په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٠\٢٠١٢

پڕۆژە یاسای ''پاراستنی پیرۆزییە دینییەکان''

سەرەنجامی سەرکزیی رۆشنبیران و تاکڕەویی دەسەڵاتە.*

دارا ئەحمەد       

 

کە دین بوونی هەیە، بێ گومان پێویستە بە پیرۆزی بزانن! چونکە خودی پیرۆزیی واتە جوان و چاک پیشاندانی تشتەک لە بەرانبەر خەڵکەک کە ئەو تشتەیان پێ جوان و چاک نییە تا بەو پیرۆزییە چاوبەست و سەرکوتیان بکەن، کەواتە پیرۆزیی و پیرۆزییکردن رێک بە بەژنوباڵای دین و تشتگەلەکی سەپێنەری وەک دین درووایە و زۆر لە یەکدی دەوەشێنەوە، کورتێ و کەژێ لێک دەهەژێ! ئەگەر نا ئەوە دین لەنێو دەچی و پیرۆزییش پێگەیەکی فرە گرنگی خۆی لەدەست دەدا و هەرگیز نەیدەتوانی ببیتە داردەستی دەسەڵات.

پێغەمبەر نازدار و پیرۆزە! ئەگەر بە پیرۆزیی پیشان نەدرێ و رێگەی رەخنەلێگرتنی دانەخرێ، ئەدی بە چ شێوازەک بتواندرێ (خراپەکارییەکانی سەردەمی دەسەڵاتەکەی و خۆپەرستییەکانی خودی خۆی بە گشتیی و بە تایبەتییش لە مەسەلەی ژن و داگیرکردنی موڵکی نەیارەکانی و کوشتنی خەڵکی بێ وەی) بشاردرێنەوە و بڤە بکرێن و تاوێرەکیان لەسەر دابندرێ

قورئان پیرۆزترین پەرتووکی سەر رووی زەمینە! ئەگەر پیرۆزیی سەپێنەر نەبی چ هێزەک هەیە بتوانی ئەو حەمکە چیڕۆکە ئەفسانەییانەی نێو قورئان بە بەڵگەی مێژوویی ناوزەد بکا و ئەو حەمکە قسە نازانستییانە بە زانست پێناسە بکا و ئەو حەمکە ئایەت و سورەتانە کە لە پێناو دەسەڵاتی محەمەد و ژنخوازییەکانی و دژ بە نەیارەکانی هۆنرانەتەوە بە راست و دروست و (حیکمەت!) و فریادڕەس بزاندرێن!؟

(ئەو تشتەی بە خودا ناوزەد دەکرێ!) کە خۆی بوونی نییە و هەر لە سەرەتاوە بە ترساندن و بە تۆبزیی لە مێشکی خەڵک پەسترایە، لە هەموو تشتەک پتر پێویستی بەوە هەیە بە پیرۆزکردن پاڵپشتیی لێ بکرێ و بە یاسایەکی سەرکوتگەر بپارێزرێ، ئەگەر نا ئەوە زانست لەمێژە نەبوونی سەلماندییە و مرۆڤە مێشک کراوەکان زۆر بە ئاسانیی لە مێشکی مرۆڤە داخرایەکانی دەردەکەن.

بە پێی هزری دین خودایەک کە مرۆڤی ئافەریدە کردییە، ناکرێ مرۆڤ قسەی لەسەر بکا.. یاسای سەرکوتگەریشی دانایە تا خۆی پێ لە هەر مرۆڤەک بپارێزی کە قسەی لەسەر دەکا.. ئەو یاسایەش سزادانە بە لەنێوبردنیان لە لایەن بڕوادارەکانی، لەبەرئەوە بە پێی باوەڕی ئیسلامییەکانی کوردستان یان ئی هەر جێیەک پێویستە یاسایەک هەبی درێژکراوەی (شەریعەت) واتە یاسایەکانی نێو (قورئان و فەرموودە)کان بی و دین و پێغەمبەر و قورئان و خودایەکەیان لە کافرەکان پێ بپارێزن، بە بێ گومان هەر بەو جۆرەش دەتوانن درێژە بە باوەڕەکەی خۆیان بدەن دەنا کافرەکان لەسەریان دەکەنە تەپوتۆز و هەر دەگەڵ بای تەپوتۆزەکەش رایاندەماڵن، هیچ لارییم لەوە نییە ئەوە سیاسەتی راست و دروست و پێویستی ئیسلامە، هەر کەسەکیش دەیەوێ خەڵک بەوە هەڵبخەڵتێنی کە با فێڵ لە ئیسلامییەکان و موسلمانەکان بکەین و نەرمە نەرمە بە تاکتیک پێیان ببێژین (خودا و پێغەمبەر و قورئان و دین) فرە فرە لە مرۆڤ گەورەتر و دەسەڵاتدارترن و پێویستیان بە یاسای کەس نییە تا بیانپارێزن! هەروا ببێژین هەر کەسەک دینداریی و خواپەرستیی دەکا پێویستە تەنیا لە نێوان خۆی و خودای خۆی بیکا و تێکەڵ بە کایە جڤاکییەکانی نەکا! ئەوە ئەو کەسە یان دەیەوێ بەو چەمکە خۆگونجێنەرەی پێگەیەکی جەماوەریی و جڤاکیی و وەدەستخستنی پۆست لە نێوان دینداران و بێ دینان مسۆگەر بکا.. یان نائاگایانە لە نێو زەلکاوی نەزانین رووچووە.

ئاخەر موسلمانان زۆر پێشی ئەو کەسانە کە گوایە خۆ بە لایەنی ئازادییخوازان دادەنێن سیاسەتیان کردییە و لەوانیش شارەزاترن چونکە هەر دینەک بە سیاسەت دەستیپێکردییە و بە سیاسەتیش جێگیر بووە و شەڕ و شیر و تیر وەشاندن و توندوتیژییەکانیشان هەر درێژکراوەی سیاسەتەکەیانە.. هەر موسلمانەک تێکڕای گیان و ژیانی سیاسەتە تەنانەت لە گچکەترین و سادەترین پەیوەندیشی دەگەڵ مرۆڤەکانی دەوروبەری بە (سەلامون عەلەیک) دەستپێدەکا و دەستبەرداری سەپاندنی سیاسەتەکەی خۆی نابی.

ئیسلام هەمووی هەر یەکە.. ئیسلام هەمووی ئیسلامی سیاسییە و جۆری دیکەی نییە.. وەلی هەیانە بە نەرمڕەویی لە نێو سەرتاپای کۆمەڵ کاری خۆیان دەکەن و هەشیانە بە توندڕەویی دیسان هەر لە نێو سەرتاپای کۆمەڵ و بە بێ رێکخروابوونی سەردەم بەڵکە بە رێکخراوبوونیان لە چارچیوەی دینی ئیسلام بە گشتیی کاری خۆیان دەکەن.. هەروا هەیانە بە نەرمڕەویی یان بە توندڕەویی لە چارچیوەی دینی ئیسلام و هاوکات لە چارچیوەی رێکخراوبوونی سەردەم رێکخراون و کاری خۆیان دەکەن.. بە کورتییەکەی هەر هەموویان سیاسەت دەکەن و تەنانەت ئەوانەی لە هەمووشیان نەرمڕەوترن و لە هیچ رێکخرابوونەکی سیاسیی ئیسلامیش کار ناکەن رۆژانە سەرکوتی بیروباوەڕی بێ دینان و تەنانەت دینەکانی دیکەش دەکەن و لە هەردوو رووی دەروونی و جەستەیی ئازار و ئەشکەنجەیان دەدەن و ئەگەر بتوانن هەموو دابونەریت و سرووتەکی خۆیان وەسەر بەرانبەرانبەرەکەیان دەسەپێنن و ئامادەش نین رێگە بدەن بەرانبەرەکەیان بە پێی باوەڕی خۆیان هەلسوکەوت بکەن، زۆر بە ئاسانیی بە دەیان جوونی وەک (بێ باوەڕ، گومڕا و سەرلێشێوا، بێ شەرەف و بێ ئەخلاق، فیسق و فەساد و فەڕمەسۆن، بێ غیرەت و ترسنۆک و نامەرد، لووسکە و قوندەر و عفریت و قەحپە و... هتد)یان پێ دەدەن، توندڕەوەکانیشیان وەک ئاشکرایە تیرۆری خەڵک دەکەن و ژنان ئەتک دەکەن و دەیانکوژن.. ئەگەر دەسەڵاتیش وەدەست بگرن و بتوانن وەک ئەوەی خۆیان دەیانەوێ بیکەن ئەوە لە نموونەی (قاعیدە) و ئیسلامییەکانی ئەفغانستان و ئێران و سعودیە و سودان و یەمەن و جەزائیر و جێیەکانی دیکە باشتر نابن ئەگەر خراپتریش نەبن.

لەبەر ئەوە ئەگەر رۆشنبیران و ئازادییخوازانی کوردستان نەتوانن بە بێ ترس و بە شێوەیەکی راشکاوانە خۆیان دەرببڕن و نەتوانن بە یاسا و دەستوور ئامانجی توندڕەوانەی رێکخرابوونی سەردەمیانەی موسڵمانە توندڕەو و میانڕەوەکان کە سەرکوتگەرییە پووچەڵ بکەنەوە.. ئەگەر نەتوانن توندوتیژییەکانی رۆژانەی موسڵمانە ناڕێکخراوەکان رابگرن.. ئەگەر هەر وەک دەستەبژێرە رۆشنبیرەکان و بیرمەندە بە ناو پێشکەوتنخواز و سکۆلارەکانی جیهانی عەرەبیی هەر بە هومێدی ئەوە بین کە نەرمە نەرمە و هووردە هووردە موسڵمانەکان خۆیان هۆشیار دەبنەوە و ئیدی هەڵسوکەت و سرووتە دینەکانیان بەسەر کەسدا ناسەپێنن و دینداریی و خوداپەرستییەکەیان تەنیا لە نێوان خۆیان و خودای خۆیان دەبی.. ئەگەر دەسەڵاتی کوردستانیش هەر ئەوها تاکڕەو و گەندەڵ بی؛ ئەوە خەڵکی کوردستان رووبەڕووی نەهامەتییەکی فرە فرە مەزن دەبنەوە.. چونکە ئەو کات ئیسلامییەکان دەتوانن دەرفەتی سیاستکردنەکی توندڕەوانەتر بقۆزنەوە کە نەک هەر دەتوانن تێیدا بە ئاسانیی یاسای (پاراستنی پیرۆزییە دینییەکان) بسەپێنن بەڵکە دەتوانن چەندین یاسای توندتر و مەترسیدارتریش دژ بە ئازادیی دەربڕین و تێکڕای ئازادییەکانی دیکە بسەپێنن و سەرەنجام وڵات لە نێو توندوتیژیی و شەڕ و کۆنەپەرستیی نقوم بکەن.
______________________________________________________
* دەکرێ ئەو بابەتە بەرسڤەک بی بە (مەریوان وریا قانع) کە لە بابەتەکیدا بە ناوی (یاسای پاراستنی پیرۆزییەکان کێ دەپارێزێت؟) لە پاش ئەو هەموو سەرکوت و شەڕ و تیرۆر و ژن ئەتککردن و ژنکوشتن و توندوتیژییانەی کە لە لایەن دینی ئیسلام بە درێژایی مێژووەکەی لە لایەن موسلمانانەوە دژ بە ئازادییخوازان و دینە لاوازەکانی نێو کۆمەڵی کوردستان ئەنجام درایە و میللەتەکەمانی لە نێو نەزانین و دواکەوتن و پاشدامایی و داگیرکاریی تاواندیتەوە.. بە شێوەیەکی فرە ئەندێشەییانە دەبێژی: ''دین لای خەڵکی ئاسایی کوردستان ڕووکردنە خودایەکە بۆ یارمەتی، بۆ بەدەمەوچوون و کۆمەک، بۆ ھەستکردن بە پێگە و پەنایەکی بەھێز کە ئینسان لە ھەستکردن بە تەنھایی و لاوازی و نەھامەتییەکان دەپارێزێت. وات دین ھێزێکە بۆ کۆمەککردنی ئینسان بۆئەوەی بتوانێت بەسەر زەحمەتیەکانی ژیاندا سەربکەوێت. ئەم تێگەیشتنە بۆ دین وایکردوە ئەو دینەی لای خەڵک ئامادەبێت، دینێکبێت بەشێکی زۆری پەیوەندی بە ھاریکاری کۆمەڵایەتی و مشورخواردنی یەکتری و پاراستنی ڕۆحیەتی پێکەوەبوونێکی کۆمەڵایەتی ھێمن و ئارام بێت.''، بێ ئاگا لەوەی کە دینی ئیسلامیش وەک هەر دینەکی دیکە هەردەم ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی بووە و هەر کاتەک توانیبی ئەوە دەستبژێرە دینییە توندڕەوەکەی بە پێی سەردەم کەلێنەک وەردەگری و خۆی نوو دەکاتەوە وەک ئەوەی کە لە ئەنجامی سیاسەتی نەرمەنەرمەی کاک مەریوان و بەکاربردنی دین لە لایەن دەسەڵاتی سیاسیی کوردستانەوە مەلا بەشیر و هاوکارانی بە پشتبەستن بە (دیندارانی خەڵکی ئاسایی کوردستان!!!) دەرفەتیان وەرگرتییە و سەری خۆیان قیت کردیتەوە. هەروا دەکرێ بەرسڤەکیش بی بەرانبەر کەسانی لە بابەتی فارووق رەفیق کە بانگەشەی ئەوە دەکەن بە گەڕانەوە و پەیوەستبوون بە رەسەن و (رووحیەت)ی دینیی دەتوانن کۆمەڵی مەدەنی و شارستانیی دابمەزرێنن کە لە راستییدا دەیانەوێ بەو جۆرە فەلسەفاندنەیان بە شێوازەکی دیکە وەک دەسەڵات لە بەکارهینانی دین درێژە بە گەمەکە بدەن.
 

١٢\١٠\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی دارا ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک