٣٠\٣\٢٠١٣
پێشەوا قازی
نیشانەی هەرمانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت.
قادری خه‌نده‌ڕه‌ش
گه‌ر چاوێک به مێژووی نەتەوە جیاوازەکانی جیهاندا بخشێنین، زۆر ڕۆژی
گرنگ و مێژوویی دەکەونە بەرچاو کە هەرکام لە نەتەوەکان شانازیان پێوە
دەکەن، ڕۆژی بەربەرەکانی و هەستانەوەکان بە دژی داگیرکەران، ڕۆژی
وەستانەوە و فیداکاری و لەخۆبوردن و قوربانیدانەکان و... ئەو ڕۆژانەن
کە هەر کام لە نەتەوەکان شانازیان پێوە دەکەن و لە ساڵیادەکانیان دا
ڕێز لە خەبات و ماندوو بوونی ئەو کەسانە دەگرن کە پاڵەوانی هەرکام لەم
ڕووداوانە بوونە، هەروەها پەیمانیش لەگەڵ ڕۆحی ئەو کەسانە نوێ دەکەنەوە
کە لەپێناو بەرز ڕاگرتنی ئاڵای سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دا ماندوو بوونەو
و لە ڕێگای خاک و وڵاتەکەیان دا گیانی خۆیان فیدا کردووە، نەتەوەکان
شانازی به ڕۆژه مێژووییه‌کانی خۆیانه‌وه ده‌که‌ن و لە هەر هەل و
دەرفەتێک دا تێدەکۆشن بۆ ناساندنی زیاتری ڕۆژە مێژوییەکانیان بە
نەتەوەکانی دیکەو بە جیهانی کردنی ڕۆژ و یاده‌وه‌ریەکانیان.
نەتەوەی گەورەی کوردیش وه‌ک یه‌کێک له نەتەوە خەباتکار و سەربزێو و
کۆڵنەدەرەکانی سه‌ر گۆی زه‌وی، خاوەنی گه‌لێک ڕۆژی مێژوویی و پڕ سه‌روه‌ر‌یه
لە مێژووی دوور و درێژی خۆیدا، خه‌بات و به‌رخۆدانەکان، شکان و هه‌ستانه‌وه‌کان،
فیداکاری و قوربانیدانه‌کان و بەربەرەکانێکان بە دژی داگیرکەران بەشێکن
لەو ڕۆژە مێژووییانەی کە نەتەوەی گەورەی کورد شانازیان پێوە دەکات و
لە ئاوێنەی مێژووی پڕ سەروەری کوردان دا زۆر بە ڕوونی ڕەنگیانداوەتەوە.
١٠ خاکه‌لێوه ڕۆژی شه‌هیدکردنی یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان، حەزرەتی
پێشەوا قازی و هاوڕێکانی یه‌کێک له‌م ڕۆژە مێژویانه‌یه که نەتەوەی
کورد له لاپه‌ڕه‌ی مێژووی خەباتی پڕ له سەروەری و شانازی و
قوربانیدانی خۆی دا به خوێن تۆماری کردووه. ١٠ خاکەلێوە ڕۆژی شەهید
کردنی یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا قازی، ڕۆژێکی مێژویی و
لەبیرنەکراوی نەتەوەی گەورەی کوردە کە هەتا کوردێک مابێت، ڕۆژی ١٠ی
خاکەلێوەی هەر ساڵێکیش ڕێز لە خەبات و ماندوو بوون و فیداکاری شەهیدانی
ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەگیرێت.
ئاشکرایە کە پێشه‌وا قازی به‌ده‌ر له‌وه‌ی که پێشه‌واو سه‌رۆک کۆماری
کوردستان بوو، زانایه‌کی ئایینی، روناکبیرێکی به توانا‌و سیاسه‌تزان و
مرۆڤدۆست و نیشتمانپه‌روه‌رێکی ڕاسته‌قینه‌ی ڕێگای ئازادی و مرۆڤایەتیش
بوو. پێشه‌وا قازی توانی له بواری سیاسی‌دا
ڕۆڵێکی گه‌وره ببینێت و ببێت به سونبولی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و
خۆشه‌ویستی گه‌له به‌شخوراوه‌که‌ی.
ئه‌گه‌ر بڕوانینە مێژوی نەتەوەکانی دیکە و چاوێک به مێژولکه‌ی
ئەواندا بخشێنین، ده‌بینین که گەلێک سه‌رکرده‌ی تێکۆشەر و لەخۆبوردو
له‌مێژووی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌کاندا رۆڵی گه‌وره‌و به‌رچاویان دیتووه، به‌ڵام
زۆر ده‌گمه‌نن ئه‌و سه‌رکردانه‌ی که ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان تێدا بووە
گیانی خۆیان بکەنە قوربانی'' کورد گوتەنی بەڵاگێڕی نەتەوەکەیان'' و
بوبێتنه سپه‌ر بۆ پاراستنی گیانی هاونێشتمانه‌کانیان. کەم نین ئەو
سەرکردانەی کە لە خەبات و تێکۆشان کۆڵ‌یان نه‌دابێت و تەنانەت زۆریشیان
ئازادیان بۆ گەلەکەیان بە دیاری هێناوە، به‌ڵام زۆر کەمن ئەوانەی خۆشه‌ویستیی
هه‌تاهه‌تایی نەتەوەکەیان پێبڕابێ و بوبێتنه سونبول و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌کەیان.
پێشه‌وا قازی هەرچەند نه‌یتوانی نەتەوەکەی بۆ هەمیشە له ژێرده‌سته‌یی
و به‌شمه‌ینه‌تی ڕزگار بکات، به‌ڵام به خه‌بات و هه‌وڵ و تێکۆشان له
پێناو ڕزگاری نیشتمانه‌که‌ی دا بوو به خۆشه‌ویستی نەتەوەی گەورەی کورد
و به فیداکردنی گیانیشی بوو به سونبولی فیداکاری و خەبات و هەستانەوە
لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی.
پێشەوای نەمر قازی موحەمەد بێ ئەوەی هیچ هێز و گوشار و هەڕەشە و
گوڕەشەیەک بەکار بێنێت، بێ ئەوەی پوڵ و پارە و زێڕ و ئاڵتون بخاتە کار
بۆ کڕینی نوسەر و قەڵەمەکانیان و تەنیا بە فیدا کردنی گیانی خۆی و
بەخشینی ژیانی لە پێناو بە ئازادی و ڕزگاری گەیشتنی نەتەوەکەی، توانی
ببێت بە خۆشەویست و ڕەمزی نەتەوەی گەورەی کورد.
لە کەس شاراوە نی‌یە کە دیکتاتۆر، دەسەڵاتدار و ساماندارەکان بە ڕێگا و
شێوازی ترساندن و تۆقاندن و یان کڕینی نوسەر و پێنووسەکان کەسایەتی بۆ
خۆیان پەیدا دەکەن و دەکڕن، بەڵام ئاشکرایە کە ئەم سومبول سازی و
کەسایەتی دروستکردنە شتێکی کاتی و ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کاتیی بتوانێ
درێژە بکێشێت، بەڵام پێشەوا بە خوێنی خۆی و بە لەخۆبوردویی و فیداکاری
خۆی توانی ببێت بە سومبول و ڕەمزی هەرمانی نەتەوەیکی بێ دەوڵەت، ئەوەتا
دوای ٦٦ ساڵ لە شەهید کردنی ئەو مرۆڤە مەزنە، کەچی ئێستا زۆر مەزنتر و
خۆشەویستتر و ساڵ بە ساڵیش نێوی ئەو مرۆڤە لە نیو دڵی نەتەوەکەیدا هەر
بەرز و بەرز تر دەبێتەوە، پێشەوا ئەگەر ٦٦ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە
ناوچەیەکی بەرتەسکی موکریان و دەوروبەری خۆشەویست بوو، کەچی ئەمڕۆ چوار
پارچەی کوردستان و نەتەوەیەکی ٤٠ - ٥٠
میلیۆنی ڕێز لە یادو بیرەوەری ئەم مرۆڤە مەزنە دەگرێت و شانازی بە
خۆیەوە دەکات کە پێشەوا قازی هەیە.
هه‌زاران سڵاو له گیانی پاکی پێشه‌وا قازی و هه‌موو شه‌هیدانی ڕێگای
ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.
٩ی خاکەلێوەی
٢٧١٣
qkhandarash@gmail.com
|