په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٧\٢٠١٤

پێویستە هەموومان بەرگریی لە کۆبانی بکەین.


فوئاد زیندانی     


لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی (١٩)ی تەمووز دووەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، داعش بە هاوکاری ڕاستەوخۆی دەولەتی تورکیا و وڵاتانی هەرێمی ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر گوندەکانی دەوروبەری شاری کۆبانی.


دوای ئەوەی شاری موسڵ لەمانگی ڕابردوو کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی چەتەکانی داعش، بەهۆی ئەوەی سوپای عیڕاقی شکستخواردوو هەموو چەکە قورس و سوکەکانی لەدوای خۆی جێهێشت، چەتەکانی داعش چەک و جبەخانەی سوپای عێراقیان بۆ ناو خاکی سوریا و لەوێشەوە بۆ ناوچەکانی نزیک شاری کۆبانی ڕۆژئاوای کوردستان گواستەوە، لە (٢)ی تەمووزەوە چەتە تیرۆریستەکان بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و تۆپ و تانک بە پشتگیری ڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا هێرشیان دەستپێکردووە بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری شاری کۆبانی، ئامانجیان داگیرکردنی شاری کۆبانی و هێنانەدی خەونە ستراتیجیەکەی دەوڵەتی تورکیایە کە دەخوازێت شۆڕش و ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان لەباربەرێت. تورکیا و سعودیە و قەتەڕ بەئاشکرا و بەگشتی یارمەتی چەتە تیرۆریستەکان دەدەن بەتایبەتی تاقمی ناسراو بەداعش.


چەتەکانی داعش لەماوەی چوار ڕۆژدا زۆر بە سەختی بۆردومانی گوندەکانی نزیک شاری (کۆبانی) یانکرد، لەئەنجامی بۆردومانی چوار ڕۆژەدا (٣٠٠٠) گولـلە تۆپ و هاوەن بەر ئەو گوندانە کەوتووە، هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە ) بەئیڕادەی پۆڵایین بەرەنگاری ئەو هەموو هێرشەی تیرۆریستانی داعش دەبنەوە و لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا قوربانی زۆریانداوە، لەئەنجامدا توانیویانە هێرشەکانی تاقمی تیرۆریستی داعش تێکبشکێنن. بەڵام ئەوەی گرنگە و پێوویستە ببێ ئەوەیە، جەماوەری گەلی کورد لەئاستی چواربەشی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی پارتە کوردستانیەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاو هەڵوێستبن بەشداری بکەن لە بەرگریکردن لەشاری کۆبانی، بەتەنیا هێشتنەوەی ڕۆڵەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەنگەری بەرگریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان کارەساتە بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی گەلەکەمان، لەپێناو ڕێگاگرتن لەڕوودانی کۆمەڵکوژی لە شاری کۆبانی دەبێ هەموولایەک ئەرکی نیشتمانی سەرشانی ئەنجام بدات.


بانگەوازی موراد کارەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری (پەکەکە) بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە تیاییدا هاتبوو: بانگەوازیم بۆ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان ئەوەیە (ئەم دۆخەی ڕۆژئاوای کوردستان کێشەکانی پەیەدە و ئەلپارتی تێپەڕاندووە، کێشەی ڕۆژئاوا کێشەی نەتەوەییە، دەبێت لەوێ هەڵوێستی نەتەوەیی نیشانبدرێت)، هەروەها لێدوانی وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ‌هێڕەشەکانی تیرۆریستان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، دەکرێ ئەو دوو هەڵوێستە پۆزەتیڤە هەڵبقۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بە هەموو لایەک بتوانین ببینە پەرژینێکی پۆڵایین بۆ پاراستنی کۆبانی و کەرکووک و سەرێکانی و جەلەولا و تەواوی سنوورەکانی کوردستان لە هەڕەشەی دوژمنان، کۆبانی لە مەترسی دایە، دەبێ هەموومان بەرگری لە کۆبانی بکەین.


پێویستە ڕاگەیاندنەکانی باشوری کوردستان بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ لەسەر پرسە نەتەوەییەکان کاربکەن و ڕاستی و پێوویستیە نەتەوەییەکان دلێرانە بگەیەنن بە ڕای گشتی کوردستان و خاوەنداری لە پرەنسیپە نیشتمانیەکان بکەن.


لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ڕاگەیاندنەکان بە پێی پێویست تیشکیان نەخستۆتە سەر بارودۆخی شاری کۆبانی کەماوەی جەندین ڕۆژە بە پاڵپشتی تورکیا بەسەختی هێرشی دەکرێتە سەر. ڕۆڵی تورکیا و پەیوەندی دەزگاکانی هەواڵگری تورکیا بە تیرۆریستان و هاریکاریکردنیان تەنیا لە ڕووی سەربازیەوە نییە، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە هاوکاری پزیشکی ئەو هێزانەی کردووە و بریندارەکانیان چارەسەر دەکا، دوای چارەسەرکردنیان تیرۆریستەکان بە ئاشکرا بە خۆیان و چەک و جلە فەرمیەکانی داعش لە شاری هاتای تورکیا لە ژێر چاودێری دەزگای هەواڵگری تورکی دەگەڕێنەوە بۆ سوریا بۆ شەڕکردن، لە ماوەی ڕابردوودا دوو سەلەفیی بەڕەگەز ئەڵمان (دەنیس کوسپەرت، ئەلیاس دێسۆ دۆگ) و هەروەها بەرپرسی باڵای داعش مازن ئەبو محەمەد دوای ئەوەی لە شەڕ بریندارکرابوون لە نەخۆشخانەی تورکیا چارەسەریان بۆ کرابوو، ئێستاش لە نەخۆشخانەی کیلیس لە تورکیا لە نێوان (٣٠ تا ٤٠) کەس لە بریندارەکانی هێزە تیرۆریستیەکان لە لایەن پزیشکانی تورک چارەسەر دەکرێن!!

 

 

fuadzindani@yahoo.de

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک