په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٣\٢٠١١

پەیامى رۆژى جیهانیی شانۆ بۆ ساڵى ٢٠١١:

شانۆ خزمەتکاریى مرۆڤایەتییە.

                                                                                                           

    جیسیکا کاهوا                                                                                                            لە عەرەبییەوە: کاردۆ
 

کۆبوونەوەى ئەمڕۆ رەنگدانەوەیەکى راستەقینەى توانا گەورەکانى شانۆیە بۆ پڕکردنەوەى کۆمەڵگە و نەهێشتنى کەلێنەکانى. کەس ئەزانێت لە چ ساتەوەختێکدا دەکرێت شانۆ ببێتە ئامرازێکى بە هێز لە پێناو ئاشتى و پێکەوەژیاندا؟


لە کاتێکدا وڵاتانێک پڕەپارەیەکى زۆر لە نێردەکانى ئاشتى پارێزدا خەرج دەکەن بۆ ئەو ناوچانەى کە لە جیهاندا ململانێى توندیان تێدایە ، بایەخى کەم بەوە دەدرێت کە شانۆ وەک ئەڵتەرناتیڤێکى بەتوانا تەماشابکرێت لە پێناو گۆڕینى ململانێکاندا . ئاخۆ دانیشتوانى سەر رووى زەوى چۆن ئەتوانن ئاشتى جیهانى بەدیبهێنن لەکاتێکدا وەک دیارە ئامرازە کانى ئەم ئامانجە هاوردەى هێزگەلێکى دەرەکى بن؟


شانۆ بەو بێگەردییەى دەبێتە مایەى دڵنیاکردنەوەى دەروونى مرۆڤایەتى کە لە ژێر رکێفى ترس و گوماندایە، ئەویش لە میانەى گۆڕینى وێنەى خود و واڵاکردنى جیهانى ئەڵتەرناتیڤەکان لە پێناو تاک و کۆمەڵگەدا بەجۆرێک شانۆ دەتوانێت واتایەک بە ژیانى رۆژانە ببەخشێت و هاوکات تەمومژى ئایندە لادەبات..هەروەها شانۆ لە توانایدایە بە شێوەیەکى راستەو خۆ و سادە بەشداربێت لە ژیانى سیاسى گەلانى جیهاندا هەر بەو پێیەى گشتگیرە دەتوانێت شارەزاییەکى ئەوتۆ بخاتە روو کە توانى تێپەڕاندنى تێگەیشتنە هەڵەکانى هەبێت کە رۆژگارێکە چەسپیون. وێڕاى ئەمەیش شانۆ رێگایەکى سەرکەوتووە بۆ جوڵاندنەوەى بیرکردنەوە دەستەجەمعییەکانمان ، کە لە پێناویاندا هەرکاتێک پێشێل بکرێن ئامادەین بجەگین.


بۆ پێشبینیکردنى ئایندەیەکى ئاشتیانە ، دەبێت دەستبکەین بە بەکارهێنانى ئامرازەکانى ئاشتى کە کۆشش دەکەن لە پێناو لێ تێگەیشتن و دان پیدانان بە بەشدارییەکانى تەواوى مرۆڤەکان لە پێناو بەرقەرارکردنى ئاشتیدا . شانۆ ئەو زمانە جیهانییەیە کە دەتوانین لە میانیەوە پەیامى ئاشتى و لێبوردەیى بگەیەنین لە رێى ئاوێتەکردنى بەشداربووەکان لەگەڵ چالاکییەکانی دا دەتوانین لە شانۆیەکدا کە قاڵبووەوتەوە لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو تێگەیشتنانەى پێشتر ئاڵۆزکرابوون شتى زۆر بەدەست بهێنین، بەم جۆرە شانۆ دەرەفتى ژیانەوە بە تاک دەبەخشێت لە پێناو بڕیاردان لەسەر بنەماى وشیاریى و دۆزینەوەى حەقیقەتدا.
بۆ ئەوەى شانۆ بگەشێتەوە ، لە نێوان شێوازگەلێکى هونەریدا ، پێویستە هەنگاوێکى بوێرانە بنێین بۆ ئەوەى بیخزێنینە نێو ژیانى رۆژانەدا ، و کار لەسەر پرسە گەرمەکانى ململانێکان بکەین لە پێناوى ئاشتى دا.


بە مەبەستى گۆڕانکاریى کۆمەڵایەتى و ئەنجامدانى چاکسازیى لە کۆمەڵگەکاندا، درووست شانۆ لەو شوێنانەدا دەرکەوتووە کە بەهۆى جەنگەکانەوە لەبەر یەک هەڵوەشاونەتەوە هەروەها لە نێوان کۆمەڵگەیەک کە دانیشتوانەکەى گرفتارى هەژاریى و نەخۆشى درێژخایەنن.


شانۆ چیرۆکى سەرکەوتووى هەیە کە ژمارەیان لە هەڵکشاندایە ، توانیویەتى جەماوەر کۆبکاتەوە بۆ بنیادنانى وشیاریى و یارمەتیدانى قوربانیانى شۆکى دەروونى پاش جەنگەکان .


سەکۆ رۆشنفکرییەکانى وەک (دەستەى جیهانى شانۆ) کە ئامانجیان تۆکمەکردنى ئاشتى و هاوڕێیتى نێوان گەلانە ، لەژیانى شانۆییدا کاران. بۆیە جێى سەرسوڕمانە لەم رۆژگارەدا پەناببەینە بەر بێدەنگى ، لەکاتێکدا بە دەسەڵاتى شانۆ ئاشناین ، و کەچى رێگە بە بەکارهێنەرانى تفەنگ و بۆمبهاوێژەکان ئەدەین لەم جیهانەماندا ببن بە ئاشتى پارێز . ئامڕازەکانى نامۆبوون چۆن دەتوانن وەک ئامرازگەلێکى ئاشتى و ئاشتبوونەوە بوونى خۆیان زیاتر بسەلمێنن ؟


من لەم رۆژە جیهانییەى شانۆدا هانتان ئەدەم بیر لەم ئەگەرە بکەنەوە ، و شانۆ لە پێشەوە دابنێن وەک ئامرازێکى جیهانى بۆ گفتوگۆکردن و گۆڕانکاریى کۆمەڵایەتى و چاکسازیى.


لەکاتێکدا دەستەى نەتەوەیەکگرتووەکان لەئاستى جیهاندا بڕەپارەى زۆر خەرجدەکات لە نێردەکانى پاراستنى ئاشتى لە رێى بەکارهێنانى چەکەوە ،ئەوا شانۆ شێوازێکى مرۆڤایەتى و خۆڕسکە و خەرجییەکەشى کەمترە ، هەرچۆنێکیش بێت بەهێزترین ئەڵتەرناتیڤە.


رەنگە شانۆ تەنها رێگایەک نەبێت بۆ بەرقەرارکردنى ئاشتى ،بەڵام بێگومان پێویستە بکرێتە ئامرازێکى کاراى نێردەکانى ئاشتى پارێز لەم جیهانەماندا.
________________________________
* جیسیکا کاهوا - ئۆگه‌ندا
هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرایە لە زانستە شانۆییەکاندا - نووسەر و ئەکتەرێکى شانۆییە و و مامۆستاى موزیک وسەما و درامایە لە زانکۆى ماکیریرى لە ئۆگەندا.
زیاتر لە 15 شانۆنامەى نووسیوە و وەک دەرهێنەرێکیش کارى لە (شا لیر) شەیکسپیرو (دایکە ئازاکەى) برێخت کردووە.
بەرگریکارێکى بەهێزە لە مافەکانى مرۆڤ و دادپەروەریى و بوژانەوەدا ، لە رێى شانۆوە چەندین دەستپێشخەریى نیشتمانى و نێودەوڵەتى هەبووە لە پێناو ئاشتى و گەشەسەندنى مرۆڤایەتیدا.
لە (الهیئە العربیە للمسرح)ــەوە.

ماڵپه‌ڕی کاردۆ

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک