په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١٢\٢٠١١

پێویسته‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌رنامه‌ و کار و ئامانجی حیزبه‌کان هه‌ڵبژێرێ،

نه‌ک ره‌نگ و لۆگۆ و په‌ڕۆ!!!

محه‌مه‌د بێبه‌ش   


کلتورو فەرھەنگی سیاسی لەکوردستان لەلای ھەندێ پارتدا لە بازنەیەکی داخراودا چەقی بەستوەو وەک ھەمووان دەبینین، بوێری و زاتی ئەوەیان نیە ھەنگاوی دروست بنێن بۆ فاکتەرەکانی ڕیفۆرمی سیاسی وپراکتیکی لە ناو خودی پارەتەکەیاندا ،مەبەستمان لە خۆنوێکردنەوەیە ،لە بوارای گۆڕانکاری قۆناغەکاندا ،لەگەڵ ئەوەی لە پرۆگرام و بەرنامەی ھەموو پارتەکاندا بەندێکی گرنگ دەبینی کە نوسراوە بەستنی کۆنگرە وپلنییۆم کات وساتی بۆدیاری دەکرێت ،ئێمە ئەوە دەزانین کە ئەوان باش لە مەبەستەکانی بەستنی کۆنگرە تێدەگەن ، بەلام بەستنی کۆنگرە لای ھەندێ حزبی کوردی ، تەنھا دوبارە کردنەوە و یادکردنەوەی مێژووە و بازدانە بەسەر ھەمووخاستەکانی کۆنگرەو لێکدانەوەی سیاسی و فکری و ئالوگۆڕەکانی توانای کادێران و خەفەکردنی عەقڵی نوێ ،تەنانەت بەستنی کۆنگرەکان وەک ئاھەنگێک بەڕێ دەکرێن ، خەباتێکی دورودرێژی سەرکردەی مەزن وپێداھەڵدان وچەپڵەو بەرۆمانسی کردنی ھۆڵەکە بەشانامە وئەدەب وھونەر ، گومان لەوە دانیە وروژاندنی فاکەرەکانی ڕیفۆرمی سیاسی لەسیستەمی ھەندێ لە پارەتەکانی کوردستان ،ئەگەر بەشێوەیەکی جدی ببێتە باسی کۆنگرە و ھەڵسەنگاندنیکی تێرو تەسەل لەسەر ڕابردوی ئۆرگانەکانی حزبەکە بکری،ئەوابێگومان کۆمەڵێ پێکدادانی،فکری،لێدەکەوێتەوەوبەشوازێک ئاراستەدەکرێن جیابونەوەو ئینشقاق دروست دەبێت، دیارە تەنگێژە ی سیاسی کلاسیکی کوردی لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە وھۆکارەکانیشی زیاتر لەم خاڵانەی خوارەوە پێک دێن ھۆکارەکان...!!

١/بەھۆی گرنگی دان بە چەندایەتی نەک چۆنایەتی.
٢/نەبونی کلتوری دیموکراسی.
٣/تەکەتولاتی بەرژەوەندی.
٤/کلتوری میراتی سیاسی.
٥/فرە دەسەلاتی ڕەھای سەرۆکی حزب.
٦/نەبونی کۆرو سیمیناری ئازاد بۆ کادێران.
٧//کلتوری سۆفی گەری حزبی.
٨/پاوەنکردنی ڕاگەیاندنی حزب لەلایەن سەرکردایەتیەوە.
٩/سەپاندنی فکری سیاسی بۆ ئامڕازەکان.
١٠/تەقدیسکردنی لۆگ وناوو ـمێژوی حزبی نەک فکروئیدیاو ستراتیژ.
١١/ نەبونی دەستوورویاسا لەپرۆگرامەکاندا بۆ لابردن یان وازھێنانی سەرۆکی حزب.

ئەمانەو گەلێ ھۆکاری تری لاوەکی وایکردوە کە نەتوانرێ ھیچ گۆڕنکاریەکی بەرچاو لە ناو ئۆرگان وپەیکەرو سیاسەتی حیزبەکاندا ڕوبدات ، بەتایبەتی خاڵی یەکەم ئێستا لە جیھانداسیاسەتی زۆرو بۆر باوی نەماوە ، بەھۆی پێشکەوتنی زانستە ئەلکترۆنیەکان ،تاکە مرۆڤێک دەتوانێ ئۆرگانێکی سەربەخۆ بێت و زۆرترین دەنگ بۆ بابەتێک کۆبکاتەوە ،گەورەترین شارو شەقام بجوڵێنێ ، بۆ نمونە لەمانگی سێپتیمبەر (٩) لە ستۆکھۆلم تاکە کەسێک دژ بەگرانی پارەی بلیتی ھاتوچۆی ناوشار توانی بەھۆی تۆڕی ئەنتەرنێتەوە لەماوەی یەک ھەفتەدا زیاتر لە ٤٠٠.٠٠٠ ھەزار دەنگی ناڕەزای کۆبکاتەوە ، یان مانگانە دەبیستین لێرەو لەوێ تازەترین حزب کە ژمارەی ئەندامەکانیان ناگاتە ٢٠٠ کەس گەورەترین سەرکەوتنی ھەڵبژاردن بەدەست دێنن. چونکە ئێستا لە تەوای دنیا دا خەڵک بەدوای ناوی حیزبدا ناگەڕێ ، بەڵکو دەڕوانێتە بەرنامەو گوتارو کرداروباشترین ئەلتەرناتیڤ کە لەگەڵ خواستەکانی ئەو یەکبگرێتەوە،بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش لە فەرھەنگی سیاسی ئێمە دا کرین وفرۆشتن بەجێگەو پێگەی حزبی دەکرێت وعەقڵ و سۆزی کەسایەتی وخێڵەکی بڕیار دەدات ، نەک بیر کردنەوەی تاکەکان وھەڵسەنگاندنی بەرنامەکان. چونکە حزب کۆمپانیایە نەک فەلسەفە وئیدیاوئامانج و لۆژیک ومەنتق وچمکەکانی ریفۆریزم وپێشکەوتن وداھێنان و نوێبونەوە ‌و توێژینەوەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیە.

بە ‌بروای من کاتی ئەوە ھاتوە کورد پایەکانی دیموکراسی لە ڕووی فکری سیاسیەوە بەھێزکەین ، چونکە ئەم فەرھەنگە سیاسیە کلاسیکە سەرچاوەی ھەموو مێژوە دۆڕاوەکانی دوێنێ وزوقم وبەستەڵەکی عەقڵی ئەمڕۆیە ، بێگومان شکاندنی ئەوبەستەڵەکە عەقڵیە کات و زەمەنی بێکادێر وبێھەڵوێست وبێخۆبەخش ناتوانێ بیشکێنێ .ھەر بۆیە دەکرێ لەمەو دوا خەڵکی کوردستان بەرنامەو کارو ئامانجی حیزبەکان ھەڵبژێرێ ، نەک کەسایەتی وڕەنگ و لۆگۆو پەرۆ . ئەگەر خەڵکی کوردستان تێروانینێکی جدی نەبێ لە ئایندەو پێگەی سیاسی ووڵاتەکەمان ، ئەوا ناتوانرێت باس لەھیچ فاکتەرێکی جاکسازی بکەین ،چونکە تۆڕی مۆتەکەی حیزبایەتی زاڵە بەسەرھەموو لایەنەکانی ژیانی ئابووری وئیداری و زانستی وکۆمەلایەتی وسیاسی و پەروەدەیی و جگە لەمەش ناتوانرێ ھیچ بەرھەمێکی چارەنوسساز بۆ خەڵکی کوردستان و نیشتمانەکەمان بەدەست بھێنین . کەواتە ئایندەو چارەنوسی ووڵاتەکەمان و ھەموو فاکتەرە خوازراوەکان ،لەدەست خەڵکی کوردستانە نەک حزبەکان .خەڵکی کوردستان گەورەترین فیداکاری و خۆبەخشی کردوە ،لە پێناوی بەدەستھێنانی ئازادی ودیموکراسی وتوانیویەتی بەمافە سەرەتاییەکانی خۆی بگات لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە ، بەمانایەکی تر سندوقی دەنگدان کلیلی چارەسەری تەواوی کێشەو چاکسازیەکانە ،خەڵکی کوردستان دەتونێ ھەموو ھاوکێشەکانی سیاسی وئیداری وئابوری وتەنانەت دەستورو یاساکانیش بگۆڕێ ، بۆیە زۆرگرنگە تاکەکان خوێندنەوە لەسەر بۆچونەکانی خۆیان بکەن ولە کۆمەڵگای بنەمالەو عەشیرەتگەری بچنە دەرەوە . تاکو خواستی تاکایەتی خۆیان بەدەست بخەن .و ئازادی عەقڵی تاکایەتی خۆیان بپارێزن ، ووجودوبونی خۆیان بسەلمێنن . چونە فەلسەفەی ژیان وادەخوازێ تۆ چۆن بونی خۆت دەسەلمێنی ،دیارە بەبیرو دەنگ و کردەوەی وڕەنگی جیاواز دەیسەلمێنی کە تۆش ووجودت ھەیە ،بە بەکار نەھێنانی ھەر بەشێک لەمانە مرۆڤ کەسایەتی خۆی لاواز دەکات .ھەر بۆیە کەسایەتی مرۆڤ پیرۆزەو بەھا مرۆیەکانیش لەدەست مرۆڤ خۆی دایە.

کەواتە مرۆڤ پێویستە بون وبەھای خۆی لەگەڵ بون وبەھای بەرانبەر بخوێنێتەوە وببنی وڕەچاوی ئەرک و بەرژەوەندیەکانی مرۆڤایەتی خۆی بکات ، مەبەست لێرە ئەوەیە بەملیۆن مرۆڤ لە ئەرک وبەرژەوەندیەکانیان وەکو یەکە ،بەلام بەھۆی عەقڵی خێڵەکی وحیزبایەتی لە سەنتەرێک یەکناگرنەوەو بەھاو کەسایەتی خۆیان پێشێل دەکەن ، ئەمەش کلتورو فەرھەنگێکی شێواوە و دورە لە زانستی کۆمەڵایەتی ومافاکانی ئازادی تاک .ھەر بۆیە ھۆشیاری ئازادی تاک بە بنەمای کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو دادەنرێ . پێم خۆشە ئەم بەسەرھاتە جارێکی تر بنوسمەوە ،ھەرچەندە کاتی خۆی لەکوردستانی نوێ بڵاوم کردۆتەوە، لە ١٩/٥/١٩٩٢ کە ‌یەکەمین ھەڵبژاردن کرا لەکوردستان ،لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکمدا لەیەکیک لەبنکەکانی ھەلبژاردن لەسەر چنار لە ڕۆژنامەنوسێکی فەرنسیمان پرسی ئەم ھەڵبژاردن و سەرەتا دیموکراسیەی ئێمە چۆن دەبینی ،فەرەنسیەکە بە زەردەخەنەیەکەوە ووتی ئەوەی لێرە لە گەلەکەی تۆ دەیبینم پێچەوانەی ھەموو خەڵکی دنیایە ، ئێمەش ئەم وەڵامەمان زۆرلا سەیر بوو ، ووتم بۆچی ؟ ئەو شتە جیە کە گەلەکەی منی کردوە بەسەیر..؟؟ ووتی لەھەموو جیھاندا حیزب ڕادەکات بەدوای خەڵکدا ، بەڵام لێرە خەڵک ڕادەکا بەدوای حیزبدا . لێرەدا مەبەست ئەوەبوو مرۆڤی ئێمە ووزەی فکری خۆی بۆ سەلماندنی کەسایەتی خۆی نیە لە ھەڵبژاردنەکاندا ، بیر لەوە ناکاتەوە لەئەنجامی ئەو دەنگەی ئەو سبەینێ کێ دەکاتە زوحاک و کێ دەکاتە پێشرەو جوامێر ھەر بۆیە زۆر گرنگە لەمەودوا بەسە باچیتر نەبینە نوکتە بۆ ڕۆژنامەکانی جیھان با بەرنامە ‌و کار و ئامانجی حیزبەکان ھەڵبژێرین نەک ڕەنگ و لۆگۆ و پەڕۆ.
 


Bebesh_62@hotmail.se

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک