په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٢\٢٠١٣

پێشنیاری رۆژێک بۆ خۆشەویستی لە کوردستان.


ھەژێن


بەدڵنیاییەوە، زۆرێک لەتەک یەکەم خوێندنەوەی ئەم سەردێرە، کۆمەلێک پرسیار بە ھۆشیاندا دێت و لەوانەشە لە یەەکم کاردانەوەدا بە ناسیونالیستبوون و دژایەتی کولتووری خۆراوایی لەمەڕ ڕۆژی خۆشەویستی، تۆمەتبارم بکەن. بۆیە پێویستبوونی ئەم بەراییە خۆی دەسەپێنێت؛


ھەستی یەکترخواستی نێوان دوو تاکی دوو ڕەگەز [لێرەدا قسە لەسەر دوو ڕەگەزی جیاوازە، نەک خۆشەویستی نێوان ھاوڕەگەزەکان] ھەستێکی مرۆییانەییە و مێژووی ھەمان مێژووی مرۆڤایەتییە و پێش ھەموو ھەستە ئایینیی و نەتەوەیی و ڕەچەڵەکیی و نەژادیی لە مرۆڤدا سەریھەلداوە یا لەتەک مرۆڤدا لەدایکبووە، ھەر بۆیە خۆشەویستی ئەو سنوورە دەستکردانە ناناسێت، کە دوای خۆی لەدایکبوون و مرۆڤایەتی بەسەر (ئایین و نەتەوە و ڕەچەڵەک و نەژاد)دا دابەشدەکەن.

یەکێک لەو پرسیارانە، ئەوەیە؛ ڕۆژی ڤاڵانتاین ھەیە و لە زۆر وڵاتدا سیمبولە بۆ خۆشەویستی، ئیدی ڕۆژێکی دیکە و تایبەت بە کوردستان بۆچی؟


ئەگەر بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوە مێژووییەکان و ھۆکاری سەرھەلدانی ئەو ڕۆژە و پێناوێک کە بۆی ھاتووەتە بوون، خۆمان بەوە رازی بکەین، کە ڤالانتاین ڕۆژی خۆشەویستییە، ئەوا وەڵامی پرسیارەکە ئەوە دەبێت، کە پرسیارێکی بەجێیە. بەڵام مێژووی ئەفسانەی ڤالانتاین، ئەوەمان نیشاندەدات، کە لە مێژوودا سێ قەشە بەناوی ڤالانتاین ھەبوون و ھەر سێکیان بە کوشتن تیاچوون و لەم بارەوە بوونەتە ئەفسانە و یەکێک لە داستانەکان دەمانباتەوە ڕۆمی کۆن و سەردەمی (کلاودیوس)ی دووەم، کە لە سەردەمی ئەودا لەو باوەڕەدابوون، کە سەربازانی زوگورت لەچاو سەربازانێک کە ھاوسەرییانکردووە، جەنگاوەرتر و باشترن، ھەر لەبەر ئەوە لە ئیمپراتۆری ڕۆمدا ھاوسەرگیری بۆ پیاوانی لاو قەدەخە دەکەن. قەشە (ڤالانتاین)یش لەو باوەڕەدا بووە، کە ئەم بڕیارە نادادپەروەرانەیە، بۆیە بە دزییەوە ھاوسەرگیری سەربازانی ڕۆمی لەتەک خۆشەویستەکانیان ئەنجامدەدا. کاتیک کە ئیمپراتۆر (کلاودیوس)ی دووەم بەوە دەزانێت، بڕیاری کوشتنی قەشە ڤالانتاین دەدات.


ئەفسانەی دووەم، ئەوەیە، کە قەشە ڤالانتاین، خەڵکی مەسیحی لە چنگ ڕۆمەکان ڕزگار کردووە و ھەر ئەمەش بووەتە ھۆکاری کوشتنی.


ئەفسانەی سێیەم، ئەوەیە، کە گوایە قەشە ڤالانتاین بەخۆی ئەڤینداری یەکێک لە کچە زیندانەوانەکەی بووە و خودی ڤالانتاین پێش مردنی یەکەمین کارتی ڤالانتاینی بۆ ئەو کچە ناردووە و لەسەری نووسیوە "لەلایەن ڤاڵانتاینی تۆوە". ١

ئەمە پوختەی بەسەر ھاتی ڕۆژی (ڤالانتاین)ە و ھۆکاری بوونە بۆنەی ئەم ڕۆژە، قەدەخەبوونی خۆشەویستی نەبووە لەو سەردەمەدا و بڕیارەکەی ئیمپراتۆریش بۆ قەدەخەکردنی خۆشەویستی لەنێوان ھاوسەران نەبووە، بەڵکو بۆ قەدەخەکردنی ھاوسەرگیری پیاوانی لاو بووە، کە ئەم بڕیارە خۆبەخۆ دەبووە ھۆکاری خۆشەویستی و سەرھەڵدانی ھاوسەرگیریی لە دەرەوەی کلیسا و ھەر ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی، کە قەشە ڤالانتاینی بۆ بەرەنگاربوونەوە و پاراستنی ڕێساکانی ھاوسەرگیریی لە تیاچوون ھانداوە و سەرەنجام بە مەرگی خۆی تەواوبووە. لەو سەردەمەدا خۆشەویستی لە دەرەوەی خێزان و ڕیسای کلیسا، بە ھەمان شێوەی بڕیارەکەی ئیمپراتۆر، ڕووبەڕووی لەلایەن پیاوانی کلیساوە ڕووبەڕووی مەرگ بووەتەوە.

کەواتە ڤالانتاین، لە بنەڕەتەوە ڕۆژی خۆشەویستی نییە، بەڵکو ڕۆژی پاراستنی خێزانە لە چوارچێوەی ڕێساکانی کلیسادا، ئەگەر بڕیاربێت لە مێژووی دەسەڵاتی کلیسا و ئیمپراتۆرەکانی ئەوروپادا بۆ ڕۆژێک بگەرێین، تاوەکو بیکەین بە ڕۆژی خۆشەویستی، ئەوا پێویستە بۆ ئەو ڕۆژانە بگەرێین، کە ژنانی ئەڤیندار، لەبەرئەوەی لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕێسای خێزان و کلیسا، ئەڤیندارییان دەکرد، دەسووتێنران یا بە ملپەرێن (مەقسەڵە) لەنێو ئاپورەی لایەنگرانی کلیسا و ئیمپراتۆردا ملیاندەپەڕێندرا.

ئەگەر واز لەوەش بھێنین، کە ئەم ڕۆژە ڕۆژی خۆشەویستی نییە و خودی خێزان یەکەیەکی کۆنەپەرستانەیە و پارێزەری توندوتیژی و کینەیە بەرامبەر خۆشەویستی، ئەوا پرسێکی دیکە دێتەپێشەوە، ئەویش ئەوەیە، کە ئەم ڕۆژە لە ولاتانێکی کەمدا و لەنێو چەند سەد ملیۆنێک مرۆڤدا کراوەتە سیمبولی خۆشەویستی [ھەڵبەتە خۆشەویستییەک کە لە بنەڕەتدا کلیسا وەک مزگوتەکانی لای خۆمان بە کۆمەڵێک مەرج و ڕێساوە پەسەندیدەکەن] و ناتوانین بە ڕۆژێکی جیھانی وەریبگرین، ھەر بۆیە زۆر ئاساییە، کە بیر لە ڕۆژ و بۆنەیەکی دیکە بکەینەوە، کە بەڕاستی پەیوەندی بە خۆشەویستی ئازادەوە ھەبێت و لەو پێناوەشدا قوربانی درابێت و بووبێتە پرسی نێو کۆمەڵگە و بەردەوامی ھەبێت.

پێشنیاری ڕۆژی * دوعا - ٤/٤* وەک ڕۆژی خۆشەویستی لە کوردستان. ٢

پێش ئەوەی بچمە سەر ڕۆژێک کە من مەبەستمە، دەکرا و لەوانەشە زۆرێک ھەمان بۆچوونیان ھەبێت، کە لە کوردەواریدا دەیان داستانی لە چەشنی (مەم و زین) ، (لاس و خەزاڵ) و (شەم و دێوانە) و ….تد ھەن، کە کۆتاییان بە ناخۆشی ھاتووە و ئەڤیندارانی ئەو داستانانە، بوونەتە قوربانی ئەڤینەکەیان. بەڵام گرفتێک کە لەسەر ئەم ڕۆژانە دێتەپیش، ئەوەیە، کە ڕۆژی کارەساتی مردن یا کوژرانی ئەو ئەڤیندارانە ڕۆشن نییە و ناتوانین لە خۆمانەوە ڕۆژێک دیاری بکەین و لەوانەشە ئەگەر ڕووداوی یەکێک لەو داستانانە بکەینە ڕۆژی خۆشەویستی، بە ئاسانی نەتوانێت ببێتە ئەو ڕۆژە یا ئەو ھەستە لای ھەمووان دروستنەبێت. بەڵام ڕووداوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی کە بە کوشتنی ئەڤینێک کۆتاییھاتووە، دەتوانن گونجاوترین ڕووداو و بۆنە و ڕۆژ بن، بە بۆچوونی من داستانی ئەڤینی (دوعا و ئەڤیندارەکەی) لەبارترین و شیاوترین داستانە بۆ دیاریکردنی وەک ڕۆژی خۆشەویستی لە کوردستان بەلایەنی کەمەوە لە ھەرێمی کوردستان، ئەوەش لەبەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە :

- دوعا و موهەنەد [ئەڤیندارەکەی] خێزانەکانیان سەر بە دوو ئایینی جیا [یەزیدی و ئیسلام] بوون ...
- دوعا و موهەنەد خێزانەکانیان سەر بە دوو نەتەوەی جیا [کورد و عەرەب] بوون ...
- خۆشەویستی دوعا و موهەنەد لە دەھەی یەکەمی ھەزارەی سێیەمدا کرایە قوربانی دەمارگیری ئایینی و نەتەوەیی...
- کەرنەڤاڵی کوشتنی دوعا، نیشاندەری دڕندانەترین شێوازی بەرگرتنە بە خۆشەویستی لە کۆمەڵگە داخراو و جەنگزەدەکاندا ...

ھەر بۆیە، وەک پێداگرییەک لەسەر خۆشەویستی وەک ھەست و بوونێکی سروشتیی مرۆڤ و وەک دژایەتی و نەیاریی بۆ دەمارگیریی و جەنگی ئایینەکان و نەتەوەکان و خێڵەکان و ململانێی سیستەمە ڕامیارییەکان، پێویستە لە کوردستاندا *دوعا* بکرێتە سیمبولی خۆشەویستی و ئەم ڕۆژە لەجێی ڤەلانتاین جەژن بگرین.

ئەگەر ئێمە شەیدایانی دونیایەکی پڕ خۆشەویستی و نەیارانی جەنگ و دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی، ئەگەر ئێمە لایەنگرانی خۆشەویستی ئازاد و ئازادی خۆشەویستی، خوازیارین چیدیکە لە کوردستان و لە ھیچ جێیەکی جیھاندا جارێکی دیکە، کەس لەسەر ئەڤینداری و دیاریکردنی ھاوسەر و ھاودەمی ژیانی وەک ( دوعا و موھەنەد ) نەکەونە بە شمشێر و گولـلـە و لەتەبلۆکی دەمارگیری ئایینی و نەتەوەیی و خێلەکی، ئەگەر دەخوازین لە کۆمەڵگەیەکدا بژین، کە کچان و کورانی شانازی بە ڕێسا کۆمەڵایەتییە مرۆپەروەرەکانییەوە بکەن، پێویستە دواڕۆژی پێکەوەبوونی *دوعا و موھەند - ٤ی ئەپڕیلی ٢٠٠٧ * بکەینە ڕۆژ و سیمبولی ئەڤینداری لە کوردستان و عیراق؛ پێویستە لەم ڕۆژەدا *٤/٤* گوڵ پێشکەشی ھاوسەر و خۆشەویستەکانمان بکەین و لەو ڕۆژەدا لە فێرگە و زانکۆ و کارگە و فەرمانگە و گەڕەکەکاندا سیمای ڕۆژی خۆشەویستی بە دەروبەرمان ببەخشین و بزووتنەوەیەکی کۆمەلایەتی بۆ بەرێبخەین و وەک داواکارییەکی ئەڤینداران و ئازادیخوازانی کوردستان بەسەر میرایەتی ھەرێم و پارلەمانەکەیدا بیسەپێنین، چونکە بێگومان داخوازییەکی ئاوا، ھەرگیز بەبێ خەباتی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و وزە و ویستی لاوانی دڵ پڕ لە ئەڤینی کوردستان نایێتەدی و دەسەلاتی کولتووری دواکەوتووانە لە ھەرێمی کوردستان و دەسەلاتی ڕامیاریی ھەرێمی کوردستان بە ئاسانی مل بە وەھا داخوازییەکی مرۆڤدۆستانە و ئەڤینپەروەرانە نادەن و لەم بارەوە مێژووی کۆمەڵگە داخراوەکانی وەک کۆمەڵگەی کوردستان، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنیت.

با ھەموومان ئەڤینداران و لایەنگرانی ئازادی ئەڤین لە کوردستان، ھەموو ساڵێک ڕۆژی *٤ی ئەپریل * بکەینە ڕۆژی ئازادی ئەڤین و * دوعا * بکەینە سیمبولی ئەڤینداری و لەو ڕۆژەدا چەپکە گولی سوور لەسەر گلکۆی گیانبەختکردووی ڕێی خۆشەویستی * دوعا خەلیل ئەسود * دابنێین و گوڵی سوور بەنێوی *دوعا*وە پێشکەش بە خۆشەویستان و ھاوسەرەکانمان بکەین.
________________________________________
پەراوێز:
١- ویکیپیدیا بەشی فارسی:
http://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%B1%D9%88%D8%B2_%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%86%D8%AA%D8%A7%DB%8C%D9%86

٢- * دوعا خەلیل ئەسوەد *، ئەوکچە کوردە ئێزدیە بوو، کە ڕۆژی 4/4/2007 بە بیانووی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ گەنجێکی عەرەبی موسڵمان بەنێوی * موهەنەد *، لەلایەن کەسوکارییەوە دەستبەسەرکرا و لە ڕۆژی ٧/٤/٢٠٠٧ کە کەرنەڤاڵی دەمارگری نەتەوەیی و ئایینی و خێلەکیدا بە لەتەبلۆک خەڵتانی خوێنکرا.

+ ھەر کەسێک، کە خۆی بە ھاوبۆچوونی ئم پێشنیارە دەزانێت و ئامادەیە پێداگری لەسەر بکات، ئەوا ئازادە لە بڵاوکردنەوەی و واوەتر ناردنی بۆ ھەر کەس و ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕ و سەکۆ (فۆروم)یەک یا بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، چونکە ئەم پێشنیارە تەنیا ئامادەکردن و نووسینەوەی ھی نووسەرە، لەوە واوەتر ھی ھەموو کەسێکە، کە باوەڕی بە ئازادی ئەڤینداری ھەیە.

+ ھیچ کەس و پارتێکی ڕامیاریی مافی بەکاربردنی ئەم پێشنیارەی بە ئامانجی بەڕێخستنی کەمپەینی ناوبانگخوازانە و پاگەندەی ڕامیاریی بۆ خۆی نییە، بەلام بەتەواوی بۆ بەرپاکردنی کەمپەینە جەماوەرییە سەربەخۆکان، ئازادە و خاوەندارێتی کەسی بەسەرەوە نابێت. تەنیا پارتە ڕامیارییەکان و کەسە خۆدەرخەرەکان ئەو مافەیان نییە!

 

١٢\٢\٢٠١٣
ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک