په‌یامی پارتی ئازادیی کوردستان به بۆنه‌ی رۆژی جیهانی کرێکاره‌وه.
کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی ئازادیی کوردستان به ناوی هه‌موو خه‌باتگێڕانی ریزه‌کانییه‌وه، به بۆنه‌ی یه‌که‌می مانگی مای، رۆژی جیهانی کرێکار، گه‌رمترین پیرۆزبایی پێشکه‌شی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان به‌تایبه‌تی و کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی ناوچه‌که و جیهان به گشتی ده‌کا و ئاواتی گه‌یشتن به‌هه‌موو مافه ره‌وا ئابوری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان بۆ ده‌خوازێ.
رۆژی جیهانی کرێکار ئه‌مجاره‌یش له هه‌لوو مه‌رجێکدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه که، سه‌ره‌ڕای په‌ره‌گرتنی ره‌وتی به جیهانیی بوون و به‌سترانه‌وه‌ی دنیا به یه‌کتر، جیاوازیی ئاستی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی وڵاتان و دانیشتوانیان؛ خه‌م و خه‌ونه‌کان، ئازار و ئاره‌زووه‌کان، ویست و داخوازه‌کان و ئه‌رک و به‌رنامه‌کانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی هه‌ر وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌کی، هه‌روا جیاواز و تایبه‌تمه‌ند هێشتووه‌ته‌وه: له کاتێکدا کرێکارانی وڵاتانی پێشکه‌وتوو، قۆناخی دیمۆکراتییان بڕێوه و بارودۆخی ژیان و کاریان رۆژ به رۆژ روو له باشتر بوونه و بۆ هه‌رچی باشترکردنی ژیان و هه‌لومه‌رجی کاریان تێده‌کۆشن، کرێکاران له وڵاتانی دوواکه‌وتوو و بنده‌ست و به‌رفه‌رمانی دیکتاتۆران نه‌ک تا گه‌یشتن به‌و قۆناخه مه‌ودایه‌کی دوور و درێژیان له‌به‌ره، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت له ئازادیی ده‌ربڕینی ویست و ئاره‌زووه‌کانیشیان بێبه‌شن و هه‌ر جۆره ده‌نگهه‌ڵبڕینێکیان به زیندان و ئه‌شکه‌نجه و ئێعدام وه‌ڵام ده‌درێته‌وه؛ خۆ ئه‌گه‌ر کرێکاری نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێده‌وڵه‌تی وه‌کوو کوردیش بن، ئه‌وه هه‌موو مه‌ینه‌ت و نه‌هامه‌تییه‌کانی رۆژگاریان یه‌کجێ له سه‌ر باره. کرێکارانی کورد وه‌ک هه‌موو دانیشتوانی کوردستان به‌ده‌ست ئازاره‌کانی سه‌رچاوه گرتوو له داگیرکرانی وڵات و زه‌وتکرانی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی سیاسییه‌وه ده‌ناڵێنن و دزین و به تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی نه‌ته‌وه‌یی کورد له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه به‌سه‌ر شانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانیشه‌وه قورسایی ده‌کا. سه‌روه‌ت و سامانێ که ئه‌گه‌ر بۆ خاوه‌نانی راسته‌قینه‌یان؛ رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد بگه‌ڕێته‌وه، ده‌توانێ ببێته بنه‌ما و بناخه‌ی ئابوورییه‌کی پێشکه‌وتووی نه‌ته‌وه‌یی و دابینکردنی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌خته‌وه‌ریی هه‌موو کوردستانییه‌کان. له‌م رووه‌وه ئه‌رکی رزگاریی له بنده‌ستی داگیرکه‌ران و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد و یه‌کسان، کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و باقی چین و توێژه‌کانی کوردستان له یه‌ک سه‌نگه‌ری هاوبه‌ش و له ژێر یه‌ک ئاڵادا، یه‌کگرتوووانه و دژ به یه‌ک دوژمن کۆده‌کاته‌وه که ئه‌ویش سه‌نگه‌ری کوردایه‌تی و مه‌ته‌رێزی نه‌ته‌وه و ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ئامانجی سه‌روه‌ریی سیاسییه له به‌رانبه‌ر داگیرکه‌راندا.
بۆیه، رۆژی جیهانی کرێکار له کوردستان، رۆژی هه‌موو رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورده و بۆنه‌یه‌که بۆ ده‌ربڕینی ویست و داخوازه‌کانی کوردان بۆ رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی و ئازادیی و ده‌ربڕینی بێزاری له حوکم و ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری و داگیرکه‌ریی. بۆنه‌ێکه که تێیدا، کرێکاران، زه‌حمه‌تکێشان، کاسبکاران، ژنان، مامۆستایان، مووچه‌خۆران، لاوان و خویندکاران بۆ ره‌تکردنه‌وه‌ی داگیرکه‌ری و دیکتاتۆری، بۆ گه‌یشتن به ئازادیی و سه‌ربه‌ستی و وه‌ده‌ستهێنانی هه‌موو ماف و ئازادییه دیمۆکراتییه‌کانیان ده‌نگ و ئیراده‌یان یه‌کده‌خه‌ن.
رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌م رۆژه‌دا، لانی که‌می چاوه‌ڕوانییان له کرێکارانی وڵاتانی پێشکه‌وتوو و یه‌کێتییه‌کان و سه‌ندیکا کرێکارییه‌کان ئه‌وه‌یه که له خه‌بات بۆ ئازادیی، پشتگیری‌یان لێبکه‌ن و به‌ربینگی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یان بگرن که بایه‌خه ئینسانییه‌کانیان له‌گه‌ڵ قازانجه ئابوورییه‌کان گۆڕیوه‌ته‌وه و چاوپۆشی‌یان له پێشێل‌کرانی مافه‌کانی مرۆڤ و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی کۆڵۆنی کراوی 40 ملوێنی و تێرۆر و هه‌ڵواسینی رێبه‌رانیان و پاڵپشتی رێژیمه دیکتاتۆره سه‌ره‌ڕۆکانی حاکم به سه‌ر کوردستاندا کردووه.
کرێکارانی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌کانی ناوچه‌که: فارس، عه‌ره‌ب و ترک که خه‌بات له پێناو ئازادیی و دیمۆکراسی و مافه ئابوورییه‌کان، پردی پێوه‌ندییانه له‌گه‌ڵ کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان، ده‌بێ له‌م رۆژه‌دا وێڕای هێنانه گۆڕێی داخوازه ره‌واکانی خۆیان، سیاسه‌تی شۆڤینیستی ده‌وڵه‌ته‌کانیان ده‌رهه‌ق به کوردان مه‌حکوم بکه‌ن و له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ ئازادیی و مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی سیاسی، پشتیوانیی بکه‌ن. کرێکارانی کوردستان ته‌نیا به‌مجۆره ده‌توانن، له هه‌ست و هه‌ڵوێستی " هاوپشتی" و " هاوپێوه‌ندی" کرێکارانی جیهان و ناوچه‌که و ئه‌و وڵاتانه‌ی هه‌رکام پارچه‌یه‌ک له کوردستانیان پێوه لکێندراوه، دڵخۆش و دڵنیا بن و یه‌که‌می مانگی مای به رۆژی " هاوپشتی" و " هاوپێوه‌ندیی" کرێکاران دابنێن.
کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی ئازادیی کوردستان 13/ گوڵانی/ 2708 1/ مای/ 2008
|