١\٥\٢٠١٤
پرۆسەی هەڵبژاردن:
هیوای
گۆڕانکاریی لە سایەی درۆی بەرپرسان و نائومێدیی و راستییە
تاڵەکاندا.
شاخەوان شۆڕش
٣٠ ی ئەپریلی ٢٠١٤ رۆژی دەنگدانە و لە کوردستان و ئێراقدا خەڵک دەنگ
دەدەن. لەباری ئێستادا ئەگەر گۆڕنکاریەکان بە خێرایی کیسەڵیش بڕۆن،
بەشداریکردن لە پرۆسەکەدا باشترە لە بەشداری نەکردنی. بەڵام
بالەوەگەڕێین و چاوێ بە فاکت و راستیەکاندا بخشێنییەوە.
باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ یەکەوە لە چنگی یەکێتی و پارتی دایە،
تائێستا ئەو بەشەی کوردستان لەنێوان ئەو دوو هێزەدا پاوانکراوەتە سەر
ناوچەی سەوز و زەرد. بەرپرسە باڵاکان هایلایڤ دەژین، هەریەکەی خاوەنی
چەندین ڤێلا، کێڵگەی زەبەلاح، هۆتێل، کارگە و نەخۆشخانە و پرۆژەی
گەورەگەورە و چیو چین. گەندەڵی و جوداکاری و قۆرغکردن قورگی کۆمەڵگەی
گرتووە. کۆمەڵگە و مرۆڤەکانی بە شێوەومیتۆدی جۆراوجۆر گەمارۆدراون و
کڕدراون، دیارە بە پارەی خەڵک خۆیان.
وڵاتانی داگیرکەر راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەستیان لەکاروباری ناو
کوردستاندا هەیە، جگەلە کۆمپانیا بچووکەکان تورکیا کاریگەری مەترسیداری
بەسەر سامانی سروشتی کوردستانەوە پەیداکردووە و گفتوگۆ لەسەر ناردنی
نەوت بۆ دەرەوە لەگەڵ بەغدا راستەوخۆ دەکات. تورک خۆیان هاتوون و بەپێی
بەرژەوەندیەکانیان خوێندگە و زانکۆی تورکیان لە چەندین شوێن لە
کوردستاندا کردۆتەوە. رێژەی عەرەب لە شارەکان مەترسیدارانە زیادیکردووە
و موڵک دەکڕن و لەژێرناوی خەڵکی دیکەدا خانووی بەزر و پڕۆژەی جۆراوجۆر
دروست دەکەن.
دادگا لەماوی ٢٣ ساڵدا نەیتوانیووە تەنها یەک بەرپرسی باڵای تاوانبار و
گەندەڵی پارتی و یەکێتی بداتە دادگا، دادگا تەنها بەخەڵکی بێپشتووپەنا
و هەژار وەستاوە و دەوەستێت، زۆرجار مافی ئەو خەڵکە بێپشتیوانە پێشێل
دەکرێت. جگەلەوەی دامەزراوی وەکو ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی پارتگەرا و
چارەسەری عەشایەری کاریگەری دیاریان بەسەر کۆمەڵگەدا هەیە، بەجۆرێک کە
گەیشتن بە دادوەری ئیفلیج کردووە و وایکردووە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ
بەتایبەتی دەستدرێژی و تاوان دژ بە ژنان زێتر و زێتر بن.
لەهەموو ئەو ساڵەدا نەتونرا دەستورێکی مۆدێرن بۆ کوردستان دابڕێژڕێت،
کوردستان هەنگاوی دیموکراتیزەکردن بنێت و پارتەکان چەک بکرێن،
میلیتسگەرایی نەهێڵدرێت، خەڵک لەژێرچنگی بنەماڵە و حزب بهێندرێتەدەر و
لە بڕیار و هەنگاوەکانیان ئازاد بن، پەرلەمان ببێتەخاوەن دەسەڵاتی
یەکەم، دادگا سەربەخۆ بکرێت، دەسەڵاتی جێبەجێکردن بخرێتە ژێر چاودێری
پەرلەمان و هەنگاوەکانی تاکڕەوانە نەنێت، دڵنیایی داد لە کۆمەڵگەدا
جێگیربکرێت و مسۆگەری پاراستنی ژیان و ئاسایشی خەلک بەشیوەیەکی
مۆدێرنانە بکرێت. ئەوانە هیچی نەکران. لەهەموو ئەو ساڵەدا نەتواندرا
دەسەڵاتێکی نیشتیمانی یەکگرتوو دروستبکرێت، لەناوچەی سەوز بنەماڵە و
پارتی سەوز دەسەڵاتداربووە و لە ناوچەی زەرد بنەماڵە و پارتی زەرد
دەسەڵاتداربووە.
هەڵبژاردنی پێشوو گۆڕانێکی لە ناوچەی سەوز و لەبەرەی سەوزدا دروستکرد،
هەروەکو بزوتنەوەی گۆڕان لە سکی یەکێتی هاتۆتەدەر و قەیرانەکەش لەوێ
خەستبۆتەوە. بزوتنەوەی گۆڕان کە بانگاشەی گۆڕانی دەکرد و دەسەڵاتی بە
دز و گەندەڵ ناودەبرد، ئێستا خۆی خەریکە لەگەڵ دەسەڵاتە دز و گەندەلەکە
حکومەت پێکدەهێنێت! گۆڕان پێیوایە وەزیرەکانی ئەو لەوانەی یەکێتی
لەناوچەی زەرد و بنەماڵەی بارزانیدا دەستیان زیاتر دەڕوا و دەتوانن
گۆڕان بکەن. بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا ئەویش لەجۆرێک قەیراندایە، چونکە
واپێدەچێ بەشێکی لایەنگرانیان باوەریان بە بەشداری گۆڕان لەدەسەڵاتدا
نییە.
سەبارەت بە ئێراق و سیستەمی بەناو فیدرالی. تالەبانی و بارزانی دژی
گشتپرسی لەسەر مافی چارەنوس وەستان و پشتیان لە گەل کرد و چوونە بەغدا،
گوتیان "هەمیشە ئێراقی بووین و ئێراقی هیواوئاشتی دروستدەکەینەوە"!
کەچی کێشەبنچینەییەکانی وەکو سنور، سامانی سروستی، ئاسایش، بەرگری و
دەرەوە بێچارەسەرمانەوە، بارودۆخەکان خراپتر بوون و بەرەوئاڵۆزتر دەچن.
ماددەی ١٤٠ وەکو بڕیارێکی مردووی لێهاتووە و کێشە و چارەنوسی کەرکوک
نادیارە. لە کەرکوکدا هەرگیز پارتی و یەکێتی نەیانتوانی یەکگرن و
هەریەکەی بەپێی بەرژەوەندی پارتەکەی هەنگاوی ناوە. ئێستا لە کەرکوکدا
کورد یەک لیستیش نییە. دەسەڵاتدارانی کورد لە بەغدا هەریەکە و بەدوای
بەرژەوەندی پارتەکەیەوە بووە. ناکۆکی نێوان مالکی و بارزانی بەشێوەیەکی
سەرەکی لەسەر پارە و نەوت بووە. سیستەمی فیدرالی هەرگیز نەبووە
سیستەمیکی تەواوی فیدرالی. ئێستا هەندی لە نوێنەری پارتەکان دەڵێن "ئەوە
فەشەلی هێنا و دەبێ سیستەمی کۆنفیدرالی داوابکرێت!؟" تێگەیشتنیان لە
سیستەمە فیدرالیەکەدا هەژاربوو، واپێدەچی تێگەیشتنیان لە سیستەمە
کۆنفیدرالیەکە هەژارتریشە. دەبێ هەرگیز لەوەبگەن کە ئەوان لە داوی
پەتای خێڵەکیزم و نانەتەوەییبوون ئاڵاون؟! دەبێ هەرگیز سەیری بۆنمونە
کۆسۆڤۆ و مۆنتینیگرۆ بکەن و بزانن ئەوان چۆن ناسیۆن و وڵاتیان دروستکرد
و جیابوونەوە!؟
سەبارەت بە کوردستان و ئێراق، بنەماڵەی بارزانی/پارتی تاکڕەوانە
هەنگاویان ناوە و هەنگاو دەنێن، کارەکان دەکەن و پاشان پارتەکانی دیکەش
بەجۆرێ لە جۆرەکان بەدوایان دەکەون و بەشداری لە پێشێلکاریەکان دەکەن.
رێککەوتنەکانی نەوت لەگەڵ تورکیا و هەلکەندنی خەندەق لە سنوری رۆژئاوا
بۆنموونە. دەسەڵاتی کوردی لەچنگی ئەوان کۆبۆتەوە و ئەوەش مەترسیەکی
بەڵگەنەویست لەسەر بەرژەوەندیەکانی گەل دروست دەکات. وابزانم هەرەسی
١٩٧٥ لەبیری زۆربەماندا ماوە.
بەکورتی وەکو جاری پێشوو لەوتارێکدا نووسیم "له سایهی ئەو دەسەڵاتەدا،
کورد وهکو نهتهوه ئیفلیج بووه، نایهکگرتوو و پارچهپارچهیه، کهسایهتی
مرۆڤی کورد کهسایهتیهکی تێکشکاوه، کۆنهپهرستی قوڕگی کۆمهڵگهی
گرتووه، گهندهڵی ههناسهی له کۆمهڵگه بڕیووه، پرهنسیپه
نیشتیمانی و نهتهوهییهکان تێکشکاون، دهسهلاتی بنهماڵیهیی و
میلیتسگهرا له ئارادایه، کۆمپانیا و کهسانی گهندهڵی تورک و عهرهب
و بێگانه له کوردستاندا تهڕاتێنیانه، سامانی سروشتی ههرزانفرۆش دهکرێت،
داهاتی نهتهوهیی دهدزرێت، نیشتیمان لهژێر ناو و بۆنهی جۆراوجۆردا
ههراج دهکرێت، بهسیج و میت تهڕاتێنیانه، میتۆدی مافیایی سهردهسته،
خزمخزمێنه، درۆ و ساخته، بهرتیل و واسته ههڕمێنیهتی، کۆمهڵگه
بێبهرههمه و خهسێندراوه..." .
بەپێی پروپاگەندەکانی هەڵبژاردن ئەگەر دیموکراسیخواز، ئازادیخواز،
یەکسانخواز، مافخواز، پێشکەتووخواز و دادوەر هەبێت، ئەوە هەر ئەوانن،
ئەگەر شۆڕشگێر و کوردستانی هەبێت هەر ئەوانن. بەتایبەتی ئەگەر گوێ
بدەیتە کاندیدە دەسترۆیشتووەکان یان بەرپرسە باڵاکانیان.
بەکورتی ئەوە بۆ ٢٣ ساڵ دەچێت، ئەو بەرپرسە دەسەڵاتدارانە دەدزن و
دەبڕن و بەهەدەر دەدەن و تاڵان دەکەن و دەفرۆشن، ئەوان ٢٣ ساڵ درۆیان
کرد و ئێستاش هەر درۆ دەکەن. نەمبیستووە ناسیۆن و ستات بە درۆ، دزی و
گەندەڵی، ناپاکی و نیشتیمانفرۆشی دروست بکرێت! نەمبیستووە خەڵک و
کۆمەڵگە لەتونایاندا هەبێ گۆڕانکاری بکەن لەکاتێکدا نانی درۆ و گەندەڵی
بخۆن و تاوان و ناپاکی موی سەریان نەبزێوێ!
بزووتنەوەی گۆڕان بە چوونە ناو دەسەڵات بەهای خۆی دەرخست و ئەوەش
زەبرێکی کوشندەیە بە ئۆپۆزیسیۆن دەکەوێت. خەڵک و کۆمەڵگە پێویستیان بە
ئۆپۆزیسیۆنی راستەقینەیە کە لەتوانایدا هەبێ دەسەڵاتی گەندەل و پاوانچی
بنەماڵە و پارتی خاوەن میلیتس وەرگێرێ. لەباشوری کوردستاندا ئەو
ئۆپۆزیسیۆنە تائێستا نییە.
ئومێدم بە ئەنجامی هەڵبژاردن هێندە نییە، چونکە مرۆڤەکان ئازاد نین و
کۆمەڵگە لەژێر فەرمانڕەوایی دەسەڵاتی بنەمالەیی و پارتی میلیتسگەرای
پاوانچی دایە، هیوادارم من هەڵەبم و دەنگەکان بتوانن شتێ بگۆڕن.
٢٩\٤\٢٠١٤
ماڵپهڕی شاخهوان شۆڕش
|