په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٧\٢٠١٠

     پەیکەری ئازادی و رەنگە جوانەکانی ژیان.

ناڵە حەسەن

من پەیکەرەکەی سەردەشت
لە نیو دلما هەڵدەکۆڵم
گەر دڵمیان خەڵتانی خوێن کرد
پەیکەرەکە لە نێو چاوەکانم دەپارێزم
گەر چاوەکانمیان دەرهێنا
پەیکەرەکە لە نێو هەناسەم دادەنێم
گەر هەناسەیان لەبەربڕیم
پەیکەرەکە دەگوازمەوە نێو خەیاڵم
گەر خەیاڵەکانمیان سەربڕی
پەیکەرەکە دەبەمە نێو خەونەکانم
گەر خەونەکانمیان خنکاند
پەیکەرەکە دەبەمە نێو با
گەر بایان کوشت
پەیکەرەکە دەبەمە نێو ئاو
گەر ئاویشیان کوشت
پەیکەرەکە دەبەمە نێو درەخت
گەر درەختەکانیان بڕیەوە
پەیکەرەکە دەبەمە نێو هەور
گەر هەوریان تیرۆر کرد
پەیکەرەکە دەبەمە نێو خۆرەتاو
گەر جەستەی خۆرەتاویشیان
بە خوێن سوور کرد
شوێنێکی تر
تا ئەو دەمەی جەللادەکان
لەبەردەم پەیکەری ئازادی
چۆک دادەدەن
تەور و شمشێر و تفەنگەکانیان
فڕێ دەدەن
ئەوسا
پەیکەرەکە دەهێنمەوە نێو دڵم
یەکێکی تر بۆ نێو خەیاڵەکانم
یەکێکی تر بۆ نێو خەونەکانم
یەکێکی تر بۆ نێو با
یەکێکی تر بۆ نێو ئاو
یەکێکی تر بۆ نێو درەخت
یەکێکی تر بۆ نێو هەور
یەکێکی تر بۆ نێو خۆرەتاو
لە هەر هەموو شوێنەکان دا
تا ژیان ڕەنگی پەیکەری ئازادی دەگرێ
پەیکەری ئازادیش ڕەنگە جوانەکانی ژیان.

سەرەتای جولای ٢٠١٠
ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن