزیکەی ٢٤٠٠ دۆلار
تەنھا بەچاپەکەی دراوە، بەنادیاری ماوەتەوە، کەس نازانێت کێ تەعویزی
دەکاتەوە.
داواکارم دەستەی تەنفیزی رێکخراوی PDA
داوای لێبوردن بکات لەرای گشتی و سەرجەم میدیاکارانی کوردستان، لەسەر
ئەو رەفتارە نامەدەنییان و ھەموو کۆپییەکانیشی
لەچاپ بدەنەوە.
با تازەنەکردنەوەی گرێبەستی کارەکەی منیش و لەدەستدانی کارەکەم،
بچێتەنێو ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر رۆژنامەنووسان و میدیاکاران
کراوان لەمساڵدا، بەڵام ئەم پێشێلکارییەیان عەیارە بیستوچوارە و
دەگمەنە، چونکە لەلایەن رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنییەوە ئەنجامدراوە؟!
ئەمەش ئەو راستییەی روونکردەوە کە ئەشێت عەقلیەتی سوتاندن و پێشلێکاری
بەرامبەر بە میدیا و رۆژنامەنووسان لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییشدا
بوونی ھەبێت.
___________________________________________________
*
کارمەندی مەیدانی پرۆژەی میدیا، سەرنووسەری
ماڵپەری چاوی خەڵک، رێکخراوی PDA.
Hadi.ameen@gmail.com
|